riklam

وەزیری خوێندنی باڵا:ریزبەندی زانكۆكانی كوردستان رادەگەیەنین

کوردستان 07:47 PM - 2015-05-09
كێشەكانی خۆمان دەستنیشان دەكەین و چارەیان دەكەین

كێشەكانی خۆمان دەستنیشان دەكەین و چارەیان دەكەین

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەمیانەی وتارێكیدا پەنجەی خستەسەر كێشەی زانكۆكان و لەوبارەیەوە وتی: وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هاوشێوەی وەزارەت و دەزگاو دامەزراوەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كێشەی هەیە، كێشەكانی ئێمە كێشەی بونیادیین، لەسەر ئاستی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم كێشەمان هەیە، لەگەڵ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و بازاری كار ئاستی پەیوەندییەكانمان وەك پێویست نیە.

وتیشی: بەهەمان شێوە لەپەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆمەڵگە زانكۆكان پێویستییان بەڕیفۆرم هەیە‌، بەڵام ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە وەزارەت و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم جیا دەكاتەوە ئەوەیە كە ئێمە سەرەتا كێشەكانی خۆمان دەستنیشان دەكەین و چارەیان دەكەین، دواتر قسە لەسەر كێشەكانی كۆمەڵگە دەكەین.
ئەو راگەیاندنەی د.یوسف گۆران لە میانەی وتارێكیدا هات كە لە كۆنفرانسی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و فاكەڵتی ئەندازیاری زانكۆی پێشكەشی كرد.

لەو كۆنفرانسەدا كە ئەمڕۆ 2015/5/9 بەناونیشانی (بەرەو تەكنیكی نوێ بۆ ئاوەدانكردنەوەو هەماهەنگیی لە نێوان كەرتی گشتی و تایبەت) لە هۆڵی كۆبونەوەكانی فاكەڵتی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی دەستیپێكرد، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەگرنگیەوە ئاماژەی بە كۆنفرانسەكە كرد بۆ ئەوەی پردێكی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و كەرتی تایبەت دروست بكرێت و هونەری ئاوەدانكردنەوە پەرەی زیاتر پێبدەن.
 د.یوسف گۆران ڕاشگەیاند: زانكۆكان مەڵبەندێكی گرنگ و گەورەی زانستی كۆمەڵگەن، جۆرەها هونەری تێیدایە، بۆیە ئێمەش خوازیارین هونەرەكانی خۆمان پێشكەش بەسێكتەرە جیاكانی كۆمەڵگەمان بكەین، بەو هۆیەشەوە دەتوانین پڕۆژەكان بە كواڵتی باشتر جێبەجێ بكرێن.

هەر لەوتەكەیدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی راگەیاند: كەرتی تایبەت دەتوانێت زیاتر لە جاران سود لەتوانای زانكۆكان و كادیرەكانی وەربگرێت، وتیشی: هەرچەندە تاڕادەیەك سود لە دەرچوانی زانكۆكان وەرگیراوە، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نیەو دەبێت باشتر بكرێت، روو لە كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكان و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە

ئەوەشی رونكردەوە: بەگوێگرتن لەیەكتری لەڕێگەی كۆڕو كۆنفرانس و وۆرك شۆپی هاوشێوە دەتوانین پڕۆگرامەكانی خوێندن دابڕێژینەوە، بەشێوەیەك  بەشەكانی زانكۆ ڕەنگدانەوەی پێداویستییەكانی كۆمەڵگە بێت.

هەر لە وتارەكەیدا د.یوسف گۆران ئاماژەی سەنتەرەكانی هەلی كار كردو وتی: ئێمە لە ماوەی رابردودا لە ئەنجومەنی وەزارەت بڕیاری دامەزراندنی سەنتەری هەلی كارمان لەسەرجەم زانكۆكاندا، گرنگی ئەو سەنتەرانە لەوەدایە كە دەتوانن ببنە پردی پەیوەندی لەنێوان زانكۆكان و كۆمپانیاكان و كەرتی تایبەت بەگشتی، بۆیە ئومێدی ئەوە دەكەین لەڕێگەی ئەو سەنتەرانەوە زیاتر بەشەكان و پڕۆگرامەكانی خوێندن ببەستینەوە بەبازاڕی كارو دەرفەتی زیاتریش بۆ دەرچوانی زانكۆكان بڕەخسێت و، لەجاران زیاتر سود لەتوانای كادیرە ناوخۆییەكان  بۆ سێكتەرە جیاكان وەربگیرێت.

وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشێكی دیكەی وتەكەی تەرخان كرد بۆ گرنگی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان، لەو چوارچێوەیەشدا وتی: بەسود وەرگرتن لەپێوەرە جیهانیەكان پڕۆژەی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكانمان ئامادەكردو، لەمانگی ئەیلول بەخۆشحاڵیەوە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ریزبەندی زانكۆكانی كوردستان رادەگەیەنین، وتیشی: گرنگی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە كە ئاستی زانستی زانكۆكانی كوردستان بەرز دەكاتەوە، لەهەمان كاتدا كێبڕكێیەكی زانستی و ئەكادیمی لە نێوان زانكۆكان دروستدەبێت، ئەوە جگە لەوەی كە زانكۆكان ئاشنا دەبن بەپێوەر نوێیەكانی ئاستی زانكۆكان، كە بەهۆیانەوە رانكی زانكۆكانی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەبێتەوە، ئەوەشی راگەیاند: مایەی خۆشحاڵیە كە بۆردی خوێندنی باڵاو پەروەردە لەئەنجومەنی وەزیران پشتگیری خۆیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانكۆكان دوپات كردۆتەوە، ئەوەش خزمەتكردنێكی دیكە بەزانكۆكانی كوردستان، كە لەڕێگەوە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر كۆمەڵگەو بەرەوپێشبردنی سێكتەرە جیاكان.

سەبارەت بەهەڵویستی وەزارەت بۆ ئەو زانكۆ تایبەتیانەی كە لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەیە، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی راگەیاند: لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چەند زانكۆیەك هەیە، كواڵتی خوێندن لەو زانكۆیانە وەك پێویست نیەو دورن لەو پێوەرە زانستیانەی كە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پەێڕەو دەكرێت، بۆیە ئێمە هەڵویستەكەمان نەگۆڕەو مامەڵەیان لەگەڵ ناكەین، چونكە وەك وەزارەت تێبینیمان لەسەر شێوازی وەرگرتن، نمرەی وەرگرتن، شێواز و جۆری دەوامكردن، پڕۆگرامەكانی خوێندن و مامۆستاكانیان هەیە، بۆیە دوپاتی دەكەینەوە كە ئێمە مامەڵە لەگەڵ زانكۆیەك ناكەین كە ئاستی زانستی شایەنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نەبێت، بۆیە وەك وەزارەت بڕیار ئەوەیە كە هەمان پێوەری زانستیەكە لەزانكۆكانی هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكەین، بەهەمان شێوە بەسەر ئەو زانكۆیانەش پەیڕەوی بكەین، هەر كاتێكیش ئەو زانكۆیانە توانیانە رێنماییەكانی وەزارەتەكەمان جێبەجێ بكەن و كێشەكانیان چارە بكەن، ئەو كات بڕێارێكی دیكەمان دەبێت.

لە كۆتایی وتەكەشیدا هیوای سەركەوتنی بۆ كار و ئامانجی كۆنفرانسەكە خواست و، هیوای خواست كۆنفرانسەكە سەرەتایەك بێت بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكان و دروستكردنی پردی پەیوەندی لە نێوان زانكۆكان وسێكتەرە جیاكان.

لەبەشێكی دیكە  كۆنفرانسەكەدا كە نوێنەری وەزیری ئاوەدانكردنەوە نیشتەجێكردن و سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و ژمارەیەك لەسەرۆك زانكۆكان و مامۆستیان و خوێندكارانی كۆلێژی ئەندازیاری ئامادەیبون چەند وتارێكی دیكە پێشكەش كران.
كۆنفرانسەكە ماوەی دوو رۆژ بەردەوامدەبێت و تێیدا بەپێشكەشكردنی چەند سمینارێكی زانستی و كردنەوەی پیشانگەیەك باس لەتەكنیكە نوێییەكانی ئاوەدانكردنەوەو هەماهەنگی نێوان كەرتی تایبەت و گشتی دەكرێت.

PUKmedia

 

384616952015_8814.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket