شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: هه‌ده‌په گوزارشته له چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال
ژنان 10:54 PM - 2015-05-26شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی ی.ن.ك
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له به‌رنامه‌ی پردی وڵات له كه‌ناڵی كوردسات نیوز رایگه‌یاندووه كه شانازی به‌وه ده‌كه‌ین له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی توركیا پارتی دیموكراتی گه‌لان ژماره‌یه‌كی به‌رچاو ژنی له‌ناو ریزه‌كانی خۆی كردووه‌ته كاندیدی پارته‌كه‌ی، راشیگه‌یاندووه: بێگومان هه‌بوونی ئه‌و ژماره زۆره له ژنان له‌ناو یه‌ك لیستدا به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه گه‌لی كورد رێبه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك ده‌كات كه من به كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زیندوو ده‌یناسێنم، چونكه له مێژووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ژنان هه‌میشه سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگ بوون، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه كه تێگه‌یشتن له كه‌سێتی ژن له كۆمه‌ڵی كورده‌واری جوداتر بێت له‌و به‌رگه‌ی كه كۆمه‌ڵی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵگه پێشكه‌وتووه‌كانیش بڕاون به باڵای قه‌ده‌ری ژن، كورد جیا له زۆرینه‌ی گه‌لانی ناوچه‌كه هه‌میشه رۆڵی گرنگی داوه‌ته ژن و دوور نه‌ڕۆین له خه‌باتی ژێرزه‌مینی گه‌له‌كه‌مان و خه‌باتی چه‌كداری و به‌رهه‌ڵستیكردن له به‌رامبه‌ر به داگیركه‌رانی كورد ژنانی كوردستان لێبڕاوانه هاوشانی پیاوان خه‌باتیان كردووه، له سه‌رده‌می نوێ‌دا باش بینیمان كه ژنانی كورد چیان كرد كه ژنانی به ئیراده‌ی كورد له به‌رامبه‌ر به تیرۆر چۆن وه‌ستانه‌وه‌و چۆن ده‌ستیاندایه چه‌ك و له‌هه‌مبه‌ر به دڵڕه‌قترین و قێزه‌ونترین رێكخراو وه‌ستانه‌وه كه داعشه. ژنانی كۆبانی ته‌واوی ئه‌وبیره چه‌ق به‌ستوه‌یان گۆڕی كه پێیوابوو ژنان كه‌مده‌ست و لاواز‌و كه‌م ئیراده‌ن، نه‌خێر له كۆبانێ ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی ژن ده‌ركه‌وتوو ژنان بوونه قه‌ڵغانی پاراستنی ئارامی و پاراستنی وڵات و ئازادی، به‌خۆشبه‌ختییه‌وه رایده‌گه‌یه‌نم كه ژنانی كورد بوونه نموونه‌ی پێشه‌نگایه‌تی ژنانی جیهان له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتنه‌دا.
ژنانی كورد هه‌میشه‌ی خاوه‌ن ئیراده بوون
ده‌رباره‌ی رۆڵی ژنان له كایه سیاسییه‌كاندا، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند كه ده‌بێت به‌شداری و هاوبه‌شی ژنان له كایه سیاسییه‌كاندا ده‌بێت راسته‌قینه بێت، چونكه ئه‌و به‌شدارییه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌زیندوێتی خۆی بمێنێته‌وه، چونكه بیرمان نه‌چێت له رابردوو ژنانی كورد سه‌رمه‌شق بوون، نمونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی سه‌نگینی و دانایی ژنی كورد خۆی له كه‌سێتی (مه‌ستوره‌ی ئه‌رده‌ڵانی و حه‌بسه‌خانی نه‌قیب و خانم عادیله‌خانی ئێلی جاف) ده‌بینێته‌وه، ئه‌و كه‌سێتیانه له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا كه‌سێتی راسته‌قینه‌ن و بریتینین له كه‌سێتییه‌كی دروستكراو یان كه‌سێتی ئه‌فسوناوی ناو سه‌رگوزشته‌كان، به‌ڵكو ئه‌وان خاون پایه بوون له زه‌مه‌نی خۆیاندا‌و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش من پێموایه چرا هه‌ڵگری روونای هه‌نگاوه‌كانی خه‌باتی ژنانن، له سه‌رده‌می نوێشدا ئه‌و رۆڵه‌ی ژنانی كورد ره‌نگینتر ده‌ركه‌وت، من لێره‌دا به‌گرنگی ده‌زانم باس له به‌سه‌رهاتێكی بنه‌ماڵه‌ی خۆمان بكه‌م "چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر نه‌نكم باسی له‌وه ده‌كرد كه زۆركات به‌یانات و مه‌نشوراتی شۆڕش به‌ده‌ستم ده‌گه‌یشت، بێ گوێدانه دڵڕه‌قی و جه‌وری رژێم له شاردا به‌سه‌ر لایه‌نگران و دۆستانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد دابه‌شم ده‌كرد" من ئێستا باش له‌وه ده‌گه‌م كه كه‌سێتی نه‌نكم وه‌ك ژن چ كه‌سێتییه‌كه كه كۆمه‌ڵی كورده‌واری به‌رهه‌میهێناوه، كه من پێموایه سروشتی ئه‌م كوده‌وارییه به‌وجۆره ژن په‌روه‌ده ده‌كات كه له‌سه‌ر قاچه‌كانی خۆ به‌هێزی ژنن بوون راوه‌ستوی و روبه‌ڕووی گشت ئاسته‌نگ و ته‌نگه‌ژه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كان بوه‌ستێته‌وه، كه زۆرجار قه‌ده‌ری كوردبوون هێناویه‌تی یان سه‌پاندویه‌تی، ئه‌وه‌ی گرنگه باسی لێوه بكه‌م به به‌راورد به رابردوو، من پێموایه له به‌رامبه‌ر به مافه‌كانی ژن پاشه‌كشێمان كردووه، بۆ نموونه یاسایی كاری پارتایه‌تی له كوردستان هاتووه رێژه‌یه‌كی بۆ به‌شداری ژنان له سیستمی سیاسی و كاری پارتایه‌تی داناوه، واته مه‌رجی كۆتا نه‌بێت ده‌كرێت هه‌ندێك لا هاوبه‌شی له بڕیاردان و ده‌رفه‌ت بۆ ژنان نه‌خوڵقێنن، من دووباره باس له‌وه ده‌كه‌م كه پاش خانی مێژووی كورد گه‌لێك ده‌وڵه‌مه‌ندتره له‌وه‌ی كه ژنان له‌م سه‌رده‌می نوێیه‌دا له‌م سه‌رده‌می پێشكه‌وتووخوازیه‌دا به "خێری كۆتا " هاوبه‌شی بكات له بڕیاردان و له سه‌ركردایه‌تی كردن‌دا، دروست نییه ئه‌وجۆره تێڕوانینانه‌و من به‌زوڵمی داده‌نێم، چونكه ژنانی كورد هه‌میشه‌ی خاوه‌ن ئیراده بوون، بڕواموایه له‌كایه‌ی سیاسیش هه‌روا ده‌بن، بڕوانن ژنانی كورد له خه‌باتی دیموكراتی و له خه‌باتی ئازادی و له خه‌باتی پاراستنی خاكی كوردستان و له خۆشی و ناخۆشی و له جه‌نگ و ئاشتیدا به ئیراده‌و به خۆڕاگری خۆیان سه‌ركه‌وتوو بوون و بازیان به‌سه‌ر گشت ئاسته‌نگه‌كان داوه.
ده‌بێت ژنانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ئازایانه پشتیوانی ژنان بكه‌ن له باكور
هه‌ر له‌درێژه‌ی ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا، لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌رباره‌ی پشتیوانی و پشتیگریكردنی ماددی و مه‌عنه‌وی له لیستی پارتی دیموكراتی گه‌لان له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی حه‌وتی حوزه‌یرانی توركیا، رایگه‌یاند: ده‌بێت ژنانی هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ئازایانه پشتیوانی ژنان بكه‌ن له باكوری كوردستان، چونكه سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونی سیاسی ژنانی باكور سه‌ركه‌وتنی ئه‌زمونی ژنانه له باشور‌و له خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، گرنگه له باشوری كوردستان و ئه‌م هه‌رێمه ئازاده ژنانی نێو رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان و ناو پارته سیاسیه‌كانی باشوری، پشتیوانی خه‌باتی ژنانی كورد‌و دیموكراتیخواز بن له باكوری كوردستان، سه‌نگینانه پشتی ژنان بگرن.
باكور به‌شێكی دانه‌بڕاوی نه‌خشه‌ی سیاسی كوردستانه
ده‌رباره‌ی خه‌مساردی هه‌ندێك هێزی سیاسی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: ناكرێت هه‌ڵبژاردنی باكوری كوردستان و ئه‌زمونی كورده‌كان له باكور پشتگوێ بخه‌ین و شه‌رمنانه له به‌رده‌میدا بوه‌ستین و پاڵی لێبده‌ینه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بنوین و بێ خه‌به‌ر بین، لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان له‌سه‌ریان ئه‌ركه كه پشتوپه‌نای كوردانی باكور بن، چونكه باكور به‌شێكی دانه‌بڕاوی نه‌خشه‌ی سیاسی كوردستانه.
ده‌بوایه له باكور بوونم هه‌بووایه
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند: من وه‌ك سیاسییه‌ك ئه‌گه‌رچی ئێستا له باكور نیم، به‌ڵام ئه‌ركه كه من له‌وێ بوونم هه‌بوایه‌و ماڵ به ماڵ و كۆڵان به كۆڵان و شار به شار‌و گوند به گوندی باكوری كوردستان بگه‌ڕامایه‌و له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد سه‌رگه‌رمی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی گه‌لێكی سته‌مدیده‌ی وه‌ك كورد بوومایه، كه ده‌یه‌یه‌كه نكۆڵی له بوونی ده‌كرێت و وه‌ك توركی شاخستانی ته‌ماشای ئه‌كرێت.
یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌بژێری ناردوه‌ته باكور
ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دووپاتیكرده‌وه كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌مێك ساڵه بڕوای به خه‌باتی كورده له پارچه‌كانی تر، بڕوای قوڵی ته‌واوی به خه‌باتی پارته‌كانی تر هه‌یه‌و هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌ش هه‌رگیز رێگه‌ی به‌خۆی نه‌داوه ده‌ست وه‌ربدات له كاروباری پارته‌كانی كوردستان، یه‌كێتی بڕوای ته‌واوه‌تی هه‌یه كه ده‌بێت له‌پێناو كوردستان هه‌رچیه‌ك له‌ده‌ستی بێت بیكات بۆ سه‌ركه‌وتنی دیموكراتی پارچه‌كانی تر، نموونه باكوری كوردستان كه بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی په‌رله‌مانی توركیا، یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌بژێری ناردوه‌ته باكورو له‌ڕێگه‌ی كادران و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فراكسیۆنی سه‌وز هاوبه‌شی ده‌كات له سه‌رخستنی كامپینی بانگه‌شه‌ی پارتی دیموكراتی گه‌لان، بنه‌مایی پاڵپشتی له برایانمان له پارچه‌كانی تر هه‌رگیز خاڵێك نه‌بووه كه یه‌كێتی پاشگه‌ز بێته‌وه لێی، وه‌ك یه‌كێتی رۆڵمان هه‌یه له‌وه‌ی كه بڕوامان به‌و سنوره ساختانه نییه كه له كوردستان به‌ده‌ستی داگیركه‌ران دروستكراون، كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ین به پشتیوانیكردن له‌یه‌ك ئه‌و سنوره ده‌ستكردانه نه‌هێڵین و یه‌ك ماڵانه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ین. وه‌ك چۆن له نه‌هاتی و رۆژه سه‌خته‌كاندا هه‌میشه خۆمان وه‌ك كورد پشتیوانی یه‌ك بوین و بڕوامان به‌و دابه‌شكاریانه نییه كه به‌ده‌ست و قه‌ڵه‌می داگیركه‌ران له‌سه‌ر نه‌خشه ماڵ و گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و چیا‌و ده‌شت و سه‌وزایی و ته‌نانه‌ت ئاسمانیشی گرتوه‌ته‌وه داگیریان كردووه‌و وه‌ك برا رژێمه‌كان خاكی كوردانیان له‌ناو خۆیان به‌شبه‌ش كردووه‌و سنورێكی ساخته‌یان كێشاوه.
ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه قۆناغێكی نوێ
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ی خه‌باتی نوێی گه‌لی كورد بۆچوونی خۆی خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند كه قۆناغی نوێ به‌بڕوای من ده‌بێت كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ین كه سنوره‌كان بگه‌یه‌نینه‌وه سه‌ر ره‌چه‌ڵه‌كی دیرۆكی خۆیان و نابێت له‌گه‌ڵ سنوره ساخته‌كان مامه‌ڵه بكه‌ین، ئه‌ركه خه‌بات له‌و پێناوه بكه‌ین، پشتیوانی یه‌ك بكه‌ین و به یه‌كده‌نگی و یه‌كده‌ستی و یه‌ك هه‌ڵوێستی ئاینده‌ی گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نینه قۆناغێكی نوێ. وتیشی: ئه‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكی شێلگیرانه بدرێت كه كورد بتوانێت له هه‌ڵبژاردن به ده‌نگی راسته‌قینه‌ی دیموكراتی خۆی به‌ربه‌ستی هه‌ڵبژاردنه‌كان له كۆماری توركیا ببڕێت، چونكه بڕینی به‌ربه‌ستی له 10%ی هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆتایی ئه‌هێنێت به سه‌رده‌می یه‌ك میللـه‌تی و یه‌ك ئاڵای و یه‌ك زوبانی یه‌ك بیركردنه‌وه له فكری تاكڕه‌وی سه‌رده‌سته‌یی.
راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر بێت‌و كورد له باكوری كوردستان به‌ربه‌ستی له 10% هه‌ڵبژاردنه‌كان نه‌بڕێت، بێگومان توركیا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و ئه‌وكات هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن كه چی له‌و وڵاته‌دا رووبدات، چونكه خۆشیمان بێ یان نا ناوچه‌كه گۆڕانی جه‌وهه‌ری به‌سه‌رهاتووه، هیچ شتێك له‌م ناوچه‌یه له‌جێگه‌ی خۆی نه‌ماوه، چونكه ئێستا له توركیا به كورد ناوترێت توركی شاخستانی.
ئاینده‌و پێكه‌وه بوون و هاوبه‌شی له كاركردن كۆتایی به سه‌رده‌می یه‌ك شوناسی ده‌هێنێت
ده‌رباره‌ی گه‌یشتنی كورد به ئامانجه ره‌واكانی خۆی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: ئه‌گه‌رچی ساڵی 2015 كورد نه‌گه‌یشتوه‌ته مه‌قسه‌د خۆی، به‌ڵام كۆبونه‌وه‌ی گه‌لانی توركیا به كورد‌و تورك و ئه‌رمه‌ن و چه‌ركه‌س و لازو عه‌له‌وی و ئێزدی و چه‌پ و راست و گه‌واهی ئه‌و راستییه كه كورد ئه‌یه‌وێت سه‌رده‌مێكی نوێ له پراكتیزه‌كردنی دیموكراتی له مێژووی سیاسی ئه‌و كۆماره 95 ساڵه‌دا بنوسێته‌وه، بڕوام هه‌یه ئاینده‌و پێكه‌وه بوون و هاوبه‌شی له كاركردن كۆتایی به سه‌رده‌می یه‌ك شوناسی ده‌هێنێت له‌و وڵاته‌دا، من ده‌ڵێم: كوردان له‌سه‌ریانه به‌هه‌موو توانایانه‌وه پشتیوانی له باكور بكه‌ن، چونكه سه‌ركه‌وتنی باكور سه‌ركه‌وتنه بۆ ئه‌و ئامانجه ره‌وایه‌ی كه گه‌له‌كه‌مان له مێژووی سیاسی خۆیدا خه‌باتی ره‌وای بۆ كردووه.
كورده‌كان له باكور خاوه‌نداری له ئیراده‌ی خۆیان بكه‌ن
ده‌رباره‌ی ئه‌و گروپ و لایه‌ن و كه‌سێتیانه‌ی له كوردستان پشتیوانی داگیركه‌رانی كورد ده‌كه‌ن و خه‌یاڵ خاوانه به‌دووی به‌ڵێنی بڵقی سه‌رئاوی داگیركه‌رانی كورد كه‌وتوون، لێپرسراوی ناوه‌ندی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: زۆرم پێسه‌یره هه‌ندێك له كوردان پشتیوانی له پرۆژه‌ی داگیركه‌رانی كورد ئه‌كه‌ن، من به‌داخم بۆ ئه‌وجۆره ره‌فتارو گفتاره، چونكه وا ده‌رده‌كه‌وێت كه ئێمه هه‌ندێكجار وانه له ئه‌زمونی رابردوو وه‌رناگرین، وای ده‌بینم كه زۆرجار فێڵ له خۆمان بكه‌ین كه سور بزانین چی ده‌بێت، به‌ڵام خۆمان ده‌ده‌ینه ده‌ست قه‌ده‌ری سه‌رده‌سته‌و داگیركه‌رانی كوردستان، ده‌سته‌كانمان به هه‌زاران جار سوتان كه‌چی دووباره ده‌ستده‌كه‌ینه‌وه ناو ئاگردانی سوتێنه‌ری داگیركه‌ران، به‌وه‌ش ناوه‌ستین ئومێد ئه‌ده‌ین به سه‌راب و شوێن سه‌راب ئه‌كه‌وین و هه‌رگیزیش پێیناگه‌ین. بۆ ده‌بێت كورده‌كان له باكوری وڵات ده‌نگ به پارته توركیه‌كان بده‌ن، ده‌نگ به داگیركه‌رانی كورد بده‌ن، بۆ ده‌بێت خه‌یاڵیان وابێت كه ده‌بێت ده‌نگ به‌و لایه‌نانه بده‌ن كه كورد نین و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شی لێبكه‌ن كه كار بۆ ئامانجه ره‌واكانی كورد بكه‌ن، من ده‌ڵێم باشتره كورده‌كان له باكور خاوه‌نداری له ئیراده‌ی خۆیان بكه‌ن و نوێنه‌ره‌كان له‌ناو خۆیان هه‌ڵبژێرن نه‌ك له‌ناو ریزی داگیركه‌ران و چه‌وسێنه‌رانی كوردا، ناكرێت له هه‌ڵوێستێكی وه‌ها گرنگدا به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خستی و كه‌سی بخه‌یته پێش به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌ته‌وه، ناكرێت ئه‌و هه‌ڵانه بكرێن و ئومێد له‌سه‌ر نائومێدی داگیركه‌ران هه‌ڵچنیت.
ئێمه له باشوری كوردستان پێش ئه‌وه‌ی فه‌رمانڕه‌وای سه‌دام ته‌خت و تاراجی تێكبشكێت، لایه‌نه سیاسییه عه‌ره‌بییه‌كان له پایته‌ختی وڵاتان كه كۆده‌بونه‌وه له‌ژێر چه‌تری (INC) ئه‌وان پێش گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات به‌ڕوونی سازشیان له‌سه‌ر خاكی كوردستان ده‌كردو كه‌ركوكیان ئه‌دایه‌وه به ئێمه، له ده‌ره‌وه هه‌ر گفتیان به ئێمه‌ی كورد ئه‌دا، به‌ڵام كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات هه‌رگیز ئاماده نه‌بوون دان به كوردستانی بوونی كه‌ركوك بنێن و ماف بۆ خاون ماف بگه‌ڕێننه‌وه، ناكرێت وه‌ك كورد په‌ند له مێژوو وه‌رنه‌گرین و بڕوا به داگیركه‌رانی كوردستان بكه‌ین. ئێمه‌ی كورد هه‌موو رێگه‌كانمان تاقیكردوه‌ته‌وه له ئاگربه‌ست و له شه‌ڕو له ئاشتی و دانوسانادن و جۆره‌ها رێگه‌ی سه‌ركوتكاری و قه‌تڵوعام، بگره به ژه‌هرباران و ئه‌نفالیشه‌وه، له ده‌رحه‌ق به كورد بوون ئێمه شتێك نه‌ماوه له رێگه‌ی زبر‌و زه‌نگ چه‌وسانه‌وه نه‌یبینین، هه‌موو ئه‌مانه ئه‌زموونن ناكرێت پشت له‌م وانانه بكه‌ین و ده‌رس وه‌رنه‌گرین له چه‌رخی مێژوو.
به‌ستنی كۆنگره گرنگییه‌كی جه‌وهه‌ری بۆ چاره‌نوسی سیاسی كورد له‌ناوچه‌كه هه‌یه
ده‌رباره‌ی گرنگی به‌ستنی كۆنگه‌ری نه‌ته‌وه‌ی كورد، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌رده‌مه، بۆیه له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه كوردستانیه‌كان پێویسته زوو بكرێت له‌به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد، كۆبانێ ده‌ریخست كه كورد یه‌كه، ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كان كه چوون بۆ كۆبانێ ژماره‌یه‌كی سیمبولی بوو، به‌ڵام بڕواموایه كۆبانی كوردی یه‌كخسته‌وه، هه‌ستی مرۆڤی كوردی له خاڵێكدا كۆكرده‌وه كه ئه‌ویش پارێزگاریكردنه له خاكی پیرۆزی كوردستان.
له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش كۆبانێ وایكرد كه وڵاتانی جیهان له كۆبانێوه ته‌ماشایی یه‌كبوونی گه‌لی كورد بكه‌ن، پێویسته بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی ببه‌سترێت و له‌و رێگه‌یه‌وه كورد به‌رنامه‌ی هاوبه‌شی هه‌بێت بۆ سنوره‌كان و بۆ كێشه‌كان و بۆ پشتیوانی پارچه‌كانی تر، به بۆچوونی من به‌هه‌ده‌ردانی هه‌لی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر یه‌كبوونی كورد له جیهاندا، نابێت له‌به‌ر هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت كێشه نه‌ته‌وه‌یه‌ك بكه‌ینه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سێتیه‌ك یان پارتێكی سیاسی.
بۆ ده‌بێت له‌ئاست به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی پارته سیاسیه‌كان مه‌رج دابنێن، ئه‌م هه‌ڵوێسته جگه له زیان هیچی تری لێ سه‌وز نابێت، ئێمه پێمانوایه مه‌رج دانان مایه‌ی قبوڵ كردن نیه، به‌ڵكو مه‌رجی ئێمه بریتییه له‌وه‌ی كه ده‌بێت زوو به‌زوو كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد ببه‌سترێت، چونكه به‌ستنی كۆنگره گرنگییه‌كی جه‌وهه‌ری بۆ چاره‌نوسی سیاسی كورد له‌ناوچه‌كه هه‌یه، من وای ده‌بینم كه پارته سیاسیه‌كان چیتر له‌وه زیاتر چاوه‌ڕوانی به‌ستن یان نه‌به‌ستنی كۆنگره ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی هه‌روا به هه‌ڵواسراوی بمێنێته‌وه، ئه‌وا دوور نیه پارچه پارچه بوونی سیاسی له‌ناو لایه‌نه‌كانی كوردستان دروست بێت و هه‌رلایه‌و به‌گوێره‌ی هاوسۆزی و هاوبه‌رژه‌وه‌ندی كوالسێۆنی سیاسی پێكبهێنێت، بێگومان ئه‌مه‌ش دووباره درێژه‌دانه به رێبازی په‌رت په‌رت بونی كورد كه دڵنیام جگه له زیان هیچی لێ به‌دیناكرێت.
ده‌بێت میدیای كوردی پشتیوانی داخوازییه ره‌واكانی كورد بكات
ده‌رباره‌ی رۆڵی نێگه‌تیڤی هه‌ندێك میدیای كوردی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند: ناكرێت هه‌ندێك میدیای كوردی كار بۆ مێكیاجكردنی رووی داگیركه‌ران بكه‌ن و بكه‌ونه خزمه‌تی ئه‌جێندای ئه‌و لایه‌نانه‌و دژی خواستی نه‌ته‌وه‌ی میللـه‌تێكی مه‌زڵومی وه‌ك كورد كاربكه‌ن، بۆ نموونه هه‌ندێك راگه‌یاندن كه پشتی ئه‌كه‌په ده‌گرن جێگه‌ی داخه‌و ناكرێت هه‌ندێك میدیای كوردی پشت له كورد بكات و له به‌رامبه‌ردا پشتیوانی پرۆژه‌ی داگیركه‌رانی كورد بكات، ناكرێت راگه‌یاندنی كوردی كار بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پرۆژه‌یه بكات، بڕواموایه ده‌بێت میدیای كوردی بیر له به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی كورد بكاته‌وه‌و به‌و ئاڕاسته‌یه كاره‌كانی خۆی راپه‌ڕێنێت. نه‌ك هه‌ریه‌كه‌و به ئاڕاسته‌یه‌ك كاربكات كه دواجار زیانبه‌خش ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌سه‌له گرنگه كه خه‌باتمان بۆ كردووه‌و قوربانی زۆرمان بۆداوه، ده‌بێت میدیای كوردی پشتیوانی داخوازییه ره‌واكانی كورد بكات نه‌ك داخوازی رژێمه‌كان به‌سه‌ر كورد بسه‌پێنێت، ئه‌گه‌ر به‌و ئاڕاسته‌یه كاربكات، من پێم باشه كه ناوی خۆیان له میدیاوه بۆ ناوێكی تر بگۆڕن و ناوێكی نوێ بدۆزنه‌وه كه پڕ به به‌رگی خۆیان بێت.
(هه‌ده‌په) گوزارشته له چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال
ده‌رباره‌ی فره ره‌نگی و مۆزایكی پارتی دیموكراتی گه‌لان، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د رایگه‌یاند، (هه‌ده‌په) گوزارشته له چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال، ئه‌و چه‌پكه‌گوڵه‌كی كه شنه‌بای دیموكراسی ئه‌هێنێت، خانمانی ناو لیستی (هه‌ده‌په) جه‌وریان زۆر دیوه، زیندانیان بینیوه، ئه‌وان دوای ناخۆشیه‌كان دلێرانه‌و سه‌ربه‌رزانه داكۆكی له مه‌سه‌له ره‌واكه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌مه ئه‌وه ده‌رده‌خات كه كورد هه‌رگیز تاقه‌تی له‌وه نه‌چوه كه ده‌ست له مافه‌ڕه‌واكانی خۆی هه‌ڵبگرێت.
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د وتی: ئه‌م سه‌رده‌مه بۆ كورد زێڕینه، راسته ناوچه‌كه له ئاڵۆزیدایه، هه‌موو نه‌هاتیه‌كان راستن، به‌ڵام ئێمه‌ی كورد هه‌میشه ده‌ورمان به دوژمن ته‌نراوه، ئه‌م ده‌رفه‌ته زێڕینه بۆ كورد گرنگه كه كورد یه‌ك بێت و یه‌كده‌نگ بێت، ده‌بێت ده‌ست له سیاسه‌تی دروشم بازی و ده‌ست له‌وجۆره سیاسه‌تانه هه‌ڵگرین كه یه‌كبونمان ده‌خاته ژێر مه‌ترسییه‌وه، بۆیه ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع كار بۆ پارچه‌كانی تری كوردستان بكه‌ین و كار له‌سه‌ر لابردنی سنوه‌ر ته‌لبه‌نیه‌كان بكه‌ین كه من پێموایه ئه‌گه‌ر خۆمان هێزی ئه‌وه‌مان نه‌بێت كه سنوره ده‌ستكروو ساخته‌كان لانه‌به‌ین، ئه‌وا هیچ هێزێك نیه ئه‌و سنورانه لاببات.
PUKmedia ئا/ رێبین عومه‌ر
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
11:14 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یه‌كێتی هێزێكی كاریگه‌ره
04:42 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
05:56 PM - 2024-04-19
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
10:43 AM - 2024-04-19
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمییەکان بۆکۆچیدوای فەرماندەی دێرین حەسەن ئەحمەد
پرسەنامە 11:14 PM - 2024-04-19 -
قوباد تاڵەبانی: ئارامی سلێمانی هێڵی سوورە
کوردستان 08:59 PM - 2024-04-19 -
د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن تاکە ڕێگەی دەرچونی هەرێمە لەقەیران
کوردستان 05:56 PM - 2024-04-19 -
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
کوردستان 02:02 PM - 2024-04-19 -
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19