riklam

پارێزگاری سلێمانی: بەبودجەیەكی تایبەت ژمارەیەك پڕۆژەی گرنـــگ‌و ستراتیژی جێبەجێ دەكەین ‌

چاوپێکەوتن 10:37 AM - 2015-05-17
.

.

حكومەتی خۆجێی بنكە فراوان، پەلكەزێڕینەیە بۆ سلێمانی

 لەدیدارێكی تایبەتی كوردستانی نوێ-دا، د.ئاسۆ فەرەیدون پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند؛ حكومەتی خۆجێی بنكە فراوانی سلێمانی سەرەتایەكی سەركەوتوو دەبێت. بە بودجەیەكی تایبەتیش، ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ‌و ستراتیژی لە پارێزگاكەدا جێبەجێ دەكەن.

 

*حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لە چی قۆناغێكدایە؟ كەی بەتەواوەتی پۆستەكان پڕ دەكرێنەوە؟

-پارێزگاری سلێمانی: سلێمانی وەك چۆن هەمیشە پێشڕەوو پێشەنگ بووە، لەدروستكردنی حكومەتی خۆجێی بنكە فراوانیشدا بەهەمانشێوە پێشەنگ بووە. حزب‌و لایەنە سیاسییەكان بەپێی ئیستیحقاقی خۆیان‌و ئەو دەنگەی لەهەڵبژاردنی رابردوودا هێناویانە، پۆستەكانیان بەسەردا دابەشكراوە. ئێستا لە قۆناغی هاوبەشكردنی دەسەڵاتداین‌و هەموومان پێكەوە لە سلێمانی، بە لیستی یەكێتی‌و گۆڕان‌و پارتی‌و ئیسلامییەكان‌و هاوپەیمانی نیشتمانی‌و رافیدەین، ئەو بەڵێنەی داومانە بە دەنگدەران، كە بریتییە لەوەی لەخزمەت هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانیدا بین، لەڕێی حكومەتی بنكە فراوانی خۆجێیەتییە هەمەڕەنگەوە، كە پەلكەزێڕینەیە بۆ سلێمانی، كار دەكەین‌و بەسەرەتایەكی باشی دەبینم. ئومێدەواریشم ئەو گۆڕانكاریانەی روویداوەو كەسانی تازە هاتوونەتە شوێنە جیاجیاكان لەسەر ئاستی قائیمقامییەت‌و ناحییەكان‌و بەڕێوەبەرە گشتییەكان، بتوانین پێكەوە كار بكەین‌و وزەی تازە لەئیدارەی سلێمانیدا بخەینەكار. دڵنیاشم ئەم سەرەتایە سەركەوتوو دەبێت‌و دەبێتە نموونەیەك بۆ هەولێرو دهۆك بۆئەوەی بەهەمانشێوەو هەمان شێواز بڕوات.

شانازی بەوەوە دەكەم لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پەیوەندییەكی زۆرباشم هەیە. شانازی بەوەوە دەكەم تائێستا جیاوازیم لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا نەكردووەو بە یەك هەنگاوو یەك ئاست لێیانەوە نزیكم. لە بەسەركردنەوەو چوونە دەرەوەمان بۆ هەر شوێنێك، ئەندامانی ئەنجومەنمان لەگەڵدایە لە هەموو رەنگەكان. بۆیە دڵنیام ئەم پڕۆژەیە زۆر سەركەوتووە، بەمەرجێك هەموومان بەهەمان رۆحییەتەوە كاربكەین‌و ئامانجیشمان هاووڵاتیان بێت.

*هیچ كێشەیەك لە دەستبەكاربوونی كاندیدانی لیستی گۆڕاندا هەیە؟ ئەی كاندیدانی لیستەكانی پارتی‌و خزمەت؟

-پارێزگاری سلێمانی: هیچ كێشەیەك لەئارادا نەماوەو ئەو قائیمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیەو بەڕێوەبەرە گشتیانەی سەر بەبزووتنەوەی گۆڕانن، دەستبەكاربوون‌و ئەوانەی تائێستا دەستبەكارنەبوون، رەنگە كێشەی تەكنیكی بن‌و لەوە زیاتر نەبێت.

چاوەڕوانی كاندیدانی لیستی خزمەت دەكەین‌و سی ڤی هەموویانمان ناردووە بۆ ئەنجومەنی وەزیران‌و یەك پۆستیشیان تایبەتە بە وەزارەتی تەندروستی، كە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی. چاوەڕوانی فەرمانی دامەزراندنیان دەكەین‌و لەگەڵ گەڕانەوەی فەرمانیان، بەهەمانشێوەی كاندیدانی لیستی گۆڕان، رێوڕەسمیان بۆ رێكدەخەین تا دەستبەكاربن‌و پێكەوە بتوانین ئیشوكارەكان بەڕێوەبەرین.

ئەوەی لێرەدا پێویستە بیڵێم، ماوەتەوە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەندەی بزانم كێشەكان لەچارەسەرەوە نزیكن. ئێمە هەوڵمانداوە پاكێجی هەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە جیا بن، بەڵام رەنگە لەڕوانگەیەكەوە ترەوە برادەرانی پارتی لێی بڕوانن‌و هاتنە نێو حكومەتی خۆجێی سلێمانی بە پۆستێكی پارێزگای هەڵەبجەوە ببەستنەوە، كە لەڕاستیدا ئەوە دواجار چارەسەرەكەی لای وەفدی دانوستان‌و مەكتەبە سیاسییەكانە. بەڵام بەدڵنیاییەوە هاتنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ناو حكومەتی خۆجێی سلێمانی پێویستییە، وەك چۆن بوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەناو حكومەتی خۆجێی هەولێرو دهۆك پێویستییە، چونكە ئەو بەڵێنەی داومانە ئەوەیە پێكەوە كاربكەین‌و حكومەتی خۆجێیەتی رەنگدانەوەی حكومەتی بنكە فراوان بێت.

*كێشەكەی لیستی پارتی سیاسییە یان تەكنیكییە؟

-پارێزگاری سلێمانی: بەنیسبەت لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، ماوەتەوە سەر دانوستانی سیاسی.

*پۆستەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە پەیوەندیان پێكەوە هەیە؟

-پارێزگاری سلێمانی: بەڕای من ئەو پۆستانە پێكەوە نەبەسترێنەوە، بەڵام بەشێوەیەك لەشێوەكان تەماشای بكەیت تەنانەت لەگەڵ برادەرانی گۆڕانیش، جۆرێك لە بەستنەوە هەیە لەنێوان پۆستەكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، چی ئەگەر هەردووكیان لە یەك كاتدا دەستبەكارو جێبەجێ نەبوون، بەڵام وێنەكە لە پەنجەرەیەكی دوورەوە سەیری بكەیت تێدەگەیت پارێزگاری سلێمانی بەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووەو پارێزگاری هەڵەبجەش بەشی بزووتنەوەی گۆڕان بووە.

*قەیرانی دارایی پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیژییەكان‌و ئەوانی تریشی راگرتووە، چۆن كاریان تێدا دەكرێت؟

-پارێزگاری سلێمانی: بەشێوەیەكی گشتی كاری نێو پڕۆژەكان سستن، بەهۆی سلفە وەرگرتنەوە، كە پێشتر وا نەبوو. پێشتر سلفەی بەڵێندەران لەكاتی خۆیدا دەدرا، بەڵام ئێستا كێشەی سیولە (پارەی بەردەست)مان هەیە. سلفەكان بەشێوەی چەكی بانكی دەدرێن‌و ئەویش لەبازاڕدا بەنرخێكی كەمتر لەخۆی دەگۆڕدرێتەوە، لەناو بانكیش سیولە نییەو پارەكە دەخرێتە سەر حسابی بەڵێندەرەكەو ناتوانێت وەریبگرێت، دواجار ئەنجامەكەی ئەوەیە بەڵێندەر سلفەی پێ نییەو دەبێت پارەی كرێكارو شتومەكیش بدات، لەبەرئەوە كە بەڵێندەر پارەی پێ نەبوو دەكەوێتە ژێر گوشارێكی زۆرەوەو كارەكان ناكرێن. ئەو حاڵەتەش تەنها لە سلێمانی نییە، بەڵكو پارێزگاكانی هەولێرو دهۆكیش بەهەمانشێوە لەژێر گوشارێكی زۆر گەورەدان.

ئێستا دوو شت هەیە. یەكەم؛ 20%ی چەكی بەڵێندەران دەدرێت، دووەم؛ پڕۆژەكانی وەبەرهێنانی سەر بەوەزارەتەكان خراونەتەكار. ئەوەی یەكەمجارە باسی دەكەم‌و مژدەبەخشە، لەلایەن كاك د.عەلی سندی وەزیری پلاندانانەوە پەیوەندیم پێوەكراوە، پڕۆژەكانی گەشەپێدانی پارێزگاكانیش بەهەمانشێوە دەكرێنەوە. كردنەوەیان زۆرباشە، بەڵام دیسانەوە رووبەڕووی كێشەی سیولە دەبینەوە، كە هەتا سیولە نەبێت، زۆربەی بەڵێندەران بەتایبەتی بەڵێندەری بچوك، توانای ئەوەی نییە پارەی كاش بدات بەكرێكارو شتومەك. بەڵام وەبەرهێنەری گەورە دەتوانێت كاربكات.

چەند پڕۆژەیەكی هەن زۆر گرنگیمان پێداون، وەك؛ پڕۆژەكانی دوو سایدی رانیە، پڕۆژەكەی سەیدسادق، پڕۆژەكەی ئاوی دەربەندیخان، پڕۆژەی دروستكردنی یەكتربڕی كۆبانی، پڕۆژەی دروستكردنی یەكتربڕی خەبات، بەڵام نەمانتوانی یەكتربڕی مامۆستایان زۆر پشتیوانی بكەین، كە لەپڕۆژە ستراتیژییەكانە، ئەو پردەی لەچوارتاوە دێتەخوارەوە بۆ بەردەم نەخۆشخانەی شار.

رەنگە بپرسیت ئایا پڕۆژەی نوێمان هەیە؟ دیارە پڕۆژەمان هەن سەرەكین، ئەو پرۆژانە بودجەمان بۆ دابین كردوون، كە بەتایبەتی پەیوەندیان بە رێگاوبان‌و كارەباو ئاوەوە هەیە، هەندێك پڕۆژەیان دەرخستەی كەمە، بەڵام كاریگەری زۆریان لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵك هەیەو كردوومانن. لە نموونەی رێگاوبانەكانیش؛ رێگای هەواری شار بەتونێلی پێشڕەوەوە دەبەستین، بەتایبەتی لەوەرزی گەشت‌و سەیراندا رێگایەكی گرنگەو قەرەباڵغی زۆری لەسەرەو ئێستا كاركردن تێیدا دەستی پێكردووە. رێگای نێوان قەرەداغ- سلێمانی-وارماوا- عەربەت. وارماوا-قاشتێ. هەروەها رێگای لای تونێلی دەربەندیخان، كە بەداخەوە رووداوی زۆری تێدا روودەدات. رێگای تەكێی جەباری- چەمچەماڵ. رێگای خەلیفاوا. ئەو رێگایانە هەمووی لەسەر بودجەیەكی تایبەت دەكرێن‌و پڕۆژەی گرنگن‌و كاریگەرییان دەبێت لەڕووی ئەوەی خەڵك دەخاتە سەر كارو خزمەتیش بەناوچەكان دەكەن.

چەندین پڕۆژەی كارەباو ئاویشمان هەیەو كاركردن لەهەموو ئەو پرۆژانەدا دەستیان پێكردووە یان بەمنزیكانە دەستپێدەكەن.

لیستی پڕۆژەكان، 23 پڕۆژە لەخۆی دەگرێت، بەڵام كارەكان قورسن‌و وەك جاران نییەو قەیرانە داراییەكە كاریگەری لەسەر هەموو شتێك هەیە. بۆ نموونە؛ جاران بە ئاسانی پاككردنەوەی شار دەدرا بە بەڵێندەر، بەڵام ئێستا دەبێت شەڕی بۆ بكەیت بیدەیتەوە بە بەڵێندەران، یان سەوزراگرتنی بلوارەكانی شار، كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك هەفتەی رابردوو هات بۆ سلێمانی، زۆر سەرسام بوو بەو بلوارانە، سەوز راگرتن‌و پاراستنی ئەو بلوارانە بە شەڕ بووە، بەڵام جاران پێویستی بەو شەڕە نەبوو، پێویستی بەوە نەدەكرد چەند جارێك بچیت بۆ هەولێرو لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی‌و وەزارەتی دارایی قسە بكەیت.

بەڵام كاتێك بە شەقامەكانی سلێمانیدا دەڕۆم شانازی دەكەم، كە میللەتێك لە شەڕدایەو تەنها 100 كیلۆمەترێك لە بەرەكانی شەڕەوە دوورەو دڕندەترین دوژمنت لێوە نزیكە، كە دڕندەترین مرۆڤن، بەڵام تەماشا بكە فەرمانبەر بەردەوامە لەكاركردن بێ مووچە، كرێكاری شارەوانی بەهەمانشێوە، كە شایانی ئەوەن پەیكەریان بۆ دروست بكەیت بۆ ئەو گەورەییەی هەیانە، كە زۆربەیان لە 50 ساڵ گەورەترن‌و دڵسۆزانە كاردەكەن، كە كەسمان هەست بە گەورەیی ئەوان ناكەین. ئەم شارە، كە پاك‌و خاوێنە بەهۆی ئەوانەوەیە. هەروەك ئیرادەی خەڵك بەهێزەو ورە بەرزن. باوكی وا هەیە كوڕەكەی لەم شەڕەی ئێستادا شەهید بووەو 3 و 4 كوڕی تریشی لەبەرەكانی جەنگەو ورەشی بەرزە. چیرۆكی باوكێك هەیە لە كفری، كە تا دوا هەناسەی كوڕەكەی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵیدا هەبووەو بەشانازیشەوە دەیگێڕێتەوە. كێ ئیرادەی وا بەهێزی لە جیهاندا هەبووە؟ مەگەر تەنها كورد بتوانێت لەم بارودۆخەدا وا بژی. بەڕای من گەورەیی‌و زیندوێتی ئەم میللەتە دەردەخات.

*هەفتەی رابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانی كرد، چی بەڵێنێكی بە پارێزگاكە دا؟

-پارێزگاری سلێمانی: سەرۆكی حكومەت زۆر پشتیوانمانە. پشتیوانییەكانی لەكاتی دەستبەكاربوونمانەوە دەستیپێكردووە. هەفتەی پێشووتر كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانمان هەبوو، كە لەكۆی 41 خاڵی وەبەرهێنان، 16 خاڵی تایبەت بوو بە سلێمانی، هەر هەموویان پڕۆژەی گەورەن، كە گرنگییان هەیە بۆ سلێمانی. یەك نموونەت بۆ دەهێنمەوە؛ پشتی تەلاری ماجدی مۆڵ، ئەو زەویانەی لەوێدایە، پێویستی بەگۆڕینی رەگەزی زەویەكە هەبوو، لەوێ دوو تاوەری گەورەی نیشتەجێبوون دروست دەكرێن. دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی زانكۆی پۆلیتەكنیك بەهۆی سلێمانییەوە، هەولێرو دهۆكیش دەگرێتەوە. جوانكردنی دەروازەی شاری سلێمانی لای پێشانگای ئۆتۆمبێلەكان، كە سیمای سلێمانیان ناشیرین كردووە، پەسند كرا، كە پێشانگاكان دەگوازرێنەوە بۆ رێگای عەربەت. ماستەرپلانی ئەو دەروازەیەی سلێمانی، لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دەكرێت، تەنانەت شێوازی بیناكان‌و رەگەزی بیناكان دەبێت دیاریكراو بن، ئەو دەروازەیە هەموو كەسێك بۆی نییە هەڵسوكەوتی پێوە بكات. ئەو دەروازەیە زۆر جوان دەبێت هەر لە تاسڵوجەوە تا دێتە ناوشاری سلێمانی. زۆر پڕۆژەی تریش هەن، كە پڕۆژەی گەورەن‌و بۆ سلێمانی پەسند كراون‌و ژمارەیان 14 پڕۆژەیە، بەڵام دوو پڕۆژە بۆ هەولێر پەسند كراون.

*ئەو پڕۆژانە لەلایەن كەرتی گشتییەوە یان تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێن؟

-پارێزگاری سلێمانی: یەكلانەبوونەتەوە، بەڵام پڕۆژەی ستراتیژین، بۆ نموونە؛ رادیسۆن بلو، كە دوو تاوەر دەكات، لەكاتێكدایە قەیرانی دارایی هەیەو پارەی كەم لە وڵاتدا هەیە، بەڵام ئەو هەنگاوە بۆ كوردستان سەركەوتنە.

*لەڕووی میوانداریی كۆنگرەو گەشتوگوزارەوە، سلێمانی لە چی ئاستێكدایە؟

-پارێزگاری سلێمانی: ئێستا لە سلێمانی پەكمان ناكەوێت ئەگەر كۆنگرەیەك بكەین، یەكەمین فێستیڤاڵی فیلمی ئەوروپی كاتێك لە سلێمانی كرا، پەكمان نەكەوت، لەبری هۆتێلێكی پێنج ئەستێرە، شەش تا حەوت هۆتێلی پێنج ئەستێرەمان هەیە. لەسەرەتای مانگی شەشدا میوانداری كۆنگرەی پارێزگاكانی عیراق دەكەین‌و هەموو عیراق روودەكاتە سلێمانی، بەڵام پەكمان ناكەوێت بەهۆی ئەو هۆتێلانەوە. دەمانەوێت سلێمانی بكەین بە پایتەختی رۆشنبیری، بەشێك لە پایتەختی رۆشنبیریش، گەشتوگوزارە. هەروەك دەبێت ژێرخانت هەبێت، دەبێت گەلەریت هەبێت، دەبێت هۆڵت هەبێت، دەبێت دەزگای رۆشنبیریت هەبێت، دەبێت هۆتێلت هەبێت، دەبێت شوێنی گەشتیاریت هەبێت، دەبێت ژینگەیەكی جوانت هەبێت، دەبێت ستادیۆم‌و یاریگای جوانت هەبێت، هەموو ئەمانە ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیرین. ئێستا سلێمانی بۆ هیچ كۆنگرەو كۆنفرانسێك پەكی ناكەوێت‌و گرنگیشە. دەبێت دەستخۆشی لەو وەبەرهێنەرانە بكەین، كە لەو بوارانەدا ئەو هەنگاوانەیان ناوە. دەبێت سوپاسی ئەو دەزگا رۆشنبیریانە بكەین، كە دەزگای سەردەم، ئینستتیوتی كەلەپوری كوردی، دەزگای ژین، دەزگای جەمال عیرفان...هتد ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیرین. هەروەك دەبێت كاربكەین لەسەر كردنەوەی هۆڵی رۆشنبیری، كە لەو رووەوە كەموكوڕیمان هەیە. لەكۆبوونەوەی پێشووی پایتەختی رۆشنبیریش، دوو پڕۆژەمان پەسند كرد، كە پەیوەندیدارن بە ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری، بڕیاریشمان دا سەرای سلێمانی رەنگدانەوەی شاری سلێمانی بێت لەهەموو رووەكانەوە.

*دەوترێت ئەوەندەی بایەخ بەشاری سلێمانی دەدرێت، ئەوەندە بایەخ بە شارو شارۆچكەكانی پارێزگاكە نادرێت؟

-پارێزگاری سلێمانی: بیرت نەچێت، خەڵك دەڵێن ئەو بایەخەی بە هەولێر دەدرێت بە سلێمانی نادرێت. بەڵام هەولێر پایتەختەو كونسوڵخانەكانە لەوێن‌و بزنسێكی زۆر لەوێیە. لەگەڵ ئەوەشدا شاری سلێمانی پایتەختی پارێزگای سلێمانییە یان ناوەندی پارێزگاكەیە، بۆیە تەركیزی وەبەرهێنەر لەناوشاری سلێمانیدایەو چاوی لەسەرە. ئەگەر كۆنگرەیەك بكرێت لەناو شاری سلێمانیدا دەكرێت، هەمووان چاویان لەسەر سلێمانییە. ئێرە پایتەختی رۆشنبیرییە، ماوەیەكی تر دەبێت بە پایتەختی پیشەسازیش، كە پاش ساڵێكی تر گۆڕانكاری گەورە لە بازاڕی سلێمانیدا دەبێت سەرەڕای ئەو قەیرانە داراییەی هەیە. لەڕووی پیشەسازیشەوە دوو بەرهەمی زۆر بەهێزی هەیە، كە بەرهەمی شیش‌و چیمەنتۆیە.

*ئەو ناوچانەی دەوروبەری سلێمانی لەڕووی گەشتوگوزارەوە زۆر جوانن، بۆ ئەو كەرتە چی دەكەن؟

-پارێزگاری سلێمانی: گەشتوگوزار بە خەڵكەوەیە. بەڵام بە خەڵكی خۆمان تەواو نابێت. پێویستی بەوەیە خەڵك لە ناوچەكانی تری عیراق‌و وڵاتانی ترەوە بێت. لەو كۆنگرەیەی پارێزگاكانی عیراقدا دەمانەوێت ئەو دەرگایە بكەینەوە. ئەگەر وەبەرهێنەر هەست بكات گەشتیاری زۆر روو لە سلێمانی دەكات، ئەوكات دڵنیابە ئەو پارەیەی دەیخاتە وەبەرهێنانی هۆتێلێكەوە لە سلێمانی، دەیخاتە وەبەرهێنانی هۆتێلێكەوە لەو ناوچانە.

وەك دەزانن كاك فاروقی مەلا مستەفا پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتوگوزار لە دوكان دروست دەكات‌و دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە. بۆیە بڕوام وایە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئەگەر وەك ئێستا كاربكەین، ئەوا سلێمانی چاوەكان بۆ خۆی كێش دەكات، پێویستمان بەوەشە چۆن وا بكەین چاوی خەڵك هەمیشە لەسەر سلێمانی بێت.

*سلێمانی كێشەیەكی گەورەی لەگەڵ زیادەڕۆیی هەیە، بۆ چارەسەر نابێت؟

-پارێزگاری سلێمانی: سێ جۆر زیادەڕۆیی هەیە، یەكەم؛ موڵكی شارەوانی وەك؛ شۆستە، دوكان. دووەم؛ دارایی.  سێیەم؛ زەوی بەردەڵان‌و كشتوكاڵی.

سەبارەت بەزیادەڕۆیی كشتوكاڵی بەڕاستی دەیڵێم لەزیادبووندایەو لەكەمبوونەوەدا نییە، ئەمەش تەنها كێشەی پارێزگای سلێمانی نییە، لەم پارێزگایەدا سەرەڕای رووبەرە گەورەكەی بەراورد بەهەولێرو دهۆك، نۆ هەزار زیادەڕۆیی هەیە، بەراورد بە 21 هەزار لەهەولێرو 19 هەزار لەدهۆك.

بەوەش دەردەكەوێت هەموو پارێزگای سلێمانی بەئیدارەكانی گەرمیان‌و راپەڕینەوە، كەمترین زیادەڕۆیی كشتوكاڵی هەیە.

زیادەڕۆیی لەزیاد بووندایە، یەكەم؛ لابردن‌و بەرەنگاربوونەوەی زیادەڕۆیی بە هێز دەبێت، ئەوانیش لەشەڕن.

دووەم؛ پێویستی بەیاسایە، ئەو یاسایەی ئێستا بەپارێزگارو قائیمقام‌و بەڕێوەبەری ناحییە هەیە، بەهیچ جۆرێك یارمەتیدەر نییە كە بتوانین زیادەڕۆیی لابەرین. بۆیە ئەنجومەنی وەزیران داوای لەداواكاری گشتی‌و دادگا كردووە، چارەسەرێك بۆ ئەو یاسایە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتێك هەبێت بۆ ئەو پارێزگارو قائیمقام‌و بەڕێوەبەری ناحیانە تا زیادەڕۆیی لابەرن.

سێیەم؛ بەداخەوە هەل قۆستنەوەش هەیە.

بۆیە دووپاتی دەكەمەوە خاكی كوردستان لەژێر مەترسی زیادەڕۆییدایە.

*دوا ئاماری ئاوارەكانی ناو سلێمانی چەندە؟

- پارێزگاری سلێمانی: ژمارەی ئاوەرەمان زۆر زیادی كردووە، بەجۆرێك ئاوارەكانی ناوخۆ 292 هەزار كەسە، ژمارەی پەنابەرانیش 36 هەزار كەسە.

بەراورد بەپارێزگاكانی تر كەمپمان نییە، كەمپێك هەیە لەعەربەت، كە پێویست بوو كاتی بێت. هەروەها رێكخراوەكانی سەربەنەتەوە یەكگرتووەكان، سستن لەكارەكانیانداو كێشەی پارەیان هەیە. حكومەتی عیراقیش، لەوەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەران تێپەڕبكات وەزارەتەكانی تەندروستی‌و پەروەردە زۆر لەدواوەن‌و دەتوانم بڵێم هیچ هاوكارییەكی پارێزگای سلێمانی‌و هەرێمی كوردستانیش ناكەن. بۆ نموونە؛ هیچ پابەندبوونێك نییە  لەتەندروستی پارێزگای سەڵاحەدینەوە بەرامبەر بە ئاوارەكانی پارێزگاكەی لەكوردستاندا، لەكاتێكدا بەغدا بودجەی تەندروستی بۆ سەڵاحەدین دەنێرێت بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیانی پارێزگاكە، بەڵام 60 تا 70 هەزار هاووڵاتی ئەو پارێزگایە لەسلێمانیدان، كە پێویستە بەپێی ئەو ئاوارانە دەرمانی پزیشكی لەو پارێزگایەوە بێت.

نموونەیەكی تر؛ لەمانگی دوانزەی ساڵی رابردوودا، 3600 حاڵەتی لەدایكبوون لەسلێمانی، 652 حاڵەتی لەدایكبوونی ئاوارە هەیە، ئەمەش هەمووی بارگرانییە بۆ سلێمانی.

دووپاتی دەكەمەوە قەیرانی دارایی گەورەترین كاریگەری لەسەر كەرتی تەندروستی هەیە.

*تا كەی ئاوارە وەردەگرن؟

- پارێزگاری سلێمانی: بەنەتەوە یەكگرتووەكانمان راگەیاندووە، بەردەوام نەبن لە هاوكارییەكان، ئاوارەكان توشی كارەسات دەبن، بۆ نموونە؛ ئەگەر كۆلێرا لەناو كەمپەكاندا بڵاوببێتەوە، ئێمە ناتوانین لەسلێمانیدا قبوڵیان بكەین، هەرچەندە نەخۆشخانەی گەڕۆكمان لەناو كەمپەكاندا كردۆتەوەو یەكێتی ئەوروپاش بەڵێنی داوە سێ نەخۆشخانەی گەڕۆكمان بۆ بنێرێت، ئەوەش لەڕێی پەیوەندی شەخسییەوە بووە.

هەروەك پلانێكی دیاریكراو نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان، بەڵام هەموومان دەزانین شوێنی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە لەبارنییە بۆ ژیان. بۆیە دەبێت لەئێستاوە حكومەتی هەرێم پلانێكی هەبێت بۆ ئەو مەبەستەو بڕیارێكی گەورەی لەبارەوە بدرێت.

*پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون چییان لێ بەسەرهات؟

- پارێزگاری سلێمانی: پڕۆژەكانی سیتەك‌و زڕگوێز كێشەی زۆر گەورەیان تێدایە، كێشەیەكیان یاساییەو ئەوی تریشیان پەیوەندی بەنەبوونی پارەی حكومەتەوە هەیە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە، خۆم تەداخولم كردووەو چاوەڕوانی ئەوە دەكەم چۆن بیان جوڵێنین.

مۆڵەتی كۆتاییمان بۆ پێنج یەكەی نیشتەجێبوون وەرگرتووە بۆ پزیشكان، كارمەندانی تەندروستی، كرێنشینان، مامۆستایان‌و مامۆستایانی زانكۆ، كە هەندێكیان لەجێبەجێكردن‌و دابەشكردندان.

*بایەخ بەلایەنی رۆشنبیری دەدرێت، ئەی بۆ وەرزش چی دەكەن؟

- پارێزگاری سلێمانی: رەوتی وەرزش لەهەموو كوردستان‌و عیراقیشدا بەرەو دواوە دەچێت ئەگەر ئەم یاسایانە جێبەجێ نەكرێن.

یەكەم؛ دەبێت زەوی بدرێت بەیانەكان بۆ ئەوەی پڕۆژەی وەبەرهێنانی لەسەربكەن‌و پشت بەخۆیان ببەستن.

دووەم؛ دەبێت یاسای گواستنەوەی یاریزان هەبێت. یانەیەك یاریزان دەكڕێت بە 100و 200و 300 ملیۆن دینار بۆ یەك وەرزو دواتر دەڕوات.

سێیەم؛ دەبێت وەرزش بەرەو كەرتی تایبەت بڕوات.

بەم شێوازەی ئێستا وەرزش یان هونەر پشت بەیارمەتی‌و هاوكاری  ببەستن، پێش ناكەون. لەئێستاشدا هیچ بەڵێنێك نادەم لەبارەی دروستكردنی یاریگایەكی گەورە یان كۆمەڵگەیەكی وەرزشییەوە كە ئێستا نەخشەو شوێنەكەشی بۆ دیاریكراوە.

هاوكار قادر‌ 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket