riklam

رێكەوتنەکە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت

چاوپێکەوتن 10:56 AM - 2015-06-25
.

.

وتەبێژی حكومەت: دەمانەوێ كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكەین‌و رێكەوتنەکە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت ‌

راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌

 سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ-دا تیشك دەخاتە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق و رێكەوتنەكەی نێوانیان و پرسی بودجەی هەرێم و قەیرانی دارایی، هەروەها چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكان  و كێشەكانی بەنزین و كارەبا لەهەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی تر. 

 

سەرەتارە لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا و ئاستەنگەكانی بەردەم رێكەوتنەكەی نێوان هەردوولا وتی: ئەو رێكەوتنەی لەكۆتایی ساڵی رابروو لەنێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدرا تاكتیك نەبووە، بەڵكو بە مەبەستی ئەوەبوو چارەسەری كێشەكان بكرێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بودجەوە هەیە، چونكە لەكاتی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەسەرەتای ساڵی 2014 لەلایەن حكومەتەكەی مالكی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان دانا، بەردەوامبوونی ئەو سیاسەتەش وایكرد كە حكومەتی تازەی عیراق بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی هەوڵبدات كێشەكان چارەسەربكات ئەوانیش بەشێوەیەكی ئەرینی  هاتنەپێشەوە.

سەفین دزەیی وتیشی: ئەو رێكەوتنەی لەنێوان هەردوولا مۆركرا دواتر بووە بەشێك لەیاسای بودجەی 2015ی عیراقی كە دەبوو لەسەرەتای ئەو ساڵەوە بچێتە بواری جێبەجێكردن، كەچی لەگەڵ  ئەوەی مانگانە بڕێك پارەی بۆ هەرێم ناردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەو پارەیە ئیستحقاقی دارایی  هەرێم نییە، كە بەگوێرەی ئەو رێكەوتنەی كراوە دەبێت مانگانە یەك ملیار دۆلار بۆ هەرێم بێت، ئەوەی هاتووە بەمجۆرە بووە لەمانگی یەكی ئەمساڵ  250 ملیار دینار و لەمانگی دوو 480 ملیار و مانگی سێ 520 ملیار و مانگی چوار  488 و مانگی پێنج 500 ملیار دینار بوو،  ئەوانەش هەمووی كۆبكەیتەوە ناكاتە دوو ملیار دۆلار، ئەمە لەكاتێكدا دەبوو لەو ماوەیە پێنج ملیار دۆلار بۆ هەرێم بنێرێت.

راشیگەیاند: سەبارەت بەفرۆشتنی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دیارە لە سێ مانگی یەكەم بەهۆی ژێرخانەوە نەتوانرێ ئەو بڕە نەوتە هەناردە بكات كە رێكەوتنی لەسەر كرابوو  ئەویش 550 هەزار بەرمیل نەوت بوو لەرۆژێكدا، بەڵام لەناوەڕاستنی مانگی چوارەوە توانی زیاتر لەو رێژەی بۆ دیاریكرابوو لەرێگای سۆمۆوە بفرۆشێت.

لەگەڵ ئەوەش بەغدا بودجەی كەمتری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە ئەوەش بووە مایەی نیگەرانی و دڵگرانی حكومەت و خەڵكی كوردستان، هەربۆ ئەو مەبەستە لەناوەڕاستی ئەم مانگە كۆبونەوەیەك لەنێوان ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت و گاز لەگەڵ نوێنەری حزب و لایەنە سیاسیەكانی بەشداربوو لەكابینەی هەشتەم  بەرێوەچوو، لەو كۆبونەوەیە باس لەو بابەتەكرا، هەمووان لەسەر ئەوە كۆكبوون كە گفتوگۆ و دانوساندنەكانی حكومەتی هەرێم  لەگەڵ بەغدا بەردەوامبێت  تابەغدا پابەندی رێكەونەكە دەبێت، بۆئەمەش جگە لەسەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەپێویست دەزانرێ هێزو لایەنە سیاسیە كوردستانیەكانیش سەردانی  ئەو لایەنانە بكەن كە لەبەغدا حكومەتیان پێكهێناوە .

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: هەرلەو كۆبونەوەیە باس لەوەكرا كە  ئەگەر بەغدا هەر پابەند نەبوو، ئەوا  بەگوێرەی یاسای ژمارە 5ی ساڵی2015ی پەرلەمانی كوردستان حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بەگرتنەبەری هەر رێگایەك بۆ دابینكردنی پێداویستەكانی خەڵكی كوردستان، بەمەش هەرێم  دەتوانێ راستەوخۆ نەوتەكەی بفرۆشێت، لەلایەكی تر لەخودی رێكەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا هاتووە ئەگەر لایەنێك پابەند نەببێت لایەنەكەی تریش دەتوانێ پابەندی نەبێت.

وتیشی: هەموو ئەو تێبینانەی لەو كۆبونەوەیە گەڵاڵەبوو لەرێگای د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عیراق نێردراوەتە بەغداو چاوەڕوانی وەڵامێك لەبەغدا دەكەین، ئایا ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر ئەو رێكەوتنە بەو شێوەی لەیاسای بودجەی عیراق هاتووە، یان وەك ئێستا بەردەوام دەبن كە رەنگە مانگانە لە 400-500 ملیار دینار زیاتر نەدەن بەهەرێمی كوردستان، ئەمەش زۆر كەمترە لەئیستحقاقاتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەش حكومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەیە كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەر بكات و لایەنگری ئەوەیە كە ئەو رێكەوتنە بەردەوام بێت.

لەبارەی ئەوەی حكومەتی عیراقی بودجەی سەرجەم پارێزگاكانی كەمكردۆتەوە نەوەك تەنیا هەرێم سەفین دزەیی وتی: راستە عیراق كێشەی دارایی هەیە، بەڵام لەم كاتە نزیكەی 68 ملیار دۆلاری  پارەی یەدەگی لەبانكی ناوەندی هەیە، لەبەرمبەر ئەو پارەیە دەتوانێ قەرز وەربگرێت و كێشەكانی خۆی بەشێوەی تر چارەسەر بكات، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان ئەو رێگایەی نییە‌و  تەنیا پشتی بەو بڕە بودجەیە بەستوە كە لەبەغداوە دێت.

لەلایەكی تر ئەگەر بەغدا موچەی تەواوی هەرێم بنیرێت رەنگە هەرێمیش رەچاوی ئەم بارودۆخە بكات و داوای بودجەی تەشغیلی و وەبەرهێنان نەكات ئەگەر بەشوێنەكانی تریش نەدرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەو پارەی بەغدا دەیداتە هەرێم بەشی موچەكانیش ناكات كە مانگانە پێویستی بە  700 ملیار دینار هەیە. ئەمە جگە لەوەی هەرێم بەدرێژایی زیاتر لەهەزار كیلۆمەتر شەڕی لەگەڵ داعش هەیە بەبێ ئەوەی حكومەتی فیدراڵ بەئەركی خۆی هەستی لەبودجەو پڕچەككردنی پێشمەرگە، هاوكات زیاتر لەیەك ملیۆن  و 500 هەزار ئاوارە هەیە، بەغدا وەكو پێویست هاوكاری نەكردوون، ئەمانە هەموو بارێكی گرانن بەسەر حكومەتی هەرێمەوە .

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لەلایەكی تر ئەوەی ئێستا عیراق تێیكەوتوە، هەرێم لەسەرەتای ساڵی 2014ەوە تێكەوتووە، ئەویش بەبڕینی بەشە بودجەی هەرێم بەبڕیارێكی سیاسی تاكلایەنانەی مالكی، كە وا تێگەیە ندرابوو ئەگەر موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت  ئەوا خەڵكی كوردستان خۆپشاندان و ناڕەزایی دەردەبڕێت و حكومەتەكەیان ناچاردەكەن ملكەچی بەغدا بێت و بەمەرجەكانی رازی بێت، بەڵام وادەرنەچوو خەڵكی كوردستان خۆیان بەخاوەنی ئەم حكومەت و ئەزمونەكە دەزانن، خەڵكی كوردستان خۆڕاگرن و لەماوەی رابردوو خۆڕاگربوونە، گەرچی ئەو خۆراگریشە سنووری هەیە، بۆی پێویستە حكومەتی هەرێم كێشەكان چارەسەر بكات .

سەبارەت بەوەرگرتنی قەرزی دەرەكی وتی: دوای ئەوەی  یاسایەك لەپەرلەمان بۆ وەرگرتنی قەرزی دەرەكی پەسەندكرا، حكومەتی هەرێم  لەمەودا دەكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ هەندێك ناوندەكانی دارایی‌و ئابووری بۆ تاوتوێ وەرگرتنی ئەو قەرزە، بەڵام وەرگرتنی قەرزەكە بۆ موچە نابێت، بەڵكو بۆ ژێرخانی ئابووری و تەواوكردنی  ئەو پرۆژانەیە  كە بەهۆی قەیرانی دارایی وەستاوە،  لەلایەكی تر  بیرۆكەی وەرگرتنی قەرزی دەرەكی بۆ  ئێستاو بەهۆی قەیرانی داراییەوە ناگەڕێتەوە، بەڵكو پێشتر حكومەت پلانی هەبوو لەوەی ئەو قەرزەی هەوڵدەدرێت وەربگیرێت، ئەویش بەهۆی پێداویستی ژێرخانی  هەرێم لەهەموو بوارەكان كە پێویستی بە 32 ملیار دۆلار هەیە .

لەبارەی كەمكردنەوەی خەرجیەكانی حكومەت دزەیی وتی: لەماوەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لە 30-50% خەرجیەكانی تەشغیلی وەزارەتەكان  كەمبكاتەوە ئەویش هەریەكەیان بەگوێرەی گرنگی خۆی، كە زۆرجار ئەو كەمكردنەوەیە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەكاردەهێندراوە، ئەوەش بەردەوام دەبێت و دەكرێت وەك بەئاگاهێنانەوەیەك بێت بۆ كەمكردنەوەی خەرجیەكان بەشێوەیەكی هەمیشەیی، جگە لەوانە پێداچونەوە بەهەیكەلی وەزارەتەكان و رێكخستنەوەی فەرمانبەرەكانی كراوە، لەوبارەیەوە وەزارەتی دارایی راسپێردراوە پێداوچونەوە بەسەر هەموو ئەو بابەتانە بكات كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی خەرجیەزیادەكان و گەڕانەوەی داهاتەكەی بۆ حكومەت.

وتیشی: جگە لە كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت هەوڵی زیادكردنی داهاتەكانیشی داوە، لەوانە رێكخستنەوەی گومرگەكان و بەستنەوەیان بەسیستمێكی ئەلكترۆنی سەردەمیانە، ئەمەش بەو مانایە نایەت كە رێژەی وەرگرتنی گومرگ زیادبكرێت، چونكە لەوانە لەم بارودخە كاریگەری خراپی لەسەر هاووڵاتیان بكات، بەڵكو بەشێوەك بێت كە جۆرە هاوسەنگیەك رابگیرێت و زیاتر سوود لەگومرگەكان وەربگرین، بەڵام بەهەموو شێوەیەك زیادكردنی داهات نییە لەسەر گیرفانی هاووڵاتی نییە.

لەبارەی هۆكارە پەسەندنەكردنی بودجەی 2015 هەرێم وتی: دانانی بودجە زانستێكە لەسەر بنەمای داهاتێكی دیار دادەندرێت، هەرچەندە دەكرێت لەسەر بنەمای تەخمینیش بێت، بەڵام مسۆگەر نییەو هەرێمیش 95% بودجەكەی لەبەغداوە دێت، بۆیە كارێكی ئاسان نیە پڕۆژەیاسا پەسەندبكرێت لەهەمان كات پارە نەبێت، لەگەڵ ئەوانەش وەزارەتی دارایی سەرقاڵی ئامادەكردنی پڕۆژەیاساكە بۆ بودجەی 2015، هاوكات ژمێرەی كۆتایی (حساباتی كۆتایی) ساڵی رابردوو بەهەمانشێوە ئاراستەی پەرلەمان بكرێت بۆ پەسەندكردنی.

سەبارەت بەمامەڵەی بەغدا لەگەڵ كەركوك و بڕینی بودجەی ئەو پارێزگایە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتی: هەر كارێك حكومەتی عیراقی بكات ئینجا بەرامبەر هەر بەشێكی عیراق بێت نادادپەروارانە بێت ئێمە لەگەڵی نین، پێویستە حكومەتی فیدراڵ وەك لەدەستوور هاتوە بەشێوەیەكی یەكسان سەیری هەموو ناوچەكان بكات‌و سەرۆك وەزیران هی هەموو عیراق بێت نەك تەنیا ناوچەیەكی دیاریكراو،  ئەوەی كەركوكیش پێویستە ئەو بودجەی شایشتە بەو پارێزگایە پێی بدرێت  ئەگەر پێیان نادەن، ئەوا ئیدارەی كەركوك مافی خۆیانە بەشێوەیەكی مەدەنیانە رووبەرووی ئەو هەڵویستەی حكومەت فیدراڵ ببنەوە، بۆئەمەش بیرۆكەیەك هەیە كە ئەگەر رەوشەكە بەمجۆرە بەردەوام  بێت دەكرێ نەوتی كەركوك لەگەڵ نەوتی هەرێم بفرۆشرێت و حكومەتی هەرێم بودجەی پێویست بۆ كەركوك دابینبكات.

لەبارەی ئیسحقاقی حزبەكانی بەشداربوو لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم، سەفین دزەیی پێشیوابوو: هیچ كاتێك رێكەوتن لەسەر ئەوە نەكراوە لەخوارەوە تا وەزیر پۆستەكان دابەش بكرێت، بەڵكو جگە لەوەزیرو بەرێوەبەری گشتی ناكرێت وەزارتێك لەوەزیرەوە تاخوارەوە لەیەك حزب پێكبێت، لەگەڵ ئەوەش سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی تەواوی داوەتەوە وەزیرەكان  چاكسازی لەناو وەزارەتەكان بكەن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كارمەندانی حزبێكی دیاریكراو لابدات و بەكارمەدەنی حزبەكەی خۆی پڕیانبكاتەوە، ئەمە دووبارەكردنەوەی ئەو هەڵانەیە كە پێشتر خۆیان رەخنەیان لەدوو حزبەكە دەگرت .

سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان بۆ پارێزگاكان وتی: پێكهێنانی حكومەتە خۆجیەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكان بەگوێرەی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ئەویش پێویستە بەتەوافوقی سیاسی هەیە، چونكە ئەو تەوافوقە بۆتە ئامرازێك و نەریتێك بۆ گەیشتن بەئەنجامی باش و لایەنەسیاسیەكان لەگەڵ یەكتر كۆبكاتەوە، هەوەها  ئەو شێوازە بۆتە هۆكارێك بۆ بەردەوامبوونی سەقامگیری سیاسی و پاڵپشتیەكە بۆ حكومەتی هەرێم و بەرنامەكەی لەخوارەوە جێبەجێ دەكەن ، بۆیە پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیەكان  گرنگە حكومەت پاڵپشتیان دەكات.

لەبارەی یەكگرتنەوەی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتەكان‌و وەزەرەتی كارەباو چارەسەركردنی كێشەی بەنزین‌و كارەبا لەهەرێم، وتی: یەكخستنی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و كارەبای حكومەتی هەرێم تەنیا بەبڕیاری حكومەت ناكرێت، بەڵكو پرۆسەیەكی یاساییەو پێویستە لەپەرلەمان  یاسای بۆ دەربچێت، دواتر رەنگە یەكخستنی ئەو دوو وەزارەتە لەڕووی هونەرییەوە ئاسانكاری بێت بۆ هەردوو وەزارەت، بەڵام بۆ بنبڕكردنی كێشەكان بەشێوەیەكی تەواو زەحمەتە بەو هەنگاوە بكرێت، چونكە نابێ خەڵك بەهەڵە تێبگات كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەئەنقەست سوتەمەنی بەوەزارەتی كارەبا نادات، یاخود وەزارەتی كارەبا سوتەمەنی پێویستی هەیە بەڵام كارەبای پێویست بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو كێشەی كەمبونەوەی كارەبا چەند هۆكارێكی ترە .

وتیشی: لەگرنگترین ئەو هۆكارانە پچڕانی ئەو 100 مێگەواتەیە كە لەتوركیاوە دەهات، هەروەها زۆربوونی خواست لەسەر كارەبا بەهۆی وەرزی گەرماو زیادبوونی رێژەی دانیشتوانی هەرێم  بەرێژەی 32% بەهۆی هاتنی ئاوارەكانەوە، ئەمە جگە لەكێشەی نەدانی پارەی كۆمپانیا تایبەتەكانی سوتەمەنی و ئەو  وێستگانەی كارەبا بەرهەم دەهێنن .

سەبارەت بە بەنزین، وتی: دیارە بەنزین لە هەردوو پاڵاوگەی بازیان و خەبات 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەرهەم دێت، دوو ملیۆن لیتریش لەدەرەوە بەناچاری دەهێنین، بەنرخی بازاڕی نێودوڵەتی و بەنیوە قیمەت بەهاووڵاتیان دەدرێتەوە، دیارە هاتنی بەنزیش لەدەرەوە زۆرجار توشی گرفت و ئاستەنگ دەبێتەوە و ئەوانە هەموو كێشەن و دەبێتە هۆی كەمبونەوەی بەنزین لەشارەكان،  هەروەها زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین لەوەرزی هاوین بەهەمانشێوەی كارەبا  بەرزدەبێتەوە، كاتێك رێژەی ئۆتۆمبێل زیادبێت هەروەها بەكارهێنانی فێنك كەرەوە، هەموو ئەمانە وایكردووە  پێویداویستی بۆ بەنزین زیاتربێت، زۆرجاریش هاووڵاتیان خۆیان هۆكارێكن كاتێك گوێیان لەدەنگۆیەك دەبێت بەبێ ئەوەی پێویستی پێی هەبێت روو لەبەنزیخانەكان دەكات و قەرەباڵغی دروست دەبێت،  بەڵام حكومەتی هەرێم لەهەوڵەكانی بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی كە تەكنیكین و تاكو ئێستا نەبۆتە قەیران، هیچ بڕیارێكیش نیە بۆ زیادكردنی نرخی بەنزین لەهەرێمی كوردستان  .

 دواجار لەبارەی دواكەوتنی پارەی بەڵێندەران، سەفین دزەیی وتی: حكومەتی هەرێمی  كوردستان بەردەوامە لەدۆزینەوەی رێگا چارەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەڵێندەران، كە بەهۆی ئەو قەیرانەوە شەش هەزار پرۆژە وەستێندراون و ئەوان زیانیان بەركەوتووە، لەگەڵ ئەوەش خۆراگربونە و خۆیان بەخاوەنی ئەو ئەزمونە زانیوە، بۆیە حكومەتی هەرێم پڕبەدڵ سوپاسیان دەكات 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket