riklam

ئایا ״كوردستانی گەورە״ نزیكە؟ ‌

ریپۆرتاژ‌ 11:09 AM - 2015-05-19
.

.

ئەم وتارە هەندێك راستی‌و هەندێك سەرچیغ چوونی تێدایە، خاڵی گرنگ لەم وتارەدا ئەوەیە كە باسوخواسی سەربەخۆیی كوردستان بۆتە بابەتی سەرەكی لەمیدیا عەرەبییەكانیشدا بۆئەوەی خوێنەران ئاگاداری بەشێكی ئەو باسوخواسانە بن، وەرگێڕانی ئەم وتارەمان بەباش زانی.

یەكەی هەواڵ‌و راپۆرتی سیاسی

 

رەبیع بەرەكات*

مشتومڕ سەبارەت بەبەكارهێنانی مەسەلەی كورد وەك فاكتەرێك، هیچ پرسیارێكی نوێی نەهێناوەتە گۆڕێ، تەمەنی مەسەلەی كورد هێندەی پێكهێنانی وڵاتە ئیقلیمییە نوێكانە، واتە تەمەنی سەدەیەك شتێك كەمترە، تۆماری هەموو ناوچەكەش پڕێتی لە بەكارهێنانی ئەو مەسەلەیە بۆ بەرژەوەندیی لایەنی نێودەوڵەتی یان ئیقلیمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیاران.

سۆڤێت بەڵێنەكەی نەبردەسەر

نموونەش لەو رووەوە زۆرە، هەندێكیان پەیوەستە بە دۆخی هاتنەكایەی كۆماری مهاباد كە بەماوەیەكی كەم لەدوای جەنگی دووەمی جیهان لەساڵی 1946 دامەزراو، بەهۆی پاشەكشەی سوپای سۆڤێت لەناوچەكە، تاران بەكەمتر لەساڵێك هەڵیلووشی، ئەگەرچی سۆڤێت بەڵێنی پاراستنی دابوو. هەروەك ئەوەی پەیوەستە بە هەرەسی بزووتنەوەی كوردەوە لە-باكووری عیراق- لەدوای وەستانی پشتیوانییەكانی شای ئێران بۆ ئەو جووڵانەوەیە، بەهۆی ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی جەزائیر لەساڵی 1975 لەگەڵ رژێمی بەعسی عیراق.

هەروەها ئەو بوارەی كە پەیوەستە بەڕەهەندەكانی دوورخستنەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان-ی سەركردەی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسوریا لەساڵی 1998، ئەوەش دوای ئەوەی توركیا هەڕەشەی داگیركردنی باكووری سوریای كرد، ئەگەر بێت‌و دیمەشق «باجی كورد»ی نەداتێ.

یەكەم حزبی كوردی

دوای ئەو بزووتنەوە ناڕەزاییەی كە ئێستا هەندێك لەناوچە كوردنشینەكانی ئێرانی گرتۆتەوە، مشتومڕ لەسەر ئەو مەسەلەیە جارێكی تر هاتۆتەوە سەر رووكار‌و بۆتە مایەی بەكاربردن‌و ریكلامی چڕوپڕی لەلایەن نەیارانی تارانەوە بۆ دەكرێت، ئەمە وێڕای ئەوەی كە مێژووی بزووتنەوەی كورد لەو وڵاتەدا مێژوویەكی درێژەو كاریگەریی قووڵی دروست كردووە، چونكە ئێران بەتەنها ئەوە نییە كە پێكهاتنی یەكەم كۆماری كوردی (مهاباد)ی بەخۆوە بینیوە، بەڵكو یەكەم حزبی كوردیی بەدیسپلین كە (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)ە، لەوێ لەساڵی 1945دا دروست بووە، كە بووە نموونەیەك‌و لەهەریەكە لەتوركیا‌و عیراق‌و سوریادا لاسایی كرایەوە‌و هاوشێوەكەی دروست كرا.

ناڕەزایەتییەكانی كورد لەئێران هاوكات‌و هاوشانە لەگەڵ پێكهێنانی ئیدارەی كورد لەسوریا لەناوچە ئۆتۆنۆمەكانیان‌و چەندین رووبەڕووبوونەوەو جەنگیان لەدژی داعش، هەروەك هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی توركیا بۆ پەردەپۆشكردن‌و گەمارۆدانی دووبارە گەڕانەوەی مەسەلەی كورد بۆسەر رووپەڕی رووداوەكان، لەمەو لەوەش گرنگتر هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری واشنتۆن بۆ پڕچەككردنی كوردی عیراق بەبێ تێپەڕین بەحكومەتی ناوەندیی عیراقدا.

تاقیگەی هاتنەدیی خەونەكەی كورد

هەنوكە عیراق بۆتە تاقیگەیەكی جدی بۆ ئەگەری هاتنەدیی خەونەكەی كورد، كە ئەوە نموونەیەكە دەشێ بۆئەوەی بكرێتە پێودانگێك، چونكە ئەوێ بەبەراورد بەچواردەورەكەی لەهەموویان پێشكەوتووترە، ئەویش بەهۆی تێپەڕبوونی بەچەند شێوازێكی مێژوویی كە كەڵەكەبوونی بۆتە مایەی جێگیربوونی حوكمڕانییەكی خۆبەخۆی فراوان، كە لەسەر بنەمای دامودەزگای نوێنەرایەتی‌و هێزێكی چەكداری رێكخراو و شەرعیەتییەكی ناوخۆیی‌و دەرەكی بنیاتنراوە.

لەعیراقیش ئەم تاقیگەیە پێشكەوتووە وەك ئەوەی لەسوریای ئەمڕۆدایەو بەشێوازێكی كەمتر لە توركیا‌و ئێران، بەزۆری هەنگاوەكان پێكەوە دەنرێن رووەو جۆرێك لەجۆرەكانی خۆبەڕێوەبردن، وەك ئاماژەیەك بەوەی كە ئەو هەوڵانە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی ناسنامەی خۆبەڕێوەبردن‌و دەربڕینی سەربەخۆیی بەدەستهاتوودایە.

هەنوكە وڵاتانی ئیقلیمی هەوڵ دەدەن كە وەبەرهێنان لەو دیاردەی سەربەخۆییەی كورددا بكەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ئالێرەدا چەند پرسیارێك بەهەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە كە پەیوەستە بە ئاستی خاوەندارێتیی ئەو وڵاتانە بەكارتی كورد‌و ئیحتیواكردنیشی هەر كاتێك بیانەوێت.

پشتیوانی، یان قاودان 

بەواتایەكی دیكە، ئایا دەكرێت ئەنقەرە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانی عیراق بكات بەبێ ئەوەی لەم سیناریۆیەدا هیچ قورساییەكی مەعنەوی بەكوردی توركیا ببەخشێت كە خواستەكانیان لەسەربەخۆبوون لەتوركیا دووبارە بگەڕێنێتەوە بۆسەر رووكاری دۆخەكە؟ یان توانای ئەوەی هەیە كە لەڕێگەی پشتیوانییەكی هاوشێوەوە توندوتۆڵتر بچێتەوە بەگژ بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازی كورد‌و قاودانی؟

ئاخۆ كێبڕكێی نێوان دوو هێزە كوردییە سەرەكییەكەی عیراق كە خۆی لەحزبەكانی تاڵەبانی‌و بارزانیدا دەبینێتەوە‌و ئەو پشتگیرییەی كە ئەو دوو حزبە لەهەریەكە لەئەنقەرەو تارانەوە بەدەستی دەهێنن، نابێتە مایەی دزەكردنە ناوەوەی وڵاتانی ئیقلیمی بۆ ناو هەناوی بزووتنەوەی كورد‌و بەستنەوەیان بە هاوسەنگییەكان كە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم رێڕەوی نەتەوەیی رادیكاڵی لەناو بەشە كوردستانییەكانی خۆیاندا؟ یان ئەم كێبڕكێیە تەئكیدكردنەوەیە لە داینامیكییەتی بزووتنەوەی كورد كە پشتیوانییە دەرەكییەكان دەبێتە ئاماژەیەك بۆ زیان گەیاندن بەوڵاتانی دراوسێ بۆ مامەڵەكردن لەگەڵیدا؟

فریاگوزاریی‌و كۆتوبەند

ئایا پارتی كرێكارانی كوردستان پێویستی بەوەیە كە هەر لایەنێك بێت لەڕووی سەربازییەوە لەسوریا فریای بكەوێت لەڕووبەڕووبوونەوەیدا لەجەنگی دژی «جیهادییەكان» تا بەو هۆیەشەوە قەبارەكەی لەبڕینی سنوورەكاندا گەورەتر ببێت؟ یاخود ئەم فریاكەوتنە بەهۆی پێویستییەكەیەوە چەند كۆتوبەندێكی بەسەردا دەسەپێنێت، لەگەڵ ئەوەی كە ئەو هاوكارییە سەربازییە، هاریكاریی مەیدانی لەگەڵ «سوپای سوریا»‌و شارەزایی ئەمنیی «سوپای پاسدارانی ئێران»یشی گرتۆتەوە، ئەوە سەرباری هاوپەیمانیی لەگەڵ چەند گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كە لەژێر چاودێریی ئەنقەرەدا بوون لە جەنگی كۆبانێ-دا؟

بێگومان وڵاتانی ناوچەكە لەهەوڵدان تا گەمە بەكارتی كورد بكەن، بەبێ ئەوەی پەنجەی خۆیان بسووتێنن، بەڵام بێگومان وڵاتانی زلهێزیش پەیوەستن بەداڕشتنەوەی دیمەنە ئیقلیمییە نوێیەكە‌و دەستەبەركردنی ئەو پێداویستییانەی كە هاوكارن بۆ سەرهەڵدانی نەخشەیەكی نوێ بەجۆرێك كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیاندا بگونجێت‌و جۆرێك لەسەقامگیریی بۆ سەدەیەكی نوێ بچەسپێنێت.

دوا دەرفەت بۆ یەكپارچەیی

بەپێی دوایین ئەو هەواڵانەی كە لەدیدارەكەی باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا‌و مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە دزەیان پێكراوە، ئاماژەیەك هەیە بەوەی كە كارتی كورد لەلایەك وەك كەرەستەیەك بەكار ببرێت‌و لەلایەكیشەوە بۆ گەیشتن بێت بەچارەسەرێكی مێژوویی كە ئەم دوو بۆچوونە هەردووكیان رێیان تێدەچێت، لەگەڵ ئەوەی كە بەدیهێنانی باشترینیان گرەوە لەسەر ئەوەی دیكەیان.

دەوترێت: بارزانی لەدیدارەكەدا بەسەرۆكی ئەمریكای وتووە: «دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان رادەگەیەنین»، كاتێك كە ئۆباما داوای لێكردووە دەرفەتێكی دیكە بدات بە حەیدەر عەبادی-ی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەوەڵامدا وتوویەتی: ئەو دەرفەتە دوا دەرفەت دەبێت دەدرێت بە عیراق بۆ مانەوەی بە یەكپارچەیی.

واشنتۆن مەسەلەی كورد وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنێت، هەر لەسەر ئەو ریتمەش زۆربەی وڵاتە زلهێزەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیەدا دەكەن، بەجۆرێك كە گەمەكردن بەو كارتەو بەكارهێنانی وەك بابەتێكی جێگیر كە دەرفەتی رێكخستنەوەی گرفتە ئیقلیمییەكان ئاسانترە لەگەڵاڵەكردنی تێڕوانینی نوێ‌و بەرهەمهێنانی ئەڵتەرناتیڤی نوێ كە توانای ژیان‌و مانەوەی هەبێت.

لەڕووی تیۆرییەوە دوور نییە، بەڵام..

پێشبینیكردنی ئەلتەرناتیڤ بەجۆرێكی تەواو، قابیلی ئەوەیە كە بگۆڕدرێت بۆ راستی ئەگەر دەرفەت‌و دۆخی گونجاوی بۆ بێتە پێش، ئەوەش دوای راماڵینی ئەو پشێوییە دروستكراوەی وڵاتان‌و دەستوور‌و دامەزراوە نوێیەكان.

ئەمەش بەو واتایەی كە چارەسەری مێژوویی كێشەی كورد زۆر دوور نییە لەڕووی تیۆرییەوە، بەڵام بێگومان لەڕووی پراكتیكییەوە لەدۆخی هەنوكەییدا قابیلی جێبەجێكردن نییە، بەتایبەتی كە پشێوی سەرجەم خۆرهەڵاتی عەرەبیی گرتۆتەوە، كە كێشەكە بۆ كورد لەتوركیا‌و ئێراندا بەجۆرێكی جیاواز ئیحتیواكراوە.

بەكاربردنی كارتی كورد هێشتا وەك خۆیەتی، لەگەڵ داننان بەوەی كە كوردیش لەلایەن خۆیانەوە سوود لەوە دەبینن كە پێویستیان پێیانە، لەسۆنگەی ئەوەی كە حوكمڕانییە خۆبەخۆكەیان لەعیراق‌و سوریادا بچەسپێنن‌و هەروەها بۆ فراوانكردنەوەی دانپێدانانی مافە كەلتوورییەكانیان لەهەریەكە لەتوركیا‌و ئێران، تا وای لێبێت كە چارەسەری مێژوویی كێشەكەیان لەنێو دوو كەوانەدا نەمێنێتەوە یان دوور نەخرێتەوە بۆ كاتێكی نادیار. 

 

*لەژمارە (13067)ی رۆژی 13/5/2015ی ڕۆژنامەی (السفیر)ی لوبنانییەوە

وەرگێڕانی: جەمال ئارێز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket