riklam

حەیدەر شەشۆ: وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی هێزەكەمانی نەدایەوە

چاوپێکەوتن 09:31 PM - 2015-04-25
ئەوەی بەرانبەرم كرا نایاسایی بوو

ئەوەی بەرانبەرم كرا نایاسایی بوو

حەیدەر شەشۆ كە ئێستا بەسەردانێك لەوڵاتی ئەڵمانیایە باس لەوە دەكات سەردانەكەی بۆ ئەڵمانیا سەردان و هەندێك دیدارە لەچوارچێوەی چالاكیەكانی رەوەندی ئێزدییەكاندا لەخۆدەگرێت، مەبەستیش بەدەستهێنانی پشتیوانیە بۆ خەڵكی زوڵملێكراوی شەنگال، باس لەوەش دەكات ئەوان پێشتر داوایانكردووە هێزی پاراستنی شەنگال بخرێتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە، ئەو بڕیارەشی كە دراوە پێشوازی لێدەكات، ئاڵای كوردستانیش بەئاڵا پیرۆزی هەموو كوردستان دەزانێت و هەڵكردنی ئاڵای ئێزدخانیش وەك هێمای موقەدەسی ئاینی ئێزدی هاوشێوەی ئاڵاو لۆگۆی حزب و لایەنە سیاسی و پێكهاتەكانی تر بەمافێكی رەوای خۆیان دەزانن و سازشی لەسەر ناكەن.

داوای كۆپی بڕیاری دەستگیركردنم كرد، وتیان گرنگ نیە
حەیدەر شەشۆ پێیوایە ئەو ماددەیەی كە ئەوی لەسەر دەستگیركرا ماددەیەكی بەسەرچووی رژێمی روخاوی سەدام بووەو ماددەیەكی لەوجۆرە دوای پرۆسەی ئازادی عیراق بونی نەماوەو ئەگەر واشبێ خۆ ئەو پەیوەندی بەوڵاتێكی دراوسێوە نەكردوەو گرتنەكەشی نایاسایی بووەو لەڕاستیدا سیاسی بووە،  چونكە وەك خۆی دەڵێت: من كادرێكی یەكێتیم و لەسەر ئەو ئەساسەش مامەڵەم لەگەڵدا كراوە، هیچ فەرمانێكی گرتنی یاساییش بەرامبەرم نەبووەو داوای كۆپیەكی ئەو بڕیارەشمكرد، وتیان ئەوە گرنگ نیە، لەكاتێكدا هەموو تۆمەتبارێك مافی خۆیەتی كە فەرمانی دەستگیركردنەكەی پیشان بدەن.

حەیدەر شەشۆ باس لەوە دەكات ئەو لەشەنگال وەك ئێزدی كاری كردووە بۆ ئێزدیان و هێزی پاراستنی شەنگالیش لەسەدا پەنجای لەوانە پێكهاتووە كەتا ٣/٨/٢٠١٤ پارتی بوون،ئەو دەڵێ بە بەرپرسێكی باڵای پارتیم وتووە ئەگەر وەزیری ئێوەش بومایە دوای ٣/٨ وازم لێدەهێنان..!!
 سەبارەت بەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەی دهۆك دوای ئازادكردنی رونیكردەوە بەر لەئازدكردن زۆر هەوڵیاندا بەشێوەیەك قسە بكەم كەئەوان دەیانەوێ، بەڵام سازشم لەسەر هیچ نەكردووەو ئەگەر كوردی رەسەنین و بەرگری لەشەرەف و كەرامەتی خۆمان دەكەین بۆ دەبێ لەبری دەستخۆشی فشارمان بخرێتە سەر بۆ ئەوەی ملكەچ كەین، لەكاتێكدا كە ئێمە ماینەوە بۆ بەرگری لەشەنگال و ئێزدیەكان، وردەكاری زیاترو گرنگ لەم دیدارەدا بخوێنەوە:

لەچەند رۆژی رابردودا حەیدەر شەشۆ بەرپرسی هێزەكانی پاراستنی شەنگال و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیاو لەفڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دوسڵدۆرف لەلایەن ژمارەیەك لەچالاكوانانی گەنجانی ئێزدی بەئاڵای ئێزیدخان كە لۆگۆی پیرۆزی ئاینی ئێزدی و هێزەكانی پاراستنی شەنگالە بەگەرمی پێشوازی لێكرا، دوای گەیشتنی بەئەڵمانی،  لەبەدواداچونێكی رۆژنامەنوسی PUKmediaدا سەبارەت بەئاماج و ئەجێندای سەردانەكەی ئەم چاوپێكەوتنەمان لەگەڵ ئەنجامدا.

ئەوەی بەرانبەرم كرا نایاسایی بوو
PUKmedia: تاچەند ئەم سەردانە پەیوەندی بەئازادكردنەوەكەتەوە هەیە،چونكە پێشتر زانیبومان لەڕێگەی خانەوادەكەتانەوە بەر لەئازدكردنت پەیوەندی كرابوو ئەو پێشنیارەیان ناڕاستەوخۆ خستبووە بەردەم باوكت كە ئازادت دەكەن بەرامبەر بەوەی كوردستان بەجێ بهێڵیت و بگەڕێیتەوە ئەڵمانیاو واز لەهێزی پاراستنی شەنگال بێنی، ئەگەر نا ئامانج لەسەردانەكەتان چییە؟
حەیدەر شەشۆ: جارێ یەكەم من خێزان و بەشێكی زۆر لەخانەوادەكەم لەئەڵمانیا دەژین و مافی ئەوەم هەیە سەردانیان بكەم، سەردانەكەم هیچ پەیوەندیەكی نیە بەئازادكردنمەوە من لە١٠/٤ واتە بەر لە دەستگیركردنم بلیتی فڕۆكەم بڕیبوو، بڕیاربوو بگەمە ئەڵمانیا بۆ ئەو سەفەرە بەرنامەیەكی پێشوەختم هەبوو كە رەوەندی ئێزدی چالاك لەئەڵمانیاو هەندیك وڵاتی تری ئەوروپی بۆیان رێكخستبووم وەك بەشێك لەچالاكیەكانی ئەوان..بۆنمونە من دیدارم لەگەڵ بەرپرسانی ئەڵمانی و بەرپرسانی دانیماركیدا هەبوو كە من نەمتوانی ئامادەبم و دووجاریش دیدارم لەگەڵ دانیماركیەكان دوامانخست رەنگە لەكاتیكی دیاریكراوی تردا ئەودیدارە ئەنجام بدەم..هەروەها بڕیاروایە سەردانی كاربەدەستانی كاروباری دەرەوەی سوید بكەین وكاتی دیاریكراویان بۆئەو دیدارە بەكراوەیی بۆبەجێ هێشتووین..ئەم چاوپێكەوتنانەش وەك وتم لەلایەن رەوەندی چالاكی ئێزدیانەوە دوای كارەساتی شەنگال كاری لەسەركراوە تاكۆمەڵگەی ئەوروپی بەخەم و ئازارەكانی ئێزدیان باشتر ئاشنابن وپشتیوانی بۆ پەیدابكەن هەروەكو چۆن زانیمان دوای كارەساتی شەنگال لەدەرەوەی وڵات بەخۆپیشاندان رەوەندی كوردستانی چ رۆڵێكیان بینی، ئەوە بەشێكە لەئامانجی سەردانەكەم. دوپاتی دەكەمەوە بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەهیچ مەرجێكی ئازادكردنمەوە نیەو ئەوەی بەرانبەرم كرا نایاسایی بوو.

بەشێكی تری سەردانەكەشم ئەوەیە كەدەمەوێ بەكەسوكارو خزمان و رەوەندی ئێزدی شادبمەوەو لەنزیكەوە خەڵكی خۆمان ببینین و سوپاسیان بكەم بۆ هەڵوێستی جوامێرانەیان لەناڕەزایی خۆپیشاندان و خۆڕاگری و پشتیوانیاندا بۆ ئازادكردنم.، سوپاسی تایبەتیم هەیە بۆ هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەزۆر هۆشیارانەو هەستیارانە مامەڵەیان لەگەڵ پرسەكەدا كرد، بەهەمان شێوە بۆ راگەیاندنەكانی، هەروەها دەمەوێ سوپاسی گەرمی ئەڵمانیا بكەم بۆ داكۆكیكردن و مامەڵەی یاسایی و دبلۆماسیانە لەگەڵ ئەو پرسەدا، سوپاسی هەموو ئەوانە بكەم كە فشاریان دروستكرد بۆ ئازادكردنم..

پێشتر بۆ چونی هێزەكەمان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامیان نەدەداینەوە

PUKmedia: یەكێكی تر لەو مەرجانەی تر كە بۆ ئازادكرنت لەهەندێك میدیاوە باسی لێوەدەكرا ئەوەبوو كەحەیدەر شەشۆ دەبێ دەستبەرداری هێزەكانی پاراستنی شەنگال بێت، ئەمە لەكاتێكدا كەخۆتان بەر لەدەستگیركردنتان راتانگەیاند كە هێزەكانی پاراستنی شەنگال داوایان لەسەرۆكی هەرێم و پەرلەمان و وەزارەتی پێشمەرگە كردووە بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە، ئێستا دوای ئازادكردنت باس لەوەدەكرێ كە ئەو هێزە دەچێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە وەك لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەشدا خۆتان باستان كرد؟

حەیدەر شەشۆ: چونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە داوایەك بوو كەپێشوەخت ئێمە كردبومان و وەڵامیان نە دەداینەوە، ئێستا خۆشحاڵم بەبڕیارێكی لەوجۆرە، ئێمە دەستبەرداری هێزەكانی پاراستنی شەنگال نابین، بەپێی ئەو بڕیارە هێزەكانی پاراستنی شەنگال بە بەشێك لەهێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دادەنرێ، چونكە شەنگال بەشێكی زیندوی خاكی كوردستانەو خۆمانی لەپێناودا بەخت دەكەین، ئێمە لەكاتێكدا ئەو هێزانەمان پێكهێنا كەهێزی تر هەبوون بەجێیان هێشتین و  بوونە مایەی مەرگەسات و ماڵوێرانی وجینۆسایدو بەدیلگرتنی هەزاران لەژن و منداڵ وخەڵكی سڤیلی ئێزدیان،  ئا لەو كاتەدا ئێمە روبەڕووی هێزی تاریكی و ئەو مەترسیانە بوینەوەو ئەو ناوچانەمان بەخوێنی خۆمان پاراست كە بەدەستمانەوە مابوون، دەبێ هەموو لایەكیش تێگەیشتنی هەبێ كە ئێزدیەكان چەند بەتەنیا بەجێهیڵران و ئەوهێزانەی كە هاوكاریشمان بوون رێگە نەدەدرا وەك پێویست یارمەتیەكانیانمان بەدەست بگات.

ئەوەی كردومانە رێگاچارەیەك بوو بۆ بەرگری لەخۆكردن
باشە داعش بمان كوژێ كەس نەمانپارێزێ هەزارانمان لەشاخ بێ ،هەزارانمان كەوتبێتە بەردەستی داعش دەبێ ئێمە چی بكەین..!! ئەوەی كەكردومانە رێگاچارەیەك بوو بۆبەرگری لەخۆكردن وەك چۆن لەمێژوودا لەبەرامبەر چەندین زوڵمدا خۆمان راگرتووە، بۆیە ئێمە یان بۆ شەهید بوونین یان بۆ بەردەوامی و بەرگری لەشەنگالی كوردستانی و ئاڵای كوردستان و ئاڵای ئێزیدخانی موقەدەسی ئێزدیانین.

كەس ناتوانێ راستییەكان چەواشەبكات و موزایەدەمان بەسەردا بكات

PUKmedia : بەڵام لەشاری دهۆك لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا ئەو مانایە گەیشتە بینەران كە ئێوە تەنازولتان لەو هێزەو ئاڵاكەتان كردووە؟

حەیدەر شەشۆ: ئاڵای كوردستان لەسەرو هەموو شتێكەوەیەو ئاڵای هەموو كوردستانە كەس ناتوانێ ئەو راستیانە چەواشە بكات و موزایەدەمان بەسەردا بكات و لەپێناوی ئەو ئاڵایەدا بەدرێژایی مێژووی نزیك خوێنمان بەخشیووە بەئێستاشەوە، ئاڵای ئێزیدخانیش ئاڵای ئاینی پیرۆزی ئێزدیانەو وەك هەر حزب و لایەن و ئاین و ئاینزایەكی تر ئێزدیەكانیش هەقی خۆیانە هێما پیرۆزیەكانی خۆیان بپارێزن و رێزی لێبگرن ئەمەش وایكردووە كە بكرێتە هێمای هێزەكانی پاراستنی گەل، بەڵام وەك وتم ئاڵای هەموومان، هەموو كوردو خەڵكی كوردستان ئاڵای شەكاوەی كوردستانە، هەقە واقعیانە سەیری ئەم پرسە بكرێ.

سەبارەت بەوەی لەكۆنگرە رۆژنامەنوسیەكەدا وتومە دیارە هەموو قسەكانم نەبووە چەند وشەیەكی مۆنتاژكراو لەقسەكانم بەسودی ئەو كەناڵێك لێدراوە، تەنانەت باوكم كەوتبووە گومانەوە كەسازشم كردبێ كەهاتمە ئەڵمانیا سوێندم بۆ خوارد كەسازشم لەسەر هیچ شتێك نەكردووە، چونكە خۆمان بەخاوەن هەق دەزانین و قوربانیمان بۆ داوە، حەز دەكەم هەندێك راستی هەیە بۆتانی باس بكەم، بەر لەئازادكردنم لەزیندان پێنج شەش رۆژ لەگفتوگۆیەكی گەرمدا بوون لەگەڵمدا كەچۆن لەبەردەم میكرۆفۆنی كەناڵەكاندا قسە بكەم موناقەشەی ئەوەم لەگەڵ دەكرا كە دەبێ بڵێم ئەو هێزە نەماوە، واتە هێزی پاراستنی شەنگال، دەبێ تەنازول لەو ئاڵایە بكەین..!! بەڕاشكاوی پێم وتن مەحاڵە تەنازول لەو ئاڵایەو لەوهێزە بكەین، وتم ئەگەر ئێمە كوردی ڕەسەنین بۆ دەتانەوێ دەستبەرداری هێزێك بین كەشەرەف و كەرامەتی خۆی دەپارێزێ، ئەوەی من وتومە ئەو هێزە دەخرێتە چوارچێوەی هێزەكانی پێشمەرگەوە، ئاڵای كوردستان ئاڵای هەمومانە، ئەمە مانای ئەوە نیە دەستبەرداری پیرۆزیەكانی خۆمان بین، كە هیچ ئێزدیەك قبوڵی ناكات، چونكە وەك وتم هێمای پیرۆزی ئاینەكەمانە.

پێموتن مەمنونم لەشەنگال هێزێك لەئێزدیەكان دروستبكرێ لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەبێ

PUKmedia : باشە بەر لەدەستگیركردنەكەت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم رازی نەبوو كە هێزی پاراستنی شەنگال بچێتە ژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگەوە، ئایا هیج مەرجێك هەبوو یان بیانویەكی بابەتی هەبوو؟

ەیدەر شەشۆ: حەز دەكەم راستیەك هەیە باسی بكەم، كاك مەسرور بۆ خۆی پێی وتین كە ئەوان ٤٨٠٠ كەسی ئێزدیان وەك ئێزدی لەخەڵكی شەنگال قبوڵكردووە..!!پێی وتم ئەگەر تۆ بتەوێ و رازی بیت بەناوی هێزی پێشمەرگەوە ببیتە بەرپرسیان نەك وەك هێزی پاراستنی شەنگال، واتە ئەو هێزانەی سەر بەوانە، منیش وتم مەمنون دەبم لەشەنگال هێزێكی وا لەئێزدیەكان دروستبكرێ لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەبێ، ئەوسا نەك بەرپرس من شانازی دەكەم پێشمەرگەیەك بم، كاك مەسروریش پێی وتم لەنێوان ئێمەو تۆدا  بۆ شایی هەیە..!!! منیش وتم دەبێ ئازادبین هەریەكەو لەحزبی خۆی، من ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیم، وتم من ئەگەر یەكێتیش نەبم، نابم بەپارتی..!!وتی ئەمە مانای چی؟ وتم راستی من ئەگەر وەزیرێك بومایە لەسەر لیستی ئێوە دوای ٣/٨/٢٠١٤ وازم دەهێنا، چونكە ئەو هێزانە دەوری خۆیان نەبینی و بوونە هۆكارێكی ئاشكرا بۆ ئەو مەرگەساتەی كە بەسەر ئێزدییەكاندا هات..!! پێشم وت من لەسكرتاریەتی ئەنجومەن وەك ئەندامی شەنگال كاردەكەم و لێرەش كە بڕیاری دروستكردنی ئەو هێزەماندا بۆ بەرگری لەخەڵكانی سڤیلی ئێزدی لەشەنگال بەبرادەرانی خۆشم وتووە كە من كاری ئەنجومەن ناكەم لەشەنگال، وەك ئێزدی كاردەكەم بۆ ئێزدیان بۆ كورد بۆ كوردستان، هۆكارەكەشی ئەوەبوو ئێمە ئەگەر وەك حزبێكی دیاریكراو كارمان بكردبایە رەنگە نەمانتوانیبایە ئەو سەركەوتنانە بەدەستبێنین كەخەڵكی ناوچەكە دەزانن دوای ٣/٨  چ دەورێكمان بینی لەگەڵ هەندێك لایەنی تر.
 
بێگومان ئێزدییەكان هەموو كەوتنەبەر شاڵاوی كۆمەڵكوژی و زوڵم و دەستگیركردن بەبێ جیاوازی،  بۆیە دەبوایە پێكەوە كار بۆ هێزو بەرگریەكی وا بكەین، پێموتن بۆ زانیاریتان دوای ٣/٨ ئەوەی لەو هێزەدا واتە هێزی پاراستنی شەنگالدا خۆی بینیەوە ٥٠%ی پێشتر پارتی بوون، ٢٠% یەكێتی و ٣٠% بێلایەنن و ئەوەش راستیەكە كەپارتی نەیدەهێشت یارمەتیمان پێبگات، هیوادارم پارتی تێگەیشتنی بۆ هەقیقەتی ئەو هێزە هەبوبێت.

ئەو مادەی پێی دەستگیركران لەسەردەمی رژێمدا بۆ ئەوانە بوو كەتۆمەتی پەیوەندی بەوڵاتێكی دراوسێوە دەخرێتە پاڵیان

PUKmedia: لەدەستگیركردنەكەدا وانیشاندرا كەبەفەرمانی دادوەر بووەو ئەو مادەیەش كە پیی دەستگیركراویت تایبەت بووە بەوانەی كەپەیوەندی دەكەن بەوڵاتێكی تر یان دراوسێ وە،لەهەمانكاتا بەتۆمەتی حەشدی شەعبی تۆمەتباریان كردیت؟

حەیدەر شەشۆ: تۆمەتەكانی پارتی شتێكەو راستیەكان شتیكی ترە، بەماددەی ١٥٦ كە ماددەیەكە لەدوای روخانی رژێمی سەدامەوە ئەو مادەیە نەماوە تۆمەتباركرام، ئەو ماددەیە لەسەردەمی سەدامدا بۆ ئەوانەبوو كەتۆمەتی پەیوەندی بەوڵاتێكی دراوسێوە دەخرێتە پاڵیان، جارێ ئێمە لەعیراقداین و یەك وڵاتەو هەرێمی كوردستانیش هەر لەوچوارچێوەیەدایەو ناوچەی شەنگال وەك ناوچەكانی خانەقین و كەركوك و مەندەلی و بەدرەو جەسان خاكی كوردستانەو لەچوارچێوەی ماددەی ١٤٠دایەو كێشە لەسەرە، بەڵێ شەنگال ناوچەیەكی كوردستانیەو كوردی رەسەن(ئێزدیەكان)ی لەسەر نیشتەجێن و لەسایەی ئاڵای كوردستاندا لانكەی پیرۆزیەكانی ئاین و بڕوامانە.

وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامیان نەداینەوە
دوبارەی دەكەمەوە ئێمە بەر لەهەرشتێك پەیوەندیمان بەوەزارەتی پێشمەرگەوە كردووە، بەڵام وەڵامیان نەبووە، ئێمە ئێزدین، ئێمە حەشدی شەعبی نین، دوای ئەوەی كە نائومێدبووین و بڕیاری شەڕی مان و نەمانیشماندا كەخاكی خۆمان جێنەهێڵین عیراق هاریكاری كردووین، هاوكاریمان پێ گەیشتووە بەبێ ئەوەی حەشدی شەعبی بوبین و لەو سنورەش تێپەڕی نەكردووە، رەنگە ئەوان رێگەیەك بوو بێت بۆ گەیشتنی ئەو یارمەتیانە، چەندینجار لەم بارەیەوە لەزیندان قسەم لەگەڵ كردون، پاشان ئێمە لەوڵاتێكداین و لەناوچەی ماددەی ١٤٠داین لەناوچەكانی ماددەی ١٤٠ حەشدی شەعبی لەهەندێك ناوچە هەبوون وهاوكاری پێشمەرگەش بوون، خۆ پەنابردنی ئێمە بۆ عیراق پەنابردن نەبووە بۆ وڵاتێكی دراوسێ و تاوان نیە، ئەگەر تاوانە بەكام یاسا..؟! ئەگەر ئەوە تاوان و عەیب بێ دەبێ بۆ خەڵكی تریش پەنابردن بۆ بەغدا عەیب بێ كە هەندێكجار بەكارەسات كەوتۆتەوە، ئەی ئەوانە دەبێ بە چ ماددەیەك موحاسەبە بكرێن.

دادوەر نەچوە ژێر باری ئەوەی فەرمانی گرتنم بوونی هەبێ

PUKmedia
: باشە چۆن بەمادەیەك دەگیرێیت كەبونی نەمابێ؟

-حەیدەر شەشۆ: كە بردیانم بۆ دادگا جەنابی دادوەر وتی تۆ بەمادەی ١٥٦ گیراویت،  منیش بەجەنابی دادوەرم وت دەمەوێ وێنەیەك لەفەرمانی گرتنەكەم پێ بدەیت، چەند جارێك داوام لێكرد نەچووە ژێر ئەوەی كە فەرمانێكی لەوجۆرە هەبێ و وتی ئەوە گرنگ نیە، دیارە هەموو تۆمەتبارێك لەڕووی یاساییەوە مافی خۆیەتی داوای فەرمانی گرتنەكەی بكات تا دڵنیابێ كە بەفەرمانی دادوەر بەفڵان ماددە گیراوە، دواجار جەنابی دادوەر پێیوتم ئەو مافەمان داوە بەئاسایش كاتێ مەترسیەك لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەبێ بەكاری واهەستێ، وتم من بەماددەی ١٥٦ گیراوم ماددەی وابوونی نەماوە ئەگەر هەیە من ئامادەم، بەڵام پرسی من پرسێكی سیاسی بوو، بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی بەلایەنی قانونیەوە نەبوو، نەشیانتوانی كار لەسەر ماددەی وابكەن، خۆ ئەگەر ماددەی واش بونی هەبێ وەك پێشتر وتم خۆ من پەیوەندیم بەوڵاتێكی دراوسێوە نەكردوە پرسیارەكەش ئەوەیە ئێمە كە ماوینەتەوەو پارێزگاریمان لەئیزدیان كردووەو شەڕی داعشمان كردووەو خۆمان راگرتووە، مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی، راستیەكەی ئەوەیە من كادرێكی یەكێتیم لەسەر ئەو بنەمایە مامەڵەم لەگەڵدا كراوە نەك لەسەر شتی تر، كە بەبڕوای من كارێكی خراپیان كرد پێش هەموو شتێك بۆ خۆیان باش نەبوو، چونكە ئەگەر نیگەرانیەكیان هەبووە زۆر رێگای تر هەبوو بیانگرتبایەتەبەر،  بەتایبەتی نەدەبوو پرەنسیپەكانی هاوپەیمانی تێدا بشكێنن، چونكە من ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیم، هێزەكەشمان هێزێكی حزبی نەبووە.

PUKmedia شەهاب عوسمان- ئەڵمانیا

 

 

2230182542015_24 (1).jpg

3130182542015_24 (2).jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket