riklam

ئاواتەخوازی ئۆجەلان یان...

بیروڕا 10:46 AM - 2015-04-19
ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

ئاواتەخوازی ئۆجەلان، یان گەڕانەوە بۆ گومانەکانی ‌


رووداوەکەی ئاگری‌و ئەو پێکدادانە چەکدارییەی لەنێوانی دەوڵەتی تورکیاو پەکەکەدا روویدا، ئاماژە گەلێکی روونن بۆئەوەی کە بڵێین پرسی ئاشتی پەیوەست بەچارەسەرکردنی کێشەی کورد لەباکووری کوردستاندا تاوەکو ئێستا نەتوانیوە بەو ئاڕاستەیەدا هەنگاو بنێت کە ئیتر بەڕاستی دەبێت چەکەکان بێدەنگ بکرێن. چونکە وەک دەبینین هێشتا چەکەکان لەهەردوو بەرەدا ئامادەن بۆ دیووی دووەمی پەیوەندی نێوانیان.
ئەم رووداوە چیتر پێمان ناڵێت کە گومانەکان سەبارەت بەپڕۆسەی ئاشتی‌و پاکێجەکانی کۆتاییان هاتووە، چونکە وەک دەبینین هێشتا چەک‌و رووبەڕووبوونەوەکان قسەی یەکەم دەکەن، بۆیە چ ئەگەری لێکتێگەیشتنی جدی و چ بێدەنگکردنی چەکەکان دەشێت ئەگەری درێژخایەنتر بن، هەر ئەمەش وادەکات بیر لەوە بکەینەوە کە راستە قۆناغێک پێشهاتووە کە بەقۆناغی ئاشتی تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەم قۆناغە تاوەکو ئێستا رەگی لەئەرزی واقیعدا، دانەکوتاوە، واتە حاڵەتێک لەم قۆناغەدا هەیە کە دەکرێت بە بارودۆخی هێورکردنەوەی پەیوەندی هەردوو لایەن بیخوێنینەوە.
ئەوەی سەبارەت بەپرسی هێورکردنەوەو رێگەخۆشکردن بۆ بار هێنانی زەمنیەی ئاشتی لەتورکیا دەورێکی سەرەکی بینوە، رۆڵی سەرۆکی زیندانیکراوی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بەتایبەت لەدوو ساڵی رابردوودا کاتێک تورکیا بۆ زەمینە خۆشکردنی‌و لێک تێگەیشتنی سیاسیانە لەبری رووبەڕووبوونەوەو پێکدادان دەرگای بەڕووی بیروبۆچوونەکانی ئۆجەلاندا کردەوەو لەئیمڕاڵییەوە قۆناغی لێکتێگەیشنتی سەرەتایی هاتە ئاراوە، پێمان وابوو کە بەڵێ ئۆجەلان پێشوازی لەقۆناغێکی بەمجۆرە دەکات، بەڵام رەنگ بێت بەگه‌ڕانه‌وه‌كه‌ بۆ ئێمڕاڵی‌ پڕۆسه‌كه‌ دره‌نگ وه‌ختتر بکات، چونكه‌ له‌كه‌سێتی‌ ئۆجەلاندا هه‌میشه‌ گومانێكی‌ قوڵ هه‌یه‌‌و به‌چاوی‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری‌ كێشه‌ بنیادیه‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌كه‌سایه‌تی‌ ئۆجەلاندا ترسێكی‌ هه‌میشه‌یی به‌رامبه‌ر هه‌رجۆره‌ نیازپاكیه‌كی‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا له‌خانه‌ی‌ گومانكردن بمێنێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی‌ بوونی‌ كورد، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌بنیادیترین ئه‌و كێشانه‌ی‌ تائێستاش زۆرترین بیركردنه‌وه‌ی‌ ئۆجەلانی‌ بۆخۆی‌ كه‌مه‌ندكێش كردووه‌، هه‌روه‌ك نایشارێته‌وه‌و ده‌ڵێ‌: تێكۆشانی‌ ئه‌و سی‌ ساڵه‌ی‌ دوایی له‌كه‌سایه‌تی  PKKدا به‌ڕێوه‌چوو ته‌نیا له‌پێناو كێشه‌ی‌ بوونی‌ كورد ئه‌نجامدرا، چونكه‌ به‌بڕوای‌ ئه‌و كورد له‌پێناو سه‌لماندنی‌ بوونی‌ خۆیاندا له‌و دوو سه‌ده‌ی‌ دوایی له‌چوارچێوه‌ی‌ مۆدێرنیته‌ی‌ سه‌رمایه‌داری دووچاری‌ توندوتیژی‌، فشارو سه‌ركوتكردنی‌ گه‌وهه‌ری‌‌و رواڵه‌تی‌، نكۆڵی‌‌و قركردنێك هاتووه‌ كه‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دووچاری‌ نه‌هاتووه‌.
پەیوەست بەکەسێتی ئۆجەلان‌و بەڕوانین لەدواین پەیامی کە لەنەورۆزی ئەمساڵدا ئاڕاستەی پەکەکەی کردو هاوکات ئەو گرژی‌و ئاڵۆزیانەی کە لەچەند رۆژی رابردوودا روویان داوە، دەتوانین بڵێن ئۆجەلانی لەکەسایەتییەکی گومانکارەوە کردووە بەکەسایەتیەکی ئاواتەخواز، چونکە رووانین لەکێشەکان بەچاوی گومانەوە، دەتوانێت کۆمەکی ئەوەمان بکات، زیاتر لەو واقیعەی کە پێش دێت وردبینەوەو بەدەرەنجامی زیاتر لەوەی هەیە بگەین. بەڵام هەمان روانین بەنیاگای ئاواتەخوازانە وا دەکات کە پشت لەگومانەکان بکەین، کشاونەوەی گەریلاکانی پەکەکە لەسەر سنووری تورکیا، بێدەنگکردنی چەکەکان، دوو لەو دەستەواژانەن کە رێگەی ئەوەمان دەدەن بڵێین چیتر ئۆجەلان لەمەڕ پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد کەسێکی گومانکار نییە.
ئەمڕۆ ئەگەر لەبارودۆخی ناوچەکە وردبینەوە، بۆمان دەردەکەوێت تورکیا نیگەرانی ئەو بارودۆخەیە کە پێشهاتووە، بەتایبەت کە دەبینین تورکیا نیگەرانییەکانی خۆی لەبەرامبەر دراوسێ نوێکەی کە پەیەدە لەرۆژئاڤای کوردستان ناشارێتەوە، ئەم نیگەرانییەی تورکیا نابێت پێمان وابێت کاریگەری نابێت بۆ سەر بەرەوپێشەوە چوونی پرسی پڕۆسەی ئاشتی لەباکووری کوردستان، چونکە چەندە پێگەو هێزی پەیەدە لەرۆژئاڤا جێگیرتربێت، هێندەش زیاتر ترس‌و نیگەرانییەکانی تورکیا لەباکووری کوردستان زیاتر دەبێت. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخێکی لەمجۆرە، دەبێت چاوەڕێی ئەوەبین، تورکیاو بەتایبەت ئاک پارتی، بەدوای بەهانەیەکدا دەگەڕێن، بۆئەوەی بە ناڕاستەوخۆیی گرفت بخەنە بەردەم پرسی ئاشتی و پاکێجەکانی.
لێروە دەگەڕێمەوە سەرئەوەی، کە گومان نەکردن لەپڕۆسەی ئاشتی تورکیا و پیشاندانی نییەتپاکی یەکلایەنە کە ئێستا ئەمە لەکەسێتی ئۆجەلاندا رەنگدەداتەوە، هەروەک لەپەیامی نەورۆزی ئەمساڵیشدا بەڕوونی رەنگیدابۆەوە، ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەری دوورکەوتنەوەو بەلاڕێدابردنی ئەم پڕۆسەیە دەبێتە ئەگەرێکی پێشبینی کراو.

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket