riklam

سازان، پێویستی بەدانیشتن هەیە نەك بایكۆت ‌

بیروڕا 11:02 AM - 2015-06-29
پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

23ی حوزەیرانی 2015 گۆڕانكاری نوێی لەتان وپۆی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان هێنایە كایەی سیاسی و پەرلەمانی و قانونی. ڕەنگە ئەم تان وپۆیە لەسەرئاستی شەقام بەئەستەم یان بەجۆرێك لەخەون بووبێت، بەتایبەتی كە پارتی هێزێكە دەتوانێت هاوپەیمانەكانی ڕازی بكات، لەوەش زیاتر تائیستا هاوپەیمانێتی ستراتیژی لەگەڵ یەكێتی دا هەیە. كاتێك دانیشتنەكانی پەرلەمان بەڕێوەچوو هەست دەكرا گۆڕانكاری لەناو هۆڵی پەرلەمان دەستی پێكرد. بێگومان ئەم دانیشتنەی پەرلەمان وهەردوو پرۆژەی یەكێتی وگۆڕان بۆ ئەوە بووە دەرچەیەكی قانونی تا 19/8/2015 بێتە ئاراوە، بۆئەوەی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی بۆشایی قانونی نەبێتەوە. لێ‌ ئەوەی پارتی بە حزب وڕێكخراو ومیدیاكانی نیگەران كردووە ئەوەیە، یەكێتی وگۆڕان وئیسلامییەكان پرۆژەی سازانی نیشتیمانی لەبار دەبەن، لەكاتێكدا ئەم هێزانە جەخت لەدانیشتن ودانوستاندن وسازانی نیشتیمانی دەكەنەوە،چونكە هەموو لایەنەكان باش دەزانن ئەم قۆناغە پێویستی بەسازانی نیشتیمانیە. لێ‌ تائێستا پارتی هیچ پرۆژەیەكی نیە بۆئەوەی لەگەڵ لایەنەكان دابنیشێت ودانوستانی لەسەر بكەن، ئەوەی هەیە پارتی جەخت لەوە دەكاتەوە دانیشتنی لیژنەی دەستور بەردەوام بێت، لەلایەكی تریشەوە لایەنەكان دەرچەیەك بۆ سەرۆكی هەرێم بدۆزنەوە! كاتێكیش لایەنەكان پرۆژە ئامادە دەكەن ودیدی سیاسی وقانونی خۆیان پێشنیاز دەكەن، ئەم دیدە بە لەباربردنی سازان وەسف دەكرێت. 

دوای دانیشتنی 23ی حوزەیران، پارتی بەناڕاستەوخۆ چەندین مەسج وپەیام دەدات كە هەندێكیان بۆنی هەڕەشەی لێ‌ دێـت، گوایە حكومەت هەڵدەوەشێننەوە وچاو بەڕێكەوتنەكانیان دەخشێننەوە لەگەڵ لایەنەكان. لەلایەكی تریش باس لەوە دەكرێت پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، ئەمەش لەدەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدایە كاتێك نیوەی زیاتری ئەندامانی پەرلەمان ئامادە نەبن. هەموو ئەم مەسج وپەیامانە گوزارشتێكی ئەقڵانی و سیاسی نییە، ئەمە كێبركێی سیاسیە ودەبێت وەك گەمەیەكی دیموكراتی قبوڵ بكرێت. پاشان پارتی ئەگەر بیەوێت سازان بەردەوام بێت، پێویستی بەوە هەیە لەسەر ئاستی پەیوەندی حزبی كۆبوونەوە بكات و پرۆژەی سیاسی خۆی هەبێت، هەروەها فراكسیۆنی زەردیش لەپەرلەمان پرۆژەی خۆیان ئامادە بكەن ولەگەڵ پرۆژەی لایەنەكانی تر بیكەنە پرۆژەیەكی تەندروست بۆ رەوشی سیاسی وقانونی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم.

سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێم بەشەخسانە دەكرێت، ئەمە پێچەوانەكەی ڕاستە، چونكە خودی سیاسەتی پارتی تەنها تیشك دەخاتە سەر كورسیەكەی بارزانی، هەموو كایەكانی تریان وەلاناوە. بۆیە لەئێستادا نابێت پارتی بێ‌ پرۆژە بێتە نێودانیشتنەكان وتەنهاش جەخت لەوە بكاتەوە دەبێت دیدی خۆی بسەپێنێت.ئەمە لەكاتێكدایە بەهیچ لۆژیكێك گۆشە نیگای چوار لایەن بەهەند وەرنەگیرێت، لەدونیای سیاسەت وپەیوەندی دیپلۆماسی ئەمە بونی نییە! ئێستا هەندێك لەناوەندەكانی پارتی باس لەوە دەكەن پرۆسەی سیاسی لەمەترسی دایە، باس لەوە دەكەن لایەنەكان دەیانەوێت هەرێم وەك لوبنان لێ‌ بكەن، هەموو ئەمانە بنەمای تەندروستی نییە ونابێت شەقام و كادیرو لایەنگرانی خۆیان بەم دیدە موبێلیزە بكەن، چونكە راستی ئەوەی هەیە پێویستە هەموو لایەنەكان بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ، هەرێم نەكەوێتە بۆشایی قانونی، دانوستان بكرێت وتاوتوێی پرۆژەكان بكرێت، قەیران بەقەیران نەسپێردرێت وهەوڵ نەدرێت بۆئەوەی سەرجەم پرۆسەی سیاسی بكەوێتە قەیرانەوە، ئەمە خزمەتی هاووڵاتی ناكات و، هەروەها لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكدا نییە، خاڵێكی گرنگ ئەوەیە دەبێت خودی بارزانی بەرپرسیارێتی مێژویی خۆی بگرێتە ئەستۆ و پۆستەكەی نەبێتە خاڵی نائاسایی وخاڵی دووركەوتنەوە.

پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌ 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket