riklam

راگەیەنراوی دیموكرات و پەكەكە لەبارەی روداوەكەی نێوانیان

کوردستان 04:21 PM - 2015-05-24
داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو چارەسەركردنی خێرایی دەكەن

داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو چارەسەركردنی خێرایی دەكەن

هەردوو لایەنی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەبارەی رووداوەكەی ئەمڕۆی ناوچەی كێلەشین دوو راگەیەنراویان بڵاوكردەوەو تیایدا داوای هێوركردنەوەی بارودۆخەكەو چارەسەركردنی خێرایی دەكەن.

دەقی راگەیەنراوەكەی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
خەڵكی مافخوازی كوردستان!
رێكخراو ‌و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان!
كۆڕو كۆمەڵە نێونەتەوەیییەكان!

دوای چەند رۆژ هەوڵ ‌و چالاكیی چەندین لایەنە بۆ دانیشتن ‌و دیالۆگ لەگەڵ سەركردایەتی PKK بۆ ئەوەی تووشی رووداوی ناخۆش ‌و دڵتەزێن نەبین و گرفت ‌و كێشەیەك كە لەنێواندا هەبوو بەلێكتێگەیشتن و دیالۆگ چارەسەری بكەین، PKK فەرمانی بەهێزەكانی كرد كە هێرش بكەنە سەر پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ‌و بەداخەوە بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە ٣/٣/١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٤/٥/٢٠١٥ی زایینی هێزەكانی PKK تەقەیان لەپێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد‌و شەڕی نەخوازراو لەگەڵ هێزێكی كوردیی بەسەردا سەپاندووین.

 بەپێی هێندێك زانیاری، هێزەكانی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە مۆڵدراون و ئەگەری زۆری تێكەڵبوونی هێزەكانیان لەگەڵ هێزەكانی PKKدا هەیە.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان!
ئەو شەڕە نەخوازراوە دەكرا بەڕێگای سیاسی و لۆژیكییەوە خۆی لێ لا بدەین و دەستەو یەخە لەگەڵ هێزێك نەبین كە ئەركی ئەو رزگاریی بەشێكی دیكەی كوردستانە و ئێمە كە بەدژی كۆماری ئیسلامی خەبات دەكەین، ئەوان نەكەونە ئەو نێوەو رووداوەكان بەئاڕاستەیەكدا نەچن كە ئەوان ببنە سپەر و قەڵغان بۆ هێزی پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئێمە وەك حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ئەوپەڕی بەداخبوونی خۆمان بۆ ئەو كردەوە دزێوەی PKK رادەگەیەنین كە دەچێتە خانەی خیانەت بەخەباتی كوردەوە‌و ئەوەش رادەگەیەنین نە دەسپێكەری شەڕ بووین و نەخوازیاری درێژەی كێشانی ئەو ناخۆشی و شەڕەین و داواكارین كە هەم رێبەرایەتی PKK پەنا بباتە بەر مەنتق و لۆژیكی سیاسی و نەتەوەیی و دەست لەو رێگا هەڵەیە گرتوویەتی بەر هەڵگرێ‌.

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان لە هەموو بەشەكانی كوردستان!
رێكخراو و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان!
داواتان لێدەكەین كە بە هەر رێگایەك بۆتان دەكرێ‌ وێڕای مەحكومكردنی ئەو شەڕفرۆشییەی PKK ، هەوڵ بۆ گۆڕینی هەڵوێستی ناكوردانەی رێبەرایەتیی PKK بدەن و هەموومان چەكی خەبات و شۆڕشمان روو لە دوژمنانی گەل بكەین نەك روو لە یەك.

هەر جۆرە زانیارییەكی دیكە لەپێوەندی بەئاكامی شەڕو تێكهەڵچونەكەو ئاكامی هەوڵە سیاسی و پێوەندییەكان بۆ كۆتاییهێنان بەو شەڕە، رای گشتی لێ‌ ئاگاداردەكەینەوە. بەڵام وێڕای هەموو هەوڵ و تێكۆشانێكی نەتەوەیی و سیاسی و ئاشتیخوازانەمان، هەموو لایەك دڵنیادەكەینەوە كە تەسلیمی گوشارو هەڕەشەو خۆسەپێن نابین.

حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی
٢٤ی مەی ٢٠١٥ی زایینی

 

دەقی راگەیەندراوەكەی هەپەگە:
دەربارەی وداوەكەی كێلەشین ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە لێدوانێكیدا رایگەیاند كە گروپێك لە پێشمەرگەی حزبی دیموكراتی كوردستان - ئێران كە لە (15) بۆ (20) كەس پێكدەهاتن ، هاتنە هەرێمی خنێرەو رایانگەیاند كە دەخوازن بچنە رۆژهەڵاتی كوردستان، بۆ چونیشیان هاوكاریان كرا، بەڵام پاشان ئەم گروپە سنورەكەیان دەرباز نەكردو لە نزیك گەریلاوە خاڵیان داناوە، دوێنێش لەكاتەكانی (5)ی ئێوارە، (7) بۆ (8) ئۆتۆمبێلی هێزەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان كە لە دیاناوە دەهاتن لەهەرێمی بەربزن خاڵێكیان دروستكرد بۆ تێگەیشتن لەئامانجی حیزبی دیموكراتی كوردستان شاندێكمان ناردە لایان، لە بەربزنیش هێزێكی (60) تاوەكو (70) پێشمەرگە چاوپێكەوتن ئەنجامدرا .
پاشان هێزەكانمان چوونە خنێرەو بینیان تیمێك لەپێشمەرگەكان لەپشتەوە خواستویانە بەدزییەوە نزیكی هەڤاڵانمان ببنەوەو چەكیان بكەن، لەسەر ئەوەش هەڤاڵانمان وشیاریان كردونەتەوەو پێیان وتون نزیك نەبنەوە، بەڵام ئەوان گوێیان بەو وشیاریە نەداوە، ئەو هێزەی ئێمەش بۆ ئامانجی وشیاری فیشەكیان تەقاندوە، لەوێ شەڕێكی (3-4) دەقەییی رویداوە، بەرێوەبەرانمان لەو هەرێمە یەكسەر خۆیان لەمەسەلەكە گەیاندو شەڕەكە راوەستاو لەگەڵ فەرمانداری تیمەكە دیداریان ئەنجامدا. لە ئاكامدا پێشمەرگەیەكی بریندار بۆ تیماركردن گوازرانەوە نەخۆشیەكی ئێمە، پێشمەرگەكانی تر كشانەوە، بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە بەرێی دیالۆگ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر ببێ درێژە بە بەدیدارەكان دەدرێ.

دەبێ گەلەكەمان و رای گشتی باش بزانێ ئێمە لایەنگری شەڕو هێرش نین، تیمەكانی ئەوێمان كاتێ بینمان دەیانەوێ چەكمان بكەن، ناچارمان ماین وشیاریان بكەینەوە. ئێمە لە كەوتنەوەی ئەو شەڕ و شەهیدبونی پێشەرگەیەك غەمگینین.

راستی روداوەكە وەهایە، وەك پیشتری پلانڕێژكراو بێ، هەندێ دەزگای راگەیاندن دەیانەوێ ئێمە وەك هێڕشبەر نیشان بدەن، بەڵام ئەوە راست نیەو ئەوەش بەنیازێكی باش ناكرێ. بۆ رونكردنەوەی و چارسەركردنی ئەو مەسەلەیە ئێمە بۆ هەمو جۆرە لێپرسینەوەو گفتوگۆیەك ئامادەین.
بانگ لە تەواوی گەلەكەمان دەكەین، دیموكراتیەكانیش دەكەین لە دژی ئەو هەوڵانە كە ئامانجی تاودانە خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی بن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket