riklam

ئەنجومەنی ناوەندی:دەستور هەمواربكرێتەوەو سیستمی پەرلەمانی بچەسپێنرێت

ی.ن.ک‌‌ 06:32 PM - 2015-04-19
گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەسەر هەمواركردنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان سیستمی سەرۆكایەتی هەرێم راگەیاندو داوا دەكات سازان لەسەر هەمواركردنی رەشنوسی دەستوری هەرێم بكرێت و سیستمی پەرلەمانی بەتەواوی لەپرۆژەی دەستوری هەرێمدا بچەسپێنرێت، هەروەها گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ماددەو بڕگەكانی تری پرۆژەكە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی.

ئەنجومەنی ناوەندی داوای جێگیركردنی سیستمی پەرلەمانی دەكات
هەمواركردنەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێم و چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی لەپرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانداو گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ماددەو بڕگەكانی تری پرۆژەكە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی، ئەمانە رای رەسمی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو لەكۆبوونەوەی ژمارە ٦٥ ی ئەمڕۆ ٢٠١٥/٤/١٩ خولی دووەمی ئەنجومەنی ناوەندی كە بەمیوانداری سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتایی كۆبونەوەكە بەساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی هەڤاڵی نەمر ئاوات عەبدولغەفورو سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەستیپێكرد، دواتر عادل موراد سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی بەناوی ئەنجومەنی ناوەندییەوە بەخێرهاتنی سەعدی پیرەی كرد.
دواتر سكرتێری ئەنجومەن تیشكی خستەسەر دواین پێشهاتەكانی عیراق و كوردستان و ناوچەكە، باسی لەدەستگیركردنی حەیدەر شەشۆ ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی كردو وتی: هەفتەی پێشوو حەیدەر شەشۆ ئازاد بوو، كە بەناحەق گیرابوو، ئەگەر تاوانێكی كردبوو بۆ ئازاد دەكرێت، دیارە كە خەباتی بۆ شەنگالییەكان كردوەو لەگەڵ هەڤاڵانیدا لەسەنگەری پێشەوەبوون دژی داعش.

عادل موراد لەباسی دەستورو سەرۆكایەتی هەرێم تیشكی خستەسەر ئەوەی دەبێت دەستوری هەرێم هەمواربكرێتەوەو سازان بكرێت لەسەری و لەناو پەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت.
هەر سەبارەت بەهەرێمی كوردستان سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی وتی: هەرێمی كوردستان كێشەی زۆرە لەوانە قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆریستانی داعش و پەیوەندنی نێوان هەرێم و بەغداو ... هتد، چارەسەركردنی ئەم كێشانە هەروا ئاسان نیە، دەبێت ئیمە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین هۆكاری ئەم كێشانە كێن و چارەسەرەكانی چین.

عادل موراد باسی لەوەشكرد كە لەهەندێ ماڵپەڕو تۆڕی كۆمەڵایەتی بەناوی ئەنجومەن و سكرتێری ئەنجومەنەوە قسەو هەڵوێست بڵاودەكرێتەوە، رایگەیاند: كە جگە لە ماڵپەڕی ئەنجومەنی ناوەندی و پەیجی فەیسبوكی رەسمی خۆی هەموو ئەو لێدوانانەی بڵاوبۆتەوە پەیوەندی بەئەنجومەن و سكرتێرەكەیەوە نیە.
دواتر سەعدی پیرە رۆڵی ئەنجومەنی ناوەندی لەپرسە گرنگ و چارەنوسسازەكاندا بەرز هەڵسەنگاندو وتی: ئەگەر لەهەندێ شوێن رەخنەتان لێگیرا ئەوە بزانن مەدالیای شەرەفە بۆ ئێوە.

سەعدی پیرە لەباسی شۆڕشگێڕی پێشمەرگەدا وتی: لە هەندێ لەدیدارەكانمدا وەك لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان، لەگەڵ لایەنە بیانییەكان زۆریان باس لە قارەمانی پێشمەرگە دەكەن و دەڵێن دەبێت كتێبەكان جارێكی تر بنوسرێنەوەو ناوی ئەم قارەمانەنەی تێدابێت.

لە باسی پەیوەندییە جیهانییەكانداو دەوری كورد لە ئێستا لەپەیوەندییە جیهانییەكان دەورێكی كاریگەری هەیەو وتی: مام جەلال مامۆستامان بوو لەپەیوەندییەكاندا لەگەڵ هەموو لایەنەكان، لەزۆر وڵاتی جیهان نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، وتی: پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی بەرامبەر بەهێزو لایەنە سیاسییەكانی پارچەكانی كوردستان سەركەوتنی بەدەستهێناوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەن ئاماژەیان بەوەدا كە پشكی یەكێتی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستادا بە بەراود لەگەڵ قورسایی و پێگەو سەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زۆر كەمەو داواكرا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، بەشێوەیەك كە وەزارەتێك لەجیاتی فەرمانگەی پەیوەندییەكان دروستبكرێت بەناوی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندییەكانی دەرەوە كە پارسەنگی سیاسی هەموو لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێمی تیادا رەچاوبكرێت.

دواترو لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا نوسراوی دواهەڵوێستی ئەنجومەنی ناوەندی خوێندرایەوە سەبارەت بەپرسی دەستورو سەرۆكایەتی هەرێم كە پێكهاتبوو لە سێ خاڵ، بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن، رای ئەنجومەنی ناوەندی پەسەندكراو بەڕەسمیش نێردراوە بۆ هەریەك لەجێگرانی سكرتێری گشتی و بەرپرس و ئەندامانی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سێ خاڵەكەش بریتیبوو لە:

١- هەمواركردنی رەشنووسی دەستوری هەرێم و سازان لەسەری.
٢- چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی تەواوەتی لەپرۆژەی دەستوری هەرێمدا.
٣- گونجاندنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ماددەو بڕگەكانی تری پرۆژەكە لەگەڵ سیستمی پەرلەمانی.

پاشان و لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەڵسەنگاندن و پەسەندكردنی هەردوو (عەبدوڵڵا هەمزە، سامان سنجاوی) كە لەلایەن ئۆرگانەكانیانەوە پاڵێوراون بۆ ئەندام مەكتەب، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر كەسێك ببێتە ئەندام مەكتەب دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسەند بكرێت.

دوا تەوەری كۆبوونەوەكەوە باسكردن و هەڵسەنگاندنی مەراسیمی چلەی نەمر ئاوات عەبدولغەفور ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی بوو، كە هەر هەمان رۆژ چلەی ئەم سەركردە قارەمانە بوو.

PUKmedia

 

 

 

5034151942015_03.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket