riklam

حاكم قادر: یه‌كێتیی قۆناغه‌ سه‌خه‌ته‌كانی به‌سه‌ركه‌وتوویی و پڕده‌ستكه‌وت بۆ كورد بڕیوه‌

ی.ن.ک‌‌ 03:28 PM - 2015-05-21
.

.

حاكم قادر حه‌مه‌جان كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: خه‌باتی نه‌پساوه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وامه‌ بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد به‌تایبه‌ت مافی چاره‌ی خۆنووسین و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، وتیشی: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ئازادی و دیموكراسییه‌ و ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستوور پارێزراوبێت و یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ سیستمی په‌رله‌مانیدایه‌.

ئه‌م وتانه‌ی حاكم قادر كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیدا هات كه‌رۆژی 21/5 به‌ئاماده‌بوونی حامید حاجی غالی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌تیف شێخ عومه‌ر لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی كه‌ له‌ هۆڵی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی 1ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا حاكم قادر به‌وردی باسی خه‌بات و یادكردنه‌وه‌ی 40 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پره‌نسیپه‌ جێگیرو نه‌گۆڕه‌كان له‌ پره‌نسیپی پشتبه‌خه‌ڵك و به‌خۆبه‌ستن و دیموكراسی و سه‌روه‌ری یاسا و مافی مرۆڤ و ئازادی، هه‌روه‌ها بارودۆخی سیاسی هه‌رێم و عیراق گۆرانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و مه‌ترسی داعش و به‌ره‌نگاریی پێشمه‌رگه‌ كرد، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ش باسكردنی پرسی ده‌ستووری هه‌رێم و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی توركیابوو.كه‌ كورد به‌شداری كارا ده‌كات.

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی خه‌بات و قوربانیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان -ی له‌ بزووتنه‌وه‌ی رزگارخوازی گه‌له‌كه‌مان و قوربانیدانه‌كانی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ و وتی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان قۆناغه‌ سه‌خه‌ته‌كانی خه‌بات و به‌ره‌نگاریی و خه‌باتی سیاسیی به‌سه‌ركه‌وتوویی و پڕده‌ستكه‌وت بۆ كورد بڕیوه‌، بۆیه‌ یه‌كێتی هێزی دانه‌بڕاوی جه‌ماوه‌ر و گه‌له‌كه‌یه‌تی و له‌پێناویشیاندا به‌رده‌وامه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان به‌مافی چاره‌ی خۆنوسینه‌وه‌و دابینكردنی خۆشگوزه‌رانی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان، وتیشی: هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ئازادی و دیموكراسییه‌ و ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌ ده‌ستوور پارێزراوبێت.

كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ده‌ستوورێكی شایسته‌ ودیموكراتی و هاوچه‌رخه‌، له‌به‌رژه‌وه‌ندیشدایه‌ گه‌له‌كه‌مان قۆناغی بێده‌ستووری تێپه‌ڕنێت و هه‌رێم ببێته‌ هه‌رێمێكی ده‌ستووری و مافی هه‌موو پێكهاته‌ و ئایینه‌كان پارێزراو بێت و تێیدا به‌رژه‌وه‌ندی باڵای كورد له‌ سه‌روو هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی حزبی و كه‌سییه‌وه‌ بێت، وتیشی: یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سیستمی دیموكراتی په‌رله‌مانیدایه‌و ده‌بێت له‌ ده‌ستووردا به‌روونی پرسیی دیموكراسیی و ئازادی بێمه‌رج جێگیربكرێت و زه‌مینه‌ی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بره‌خسێنرێت.

له‌ باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ توركیاو به‌شداری كوردانی باكوور، حاكم قادر ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵویستی یه‌كێتی داو وتی: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی له‌ خه‌باتی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان ده‌كات و به‌تایبه‌تی پرۆسی دیموكراستی و خه‌باتی سیاسیی مه‌ده‌نیانه‌ی كوردانی باكور، و رایگه‌یاند: وه‌فێكی فراكسیۆنی یه‌كێتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و په‌رله‌مانی كوردستان و پشتیوانی له‌ هه‌ده‌په‌ سه‌ردانی توركیا ده‌كات.
له‌باره‌ی پرسی تیرۆرو شه‌ڕی داعشه‌وه‌ حاكم قادر دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ كورد به‌وپه‌ڕی ئازایه‌تییه‌وه‌ به‌تایبه‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌نگاری تیرۆریستان بۆته‌وه‌و هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ كورد زیادیكرده‌وه‌ و وتی: پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان مایه‌ی شانازی كوردو جیهانه‌، بۆیه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ یه‌كڕزی و یه‌كهێزی و یه‌كگوتاری به‌ مه‌رجی سه‌ركه‌وتنی كورد به‌سه‌ر دوژمنان و تیرۆریستان زانی و وتی: ده‌بێت خوێنی شه‌هیدان و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت و داواش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بكرێت بۆ پشتیوانی زیاتر و پڕچه‌ككردنی پێشمه‌رگه‌.

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ كۆنتڕۆڵكردنی موسڵ و چه‌ند شارێكی تری عیراق و هه‌ره‌سهێنانی سوپای عیراق مه‌ترسییه‌ و ناكرێت گه‌له‌كه‌مان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ورد و ستراتیژی پێشوه‌خت و پڕچه‌ككردنی بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی موسلً له‌به‌رچاو نه‌گیرێت به‌تایبه‌ت ناتوانرێت پشت به‌سوپایه‌كی له‌مجۆره‌ی عیراق ببه‌سترێت.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ له‌تیف شێخ عومه‌ر له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ خه‌بات و تێكۆشانی ی.ن.ك كرد له‌ماوه‌ی 40 ساڵی ته‌مه‌نی و رۆڵی مه‌كته‌بی كۆمه‌ڵایه‌تیشی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد.

حامید حاجی غالیش وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ ناوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، ئه‌ركی كادرانی له‌ به‌ده‌مه‌وه‌چوونی كێشه‌كان و هاوكاری خه‌ڵك به‌رزنرخاند.

ئاماده‌بوانیش به‌ سه‌رنج و پرسیار به‌شدارییان كردو به‌ئازادییه‌وه‌ سه‌رنجه‌كانیان خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی دانه‌وه‌.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket