سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان
ریپۆرتاژ 01:15 PM - 2015-06-27.
له‌گه‌ڵ بوونی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌ویدا.. وێنه بوونی هه‌بووه.. مرۆڤی سه‌ره‌تایی به هۆی هێلكاری و وێنه‌كێشانه‌وه، گوزارشتیان له مه‌به‌ست و له نیاز و راز و له هیواكانیان و، له توانا و له پێویستییه‌كان و، له كێشه‌كانی خۆیان كردوون و، به كه‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆیان گه‌یاندوون .هه‌ندێ له زانایان، سه‌رهه‌ڵدانی وێنه‌كیشان بۆ زیاتر له پانزه هه‌زار ساڵ به‌ر له زاینی ده‌گه‌ڕێننه‌وه.. له زۆر شوێنی جیهاندا له سه‌ر دیواری ئه‌شكه‌وته‌كان و په‌رستگاكان و تاته‌به‌ردی هه‌ڵكۆڵراودا.. به سه‌دان وێنه و هێما و نه‌قشی بابه‌ت و مه‌به‌ست جۆراوجۆریان دۆزیونه‌ته‌وه.. كه مێژووه‌كانیان بۆ چه‌ند هه‌زار ساڵێك به‌ر له‌م سه‌رده‌مه ده‌گه‌ڕێنه‌وه .
پێش ئه‌وه‌ی مرۆڤ وشه و رسته و زمان و نووسین دابهێنێت.. مرۆڤی سه‌ره‌تایی به هۆی هێلكاری و وێنه‌كێشانه‌وه له یه‌كتری گه‌یشتوون و خواست و مه‌به‌سته‌كانیان گه‌یاندوون.. تا گه‌یشتوونه‌ته داهێنانی نووسینی مێخی و هیرۆگلیفی و داهێنانی پیت .
وێنه هۆیه‌كه له هۆیه‌كانی ده‌ربڕین و گه‌یاندن.. گوزارشت له سۆز و هیواكان و، له هه‌ڵچوونه‌كانی ناخی مرۆڤ و، له سه‌رنج و تێڕوانین و، له زاده‌ی بیر و هۆشی و، له ره‌فتاره‌كانی و، له ئاست و له رێژه‌ی توانا و زیره‌كی مرۆڤ و، له هاوسه‌نگیی ده‌كه‌ن .
وێنه ئاوێنه‌ی ژیانی مرۆڤه .
زانای مه‌زن و بلیمه‌ت (سیگمۆند فرۆید)ده‌ڵێت: "له دوای خه‌ون، هونه‌ر و وێنه، رێگایه‌كی دانپێنراوه، بۆ چوونه قووڵایی ناخی زۆر ئاڵۆزی مرۆڤه‌وه .."
له ئه‌مڕۆدا، زاناكان له رێی شیكردنه‌وه‌ی هێلكاری، كه به (زانیاری گرافۆلۆژی) ناو ده‌برێت .. واتا لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه‌ی شێوه و وێنه ده‌گرێته‌وه .. له زۆر رووه‌وه كه‌سێتیو، گه‌لێ له مه‌به‌ست و هیوا و،له نهێنییه‌كان و، له گرفت و گرێ و كێشه و ململانییه ده‌روونییه‌كانی ناخی مرۆڤ شیده‌كه‌نه‌وه .. نامانه‌وێت له كرۆكی باسه‌كه‌مان زیاتر دوور بكه‌وێنه‌وه .. كه (سایكۆلۆژیای وێنه‌ی منداڵان) ه، كه بابه‌تێكی زۆر گرنگ و به‌سووده، بۆ دایكان و باوكان و بۆ مامۆستاكان .. تا كوێرانه و به نابه‌ڵه‌دی بڕیار له مه‌به‌سته‌كانی وێنه‌كانی منداڵان نه‌ده‌ن .. بێگومان وێنه به‌شێكی گرنگه له هونه‌ره شێوه‌كارییه جوانه‌كان.له ئه‌مڕۆ و له ئاینده‌دا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له سه‌ر ژیان و ره‌فتاری مرۆڤدا هه‌یه .
جیهانی منداڵان، جیهانێكی ئاسۆ فراوانی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه.. پڕه له راز و له نیازی پاك .. جیهانێكی وه‌نه‌وشه‌یی پڕ له هیوای به‌رز و، له خه‌ونی سه‌وز و شیرینه.. بۆ تێگه‌یشتن و چوونه ناو جیهانی منداڵان.. پێویسته ئه‌و زانیارییانه بزانین كه له ڕێی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی مه‌یدانی و پراكتیكی و بینینه‌وه هه‌ڵهێنجێنراون و بنیاتنراون .. یه‌كێك له‌و زانیارییانه‌ی كه له رێگایه‌وه ده‌توانین، له جیهانی منداڵان و، له راز و له هیواكانیان و، له گرێ و گرفت و كێشه ده‌روونییه‌كانیان تێبگه‌ین .. شێكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێلكاری و وێنه‌كێشراوانه‌ی منداڵان كه به راستی ده‌یانكێشن .. وێنه‌كانیان گوزارشتن له نیازپاكی‌و له دڵپاكی و له ره‌فتاره‌كانیان .. كه زۆر به ساده‌یی و ساوێله‌یی و به‌بێ شاردنه‌وه ده‌ریان ده‌بڕن .. هه‌ر وه‌كو چۆن قسه‌كردن هۆیه‌كه بۆ ده‌ربڕین و گه‌یاندن،هه‌ر ئاوهاش وێنه هۆیه‌كی گه‌یاندنه، پێویسته به وردی له وێنه‌كانی منداڵان بڕوانین بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی راست هێماكان شیبكه‌ینه‌وه و له واتا و مه‌به‌سته‌كانیان بگه‌ین .
وێنه‌كانی منداڵانبریتین له ئه‌و هێلكاری و شێوانه‌ی ده‌یانكێشن .. كه زۆرجار به هه‌ڵه و به تێنه‌گه‌یشتن به ئاڵۆز و باڵۆز و به شتیتوڕه‌هات یا به ( هێلكاری شه‌ڕه پشیله) ناویان ده‌به‌ین .. وێنه‌ی منداڵان ئه‌و وێنانه‌ن كه منداڵان به پێنووس و فرشه و ره‌نگ ده‌یانكێشن و ده‌یانڕازێننه‌وه، كه گوزارشت له زاده‌ی بیر‌و هۆشیان و له ناخی ده‌روون و دڵه‌قنجه‌كانیان ده‌كه‌ن .. وێنه‌كانی منداڵان هه‌ر ئه‌وه‌نییه كه شتێكی جوانی رازاوه‌یان كێشابێت، به‌ڵكو زمانێكی گوزارشتكردنیشه .. پێویسته له راستیی ناوه‌ڕۆكی وێنه‌كانی منداڵان بگه‌ین .. له رووی چۆنێتییه‌وه لێیان بڕوانین .. پێویسته ته‌وه‌ری بایه‌خدانمان ئه‌مه بێت ( منداڵان چۆن وێنه‌كانیان ده‌كێشن .. ؟)نه‌ك (چی ده‌كێشن) ..؟
با هه‌ست به‌وه‌ش بكه‌ین، ئه‌و كه‌سایه‌تییه منداڵێتییانه‌ی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندان .. ئه‌مه سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی منداڵانن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی دواڕۆژیان بكێشن .. نابێت رێگرییان لێ بكه‌ین و كۆسپ بخه‌ینه رێ‌یان .. به ڵكو یارمه‌تییان بده‌ین و هانیان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه، گوزارشت له وه‌ی ده‌یانه‌وێت بكه‌ن .. پێویسته پێنووس و تێنووس و بۆیه‌ی پێویستیان بۆ ئاماده بكه‌ین .. هانیان بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به راشكاوی و به جوانی گوزارشت له راز و و نیاز و، له كه‌ف و كوڵی زاده‌ی بیر و هۆشیان و،له توانا و له نهێنییه په‌نگاوه‌كانی ناخی ده‌روونیان بكه‌ن .
نابێت منداڵان به كه‌م بزانین، چونكه هه‌ست و نه‌ستی منداڵان زیاتره، له هه‌ست و له دركپێكردنی گه‌وره‌كان .. باشترین هۆش بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆزیان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆبێت یا ناراسته‌وخۆبێت .. وێنه‌كێشانه به ئازادی و به ئاره‌زووی خۆیان .
وێنه‌كانی منداڵان گه‌لێ هێما و مه‌به‌ست و مه‌ته‌ڵیان بۆ هه‌ڵبێنین تێدایه، كه په‌یوه‌ندییان به ژیانی خۆیانه‌وه هه‌یه ..چی له قووڵایی هۆش و له ناخی ده‌روونیاندا هه‌یه، به راشكاوی له وێنه‌كانیاندا ره‌نگیان داونه‌ته‌وه .. وێنه‌كێشان یارمه‌تیده‌ره بۆ منداڵان بۆ ده‌ركردنی ئه‌و وزه زیاده ئه‌رێنی و نه‌رێنییانه كه له ده‌روونیاندا هه‌ن .. به مه‌به‌ست و به بیرۆكه‌ی جوان و له وێنه‌ی جوان‌دا به‌رجه‌سته‌یان بكه‌ن .. تا گه‌شه به ئه‌رێنییه‌كان بكرێن و .. شته نه‌رێنییه‌كانیشی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزرێنه‌وه و راست بكرێنه‌وه .
وێنه‌كانی منداڵان ئاوێنه‌ی بێگه‌ردی هۆش و خه‌یاڵ و ده‌روونی منداڵانن .. په‌یوه‌ندییان به جیهانی پاك و، به بیری ساده و، به ساوێلكه‌یی و، به شێواز و، به راده‌ی توانای گوزارشتكردنیانه‌وه هه‌یه .. منداڵان له میانه‌ی كێشانی وێنه‌كانیانه‌وه، هه‌سته‌كانیان ده‌رباره‌ی (خۆیان) ده‌خه‌نه‌ڕوو، گوزارشت له چۆنییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی (خێزانه‌كانیان) و (كه‌سانی) ده‌وروبه‌ریان ده‌كه‌ن.
به رای هه‌ندێ كه‌س وێنه‌كانی منداڵان، كوت‌وپڕ و راگوزاری و یه‌كسه‌رین .. به‌ڵام من له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دا نیم .. منداڵان كه ده‌ست بۆ پێنووس وفرشه ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی وێنه بكه‌ن .. بیرۆكه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه وێنه‌یان ده‌كێشن، له بیر وهۆشیاندان.. گه‌ر له‌و كاته‌دا بۆی بێت یا پێشتر له خه‌یاڵیدا بووبێت .. ئه‌گینا بۆ وا وێنه‌كانیان ده‌كێشن و .. وا نایان كێشن .. ته‌نانه‌ت ئه‌و هێلكاری و وێنانه‌ی كه به شه‌ڕه پشیله‌ش ناویان بردوون .. شتی پر و پووچ و توڕه‌هات نین و، پڕن له واتا و مه‌به‌ست .. ره‌نگه ئێمه نه‌توانین له هه‌موو مانا و مه‌به‌سته‌كانیان بگه‌ین .. هه‌روه‌كو چۆن له هه‌موو هه‌ڵبه‌ستێكی هێمادار ناگه‌ین و ده‌ڵێین (واتای هه‌ڵبه‌سته‌كه .. له دڵی هه‌ڵبه‌ستدانه‌ره‌كه‌دایه) .. ره‌نگه بۆ هه‌ندێ راز و مه‌به‌ستینا روونوون له وێنه‌كانی منداڵاندا، داوا له خۆیان بكه‌ین، تا ماناكان و مه‌به‌سه‌كانی بیرۆكه‌ی تابلۆكانیان بۆمان روون بكه‌نه‌وه .. به‌ڵام كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زای ئه‌وتۆ هه‌ن، كه ده‌توانن به ئاسانی دڵ و هۆش و ده‌روونی منداڵان بخوێننه‌وه و .. ده‌توانن به‌شێكی زۆر له مه‌به‌ست و تاكانی وێنه‌كانی منداڵان به جوانی شیبكه‌نه‌وه .. به‌ڵكو توێژێنه‌ر و شاره‌زا و ده‌رونناسی وا هه‌ن .. هه‌ر وه‌كو كتێبێكی كراوه‌ی به‌رده‌ستیان به ئاسانی به‌شێكی زۆری مه‌به‌ست و ورده‌كارییه‌كانی وێنه‌كانی منداڵان ده‌خوێننه‌وه . بۆ زانین و پێوانه‌كردنی لایه‌نه‌كانی ره‌فتاریمنداڵان، له گه‌لێ رووه وه، تاقیكردنه‌وی منداڵان به وێنه‌كێشان، هۆیه‌كی ئاسان و له باره .
وێنه‌كانی منداڵان، به پێی ته‌مه‌ن و قۆناغه‌كانی منداڵییه‌تی و گه‌شه‌كردن و پێشكه‌وتنیان جیاوازیان هه‌یه .. بۆ نموونه : ئه‌و وێنانه‌ی منداڵێكی ته‌مه‌ن دوو ساڵان ده‌یانكێشێت، له‌گه‌ڵ وێنه‌كانی منداڵێكی ته‌مه‌ن پێنج ساڵان یا زیاتر، جیاوازیان هه‌یه .
سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان
سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان، لقێكه گرنگه له لقه‌كانی ده‌روونناسی، كه به دوای دۆزینه‌وه‌ی راستته سایكۆلۆژییه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت، كه په‌یوه‌ندییان به وێنه‌كانی منداڵانه‌وه هه‌یه .. له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنی وێنه‌كانیان له قۆناغه جیاكانی گه‌شه‌كردندا .. ده‌یانه‌وێت نهێنی ئه‌و رێگایانه‌ش بزانن كه منداڵان به وێنه‌كردن گوزارشتیان لێ ده‌كه‌ن .. واتا زانیارییه‌كه له هه‌موو روویه‌كی ده‌روونی و هۆشی و هونه‌ریی منداڵان ده‌كۆڵێته‌وه .. په‌رده‌ش له‌سه‌ر هۆكاره‌كان و پاڵنه‌ره‌كان لاده‌دات، كه له وێنه‌كانی منداڵاندا ره‌نگیان داوه‌نه‌ته‌وه .. زانایانیش ده‌توانن سوودێكی باشیان لێوه‌ربگرن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه و گرێ و نه‌خۆشییه سایكۆلۆژییه‌كانی منداڵان .
ئه‌م تۆژینه‌وه و لێكۆڵینانه‌وه ، بایه‌خێكی زۆریان بۆ په‌روه‌رده‌كاران و بۆ شیكارانی ده‌روونی و بۆ نووسه‌رانی بواری ئه‌ده‌بی منداڵان هه‌یه .
ـبۆ په‌روه‌رده‌كاران:گرنگن تا به نابه‌ڵه‌دی و به هه‌ڵه وێنه‌كانی منداڵان هه‌ڵنه‌سه‌نگێنن بشتوانن به شێوه‌یه‌كی راست و دروستی په‌روه‌رده‌یی منداڵانئاراسته بكه‌ن.
بۆ زانایانی شیكارانی ده‌روونی : گرنگن بۆ لێكدانه‌وه‌ی كه‌سێتییه‌كانی منداڵان، به تێگه‌یشتن و به شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و وێنانه‌ی كه منداڵان ده‌یانكێشن .. به تایبه‌تیش پێش ئه‌وه‌ی فێری قسه‌كردن و خوێندنه‌وه و نووسین ببن . وێنه‌كانی منداڵان گه‌نجینه‌یه‌كی تۆماركراونبۆ زانینی مێژووی ژیانی ئه‌و منداڵه وێنه‌كێشانه .. پسپۆرانی شیكاری ده‌روونناسی ده‌توانن له میانه‌ی هێلكاری و وێنه‌كانیانه‌وه، ده‌ستنیشانی ململانێ و، نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانیان بكه‌ن، كه دووچاریان بوونه .. پێشنیاری چاره‌سه‌ری گونجاویشیان بۆ ده‌كه‌ن .
بۆ زانایانی ده‌روونناسی: زانیارییه‌كانده‌رباره‌ی وێنه‌كانی منداڵان، بۆ زانایانی ده‌روونیش به‌سوودن .. ده‌توانن پشت به‌م زانیارییانه ببه‌ستن بۆ پێوانه‌كردنی ئاستی زیره‌كی منداڵان و، بۆ زانستی جیاوازی تر له نێوان منداڵاندا .. چونكه وێنه‌كانی منداڵان ره‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سێتی منداڵانن.. به‌ڵگه‌ی زیندوون بۆ زانینی باری ده‌روونی و، بۆ هۆش و بۆ توانه‌كانی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی منداڵان .
بۆ نووسه‌رانی ئه‌ده‌بی منداڵان: زانیارییه‌كان ده‌رباره‌ی وێنه‌ی منداڵان، سوودێكی باش به نووسه‌رانی بۆاری ئه‌ده‌بی منداڵان ده‌به‌خشن .. ده‌توانن له سروشت و له به‌هره وله گه‌شه‌كردنی منداڵان تێ بگه‌ن .. تا یارمه‌تیده‌ر و هانده‌ریان بن بۆ ئه‌وه‌ی به جوانی گوزارشت له توانا و له هه‌ست و سۆزی خۆیان بكه‌ن .
هه‌ر له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا، ئه‌و راستییه گشتییانه ئاشكرا ده‌بن .. كه منداڵان خاوه‌نی هونه‌ری تایبه‌تیی خۆیانن .. ده‌ستوور و رێباز و نیشانه و ستایلی خۆیان هه‌یه .. په‌یوه‌ندییان به بنه‌ماكانی هونه‌ری كۆن و تازه‌وه نییه .. منداڵان له تابلۆكانیاندا، كۆن و نوێ و، رێبازی هه‌موو قوتابخانه هونه‌رییه‌كانی وێنه‌كێشان به‌رجه‌سته‌ده‌كه‌ن .. ئازادن چۆن خۆیان حه‌زبكه‌ن و بیانه‌وێت، ئاوها تابلۆكانیان ده‌كێشن و بۆیه‌یان ده‌كه‌ن .. بۆیه نادروست و نابه‌جێیه، گه‌ر به پێوه‌ری ئه‌كادیمی پێوانه‌ی وێنه‌كانی منداڵان بكرێن.
هه‌ر له میانه‌ی وێنه‌كانیانه‌وه، ده‌توانین منداڵانی به‌هره‌مه‌ند بناسین، كه جیاوازیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا هه‌یه .. ئه‌مه جیاوازییه‌ش له جوان نووسین و وێنه‌كێشان و گۆنجاندنی ره‌نگه‌كان و هه‌ڵبژاردنی بابه‌ته‌كانی وێنه‌كان و له بیرۆكه و له فراوانی ئه‌ندێشه‌یاندا ده‌رده‌كه‌ون .. خه‌سڵه‌ته باش و سه‌ركه‌وتووه‌كانیان، جیاوازی كردوون له‌گه‌ڵ هاواڕێكانیان .
بۆیه پێویسته منداڵانی به‌هره‌مه‌ند و زیره‌كمان، به سامانێكی به‌نرخ وبه دراوێكی گرانبه‌های گه‌له‌كه‌مان بزانین ..بێگومان له ئاینده‌دا رۆڵییان ده‌بێت له راپه‌ڕین و له بزووتنه‌وه‌ی پێشكه‌وتنی نیشتمانه‌كه‌ماندا .. ئه‌م كوردیله به‌هره‌مه‌ندانه‌ی ئه‌مڕۆمان ده‌بنه‌ئه‌ندامانی سه‌ركوتووی كۆمه‌ڵگای كوردیمان .. شایانی ئه‌وه ده‌بنكه ببنه سه‌ركرده‌ی دانا و زانا و،به رابه‌رانی تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان.
له ساڵی (١٨٨٢) دا، شاعیری ناسراوی ئیتاڵی (كارودو ریتشی) وێنه‌كانی منداڵان سه‌رنجی راكێشان .. ده‌ستی به لێكۆڵینه‌وه له وێنه‌كانی منداڵان كرد .
راستییه‌كانی وێنه‌كانی منداڵان: گه‌لێ له‌و توێژینه‌وه مه‌یدانییانه‌ی كه ده‌رباره‌ی هونه‌ری منداڵان ئه‌نجام دراون .. چه‌ند راستییه‌كی گشتی ده‌رباره‌ی هونه‌ری منداڵان گه‌ڵاڵه بوونه، كه په‌یوه‌ندییان به ده‌ربڕین و گوزارشتكردنی منداڵان هه‌یه و، له وێنه‌كانیاندا ره‌نگیان داونه‌ته‌وه .. به كورتی ئه‌مانه هه‌ندێ له‌و راستییانه‌ن :
١ـ وێنه به لای منداڵانه‌وه زمانه،بۆ گوزارشت كردن له هۆش و له ناخی ده‌روونیان .
٢ـ منداڵان له ساڵه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی ژیانیاندا، وێنه‌ی ئه‌و شتانه ده‌كێشن كه ده‌یان زانن ، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه ده‌یان بینن .
٣ـ له ساڵه‌كانی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیاندا، به پێی هه‌ڵچوونه جیاوازه ده‌روونییه‌كانیان، به‌شه‌كانی وێنه‌كانیان ده‌كێشن .
٤ـ هه‌ر له ساڵه‌كانی یه‌كه‌می ته‌مه‌نیاندا، به شێوه‌یه‌كی رووكه‌شی، له گوزارشتكردن له ژیانی خۆیاندا، زیاده رۆیی ده‌كه‌ن .
٥ـ ئاكامی تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی وێنه‌كانی منداڵان، ئه‌ویان سه‌لماندووه، كه له نێوان وێنه‌كێشراوه‌كانی كوڕان و، وێنه كێشراوه‌كانی كچاندا جیاوازی هه‌ن .
٦ـ تا نزیكی ته‌مه‌ن ده ساڵان، منداڵان به زۆری حه‌ز به وێنه‌كیشانی كه‌سان ده‌كه‌ن .
٧ـ تاقیكردنه‌وه‌كان ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن وه‌كو له وێنه‌كانی هه‌موو منداڵاندا به‌دی ده‌كرێن .. سه‌ره‌ڕای جیاوازی ژینگه .. په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌وره هه‌یه له نێوان ئاراسته‌كانی منداڵاندا.
٨ ـ له یه‌كچوونێك و نزیكییه‌ك هه‌ن، له نێوان وێنه‌كانی منداڵانی ئه‌م سه‌رده‌مه و، وێنه‌كانی مرۆڤه‌كانی سه‌ره‌تای ژیان .. یان وێنه‌كان ئه‌و گه‌لانه‌ی پێش زاینی ده‌ژیان .
٩ـ په‌یوه‌ندی له نێوان زیره‌كی و له نێوان پێشكه‌وتنی وێنه‌كانی منداڵان هه‌یه .
١٠ـ به پێی ته‌مه‌نه‌كانی ژیانی منداڵان، جیاوازی له نێوان وێنه‌كانی منداڵان هه‌یه .
وێنه‌كانی منداڵان له قۆناغه جیاكانی گه‌شه‌كردنیاندا
ئه‌و زانا ده‌روونناسانه‌ی كه له بواری (په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری منداڵان) دا كارده‌كه‌ن، دیارده‌كانی گه‌شه‌كردنی وێنه‌كانی منداڵانیان به چه‌ند قۆناغێك دابه‌شكردوون، كه هه‌ریه‌كه‌ش له قۆناغه‌كان كۆمه‌ڵێك خه‌سه‌ڵه‌تیان هه‌یه .. ئێمه ته‌نها ئاماژه به ناوی ئه‌و قۆناغانه ده‌ده‌ین .. هیوادارم له ده‌رفه‌تێكدا به درێژی باسی هه‌ریه‌كه له قۆناغه‌كان بكه‌م .. ئه‌مانه‌ش ناوی قۆناغه‌كانن :
١ـ قۆناغی پێش هێلكاری : له ته‌مه‌نی ( له دایكبوونه‌وه ـ بۆ ـ دوو ساڵان).
٢ـ قۆناغیهێلكاری : له ته‌مه‌نی ( ٢ـ ٥) ساڵان .
٣ـ قۆناغی ئاماده‌كردنی هه‌ستكردنی شێوه : له ته‌مه‌نی (٥ـ ٧) ساڵان .
٤ـ قۆناغی هه‌ستكردنی شێوه : له ته‌مه‌نی ( ٧ـ ٩) ساڵان .
٥ـقۆناغی هه‌وڵدانی گوزارشتكردنی راستی : له ته‌مه‌نی ( ٩ـ ١٢) ساڵان .
٦ـ قۆناغی گوزارشتكردنی راستی : له ته‌مه‌نی ( ١٢ـ ١٤) ساڵان .
٧ـقۆناغی هه‌رزه‌كاری: له ته‌مه‌نی ( ١٤ـ ١٧و ١٨) ساڵان .
سوود و ئامانجه‌كانی وێنه‌كانی منداڵان ئه‌و ئامانج و سوودانه‌ی كه له سایه‌ی وێنه‌كێشاندا بۆ منداڵان دێنه‌دی، راسته‌وخۆبن یا ناراسته‌وخۆبن زۆر زۆرن .. به كورتی و به چڕی باسی چه‌ند سوودێكیان ده‌كه‌ین :
١ـ هونه‌ره‌كانی شێوه‌كاری، كه یه‌كێكیان وێنه‌یه، گه‌شه به توانای داهێنان ده‌دات له‌و بواره جیاوازانه‌ی كه په‌یوندییان به ژیانی رۆژانه‌ی منداڵانه‌وه هه‌یه .
٢ـ له میانه‌ی وێنه‌كانی منداڵانه‌وه، ده‌توانین جیاوازییه‌كانی نیوان منداڵان بزانین، له‌گه‌ڵ ئه‌و گرفت و كێشه ده‌روونییانه‌ی كه تووشیان بوونه .. له‌گه‌ڵ زانینی ئاره‌زوو و به‌هره و توانا هونه‌رییه‌كانیان .. له‌گه‌ڵ پێویستی‌و پێداویستییه‌كانیان ... هتد .
٣ـ وێنه كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره و ئه‌رێنی هه‌یه، له‌سه‌ر گۆڕینی ره‌فتاره‌كانی منداڵان و، ئاماده‌كردنیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی، ئه‌و ته‌نگه‌ژانه‌ی له ژیانیانی كاركردندا دێنه رێ‌یان، چۆن زاڵ‌بن به سه‌ریاندا، له‌گه‌ڵ جیهانی ده‌وروبه‌ریاندا چۆن هه‌ڵبكه‌ن و، چۆن خۆشیان بۆ گۆڕانكارییه‌كان و تازه‌گه‌رییه‌كان داهاتوو ئاماده‌بكه‌ن .. رۆژ له دوای رۆژ گۆڕانكاری تازه و باشتر له بۆاری هونه‌ری و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی دێنه كایه‌وه .
٤ـ وێنه زانیاری هونه‌ری و مێژوویی به منداڵان ده‌به‌خشێت ده‌رباره‌ی هونه‌ری كۆن و تازه له جیهاندا .
٥ـ وێنه گرنگییه‌كی تایبه‌تیی هه‌یه، له به‌دیهێنانی هاوكاری و خۆشه‌ویستی و سازان و راگۆڕینه‌وه و، بته‌وكردنی گیانی یارمه‌تیدان له نێوان منداڵاندا .
٦ـ له رێی وێنه‌وه، له میانه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ و گوزارشتكردن له را و سه‌رنجدا .. كه‌شوهه‌وایه‌كی دیموكراتی له نێوان قوتابیان و مامۆستاكانی هونه‌ردا دێته‌دی .. كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیش هاندانه بۆ گه‌شه‌كردنی كاره هونه‌رییه‌كانیان و فێربوونی ره‌خنه .
شیكردنه‌وه‌كانی وێنه‌كانی منداڵان
زانایانی پسپۆری ده‌رووناسی و توێژینه‌ران و شیكارانی بواری وێنه‌كانی منداڵان دوای چه‌ندین باس و لێكۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه و تاقیكردنه‌وه‌ی پراكتیكی و مه‌یدانی له بواری وێنه‌كانی منداڵاندا .. توانیان تا راده‌یه‌كی زۆر وێنه‌كانی منداڵان شیبكه‌نه‌وه و، واتا و مه‌به‌سته ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانیان و، راز و نیازیان له وێنه‌كانیاندا بزانن .. به كورتی باس له هه‌ندێ له راز و نیاز و مه‌به‌ست و،له واتاكانی وێنه‌كانی منداڵان ده‌كه‌ین : (*) پیاو : بۆچی منداڵان به زۆری وێنه‌ی (پیاو) ده‌كێشن ؟ توێژینه‌وه پراكتیكییه‌كان ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه .. كێشانی وێنه‌ی (پیاو) یان شێوه و رووخساری مرۆڤ به شێوه‌یه‌كی گشتی .. زۆرترین وێنه‌ی باو وبڵاون له نێوان منداڵاندا .. منداڵان له ماڵ و له شه‌قام و له بازاڕ له ته‌له‌فزیۆن و له كار و له گه‌لێ له شوێنانی تردا، به زۆری به پیاوان ده‌گه‌ن و له به‌رچاویانن، بۆیه پیاوان زیاتر له شته‌كانی تر له وێنه‌كانی منداڵاندا ره‌نگیان داونه‌ته‌وه .. به‌ڵام كچان زیاتر مه‌یه‌یلی وێنه‌كێشانی كچان و ژنان ده‌كه‌ن .
(*) كێشانی وێنه به‌گه‌وره‌یی : كێشانی وێنه‌ی كه‌سێك به گه‌وره‌یی له لایه‌ن منداڵانه‌وه .. به زۆری گوزارشته له دوژمنكاری و شه‌ڕانگێزی .. یا له ده‌سه‌ڵات و زاڵبوون .. بۆ نموونه گه‌ر وێنه‌ی دایكی له باوكی گه‌وره‌تر بكێشێت، مه‌به‌ستی له‌وه‌یه له ماڵدا دایكی زاڵه و قسه‌ی ده‌ڕوات .. یا مه‌به‌ستی له‌وه‌بێت، كه دایكی زیاتر خۆشده‌وێت ..یا گوزارشته له خۆبایی بوون و خۆبه‌زل زانین .. یا خۆشه‌ویستی و رێزی ئه‌ومنداڵه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سه وێنه زلكێشراوه .. یا گوزارشته له توانا و له چالاكییه‌كی جیاواز .. یا خۆی به شایه‌نی زیاتر ده‌زانێت و .. چاوی بڕیوه‌ته پایه و داهاتوویه‌كی باش و گه‌شتر یا هێنانه‌دیی هیوای به‌رزتر .. به‌ڵام ئه‌و منداڵانه‌ی كه نارێك و ناهاوسه‌نگن، زیاده‌ڕۆیی له كێشانی وێنه‌كانیاندا ده‌كه‌ن .. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر به‌خۆیه بنازێت و شه‌ڕانی بێت .. وێنه‌كه‌ی خۆی زۆر گه‌وره ده‌كێشێت .. یا ملێكی درێژ بۆخۆی ده‌كێشێت .. هۆی ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ش بۆ خێزان ده‌گه‌ڕێته‌وه .. له‌وانه‌یه ئه‌و منداڵه له ماڵدا، رۆڵ و پێگه و ده‌سه‌ڵاتێكی زیاتر له پێویستی هه‌بێت .. وایا لێكردووبێت، كه تا راده‌ی زۆر له خۆی بایی بێت و، شانازی به خۆیه‌وه بكات .. پێویسته دایكان و باوكان به ئاگابن و، نه‌هێڵن ئه‌م نه‌خۆشی و دیارده نه‌رێنییه درێژه بكێشێت .. چاره‌سه‌ری پێویستی بۆ بكه‌ن.
(*) كێشانی وێنه به بچووكی : كێشانی وێنه‌ی كه‌سێك زۆر به بچووكی و لاوازی‌و، ده‌موچاو كاڵ و نادیار له لایه‌ن منداڵانه‌وه . هه‌ستكردنی منداڵان به نه‌بوونی و به‌كه‌موكوڕی .. یا به‌بێ توانایی .. یا خۆبه‌كه‌م زانین .. یا دڵه‌ڕاوكێ .. ترسنۆكی و شه‌رمكردن .. گۆشه‌گیری و ده‌رنه‌كه‌وتن .. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر وێنه‌ی خۆی له تابلۆكه‌یدا بكێشێت و دووچاری ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌روونییانه هاتووبێت .وێنه‌كه‌ی خۆی له گۆشه‌ی سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كه‌دا به زۆر بچووكی و به داماوی ده‌یكێشێت.. مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه شه‌رم ده‌كات و ده‌یه‌وێت گۆشه‌گیربێت، ره‌نگه مه‌به‌ستێشی له‌وه‌ش بێت، كه سۆزی نادرێتی و خۆشیان ناوێیت و هیچ پێگه و رۆڵی له ناو خێزانه‌كه‌یدانیه، یا له‌ناو پۆل و قوتابخانه و هاوڕێكانیدا نییه و،په‌راوێز كراوه .. هه‌روه‌ها وێنه‌ی بچووك گوزارشته له خه‌مۆكی.. له پشت نه‌به‌ستن به‌خۆ ..له ده‌ست نه‌ڕۆیی و بێ ده‌سه‌ڵاتی و له بێ پێگه‌یی .. له بێ بڕوایی وبێ متمانه‌بوون به‌خۆ ... هتد .
(*)كێشانی وێنه له شوێنه جیاوازه‌كانی لاپه‌ڕه‌كانی وێنه‌كێشاندا :
١ـ له چه‌په‌وه بۆ لای راست یا به پێچه‌وانه‌وه: ئه‌گه‌ر منداڵێك له لای چه‌په‌وه بۆ لای راستی لاپه‌ڕه‌كه، ده‌ست به كێشانی وێنه‌كانی بكات .. به زۆری ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له‌وانه‌یه ئه‌و منداڵه، نه‌خۆشی ده‌روونی هه‌بێت، یا پێویستی به سۆز و خۆشه‌ویستی و به ئاوڕدانه‌وه و ده‌ست به سه‌رهێناندا هه‌بێت له لایه‌ن خێزانه‌كه‌ی و مامۆستاكانییه‌وه .. مه‌به‌ستێكی كه‌ش، ئه‌وه‌یه كه ئه‌و منداڵه په‌یوه‌سته به رابردووه‌وه .
٢ـ به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر هات منداڵ له لای راسته‌وه بۆ لای چه‌پ : هێلكاری و وێنه‌كانی بكێشێت .. ئه‌وه گوزارشه‌له‌وه‌ی كه ئه‌و منداڵه، هه‌رده‌م له داهاتوو ده‌ڕوانێت .. هه‌روه‌ها خۆشه‌ویستی منداڵ بۆ باوكی ده‌گه‌یه‌نێت .
٣ـ كێشانی وێنه له ئه‌وپه‌ڕی سه‌ره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كاندا :ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه ئه‌و منداڵه تا راده‌یه‌ك خه‌یاڵبازه و، به خه‌یاڵ و به وڕینه ئامانجه‌كانی ده‌هێنێته دی .
٤ـ به‌ڵام ئه‌گه‌ر منداڵێك له ئه‌وپه‌ڕی خواره‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كاندا وێنه‌كانی بكێشێت :واتا ئه‌و منداڵه، هه‌ست به دڵنیایی و به ئارامی ناكات .
٥ـ ئه‌گه‌ر منداڵێك له ناوه‌ڕاستی لاپه‌ڕه‌كاندا، وێنه‌كانی كێشا :ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، كه منداڵێكی زیره‌ك و به‌هره‌مه‌نده و، له ئاینده ده‌ڕوانێت .
(*)وێنه‌ی ئاژه‌ڵ له وێنه‌كانی منداڵاندا : ئه‌و منداڵه‌ی كه وێنه‌ی ئاژه‌ڵ ده‌كات .. واتا ئه‌م منداڵه حه‌ز به یارمه‌تیدانی كه‌سانی تر ده‌كات .. گه‌ر هات منداڵێك چه‌ند جارێك وێنه‌ی بێچووه ئاژه‌ڵێك له باوه‌شی دایكه‌كه‌یدا كێشا .. واتا ئه‌م منداڵه له سۆزی دایكایه‌تی بێ به‌شه و .. پێویسته دایكی له ئامێزی بكات و، بیگوشێت به خۆیه‌وه و، ماچی بكات و بایه‌خی پێ بدات و له ئاره‌زووه‌كانی تێری بكات .. كه گه‌وره ده‌بێت ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی خراپی نه‌بێت . چونكه بێ سۆزی و خۆشنه‌ویستن گه‌وره‌ترین كاریگه‌ریی خراپی هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌و منداڵه‌ی كه وێنه‌ی ئاژه‌ڵ و ده‌عبای دڕنده له وێنه‌كانیاندا دووباره ده‌كاته‌وه .. منداڵێكه ترساوه و ده‌ترسێت .. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و منداڵه‌ی كه وێنه‌ی ماسی له وێنه‌كانیاندا دووباره ده‌كاته‌وه، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و منداڵه دڵخۆش و ئاسووده‌یه .
(*) دایك و باوك له وێنه‌كانی منداڵاندا : منداڵان له وێنه‌كانیاندا، بایه‌خ و نرخێكی تایبه‌تی به كێشانی وێنه‌ی دایك و باوكیان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر هات و په‌یوه‌ندییان له گه‌ڵیاندا باش بێت .. به‌ڵام ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندیان خراپ و ناكۆك و ململانێ و ئاژاوه بێت، له گه‌ڵ باوك یا دایك، یا له‌گه‌ڵ هه‌ردووكیاندا .. ئه‌و منداڵانه وێنه‌كانی دایك و باوكیان، له شوێنێكی لاوه‌كی و په‌نای سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا دایان ده‌یانكێشن .. له‌وانه‌شه به شێوه‌یه‌كی ناشیرین و ناشایسته‌ش وێنه‌یان بكێشن .. یا له شێوه‌ی ئاژه‌ڵێكی دڕنده‌دا بیانكێشن و گوزارشتیان لێبكه‌ن . له‌وانه‌یه ئه‌م رقه ده‌روونیه‌ش هۆی هه‌بێت .. ده‌شێ لێی بده‌ن و ئازاری پێ بگه‌یه‌نن .. زۆر لێی تووڕه‌بن .. قسه‌ی نه‌شیاوی پێ بڵێن و هه‌ستی بریندار بكه‌ن .. به توند و تیژی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن .. خۆشیان نه‌وێت .. له گه‌ڵ خوشك و براكانیدا به هه‌مان چاو لێی نه‌ڕوانن .. پیداویستییه‌كانی بۆ دابین نه‌كه‌ن ... هتد . ئه‌و منداڵانه‌ی كه ئه‌م ره‌فتاره نه‌رێنییانه‌یان له گه‌ڵدا ده‌كه‌ن .. په‌نا بۆ وێنه‌كێشان ده‌به‌ن بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌یان لێ بكه‌نه .. به رووخسارێكی ناشیرینه‌وه وێنه‌كانیان ده‌كێشن .. بۆیه پێویسته دایكان و باوكان و مامۆستاكان، نه‌هێڵن بۆشایی و درز بكه‌وێته نێوان خۆیان و منداڵه‌كانیان و قوتابییه‌كانیان.. له سۆز و خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی بێبه‌شیان نه‌كه‌ن .. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه گه‌ر خۆشه‌ویستی و سۆز و رێز و خه‌نده و خۆشی باڵیان به‌سه‌ر خێزان كێشابن .. ئه‌م خۆشه‌ویستی و رێزگرتن و شانازییه .. له تابلۆكانی منداڵان ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه و، هه‌وڵ ده‌ده‌ن به ئه‌په‌ڕی جوانی و قه‌شه‌نگییه‌وه، له ناوه‌ڕاستی لاپه‌ڕه‌كاندا، وێنه‌ی دایك و باوكیان، به رووخسارێكی جوان و شیرینه‌وه و شایسته‌وه بڕازێننه‌وه .
(*)شه‌فافی (بێ په‌رده‌یی) له وێنه‌كانی منداڵاندا : ئاره‌زووی منداڵ بۆ گه‌یاندنی ئه‌و مه‌به‌ست و بیرۆكانه‌ی كه ده‌یه‌وێت له رێگای وێنه‌كانییه‌وه بیانگه‌یه‌نێت به كه‌سانی تر، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هونه‌ری تریان هه‌یه، ئه‌ویش شه‌فافییه‌ته، واته بێپه‌رده‌پۆشی و نه‌شاردنه‌وه‌یه .. ده‌بینین منداڵێك كه وێنه‌ی رووبارێك یا ده‌ریاچه‌یه‌ك ده‌كێشێت .. هه‌موو ماسییه‌كانی ناو ئاوه‌كه دیارن .. یان كه وێنه‌ی ئۆتۆبیسێك ده‌كێشێت، هه‌ر هه‌موو سه‌رنشینه‌كانی دیارن، هه‌روه‌كو ئه‌و ئۆتۆبیسه له شووشه دروست كرابێت .
(*) خۆشی له وێنه‌كانی منداڵاندا : كه منداڵێك ده‌یه‌وێت له وێنه‌كانیدا، گوزارشت له خۆشی و شادی بكات .. بۆ نموونه گه‌ر وێنه‌ی خانوویه‌ك بكات به بابه‌تی جوانكاری ده‌یڕازێنێته‌وه، ئه‌و خۆشی و شایی و ئاهه‌نگه‌ی كه له ژووره‌وه‌ی خانووه‌كه‌شدا هه‌یه ده‌یانكێشێت، هه‌روه‌كو دیواره‌كانی ئه‌و خانووه له شووشه دروست كرابن .. چونكه ئه‌م ده‌یه‌وێت تابلۆكه‌ی گوزارشت له‌و خۆشی و شادی ناو خانووه‌كه بكات .
(*) دووباره كێشانه‌وه‌ی وێنه : زۆر جار منداڵ دووباره و سێ باره له قۆناغه‌كانی ژیانیدا وێنه‌كان ده‌كێشێته‌وه .. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه منداڵ هه‌ست به‌وه ده‌كات، كه توانی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه به جوانی و جوانتر وێنه‌ی هه‌ندێ شت دووباره بكاته‌وه .. له ئه‌نجامی مه‌شقكردن و دووباره‌كردنه‌وه و بیرۆكه‌ی باشتره‌وه دێت .
(*) كه منداڵ وێنه‌ی چه‌ند شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی ( هه‌نده‌سی )ده‌كێشت :گه‌لێ لێكدانه‌وه‌یان سایكۆلۆژیای هه‌یه، دۆخه‌كانی ده‌روونیی منداڵ ده‌رده‌خه‌ن :
١ـ چوار گۆشه : گوزارشت له رووبه‌رێكی هه‌ڵكه‌وتن و توانای دیاری كرا‌و ده‌كات له، به‌ڵام سنووردار و به‌نده .. واته هه‌ست به نائارامی ده‌كات .. به تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر، به پێنووسه‌كه‌ی به تۆخی و ده‌ست داگرتن چوارگۆشه‌كه‌ی بكێشێت .
٢ـ بازنه : گه‌ر منداڵێك له وێنه‌كانیدا بازنه بكێشێت .. واته ئه‌و منداڵه تا راده‌یه‌كی زۆر هاوكاره و لێبوورده‌یه .. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تووڕه‌بێت، تۆڵه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه .. ئه‌م منداڵه به زۆری ئاره‌زووی ره‌نگی شین ده‌كات .
٣ـ سێ گۆشه : گوزارشته له منداڵێكی نموونه‌یی زیره‌كو رێك .. ئه‌رك و كاره‌كانی به جوانی راده‌په‌ڕێنێت .. به‌رپه‌رسێتی له ئه‌ستۆ ده‌گرێت .. پشت به‌خۆی ده‌به‌ستێت .
٤ـئه‌ستێره : گوزارشته له منداڵێكی هه‌ڵه‌شه و په‌له‌كه‌ر له بڕیاره‌كانیدا .. زوو تووڕه ده‌بێت و هه‌ڵده‌چێت .. میزاجییه .. له راكانیدا جێگیر نییه .. به زۆری له تابلۆكانیدا ره‌نگی سوور به‌كارده‌هێنێت .
(*) تاریككردن (ره‌شكردنی وێنه ) : ئه‌گه‌ر منداڵێك كه‌سێكی كێشا و هه‌موو گیانی ره‌ش كرد ..یا به تۆخی وێنه‌كه‌ی كێشا، ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م منداڵه نائارامه وتووشی دڵه‌ڕاوكێ بووه ..به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌شێكی دیاریكراوی له وێنه‌كه‌داره‌ش كرد .. واتا دڵه‌ڕاوكێیه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌م به‌شه‌وه هه‌یه .
(*) ده‌ست داگرتن و ده‌ست دانه‌گرتن له پێنووس( تۆخ یا كاڵ كێشانی وێنه‌كان): ئه‌گه‌ر منداڵێك، زیاتر له پێویست ده‌ست له پێنووس دابگرێت و هێله‌كانی وێنه‌كه‌كانی تۆخ بكێشێت .. ئه‌وه گوزارشته له‌وه‌ی كه ئه‌م منداڵه .. زیاد له پێویست سكیچ و ماسولكه گرژه و، نا ئارامیی لێ به‌دی ده‌كرێت .. به‌ڵام ده‌ست دانه‌گرتن له پێنووس و كاڵ كێشانی وێنه .. گوزارشته له‌وه‌ی، كه ئه‌م منداڵه توانای له‌شی و هه‌ستی ده‌روونی دابه‌زیوون و، نائارامی پێوه دیاره .. ئه‌م دوو دیارده‌یه‌ش له وێنه‌كانی كوڕاندا زیاتر ره‌نگیان داونه‌ته‌وه ..به‌ڵام له وێنه‌كانی كچاندا كه‌متر به‌دی ده‌كرێن .
به‌ڵام گه‌ر هات منداڵ به‌پێی پێویست و، به دڵنیاییه‌وه وێنه‌كانی كاڵ یا توخ بكات .. ئه‌مه گوزارشته له هاوسه گی و نه‌رمی و گونجان .
(*) لابردن و زیاده‌ڕۆیی : له وێنه‌كانی منداڵدا، به تایبه‌تیش منداڵانی ته‌مه‌ن هه‌شت بۆ نۆ ساڵان، دیارده‌ی لابردن و، زیاده‌ڕۆیی به‌دی ده‌كڕێن .. كه له منداڵێكی ئه‌م ته‌مه‌نه داوابكه‌یت،كه وێنه‌ی وه‌رزشوانانی تیپێكی تۆپی پێ بكێشێت .. له‌وانه‌یه ده‌سته‌كانی یاریزانه‌كان نه‌كێشیت .. به‌ڵام زیاده‌ڕۆیی له وێنه‌كێشانی پێیه‌كانیان ده‌كات، زیاد له پێویست گه‌وره ده‌یانكێشێت .. ئه‌مه‌و له وێنه‌كێشانی، ده‌سته‌كانی گۆڵچییه‌كه‌دا، زیاد له پێویست گه‌وه‌ره ده‌یان كێشێت .. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی ئه‌م منداڵه ده‌سه‌لمێنێت به زانستی و زانیارییه‌كانی ده‌رباره‌ی یاسا و رێساكانی تۆپی پێ .
(*)گۆشه‌گیری : چۆن به پێی وێنه‌كان ده‌زانین،كه منداڵێك گۆشه‌گیری بووبێت .. شێوه‌كانی ناو وێنه‌كانی به بچووكی ده‌یانكێشێت .. وێنه‌كه‌كان له لایه‌كی لاپه‌ڕه‌كانه‌وه ده‌كێشێت .. زۆر جاریش وێنه‌كانی ته‌واو ناكات .. ناڕێكی و نه‌گونجاوی له وێنه‌كانیدا به‌دی ده‌كرێن .. به زۆریش چوارچێوه بۆ وێنه‌كانی ده‌كێشێت .
(*)شه‌ڕانگێزی : چۆن به پێی وێنه‌كان ده‌زانین كه خاوه‌نی ئه‌م وێنانه شه‌ڕانگێزه ..
ده‌سته‌كانی كه‌سه‌كان درێژ و گه‌وره ده‌كێشێت .. ده‌میان گه‌وره و ددانه‌كانیان گه‌وره ده‌كێشێت ..هێلی راستی گۆشه‌تیژ ده‌كێشێت .. وێنه‌كانی له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا رێك نین .. پێنووسه‌كه‌ی قایم ده‌جۆڵانی و، قایم و به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا ده‌یهێنێت و ده‌یبات .. هه‌ر وه‌كو له شه‌ڕ و هێڕشدا بێت .
(*)دوودڵی ( دڵه‌ڕاوكێ): به شیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كان چۆن بۆت ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌ر منداڵیك دوودڵ بێت ..؟ وێنه‌كان چه‌وت ده‌كێشێت و تێكیان ده‌دات .. زیاد له پێویست لێیان لا ده‌بات و، تۆخیان ده‌كات .. وێنه‌كێشراوه‌كانی ره‌ق و بێ جووڵه‌ن .. ده‌سته‌كانی مرۆڤ بو ئاسمان ده‌كێشێت .. یا بۆ خواره‌وه شۆڕیان ده‌كاته‌وه .
(*) چه‌ند رێگایه‌كی نا ئاسایی تر له وێنه‌كانی منداڵاندا :
١ـ شێوه‌ی پێچ پێچ ( مار ئاسایی ):گوزارشه له دڵنیا نه‌بوون و شاردنه‌وه و ترس .
٢ـ وێنه‌ی لار : نه‌بوونی هاوسه‌نگی و .. نه‌بوونی دڵنیایی ده‌گه‌یه‌نێت .
٣ـ جادووكه‌ر و دڕنده : گاڵته‌جاڕی و ته‌وس و سووكایه‌تی كردنه به كه‌سان .
٤ـ لابردن و سڕینه‌وه : گوزارشته له‌وه‌ی ئه‌و كه‌سه بوونی نییه له ژیانی ئه‌و منداڵه‌دا .
(*)بیـركۆڵ (كه‌م هـۆش): به شیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كان منداڵ كه‌م بیركۆڵ ده‌زانرێت .. په‌یوه‌ندییه‌كی گونجاو له نێوان شێوه‌كانی وێنه‌كانیدا نییه.. بۆ نموونه ( ده‌سته‌كانی كه‌سه‌كانیواكێشاون كه له سه‌ریانه‌وه ده‌رچوون ) .. هاوڕێژه‌یی له وێنه‌كانیدا نین .. دووباره‌كردنه‌وه‌یان زۆر تێدان .. له وێنه‌كانیدا روونكردنه‌وه‌ی زۆریان تێدا نییه .
(*) منداڵ سته‌ملێكراو : گه‌ر منداڵێك دووچاری سته‌م و خراپه بووبێت .. وێنه‌ی كه‌سانێكی ئه‌ندام بڕاوه ده‌كات .. گونجان له نێوان ئه‌ندامانی له‌شی كه‌سه‌كانی وێنه‌كانی نین .. كێشه‌ی خۆی ده‌رده‌خات، كه توانای خۆپاراستنی له‌و له‌و سته‌مكارییانه كه ده‌رهه‌قی ده‌كرێن نییه .. ره‌نگی سوور و ره‌ش له وێنه‌كانیدا دووباره ده‌بنه‌وه .
به شێوه‌یه‌كی گشتی وبه پێی خه‌سڵه‌ت و ئه‌و وێنانه‌ی ده‌یان كێشن، منداڵانی وێنه‌كێش:١ـ منداڵی هاوسه‌نگ : هێلكارییه‌كانی رێك و روونن .. ره‌نگه‌كانی تابلۆكانی گه‌ش و گونجاون له گه‌ڵ وێنه‌كاندا .. له چوار بۆ شه‌ش ره‌نگ به‌كاردێنێت .. له ناوه‌ڕاست لاپه‌ڕه‌كاندا وێنه‌كانی ده‌كێشێت .
٢ـ منداڵی زۆر بزێو : لاپه‌ڕه‌ی زیاتری ده‌وێت .. هه‌موو وێنه‌كانیشی ته‌واو ناكات .. ره‌نگی زۆریش به‌كار ده‌هێنێت .. به تایبه‌تیش سوور و پرته‌قاڵی و زه‌رد و سپی .
٣ـ منداڵی شه‌ڕانی : به زۆری وێنه‌كانی ده‌دڕێنێت و پارچه پارچه‌یان ده‌كات .. به‌ی زۆریش وێنه‌ی ئه‌و كه‌سانه ده‌كێشێت كه ( شه‌رانین ، دزن، چه‌ته‌ن ) ده‌میان گه‌وره ده‌كێشێت و دانه‌كانیان به ده‌ره‌وه‌ن .. ئه‌م منداڵانه به زه‌حمه‌تی ده‌توانن هێله‌كان بكێشن زۆر به توندی و قایمی پێنووسه‌كانیان به‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌كاندا ده‌هێنن .. ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه لاپه‌ڕه‌كان كون ببن .
٤ـ منداڵی نه‌خۆش یا خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تییه‌كان : ئه‌م منداڵانه له وێنه‌كانیاندا، ره‌نگی تۆخ و خه‌مناك به‌كارده‌هێنن .. بۆ نموونه گه‌ر منداڵێكی كه‌ڕ،له تابلۆكانیدا وێنه‌ی كه‌سانێك بكێشێت ، به زۆری گوێیه‌كانیان بۆ ناكێشێت .. یا گوێیه‌كانیان زۆر گه‌وره ده‌كێشێت .
(*) زمانی شته وێنه‌كێشراوكانی منداڵان : هه‌ر وه‌كو هێله‌كان و ره‌نگه‌كان .. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه منداڵان وێنه‌یان ده‌كێشن ( ده‌دوێن ) بۆ نموونه :
(*) خانوو له ناوه‌ڕاستی لاپه‌ڕه‌كاندا : گه‌ر ئه‌و خانووه په‌نجه‌ره‌ی هه‌بێت .. نیشانه‌ی هاوسه‌نگی منداڵه وێنه‌كێشه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت .. به‌ڵام گه‌ر منداڵێك دوو خانوو له هه‌مان لاپه‌ڕه‌دا بكێشێت .. گوزارشته له جیابوونه‌وه‌ی دایك و باوكی .. كه هه‌ره‌یه‌كه‌یان له خانوویه‌ك یا له ماڵێكدا ده‌ژین.. به‌ڵام منداڵی ( بێ باوك و بێ دایك ) وێنه‌ی خانوویه‌ك ده‌كێشێت به‌بێ ده‌رگا یا به‌بێ په‌نجه‌ره و ده‌لاقه ده‌یكێشێت، كه گوزارشت له‌وه ده‌كات، كێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه، په‌یوه‌ندی كه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌ره‌ودا باش نییه .
(*) خـۆر : به زۆری باوك ده‌گه‌یه‌نێت .. كاتێ كه منداڵێك له تابلۆكانیدا وێنه‌ی خۆرێكی گه‌ش و تیشكدار ده‌كێشێت .. ئه‌مه گوزارشته له‌وه‌ی، كه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ باوكی‌دا باشه و خۆشیده‌وێت.
(*)ئاو : ئاو له وێنه‌ی ئه‌و منداڵانه‌دادووباره ده‌بێته‌وه، كه میز به خۆیاندا ده‌كه‌ن .
(*)ئۆتۆمبیل : گه‌ر منداڵان وێنه‌ی ئۆتۆمبیل و فڕۆكه‌یان كێشا،گوزارشته له‌وه‌ی كه حه‌زیان له گه‌شته و گه‌ڕانه .
(*)په‌یـژه : په‌یژه له وێنه‌ی منداڵاندا، گوزارشته له گه‌شبینی و به‌رزڕوانین .
(*) ره‌نگه‌كان و وێنه‌كانی منداڵان :ره‌نگه‌كان بایه‌خێكی گه‌وره‌یان به لای منداڵانه‌وه هه‌یه .. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئێمه له جیهانێكی ره‌نگاوڕه‌نگدا ده‌ژین و، ره‌نگه‌كان تێكه‌ڵی ژیانمان بوونه ..ئه‌وه‌ش ئاساییه كه ره‌نگه‌كان كارتێكه‌ربن له وێنه‌كانی منداڵاندا .. ره‌نگه‌كان و فره‌ڕه‌نگی، كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌یان له ژیانی منداڵان و گه‌وره‌كانیشدا هه‌یه .. گه‌ر ژیان یه‌ك ره‌نگ بوایه .. سارد و سڕ ده‌بوو .. چێژێكی ئه‌وتۆی نابوو .
هه‌ر له دایانگه‌وه منداڵان ره‌نگه‌كان ده‌ناسن و تاقییان ده‌كه‌نه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگێگ له ره‌نگێكی تر به زیاتر بزانن .. له پۆلی دووه‌می بنه‌ڕه‌تیدا منداڵان ره‌نگی دیاری كرا‌و هه‌ڵده‌بژێرن .. له چوار ره‌نگه‌وه بۆ شه‌ش ره‌نگ هه‌ڵده‌بژێرن ..ڕوانینی منداڵان بۆ ره‌نگه‌كان جیاوازه له‌گه‌ڵ روانینی گه‌وره‌كاندا .. منداڵان به پێی لێكدانه‌وه‌ی خۆیان ره‌نگه‌كان هه‌ڵده‌بژێرن .. منداڵان به پێی خه‌سڵه‌ته‌كانی ره‌نگه‌كان، ره‌نگ هه‌ڵده‌بژێرن .. بۆ نموونه ( ره‌نگی سوور ) به لای منداڵانه‌وه، گوزارشت له جووڵه و هه‌ڵچوون و خوێن ناكات، به‌ڵكو گوزارشته له گه‌شی و خۆشی و شادی .. زۆربه‌ی منداڵان له بۆیه‌كردنی وێنه‌كانیاندا ره‌نگی سوور له هه‌موو ره‌نگه‌كانی تر زیاتر به كاری ده‌هێنن .
منداڵان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆشیان ده‌وێت، به ره‌نگی گه‌ش و جوان بۆیه‌یان ده‌كه‌ن .. به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆشیان ناوێت، به ره‌نگی ناشیرین و تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵ ره‌نگیان ده‌كه‌ن .. ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی سۆز و خۆشه‌ویستی و شادی، یا رق و بوغزی دایك و باوك و مامۆستاكانیان یا كه‌سانی خێزانه‌كانیان یا هاوڕێكانیان به‌رجه‌سته بووه .. به باشی یا خراپی هه‌ستی خۆیان به‌و ره‌نگانه به‌رانبه‌ریان ده‌رده‌بڕن .. واته خۆشه‌ویستی و سۆز یا رق و بوغز .. له ره‌نگه‌كانی وێنه‌كانی منداڵاندا ره‌نگدانه‌وه‌یان هه‌یه.
(*) لایه‌نه ئه‌رێنییه‌كان (پۆزه‌تیڤه‌كان) له وێنه‌كانی منداڵاندا: ئێمه له سه‌ره‌وه به زۆری باسمان له لایه‌نه نه‌رێنییه‌كانی سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان كرد .. به‌ڵام به‌رانبه‌ر به‌و لایه‌نه نه‌رێنییانه، منداڵانی هاوسه‌نگ له وێنه‌كانیاندا گوزارشت له گه‌لێ لایه‌نی ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤو مژده‌به‌خش ده‌كه‌ن .. گه‌ڵی راز و هیوای به‌رز و خه‌ونی شیرین و به‌هره و توانا له تابلۆكانیاندا ره‌نگیان داونه‌ته‌وه .. بۆ نموونه : كه ده‌بینین منداڵێك كه له وێنه‌كانیدا، وێنه‌ی خۆی وه‌كو پزیشكێك یا ئه‌ندازیارێك یا مامۆستایه‌ك یا هونه‌رمه‌ندێك یا ... هتد .ده‌كێشیت .. یا كه منداڵێككه ده‌یه‌وێت گوزارشت له‌سۆز و دڵسۆزی وله خۆشه‌ویستی خۆی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی و، نیشتمان په‌روه‌ری و خۆی بكات .. بۆ نموونه منداڵێكی كورد : كه گوزارشت له كوردستان په‌روه‌ری خۆی بكات، وێنه‌ی ئاڵای كوردستان و، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی كوردستان و سه‌ركه‌وتنه‌كانیان، وێنه‌ی چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی كورد له‌سه‌ر ده‌بابه‌ن یا له‌پشت تۆپه‌وه‌ن، یا لووله‌ی تفه‌نگه‌كان و تۆپه‌كانیان ئاراسته‌ی نه‌یاران كردوون و، دوژمنانی كوردستان به شكستی و تێكشاوی و سه‌رشۆری و به‌زین وێنه‌ده‌كێشێت .. یا سروشت و دیمه‌نه جوانه‌كانی كوردستان و، ئاهه‌نگێڕانی رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز و، ... ده‌كێشێت ئه‌مانه ره‌نگدانه‌ویانله وێنه‌كانیاندا هه‌بێت .. ئه‌مه‌شیان ده‌كه‌وێته سه‌ر دایكان و باوكان و سه‌ر مامۆستایانی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری .. كه پێویسته به سۆز و خۆشه‌ویستی و هاوبه‌سته‌بوون بۆ كورد و كوردستان كوردیله‌كان گۆش و په‌روه‌رده بكه‌ن .. تا په‌روه‌رده دروستیان له وێنه‌كانیاندا ره‌نگ بده‌نه‌وه و گوزارشت له كوردستان په‌روه‌ریی خۆیان بكه‌ن .
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌ش له وێنه‌كانی منداڵاندا
منداڵان به پێی بارودۆخی ده‌روونیان، له خۆشی و شادی و له‌خۆشه‌ویستیدابن .. یا له ناخۆشی و خه‌مۆكی و ئازار و گرفتی ده‌روونیدا دابن .. له رێی وێنه‌كێشانی ئه‌ندامانی له‌شی كه‌سێتییه‌كانی وێنه‌كانیانه‌وه، گوزارشت له ناخی ده‌روون و له هۆشیان و له بیر و باوه‌ڕ و بیرۆكه‌كانیان ده‌كه‌ن و .. مه‌به‌ست و په‌یامه‌كانیان به ئێمه ده‌گه‌یه‌نن .. به كورتی دێینه سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی ئه‌ندامانی له‌شی كه‌سانی وێنه‌كانی منداڵان :
١ـ سه‌ر: وێنه‌كیشانی سه‌ری گه‌وره، گوزارشته له خۆپه‌رستی و له خۆ به زلزانین .. گوزارشته له هه‌ستكردن به خۆكه‌مزانین و، به بێتوانایی جه‌سته‌یی .. به‌ڵام له وێنه‌كانی منداڵانی زیره‌كدا، وێنه‌یكێشانی سه‌ری گه‌وه‌ره، گوزارشته له‌بیرۆكه‌ی گه‌وره .. وێنه‌ی سه‌ری بچووكێش، گوزارشته له شه‌رم كردن، له نكووڵی كردن، له بیرۆكه‌ی به ئازار . له وێنه‌كانی منداڵانی هاوسه‌نگدا، وێنه‌ی سه‌ر له گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كانی له‌شدا گونجاوه .
٢ـ چاوه‌كان : ئه‌و منداڵانه‌ی كه وێنه‌ی چاوه‌كانی كه‌سێتییه‌كان به گه‌وره‌یی و، به گوماناوییه‌وده‌یانكێشن .. گوزارشته له نا ئارامییان و، وا هه‌ست ده‌كه‌ن كه هه‌میشه له‌ژێر چاودێرێدان ..به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوه‌كانیان به نووقاوی بیانكێشن، یا چاوێله‌كه‌ی ره‌شیان له چاوه بكه‌ن،ئه‌مه گوزارشته له حه‌زكردن به گۆشه‌گیری و دووركه‌وتنه‌وه له دیمه‌نه‌كان یا نیشاندانی ئازار و بێزاری.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاو بۆ كه‌سه‌كانی وێنه‌كانیان نه‌كێشن، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه حه‌ز به تێكه‌ڵبوونی خه‌ڵكی ناكه‌ن .. ئه‌و منداڵانه‌ش كه له شێوه‌ی بازنه‌ی بچو‌وكدا چاوه‌كان ده‌كێشن، گوزارشته له هه‌ڵچوون و پشت به‌ست به كه‌سانی تر و بێ بڕوابه‌خۆبوونیان .
٣ ـ لـووت: منداڵانی هاوسه‌نگ، لووت وكونه‌لووته‌كانی كه‌سێتییه‌كانی وێنه‌كانیان به ئاسایی ده‌كێش .. به‌ڵام وێنه‌كێشانی لووتی گه‌وره،گوزارشته له دوژمنایه‌تی .
٤ـ ده‌م و ددان : ده‌می زل و كراوه، گوزارشته له زۆر بڵێی و چه‌نه‌بازی .. یا كێشه‌ی زمان و قسه‌كردنی هه‌یه .. یا پشت به‌ستن به كه‌سانی تر .. به‌ڵام ده‌می گه‌وره و ددانی گه‌وره،گوزارشته له شه‌ڕانگیزیو گێچه‌ڵ .. هه‌ر وه‌كو وا خۆی ده‌ربخات كه ئاماده‌ی په‌لاماردان و گازكردن و بچڕینه .
٥ـ مــل: ئه‌و منداڵانه‌ی ملی كه‌سێتییه‌كانی وێنه‌كانیان زیاد له پێویست درێژیان ده‌كێشن .. گوزارشته له‌وه‌ی ته‌گه‌ره له رێیاندایه، بۆ گه‌یشتنو مه‌ستبوونیان له ئاره‌زووه‌كانیان .. ئه‌و منداڵانه‌ی كه ئازاری ده‌روونی ده‌چێژن .. له وێنه‌كانیاندا مل بۆ كه‌سه‌كان ناكه‌ن و سه‌ریان ده‌نووسێنن به سنگیانه‌وه .
٦ـده‌سته‌كان: ده‌سته‌كان له وێنه‌كانی منداڵاندا، به‌پێی كێشانیان گوزارشت له زۆر شت ده‌كه‌ن .. ( ده‌ستی گه‌وره ) گوزارشته له دزیكردنی ئه‌و منداڵانه‌ی كه ده‌یانكێشن ..(ده‌ستی درێژ بۆ ده‌ره‌وه)، ئاره‌زووی منداڵان ده‌گه‌یه‌نێت بۆ په‌یوه‌ندی كردن به كه‌سانی تره‌وه، یا ئاره‌زووی یارمه‌تیدانی و تێكه‌ڵ بوونیان هه‌یه .. ( ده‌ستی گه‌وره و به‌هێز) گوزارشته له ته‌ماح و ئاره‌زووی زاڵبوون و ده‌سه‌ڵات .. هه‌ندێ جاریش شه‌ڕانگێزی ده‌نوێنێت .. ( ده‌ستی كورت ) گوزارشته له دڵه‌ڕاوكێ و نائارامی .. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كان (درێژ و لاوازبن) گوزارشته له‌وه‌ی كه پێویستییان به لایه‌نگرتن و پاڵپشتی‌و، به یارمه‌تیدانی ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان هه‌یه .. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كانیان كورت وێنه‌كێشابن، واته هه‌وڵناده‌نو، هه‌ست به كه‌م توانایی ده‌كه‌ن .. ئه‌گه‌ر بێت‌و ( ده‌سته‌كان بۆ سه‌ره‌وه) یا ( بۆناوه‌وه) كێشرابن .. گوزاشتن له دڵه‌ڕاوكێ .. به‌ڵام گه‌ر منداڵێك به به‌رده‌وامی له وێنه‌كانیدا ( ده‌سته‌كان و قاچه‌كانی كه‌سانی وێنه‌كانی له بیربكات و نه‌یانكێشێت ) ئه‌مه گۆزارشته‌له گۆشه‌گیری و بێزاری ئه‌و منداڵه، نازانێت چۆن له ژیانیدا ره‌فتار بكات .
٧ـ ده‌موچاو:ئه‌گه‌ر منداڵێك له وێنه‌كانیدا( ده‌موچاوه‌كانی كه‌سه‌كانێوێنه‌كانی ناشیرینبكێشێت) گوزارشته له رق و ناكۆكییه‌كانی ناو ئه‌وخێزانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژیت .. ( ده‌موچاوی ترش و خه‌مگین) یش، گوزارشته له هه‌ستی ئه‌و منداڵه له‌و كاته‌دا .
وانه‌ی (په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری )له قوتابخانه‌كاندا
وانه‌ی ( په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری )كه یه‌كێكه له وانه‌كانی پرۆگرامی خوێندن، له قوتابخانه‌كانی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ئاماده‌یی .. به‌ڵام به‌داخه‌وه، تا ئه‌مڕۆش له زۆربه‌ی قوتابخانه‌كانی كوردستاندا، وه‌كو پێویست گرنگی و بایه‌خ به‌م وانه‌یه نه‌دراوه .. تا راده‌یه‌ك پشتگوێ خراوه و، وه‌كو وانه‌یه‌كی سه‌ركی لێی ناڕوانن، به‌ڵكو به وانه‌یه‌كی لاوه‌كی داده‌نێن . یا هه‌ندێ له‌و مامۆستایانه‌ی كه وتنه‌وه‌ی ئه‌م وانه‌یه‌یان پێ سپاردوون زۆر نابه‌ڵه‌دن له ئاستی( ئامانجه‌كانی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری ) و له هونه‌ری وێه‌كێشان و له هه‌ڵسه‌نگاندن و شیكردنه‌وه‌ی سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی قوتابییه‌كانیان .. ته‌نانه‌ت ئه‌و مامۆستایانه‌ی كه پسپۆر و شێوه‌كارن، له ( ده‌رچووانی په‌یمانگا یا كولێژیهونه‌ره‌جوانه‌كاننـبه‌شی شێوه‌كاری)، ته‌نها بایه‌خ به قوتابیانی به‌هره‌مه‌ند ده‌ده‌ن و، ئه‌ودوای قوتابییه‌كانیان پشتگوێ ده‌خه‌ن .. یا به نابه‌ڵه‌دی و تێنه‌گه‌یشتن له مه‌به‌ستی وێنه‌كانیان ( نمره‌یه‌كی نزم) بۆ قوتابییه‌كان داده‌نین، كه كارتێكردنێكی خراپی ده‌بێت له له‌سه‌ر ده‌روونی ئه‌و منداڵانه .. ئه‌مه‌ش هۆیه‌كه له هۆیه‌كانی دواكه‌وتنی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری و، تۆرانی به‌شێك له منداڵان له‌م وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری .. بۆیه پێویسته جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی و بایه‌خ پێدان به وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری بكرێت .. ئه‌مه‌و به سه‌رپه‌رشی كه‌سانی پسپۆر و شاره‌زا له ( سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان ) ساڵانه له لایه‌ن (به‌ڕێوه‌به‌رێتی چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌كان ) ه‌وه كه سه‌ر به به‌ڕیوه‌به‌رێتی شاره‌كانن بۆ مامۆستایانی وانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری ( كۆرسی راهێنانی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری) بكرێته‌وه .. به تازه‌ترین زانیاری و شاره‌زایی و داهێنان و تاقیكردنه‌وه‌كان له بواری په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری منداڵاندا رایان بهێنن .. ئه‌و مامۆستایه‌نه‌ش كه ئه‌م وانه‌یه ده‌ڵێنه‌وه پێویسته ئامانجه‌كانی په‌روه‌رده‌ی هونه‌ری له‌به‌رچاوبگرن، پێویستیشه به‌گراوندێكی رۆشنبیری هونه‌رییان هه‌بێت ،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سه‌رچاوه‌ی پێویست بخوێننه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به‌م بواره‌وه هه‌یه .. تا نابه‌ڵه‌د نه‌بن له باره‌ی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی منداڵان و، له باره‌یشیكرددنه‌وه‌ی سایكۆلۆژیای وێنه‌كانی منداڵان .
ئه‌م بابه‌ته باس و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت .. چونكه منداڵان هیوای داهاتوون.
ره‌زا شوان/ نووسه‌ری بواری ئه‌ده‌بی منداڵان
نه‌رویـج :٢٥/٦/٢٠١٥
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینارە
01:31 PM - 2024-03-29 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
05:41 PM - 2024-03-28 -
وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدان بۆ پەرلەمانی کوردستان درێژکرایەوە
11:57 AM - 2024-03-28 -
خاتوو شاناز بۆ خانمانی راگەیاندنکار: جیاوازیتان ناکەم و سەرکەوتنی هەمووتانم دەوێت
11:58 PM - 2024-03-27
ئەمانەش ببینە
کوردستان 10:23 AM - 2024-03-29 نێروەیی: روسیا وەک سەرۆک و سەرکردەیەکی کوردستانی و عیراق پێشوازی لە سەرۆک بافڵ دەکات
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
10:31 PM - 2024-03-28
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
08:34 PM - 2024-03-28
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
03:46 PM - 2024-03-28
وته‌بێژی یه‌كێتی: خۆمان و لیست و ناوی كاندیدمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌كردوه
12:56 PM - 2024-03-28
زۆرترین خوێنراو
-
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە چوار ملیار دینارە
کوردستان 01:31 PM - 2024-03-29 -
نێروەیی: روسیا وەک سەرۆک و سەرکردەیەکی کوردستانی و عیراق پێشوازی لە سەرۆک بافڵ دەکات
کوردستان 10:23 AM - 2024-03-29 -
سەرۆک بافڵ بۆ نوێنەری سەرۆکی روسیا: چارەسەری ئاشتیانە پەیڕەو دەکەین
جیهان 10:31 PM - 2024-03-28 -
سەرۆک بافڵ و سێرگی لاڤرۆڤ: پەیوەندییەکان پەرەیان پێبدرێت
کوردستان 08:34 PM - 2024-03-28 -
وەفدێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی نوسینگەی سلێمانی جێگری سەرۆک وەزیرانی کرد
کوردستان 05:41 PM - 2024-03-28 -
سێ (D) یەکەی مام
بیروڕا 04:57 PM - 2024-03-28 -
سەرۆککۆمار بۆ وەزیری دارایی: پەلەبکرێت لەخەرجکردنی مووچەی هەرێم
کوردستان 03:46 PM - 2024-03-28 -
پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی ئەحمەد خدر
پرسەنامە 03:03 PM - 2024-03-28