riklam

چەند بڕیارێكی گرنگ لەبەرژەوەندی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵاو پەروەردە درا

کوردستان 05:45 PM - 2015-04-19
مانگی داهاتوو كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی ده‌به‌سترێت

مانگی داهاتوو كۆنفرانسی په‌روه‌رده‌یی ده‌به‌سترێت

ئەمڕۆ 2015/4/19  بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی بەست.

لەكۆبوونەوەكەدا راپۆرتی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵاو پەروەردە لەبارەی رەوشی پەروەردەو خوێندنی باڵاوە خرایەڕوو و دواتر كارنامەی كۆبوونەوەكە گفتوگۆو تاووتوێكراو چەند بڕیارێك سەبارەت بەخوێندنی باڵاو پەروەردە دران.

سەبارەت بەخوێندنی باڵا، باس لەگرنگی دەستنیشانكردنی ئەولەویەتی پێداویستییەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت لەكاتی داڕشتنی پلانی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی دبلۆم و ماستەرو دكتۆرا كراو بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا وەزارەتەكان ئاگادار بكرێنەوە كە سەرجەم پێداویستییەكانیان رادەستی ئەنجومەنی پەروەردەو خوێندنی باڵا بكەن.

دواتر باس لە كوالێتیی ئاستی زانكۆكان كراو بڕیاردرا بەپیادەكردنی سیستمی ریزبەندیی نیشتمانی زانكۆو دامەزراوەكانی دیكەی سەر بەوەزارەتی خوێندنی باڵا بەشێوەیەك لەسەر پێوەری زانستیانەو كوالێتی، هەڵسەنگاندنی پێویستیان بۆ بكرێت و ریزبەند بكرێن كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كێبركێی زانستی لەنێوانیاندا دروست ببێت.

سەبارەت بەوەزارەتی پەروەردەش، سەرەتا باس لەهەڵمەتی نیشتمانی دروستكردنی قوتابخانە كراو بڕیاردرا كە پرۆژەیەك بۆ ئەو مەبەستە ئامادەبكرێت و سەرچاوەی نوێی پارەداركردنی پرۆژەكانی دروستكردنی باڵەخانەی قوتابخانەكان بدۆزرێتەوەو حكومەتیش ئاسانكاریی تەواو پێشكەش بكات.
هەروەها باس لە كۆنفرانسی پەروەردەیی كرا كە بڕیارە مانگی داهاتوو ببەسترێت و تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە گفتوگۆی لەسەر كرا.

دواتر پرۆژەی پەیڕەوی خوێندنی پیشەیی خرایەڕوو و بڕیاردرا ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بكرێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وەك پڕۆژەیەك بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

لەتەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لەخوێندنی كوردی لەناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كراو لەمبارەیەشەوە جەخت لەوەكرایەوە كە پێویستە خوێندنی كوردی لەو ناوچانە زیاتر برەوی پێبدرێت و هاوكاریی پێویستیش بۆ ئەم مەبەستە پێشكەش بكرێت، هەروەها بڕیاردرا برەو بەو قوتابخانانەش بدرێت كە پرۆگرامی خوێندن تیایاندا بەزمانی ئینگلیزییە.

دواتر باس لە هەڵمەتی نوێكردنەوەی قوتابخانەكان كراو بڕیاردرا لە وەرزی هاویندا كاری پێویستی بۆ بكرێت و جەخت لەبایەخدانی زیاتر بەڕاهێنانی مامۆستایان كرایەوە.

ئەنجومەنی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان لەهەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی خوێندنی باڵاو پەروەردەو دارایی و پلاندانان پێكدێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 6ی بەرواری 19/10/2014، بڕیاری دروستكردنی ئەنجومەنەكە دراو مەبەست لەدامەزراندنیشی داڕشتنی پلان و ستراتیژیەتی پەروەردەو خوێندنی باڵایە لەهەرێمی كوردستان.

PUKmedia

 

4044141942015_98989.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket