riklam

له‌ ساڵوه‌گه‌ڕیدا: چ وتارێك بۆ ساڵڕۆژی كاكه‌ شازاد سائیب شایسته‌یه‌؟!

بیروڕا 02:21 PM - 2015-05-23
.

.

هیوا سه‌رهه‌نگ- هۆڵه‌ندا
14 ساڵ به‌ر له‌ ئه‌مڕۆ، له‌ رۆژی 21/05/2001، خه‌مێكی جیاواز، كسپه‌یه‌كی كتوپڕی ناوه‌خت ئاسا، له‌به‌رده‌م عه‌شق و خۆشه‌ویستی هاوڕێیه‌كی هه‌مووماندا له‌ نێوان بڵندایه‌تی چیاكانی كوردستانه‌وه‌ بێ پاسپۆرت بۆ لای ئێمه‌ی عاشقانی خه‌ڵوه‌تگه‌ی نیشتمان له‌ تاراوگه‌ خۆی هه‌ڵكشاند .. 14 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا دڵێكی گه‌وره‌ی پڕ ئاوات و ئاره‌زوو.. مێشك و هۆشێكی پڕ له‌ حه‌ز و پلانی ئاینده‌ .. مه‌رگی له‌ناكاو، به‌ كاره‌ساتێكی دڵته‌زێن، بووه‌ میوانی كاكه‌ شازادی خۆشه‌ویست و كاروانی دواكۆچی بۆ ریزی شه‌هیدانی بزاڤی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد رێكخست.
له‌ ساڵیادی ئه‌م كه‌ڵه‌پیاوه‌.. ئه‌م سه‌ركرده‌ خه‌باتگێڕه‌ ماندوونه‌ناسه‌دا، ده‌بێت چ وشه‌یه‌ك، چ رسته‌یه‌ك، چ وتارێك بۆ وه‌رزی ماته‌مینی كاكه‌ شازاد شایسته‌ بێت، تا وه‌ك تاجه‌گوڵینه‌ له‌ دامێنی ساڵوه‌گه‌ڕی دوزكۆچ و بیره‌وه‌ریه‌كانیدا دابنێن؟ چوون ئه‌م پیاوه‌ جوامێره‌ تێكۆشه‌رێكی دێرین و ئه‌ندامێكی چالاكی رۆژانی سه‌خت و دژواری بزووتنه‌وه‌ی رزگاری ئه‌م نه‌ته‌وه‌ كڵۆڵه‌ نه‌بوو، یان به‌ ته‌نیا پارێزه‌رێكی وریاو كارامه‌و یاساناس نه‌بوو، به‌ڵكو به‌ر له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، وه‌ك مرۆڤدۆست، خۆشه‌ویست، قسه‌خۆش، بێفیزو هه‌ژارناس ناسراو بوو.. هه‌میشه‌ هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌كگرتن و یه‌كریزی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان بوو. هه‌ر له‌و كاتانه‌وه‌ی خۆی ناسیووه‌ و تێكه‌ڵ به‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكی كوردستان بووه‌، بۆته‌ هێمای رێز و ستایش و خۆشه‌ویستی و پاكی. هه‌ر بۆیه‌ نه‌ك خێزان و كه‌سوكاره‌كه‌ی، نه‌ك هاوڕێ و هاوخه‌باته‌ نزیكه‌كانی، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی دوور و نزیك ده‌یانناسی یان خه‌ڵكانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كاكه‌شا نماینده‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بووه‌ تیایاندا وه‌ك دیپلۆماتێكی كارامه‌و به‌ توانا و پڕ ئه‌زموون ناسیوویانه‌ و رێزیان گرتووه‌ و دواكۆچی ناوه‌خت و شه‌هیدبوونیشی دڵی پڕ له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ كردوون.
له‌ ساڵیادی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ ناوداره‌ی كورددا جێی خۆیه‌تی شایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بده‌ین كه‌ یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دروستبوون و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شوڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مانه‌وه‌، به‌رده‌وام له‌ سه‌ركرده‌ و كادیر و ئه‌ندامه‌ هه‌ره‌ چالاكه‌كانی له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی خه‌بات و شۆڕش و به‌رخودان دابوون و دڵسۆزانه‌ ئه‌ركه‌كانی یه‌كێیه‌تیان له‌ پێناو بزووتنه‌وه‌ی رزگاری نه‌ته‌وه‌ی كورددا جێ به‌جێ كردووه‌ و هه‌میشه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی به‌رده‌م هێڕش و شاڵاوه‌ جۆراوجۆره‌ دڕنده‌كانی دوژمنان و ناحه‌زانی كورد و به‌ كاروانی شه‌هیدان گه‌یشتوون. به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ مێژووی ژیانی خه‌باتگێڕیدا له‌م رووه‌وه‌ بێ هاوتا بووه‌، نه‌ك له‌ كوردستان به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهاندا.
دڵسۆزی كارو چالاكیه‌كانی كاكه‌ شازاد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی قۆناغی خوێندكاری ده‌ستیپێكردووه‌ و وه‌ك ئه‌ندامێكی چالاكی بزاڤی خوێندكاران رۆڵی كاریگه‌ری خۆی بینیووه‌ و ئاستی رووناكبیری و گیانی تواناداره‌ كارو له‌خۆبوردنه‌كانیشی وای كردووه‌ بگاته‌ ریزی پێشه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاران له‌ كوردستاندا و رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ كارتێكردنی ته‌واو گۆشكردن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رووناكبیری خوێندكاران و جۆشدانی گیانی شۆڕشگێری و كوردایه‌تی له‌ ناویاندا. هه‌ر دوا به‌ دوای ته‌واوكردنی زانكۆ و بوونی به‌ پارێزه‌ر، هه‌مان گیانی كوردایه‌تی و پێشكه‌وتنخوازی وای لێكردووه‌ داكۆكی له‌ مافی جووتیاران و هه‌ژاران بكات و ده‌توانین ئه‌وه‌ش بڵێین له‌م بوارانه‌دا بووه‌ پسپۆڕێكی شاره‌زای پشت و په‌نای خه‌ڵكانی زوڵم لێكراو.
  كاكه‌شا كاتێك كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ بووه‌ مه‌رگ و به‌رۆكی گرت له‌ كاتی ئه‌نجامدانی پلانی په‌یامه‌ نوێیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو تا له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ویست و ئاره‌زووه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان تێبگه‌ن و ورده‌كاری له‌ پێشكه‌شكردنی ته‌واوی خزمه‌تگوزاریه‌كاندا جێ به‌جێ بكه‌، به‌ڵام چه‌رخی رۆژگار لێنه‌گه‌ڕاو ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ روویدا و كاكه‌ شازادی به‌ كاروانی شه‌هیدان گه‌یاند.
  به‌و ئومێده‌یه‌ن هیوا و ئاواته‌كانی كاكه‌ شازاد و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان به‌رز و پیرۆز رابگرین و درێژه‌ به‌ رێبازی ئه‌ون بده‌ین و دڵسۆزانه‌ كارو ئه‌ركه‌كانیان ته‌واو بكه‌ین. رووی له‌ كاكه‌ شازاد بكه‌ین و بڵێین: بنوو ئه‌ی خۆشه‌ویستی هه‌مووان له‌ نێو لانكی پڕ ئارامی نیشتمان .. ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی بۆ هه‌میشه‌ خه‌نده‌ی سه‌رفرازیت له‌سه‌ر لێوان بۆ دۆست و هاوڕێ و كه‌س و كارت ده‌باراند .. بێ خه‌م به‌ له‌ دڵسۆزی و وه‌فای كوردپه‌روه‌رانی نیشتمان .. په‌یامی تۆ و رێبازی تۆ ئه‌ركی پیرۆزی هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ به‌رز رایده‌گرن پیرۆزی خوێنی شه‌هیدان.


[email protected]

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket