riklam

مەلا بەختیار:خەباتی ژنان نەچوەتە سەر رێچكەی مێژووی خۆی

ی.ن.ک‌‌ 08:44 PM - 2015-05-17
بەشدارانی خولی ژنان ‌و لاوانی یەكێتیی بەرەو لوتكە خەڵاتكران

بەشدارانی خولی ژنان ‌و لاوانی یەكێتیی بەرەو لوتكە خەڵاتكران

مەلا بەختیار، رایدەگەیەنێت: بەشداری لەم خولەدا، بەتەمەنی جیاوازی بەشداربووانەوە،  هەم ئەركێكی حزبی‌و سیاسی گرنگە، هەم بۆ ژنانیش، وەكو بزوتنەوەی فیمێنیستی‌و كۆمەڵایەتی، كارێكی پیرۆزە.

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، لەوتەیەكیدا، بەبۆنەی رێوڕەسمی كۆتایی خولی (ژنان‌و لاوانی یەكێتیی بەرەو لوتكە)، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، كە"ئێوەی ژنانی بەشداربوو دەبێ‌ ئەم زانیاری‌و بۆچوونە نوێیانە موتوربەی بیری نوێی ژنان بكەن، بۆ ئەوەی ئیتر ژنان، ژنانی هۆشیار، تێكۆشەر‌و هاوچەرخ بێ‌، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ ئەركەكانی رابپەڕێنێ‌ لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی یەكسانی‌و بتوانێت قۆناغی رابردوو بەجێبهێڵیت‌و بۆ قۆناغێكی نوێتر بچەرخێ‌".

لەو ڕێوڕەسمەدا، كە ئەمڕۆ 2015/5/17 لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەسلێمانی،بەئامادەبوونی پەروین كاكە حەمە، ئەندامی سەركردایەتی‌و عەبدولڕەزاق فەیلی، لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەو دڵپاك تاهیر ئەندامی پەیوەندییەكان‌و بەختیار بەكر، نوێنەری یەكێتیی لەهۆڵەندا‌و كۆڕ ستاوتنا، بەنوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لەعیراق ‌و ئەنە گڕاومانس‌و ڵایڵا فرانگ، لەپارتی كاری هۆڵەندا، وەك مامۆستایانی خولەكە بەڕێوەچوو، پاش ساتێك وەستان بۆ شەهیدانی كوردستان، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، پاش پیرۆزبایی لەژنانی بەشداربوو، خولەكەی بەگرنگ‌و پڕبایەخ ناوبردو تیایدا سوپاسی مامۆستایانی خولەكەی كردو ئامادەبوونی نوێنەری باڵیۆزخانەی هۆڵەنداشی لەعیراق، لەرێوڕەسمی كۆتایی خولەكەدا، بە بەڵگەی ئەوەزانی كە هەم پارتی كارو هەم حكومەتی هۆڵەندا، بایەخ بەمجۆرە پەیوەندییەو هەوڵانەدەدەن، بۆ پەروەردەكردنی ژنان‌و لاوان بەتایبەتی‌و سەرجەم توێژەكان بەگشتی.

لەوتەكەیدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كە جگە لەوەی یەكێتیی نیشتمانیی‌و پارتی كار، هەردوو لامان ئەندامی سۆسیال ئینتەرناسیونال‌و دوو حزبی دەستەخوشكین، پەیوەندییەكی تایبەتیشمان لەنێواندا هەیەو وتیشی: پارتی كار هەمیشە پشتیوانی بڕیارەكان، بۆچوون‌و راسپاردەكانی یەكێتیی دەكات‌و رونیشیكردەوە، كە لەشەڕی دژی داعشیشدا، هۆڵەندا یەكێكە لەو وڵاتانەی هەڵوێستێكی زۆری باشی هەبوو، شۆڕشگێڕانە هاتەپێشەوەو توانی كۆمەكی هێزەكانی عیراق‌و كوردستانی بكات، بۆئەوەی بتوانن لەم شەڕە پیرۆزەدا بەرامبەر ئەو هێزە نەگریسە سەركەوتن بەدەستبهێنن.

لەدرێژەی وتەكەیدا، خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا، بەوەی كە ژنان بەجیاوازی تەمەنەوە بەشداری خولەكەیان كردووەو ئەمەشی بە بەڵگەی ئەوەزانی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەناو هەموو توێژەكان‌و تەمەنە جیاوازەكان خەبات دەكات‌و راشیگەیاند: یەكێتیی قۆرخ نییە تەنها بۆ تەمەنێك‌و ئەمەشی بەكاری نەكردە پێناسە كردو وتی: دەرگا بەڕووی هیچ تەمەنێكدا داخراو و قۆرخكراو نییە بۆ ئەوەی چ كچ چ كوڕ بێنە ریزەوەو پێشیش بكەون. بۆیە ئەگەر ئێستا تێكۆشەرێكی دێرینیش بەشداری خولەكەی كردبێ‌، دەبێ‌ شانازی بكات، كە لەگەڵ نەوەی نوێدا پێكەوە پەروەردە دەكرێن، چونكە مرۆڤ هەمیشە پێویستی بەپەروەردەیە.

جەختیشیكردەوە: بەشداری لەم خولەدا، بەتەمەنی جیاوازی بەشداربووانەوە،  هەم ئەركێكی حزبی‌و سیاسی گرنگە، هەم بۆ ژنانیش، وەكو بزوتنەوەی فیمێنیستی‌و كۆمەڵایەتی، كارێكی پیرۆزە‌و وتیشی: حزبی كاری هۆڵەندیش، كە ئەم دوو خانمە مامۆستایەی بۆ وتنەوەی پرۆگرامەكانی خولەكە ناردووە، بێگومان ئەمكارەیان بۆ ئەوەیە كە پەیوەندی نێوان یەكێتیی‌و پارتی كار پتەوتر بكەن‌و بیگەیەنن بەئاستێكی باشتر.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بەگرنگیشی زانی ژنان دەبێ‌ بزانن، كە "بزوتنەوەی ژنان‌و فێمێنیستی لەكورستاندا، هێشتا زۆری ماوە ئامانجەكانی بەدیبهێنێت"‌و رونیكردەوە: هەتاڕادەیەك، ژنانی یەكێتیی‌و رێكخراوەكانی ژنانیش كەمتەرخەمین، لەباشتر جۆشدانی خەباتی ژنان لەكوردەواریداو لەو ئەركە دیموكراسییە پەلوپۆدارە، كە كۆمەڵێك ئەركی پێكەوە بەستراوی ئەم قۆناغەی بونیادنانی دیموكراسییە، قۆناغی گوزەری دیموكراسییە، قۆناغێكە كە ئەركی دیموكراسی، یاسایی، كۆمەڵایەتی، مەدەنی، رۆشنگەری، عەلمانی، فێمێنیستی، جێندەر، پەروەردەكردنی منداڵ‌و لاو، گۆڕیی فەلسەفەی پەروەردە، بونیادنانی بنەماكانی دیموكراسی‌و وەرچەرخانی گەورە‌و ئەركی كۆمەڵێك ململانێ‌‌و ناكۆكی گەورەمان لەسەر شانە، چونكە لەخەباتی جۆراوجۆرداین بۆ ئەوەی بتوانین سەركەوتن بەدەستبهێنین.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەوگەرچی سەدام‌و حكومەتی بەعس رووخاون، حكومەت‌و پەرلەمانی تازەش دامەزراون، مافەكانی فیدراڵی گەلەكەشمان لەدەستوری عیراقدا چەسپاوە، بەڵام دەبینن، هێشتا چ مەترسییەكی گەورە رووبەڕوومان بۆتەوە، نەخێر پێشتریش بینیتان لەسنوری هەڵەبجە چ مەترسییەكی گەورەترمان لەسەر بوو. وتیشی: مەترسییەكانی داعش‌و گروپە تیرۆریستییەكانیش وەلابنێن، بەڵام خۆدەبینن رۆژانە چەندین توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەكرێت‌و بەهێزە؟ دەبینن چۆن رۆژانە ژنان رووبەڕووی عەقڵییەتی بۆگەنی باوكسالاری دەبنەوە؟‌و سەرەنجامیش ژنان لەسەر كۆمەڵێك بەهانە دەكوژرێن، ئەگەرچی هەڵەش بێ‌، بەڵام لەچاو هەڵەی پیاوان، زۆر كەمەو بەپێچەوانەوە پیاوان سەد ئەوەندەی بەرامبەر هەڵەكانی ژنان، هەڵە دەكەن، بەڵام پیاوەكان رزگاریان دەبێ‌‌و ژنانیش رووبەڕووی باوكسالاری‌و یاساكانی نەریتگەرایی دواكەوتی دەبنەوەو سزای رۆحی، سزای جەستەیی، سزای كۆمەڵایەتی‌و سزای ئەخلاقی دەدرێت‌و دەشكوژرێت.

تەئكیدیشی كردەوە: كۆی ئەم كێشانەو ئەم كێشمەكێشانەی رووبەڕومان بۆتەوە، وەكو یەكێتیی، وەكو خەباتكاری پێناوی دیموكراسی، وادەخوازێت كە یەكێتیی، لەهەڵوێستەكانیدا چەندە شۆڕشگێڕە‌و رۆژانە لەدژی داعش شەهید دەبەخشین، یەكەمین هێزیش بووین دژی هێزە ئیسلامگەراكان شەری ئازادی‌و دیموكراسیمان كردووە‌و دەیان نموونەی وەك خێڵی حەمەمان هەیە، دەزانین دیموكراسی پرۆسەیەكی مێژوییە‌و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی پرۆسەیەكی مێژوییە، پێویست دەكات ئەم پرۆسە مێژوییە لەهەموو لایەنێكەوە لەبەرچاو بگرین، بەتایبەتی پرسی ژنان.

مەلا بەختیار، راشیگەیاند: هەتا ئێستا خەباتی ژنان نەچۆتە سەر رێچكەی مێژووی خۆیی‌و ئەوەی كراوە سەبارەت بەگۆڕینی یاسایی باری كەسێتی‌و كۆی دەستكەوتەكان، بەڵام هێشتا كۆی یاساكان‌و ئەو دەستكەوتانەشی بەدیهێنراون، بەراورد بكەین بەباقی ئەركە بەدینەهاتووەكانی ژنان، رێگەیەكی دوورو درێژ لەبەردەم ژناندا ماوە‌و وتیشی:بەداخەوە هێشتا نەوەكو یەكێتیی، ستراتیجێكی رۆشنمان بۆ ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی، سیاسی‌و رۆشنگەرییە هەیە،  نەژنانی كوردستان‌و نەهیچ رێكخراوێكیش لەرێكخراوەكانی ژنانی كوردستان ئەم ستراتیجەیان نییە. بەڵكو بەتەنها لەچوارچێوەیەكی دیاریكراو و لەخەباتێكی پیشەیی دیاریكراودا ماونەتەوە‌و گۆڕانكارییەكانی سەردەم ناخوێننەوە، ئەركە گرنگەكانی ژنان ناخوێننەوە، رۆڵی ژن لەم سەردەمی جیهانگیرییەدا وەكو پێویست لەبەرچاو ناگیرێت"‌و جەختیشیكردەوە: گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو خەباتی ژنان لەوڵاتانی وەكو تونس‌و میسر پێویستی بەلێتوێژینەوە هەیە‌و وەكو یەكێتیی لەچوار بۆ پێنج ساڵی ئاییندە، بەرنامەو ستراتیجێكی نوێمان نەبێ‌، وەكو گۆڕانگاری كۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ژن هاوشانی پیاو، خەبات پەرەپێبدات‌و بزوتنەوەی ژنان بزوتنەوەیەكی هاوچەرخ نەبێ‌، ژن نەتوانێ‌ مافە سیاسییەكان، ئابورییەكانی، تەندروستی، خوێندن‌و هەموو مافە كۆمەڵایەتییەكانی باشتر بەدیبهێنێت، بەدڵنییاییەوە پێتاندەڵێم یەكێتیی، لەمێژوودا تووشی گەورەترین كێشەی كۆمەڵایەتی‌و ململانێ‌ لەگەڵ هێزە سەلەفییەكان‌و كۆنەپەرستەكان لەكوردستاندا دەبێ‌‌و ژنانیش زۆر لەئێستا خراپتر دووچاری كێشە كۆمەڵایەتی‌و خێزانییەكان دەبنەوە.

وتیشی: ئەم پرۆژەیەو ئەم خولەش، بەشێكە لەو ئامانجانەی لەو پێناوەدا لەبەرچاومان گرتووە‌و ئێوەی ژنانی بەشداربوو دەبێ‌ ئەم زانیاری‌و بۆچوونە نوێیانە موتوربەی بیری نوێی ژنان بكەن، بۆ ئەوەی ئیتر ژنان، ژنانی هۆشیار، تێكۆشەری هاوچەرخ بێ‌، بۆ ئەوەی بتوانێ‌ ئەركەكانی رابپەڕێنێ‌ لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی یەكسانی‌و بتوانێت قۆناغی رابردوو بەجێبهێڵیت‌و بۆ قۆناغێكی نوێتر بچەرخێ‌.

هەروەك لەدرێژەی رێوڕەسمەدا، گڕاومانس‌و ڵایڵا فرانگ، مامۆستایانی خولەكە، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، خۆشحاڵبوین بەبەڕێوەچوونی خولەكەو سوپاسیش بۆ وتەكانی بەڕێز مەلا بەختیار، كە هاندەرو پشتیوانە بۆ ئەوەی ژنانی یەكێتیی‌و كوردستان زیاتر بێنە پێشەوەو لەسەرجەم بوارەكاندا خەبات بكەن، خۆشحاڵیشین كە دەبینین، حزبێك هەیە لەكوردستاندا بەوشێوەیە پاڵپشتی ژنان‌و خەباتەكەیان دەكات‌و وتیشیان: مایەی شانازییەكی گەورەشە كە لەگەڵ ئێوەداین‌و وەك مامۆستا‌و بەخۆبەخشی بەشداری خولەكەشمان  كردووە‌و وتەكانی بەڕێز مەلا بەختیار هاندەریش بوو نەك هەر بۆ ژنانی یەكێتیی، بەڵكو بۆ ئێمەش.
لەلایەن خۆشییەوە، كۆڕ ستاوتنا، بەنوێنەرایەتی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لەعیراق، خۆشحاڵی نیشاندا كە وەك نوێنەری مەلیكەو حكومەتی هۆڵەندا، وەكو نوێنەری باڵیۆزخانە‌و كونسوڵی گشتی لەعیراق‌و كوردستان  بەشداری لەكۆتایی خولەكەدا كردووە‌و وتیشی: حكومەتی هۆڵەندا لەكاروبارەكانی وەزارەتی دەرەوەدا پرسی جێندەری بەگرنگ گرتووە، بۆیە خۆشحاڵم كە دەبینم ئەم خولە بۆ ژنانی یەكێتیی بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەگەرچی هێشتا ژنان لەعیراق‌و كوردستان رۆڵێكی ئەوتۆ نابینن‌و مایەی ئازاریشە دەبینین هێشتا لەعیراق‌و كوردستان ژنان دەكوژرێن، بەڵام مایەی خۆشحاڵیشە، كە دەبینین پرۆژەی لەمشێوەیە بۆ ژنان بەرێوەدەچێت‌و بەمشێوەیە پشتگیری دەكرێن.

پاشان لەلایەن مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە هەریەك لە كۆڕ ستاوتنا، ئەنە گڕاومانس‌و ڵایڵا فرانگ‌و دواتریش، لەلایەن هەڤاڵان مەلا بەختیار، پەروین كاكە حەمە، عەبدولڕەزاق فەیلی، كۆڕ ستاوتنا، ئەنە گڕاومانس‌و ڵایڵا فرانگ، بڕوانامەی بەشداربوون بەخشرایە (32) ژنە كادری یەكێتیی بەشداربووی خولەكە.

*پرۆژەی (ژنان‌و لاوانی یەكێتی بەرەو لوتكە)، كە دوو رۆژی خایاند‌و لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، پرۆژەی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و پارتی كاری هۆڵەندا بوو.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket