riklam

له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنیدا مێژووی یه‌كێتی به‌ زمانی فارسی بڵاوده‌بێته‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 02:22 PM - 2015-05-24
كتێبی مێژووی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ تاران له‌چاپ درا

كتێبی مێژووی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ تاران له‌چاپ درا

كتێبی مێژووی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ نوسینی دكتۆر سه‌روه‌ر عه‌بدولره‌حمان و وه‌رگێڕانی سامان سلێمانی له‌ژێر ناوی (تاریخ اتحادیه‌ی میهنی كوردستان) له‌ شاری تاران له‌چاپ درا.


به‌ بۆنه‌ی 40ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رگی یه‌كه‌می مێژووی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ باس له‌ رووداوه‌كانی ساڵانی 1975 و 1975 ده‌كات له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی دات له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران له‌چاپ دراوه‌و كه‌وته‌ به‌ردیدی خوێنه‌ران.


سامان سلێمانی وه‌رگێڕی ئه‌م كتێبه‌ كه‌ پێشتریش كتێبی سه‌رۆك كۆماری پێشمه‌رگه‌ی وه‌كوو به‌شێك له‌ بیروه‌رییه‌كانی جه‌نابی مام جه‌لال به‌ زمانی فارسی بڵاوكردۆته‌وه‌ له‌ وتووێژێكی تایبه‌تدا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌م كتێبه‌ له‌ چوار به‌شی سه‌ره‌كی پێكهاتووه‌، به‌شی یه‌كه‌می له‌ژێرناوی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی باشووری كوردستان له‌ ساڵی 1975، باس له‌ هۆكاره‌كانی شكستی شۆڕشی ئه‌یلول و كاریگه‌ری ئه‌م شكسته‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای كوردستان ده‌كات، به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌ قۆناغی دوای شكستی 1975و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌یه‌كی نوێ له‌ مێژووی كورددا باس ده‌كات كه‌ دامه‌زراندنی یه‌كێتی و پێكهاته‌كانی و به‌رنامه‌و پلانی یه‌كێتی و ئامانجه‌ سیاسی و ستراتیژه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی یه‌كێتی باس ده‌كات.


به‌شی سێیه‌می ئه‌م كتێبه‌ باس له‌ ده‌ستپێكردنی شۆڕشی نوێ ده‌كات له‌ ساڵی 1976و تیایدا قۆناغه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ گرنگه‌ له‌ مێژووی یه‌كێتی باس ده‌كات، له‌ به‌شی چواره‌میشیدا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان له‌وانه‌ هێزه‌ كوردستانییه‌كان، هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عیراق، بزووتنه‌وه‌ ئازادیخوازه‌كانی ناوچه‌، حكومه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ و زلهێزه‌ جیهانییه‌كان باس ده‌كات.


سامان سلێمانی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: ئه‌م كتێبه‌ چوار پاشكۆی تایبه‌تیشی له‌خۆگرتووه‌، پاشكۆی یه‌كه‌م به‌یانی دامه‌زراندنی یه‌كێتییه‌، پاشكۆی دووه‌م نامه‌یه‌كی مێژوویی جه‌نابی مام جه‌لاله‌ كه‌ له‌ ساڵی 1976 بۆبه‌ڕیزان ئیدریس و مه‌سعود بارزانی نوسیوه‌، پاشكۆی سێیه‌م نامه‌یه‌كی دیكه‌ی مام جه‌لاله‌ كه‌ بۆ عه‌لی عه‌بدوڵڵای نوسیوه‌و پاشكۆی چواره‌م ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی مام جه‌لاله‌ كه‌ له‌ 1/6/2012 به‌ بۆنه‌ی 37ه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی گه‌لی كوردستان بڵاوكرایه‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار دامبه‌زاندووه‌و دوای وه‌رگێڕانی به‌ زمانی فارسی له‌م كتێبه‌دا بڵاوم كردۆته‌وه‌.


سامان سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ گرنگی وه‌رگێڕانی ئه‌م كتێبه‌ رایگه‌یاند: ئێران وڵاتێكی خاوه‌ن هێزه‌ له‌ ناوچه‌كه‌داو كاریگه‌ری له‌سه‌ر رووداوه‌كان هه‌یه‌و ده‌توانێت هه‌یبێت، زۆر گرنگه‌ كه‌ مێژووی كه‌سایه‌تی و رێكخراوه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان به‌ خوێنه‌رانی بناسێنرێت و ئه‌وه‌ی تا ئێستاكه‌ هه‌بووه‌ ته‌نها له‌ چوارچێوه‌ی ده‌زگا حكومییه‌كاندا بووه‌، زۆر گرنگه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ بهێنرێته‌ ناو بواری راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نییه‌وه‌ و هه‌ر له‌م روانگه‌وه‌ مێژووی یه‌كێتیی نیشتمنایی كوردستان كه‌ خاوه‌ن گۆڕانكاری گه‌وره‌و چاره‌نوسسازه‌ له‌ عیراق و كوردستاندا گرنگ بوو خوێنه‌ری فارس لێی ئاگادار بێت، له‌م پێناوه‌شدا پرۆژه‌یه‌كمان به‌هاوكاری مه‌كته‌بی راگه‌یاندن و مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی ده‌ست پێكردو تا ئێستا دوو كتێب له‌م پرۆژه‌یه‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و درێژه‌شی ده‌بێت، كتێبی یه‌كه‌م ژیاننامه‌ی جه‌نابی مام جه‌لال بوو كه‌ پێشوازییه‌كی زۆر باشی لێوه‌كراوه‌و ئه‌مه‌ش كتێبی دووه‌مه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی شیكاریی باس له‌ مێژووی ی.ن.ك و چۆنیه‌تی و هۆكاره‌كانی دامه‌زراندنی ده‌كات.


جێگای ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئه‌م كتێبه‌ له‌ 270 لاپه‌ڕه‌و به‌ نرخی 21 هه‌زار تمه‌نی ئێرانیی بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket