riklam

د.فایه‌ق گۆڵپی: هه‌ندێك راگه‌یاندن به‌نزین ده‌كه‌ن به‌ئاگره‌كه‌دا

کوردستان 02:42 PM - 2015-05-24
ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت

ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت

د.فائیق گۆڵپی چاودێری سیاسی له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندنی باشوری كوردستان، هه‌وڵده‌ده‌ن ململانێی نێوان گه‌ریلاكانی كۆما جڤاكی كوردستان ( ك ج ك )و پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران( ح د كا) له‌ناوچه‌ی كێله‌شین گه‌وره‌ بكه‌ن، باشترین رێگه‌ش بۆ خاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژیه‌ی كه‌له‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ كوردیه‌دا دروستبووه‌،پشتبه‌ستنه‌ به‌ گفتوگۆی هێمن، دوور له‌چاو و هه‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن.

ده‌قی نوسراوه‌كه‌...
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندنی باشوری كوردستان، هه‌وڵده‌ده‌ن ململانێی نێوان گه‌ریلاكانی كۆما جڤاكی كوردستان ( ك ج ك )و پێشمه‌رگه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران( ح د كا) له‌ناوچه‌ی كێله‌شین گه‌وره‌ بكه‌ن و ك ج ك به‌هیزێكی ده‌ستدرێژكه‌ر نیشانبده‌ن.
به‌ بڕوای من ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر راگه‌یاندن له‌سه‌ر گه‌وره‌كردنی ره‌وشه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت و لایه‌نه‌ ركه‌به‌ره‌كان له‌ یه‌كدی سوربكاته‌وه‌ و به‌نزین به‌ ئاگردا بكات، دورنیه‌ ئه‌نجامی ئه‌و ململانێیه‌ زیان به‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد بگه‌یه‌نێت.
باشترین رێگه‌ بۆ خاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژیه‌ی له‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ كوردیه‌دا دروستبووه‌،پشتبه‌ستنه‌ به‌ گفتوگۆی هێمن، دور له‌ چاو و هه‌ست و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌.
من وه‌ك چاودیرێكی دۆزی گه‌لی كورد له‌پارچه‌كانی تری كوردستان، ئاگادارم كه‌ نزیكه‌ی حه‌وت ساڵه‌ جۆره‌ پیوه‌یدنیه‌كی ناوچه‌یی له‌ناوچه‌ی كێله‌شین له‌نێوان پێشمه‌رگه‌كانی حدكا و گه‌ریلاكانی ك ج ك دا هه‌یه‌، له‌و كاته‌وه‌ هیچ جۆره‌ ناكۆكی و ململانێیه‌ك له‌نێوانیاندا دروستنه‌بووه‌، بۆچی له‌ كاتێكدا كه‌ گه‌لی كورد سه‌رقالێ هه‌ڵبژاردنی باكوری كوردستانه‌ ململانێ و ناكۆكی له‌ناو ئه‌و دوو هێزه‌دا دروستده‌بێت؟ ئه‌مه‌ وریابون و هه‌ڵوه‌سته‌كردن هه‌ڵده‌گرێت.
تكا له‌ هه‌ردوو لایه‌ن ده‌كه‌م به‌ تایبه‌تی حدكا، له‌م كاته‌دا بۆ ماوه‌یه‌ك دان به‌خۆدا بگرن، ئێوه‌ ساڵانتان به‌و شێوه‌یه‌ تێپه‌ڕاندوه‌، دوو هه‌فته‌ی تر تا كۆتایی هه‌ڵبژاردنی توركیا دان به‌خۆتاندا بگرن و بۆ ماوه‌یه‌ك مافه‌ حزبیه‌كانتان بخه‌وێنن، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ریزه‌كانی گه‌لی كورد درزی زیاتری تێنه‌كه‌وێت.
باشترین رێگا بۆ چاره‌سه‌ری بنه‌ره‌تی ئه‌م جۆره‌ كێشانه‌ له‌نێوان حزبه‌كانی كوردستاندا، گه‌له‌كۆمه‌كێ و فشاری راگه‌یاندنی چه‌ند حزبێكی كوردی نیه‌ له‌ سه‌ر ك ج ك،به‌ڵكو هه‌وڵدانه‌ بۆ دروستكردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌سه‌ركردنی دیمۆكراتیانه‌ی ئه‌و كێشانه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ و ده‌زگاكانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌.


د.فائیق گۆڵپی

24-5-2015

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket