riklam

كـام دەستوورو كام سیـستم بۆ هەرێمی كوردستان؟ ‌

ریپۆرتاژ‌ 10:59 AM - 2015-06-28
.

.

پرسی هەمواركردنەوەی رشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان ‌و گۆرینی سیستەمی حوكمڕانی لەسەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی باس‌ و خواسی گەرم و گوڕی ناوەندە سیاسی ‌و میدیایی‌ و دامەزراوە باڵاكانی ئەم هەرێمە ‌و رای گشتییە، سەبارەت بەوەی بۆ ئەمرۆی هەرێمی كوردستان كام دەستوور‌و كامە سیستەم واقعی‌ و تەندروست‌ و گونجاوە، هەریەك لە بەڕێزان د.رێبوار كەریم ‌و مامۆستا هیوا عەزیز وەك دوو مامۆستای زانكۆ ‌و شارەزا لەبواری زانستی سیاسی وەڵامی خۆیان دەبێت.

 

سەرەتا مامۆستا هیوا عەزیز سەبارەت بە جۆری ئەو دەستوورەی بۆ كوردستان گونجاوە دەڵێت: ئەگەر فەلسەفەی دەستوور بریتی بێت لە هەوڵی ڕێكخستنی پەیوەندییە جۆراوجۆرەكانی (تاك– دەسەڵات)‌ و (تاك- كۆمەڵ) ‌و (تاك- تاك)‌ و (دەسەڵات- كۆمەڵ)، ئەوا بەڕەچاوكردنی بونیادی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و ئابووریی كوردستان تێدەگەین دەستووری هەرێم پێویستە دەستوورێكی زۆر وردەكار و روونكراوە بێت، بەجۆرێك گرەنتی ئەو فرەیی ‌و جیاوازییانەی سەرجەم كایەكان بكات كە لەم هەرێمەدا بوونی هەیە، بەجۆرێك هاوسەنگی‌ و تەبایی جیاوازییەكان بپارێزێت‌ و هاوكات وێستگەی كۆكردنەوەیان بێت.

لێرەوە هەوڵدان بۆ بۆ گەڵاڵەكردنی دەستوورێك كە بتوانێت سیما و بونیادە گشتی‌ و كوردستانییەكە بپارێزێت، هاوكات پارێزەری سەرجەم كەمینەكان بێت، زەمینەیەكی لەباری ژیان بۆ مرۆڤی ئێمە بڕەخسێنێت كە تیایدا بەباشترین شێوە گوزارشت لە خۆی‌ و سەرجەم خواست‌ و هیواكانی خۆی بەبێ ترس ‌و دوودڵی بكات، بۆیە بەتێڕوانینی ئێمە دەستورێكی (لیبرال- دیموكراسی) بۆ ئەمڕۆی هەرێم دەكرێت باشترین جۆری دەستوور بێت بۆ پێكهاتەو بونیادی كۆمەڵگەی كوردی، پێوستە ئەو دیموكراسییەش وەك تۆكفیل دەڵێت وابەستە‌ و پابەندی ئەو دەستوورە بێت بۆ ئەوەی هیچ مەودایەك بۆ هەژموونگەری نەتەوەیی ‌و حزبی و ئایدیۆلۆژیی نەمێنێتەوە.

لەم دەستورەدا ماف ‌و ئازادییەكانی تاكە كەس‌ و لێكبووردن هەوێن‌ و كڕۆكی خەمڵین‌ و دروستبوونی دەبێت، بەڵام بەووردەكارییەوە كە پێویستی بە كەمترین دەستكاری‌ و رێككردنەوە هەبێت، بەمانایەكی دیكە پێویستە دەستووری هەرێم دووربێت لە دەق ‌و داڕشتەی گشتی ‌و لاستیكی كە هەڵگری چەندین راڤەو لێكدانەوەی جیاوازبێت.

د.رێبوار كەریم لەسەر دەستوور وتی:  باشترین دەستوور ئەو دەستوورەیە كە ستراتیجییانە دابڕێژرێت واتە بۆ ئەم نەوەیە نەبێت، بەڵكو بیر لەوە بكرێتەوە كە نەوەكانی داهاتوو چۆن بتوانن بە باشترین شێوە سیستەمێكی دیموكراسی پتەو و پێشكەوتوو بنیات بنێن. ئەمەش ئاسان نییە چونكە بیركردنەوەیەكی ستراتیجیی دەوێت ‌و لەئێستاشدا ئاستی ئەو بیركردنەوە ستراتیجییانە لە كوردستاندا وەك پێویست نییە.

سەبارەت بەوەی سیستەمی سیاسی هەرێمی كوردستان سەرۆكایەتی بێت یا پەر لەمانی مامۆستا هیوا عەزیز وتی: سستمی پەرلەمانی باشترین‌ و گونجاوترین جۆری سستمی سیاسییە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە عیراق‌ و ناوچەكەش ئەزموونێكی گەش ‌و دڵخۆشكەری سستمی سەرۆكایەتی پێشكەش نەكردوین، هاوكات هۆشیاریی تاكی كورد‌ و بونیادی سیاسی ‌و ئابووری‌ و كۆمەڵایەتی كوردستان لەئاستی ئەوەدا نییە تاكی كورد بتوانێت بە تەواوی لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە گشتی ‌و باڵاكاندا لەسایەی سستمێكی سەرۆكایەتیدا بڕیار بدات.

كێشەی كۆبوونەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەكان لەدەستی تەنها سەرۆكێكدا، جگە لەوەی كێشەی فرە رەهەند لەگەڵا خۆیدا دەهێنێت، هاوكات لەسەر ئاستی حزب ‌و بزاڤی ڕزگاریخوازیی كورد گرفتێكی مێژوویی كوردستانە و هەمیشە تەنها سەركردە و سەرۆك بەردەوام قەیرانی سەركردەی بەرهەمهێناوە.

ئەوە جگە لەوەی هیچ گرەنتییەك بۆ پاراستنی سستمی سەرۆكایەتی لەكوردستاندا نییە كە لەپێناوی بەرژەوەندیی كەسیی‌ و حزبی بەكارنەبرێت، سەرەڕای ئەوەی واقیعی كۆمەڵایەتی كوردیی‌ و هۆشیاریی تاكی كورد ناتوانێت ڕێگری بكات لەوەی ئەم سستمە بەرەو ئاقاری دكتاتۆریی‌و تاكڕەوی سەرچاوە نەگرێت.

د. رێبوار كەریم دەڵێت باشترین جۆری سیستەم پەرلەمانییە بۆ ئێستا‌و داهاتووی كوردستان لەمبارەیەوە وتی: بەبڕوای من باشترین و گونجاوترین سیستەم لەئێستادا بۆ كوردستان سیستەمی پەرلەمانییە لەبەر چەند هۆكارێك. گرنگترینیان:

1- عیراق وڵاتێكی پەرلەمانییە و بەپێی دەستووری عیراق نابێ دەستووری هەرێمەكان لەگەڵ دەستووری سەرەكی وڵاتدا ناكۆك بن. هەر بۆیە هەڵبژاردنی هەر سیستەمێكی تر جگە لە پەرلەمانی، خۆ خزاندنە نێو شەڕێكی دەستووری گەورەیە لەگەڵ دەوڵەتی عیراقدا كە لەم سەرەوە دیارە ئەو شەڕە لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان ناشكێتەوە.

2- سەركەوتووترین سیستەمەكانی جیهان سیستەمی پەرلەمانییە، كە نمونە جێبەجێكراوەكانی لە جیهانی پێشكەوتوودا باشترین ئاستی خزمەت‌ و دابەشكردنی دەسەڵاتەكان ‌و چاودێریكردنی پەرلەمانی هێناوەتە كایەوە. ئەمەش وادەكات كە بەپێویست بزانرێت ئەو سیستەمە لە كوردستانیش بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

3- لەرووی پراكتیكییەوە سیستەمی كاركردن لە كوردستاندا لەماوەی رابردوودا ناروون بووە. بەڵام زیاتر بەلای سیستەمی سەرۆكایەتیدا بووە. بەرهەمی ئەم سیستەمە سەرۆكایەتییەش دیارە كە لەئاستی پێویستدا نەبووە هەر بۆیە هەڵبژاردنی سیستەمی پەرلەمانی گرنگە تا لەو دۆخە رزگارمان بێت كە هەمووان لێی نارازین.

4- لەبەرئەوەی هیچ هێزێكی سیاسی لەكوردستاندا خاوەنی زۆرینەی رەها نیە، هەر بۆیە ئەو فرەییە سیاسییە واپێویست دەكات لەژێر سایەی سیستەمی پەرلەمانیدا بەڕێوەبچێت. 

5- هەمیشە ئەو سیستەمە سەرۆكایەتییانەی لەم ناوچەیەدا پەیڕەو كراوە بەرهەمەكەی دیكتاتۆرییەت و سەركوتكردنی هاووڵاتیانی تیادا بووە. هەر بۆیە هیچ گەرەنتیەكیش نیە كە هەمان ئەو سیستەمە سەرۆكایەتییە لە هەرێمی كوردستان دیكتاتۆرییەتی لێنەكەوێتەوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket