riklam

له‌باره‌ی شه‌ڕه‌كه‌ی نێوان حدكا و په‌كه‌كه‌وه‌

بیروڕا 02:54 PM - 2015-05-24
ئومێد بابان

ئومێد بابان

ئومێد بابان
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌سه‌قه‌ر و خڕیله‌وه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، شه‌ڕێكی قورس له‌نێوان پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستاندا هه‌ڵگیرسا و به‌گوێره‌ی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵیش، هێشتا شه‌ڕو پێكدادان به‌رده‌وامه‌ و قوربانیشی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه‌.
ئه‌و شه‌ڕه‌ی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی كرێكارانی كوردستان له‌م دۆخه‌ ناسك و هه‌ستیاره‌ی ئێستادا جا به‌ هه‌ر پاساوێك بێت، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ لایه‌كدا نییه‌ و دووباره‌ نه‌شته‌ر به‌ برینه‌كانی ڕابردووماندا ده‌هێنێته‌وه‌ و شه‌ڕی براكوژیی كورد و كوردمان دێنێته‌وه‌ یاد.
له‌ ساڵانی ڕابردوودا كه‌ شه‌ڕی خۆكوژیمان زۆر ئه‌زموون كرد، جگه‌ له‌ماڵ وێرانی و نه‌هامه‌تی و كه‌مكردنه‌وه‌ له‌ پێگه‌ی سیاسی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا، هیچی دیكه‌مان نه‌چنییه‌وه‌، بۆیه‌ جێی خۆیه‌تی هه‌رچی زووه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی چوار پارچه‌ی كوردستان بێنه‌ سه‌ر هێڵ و به‌په‌له‌ ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌ نه‌گریسه‌ خامۆش بكه‌ن.
ئێستا كه‌ له‌باشووری كوردستاندا شه‌ڕی سه‌خت له‌گه‌ڵ تیرۆریستانی داعشدا درێژه‌ی هه‌یه‌ و كوردستانیان له‌بری هه‌موو جیهان شه‌ڕی تیرۆر ده‌كه‌ن، له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ هه‌رێم متمانه‌ی زیاتری به‌ ده‌ست هێناوه‌ و ڕۆژ دوای رۆژیش سه‌نگی هه‌رێمی كوردستان له‌كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا ڕوو له‌هه‌ڵكشانه‌، بۆیه‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ نه‌خوزراوه‌ له‌م ئان و ساته‌دا، زیان به‌ناوبانگی كوردستان له‌ناوچه‌كه‌ و جیهانیشدا ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ڵوێستی ڕوون ده‌ببڕن و دژی ئه‌و شه‌ڕی براكوژییه‌ بوه‌ستنه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هه‌موو هه‌وڵێكیش بخه‌نه‌ گه‌ڕ تا شه‌ڕه‌كه‌ كۆتایی پێ بێت و چیدیكه‌ خوێنی كورد به‌ ده‌ستی كورد نه‌ڕژێت.
دواجار ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین، ئێستا له‌هه‌موو كات زیاتر كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستاندا پێویستی به‌ یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی هه‌یه‌ و پشتیوانیكردنی یه‌كتریش، ئه‌ركی له‌پێشینه‌ و سه‌ره‌كی گشت لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌یه‌، نه‌ك دژایه‌تی و بوغزاندن و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی براكوژی.
به‌ درێژایی مێژووی كۆن و نوێ، قه‌ت وه‌ك ئێستا كورد یه‌كهه‌ڵوێست و هاوده‌نگ نه‌بووه‌ و ئه‌و یه‌كهه‌ڵوێستی و هاوده‌نگییه‌ش پاڵپشتیی زیاتری كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیمان بۆ مسۆگه‌ر ده‌كات كه‌ بۆ داهاتووی هه‌ر چوار پارچه‌ و له‌ هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌ گرینگ و جێبایه‌خه‌، بۆیه‌ ده‌شێ ناكۆكییه‌كان به‌لاوه‌ بنێین و هه‌رچی زیاتر هه‌وڵی لێكتێگه‌یشتن و لێكنزیكبوونه‌وه‌ بده‌ین، نه‌ك له‌جیاتی ئه‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ململانێی سیاسیشه‌وه‌ بۆ شه‌ڕی براكوژی په‌ل بهاوێژین.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket