riklam

به‌همه‌ن قوبادی: به‌داخه‌وه‌ ئێستاكه‌ سینه‌مای كوردیی بێ سه‌رو شوێنه‌

ئەدەب وهونەر 03:15 PM - 2015-04-18
به‌همه‌ن قوبادی: به‌داخه‌وه‌ ئێستاكه‌ سینه‌مای كوردیی بێ سه‌رو شوێنه‌

به‌همه‌ن قوبادی: به‌داخه‌وه‌ ئێستاكه‌ سینه‌مای كوردیی بێ سه‌رو شوێنه‌

سینه‌ماكاری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" كه‌ بۆ نمایشی نوێترین فیلمی خۆی له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌سته‌نبوڵ سه‌ردانی توركیای كردبوو له‌ وتووێژی له‌گه‌ڵ ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته‌دا وتی: به‌داخه‌وه‌ ئێستاكه‌ سینه‌مای كوردیی بێ سه‌رو شوێنه‌و هیوادارم رۆژێك بێت كه‌ ئه‌م سینه‌مایه‌ رێكبخرێت.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" Somtimes Look Up نوێترین به‌رهه‌می سینه‌ماكاری ناوداری كورد "به‌همه‌ن قوبادی" له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ فیلمی "چه‌ند وته‌یه‌ك له‌گه‌ڵ خوداكان" Words With Gods له‌ به‌رهه‌مهێنانی "ئالێكس گارسیا" و "گیلێرمۆ ئاریێگا" و به‌ ئاوازدانه‌ری موزیكزانی ناوداری به‌ریتانی "پیتێر گابریێل" به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوار سانسی جیاوازدا له‌ رۆژانی ٨ و ٩ و ١٤ نیسان- ئه‌پرێلی ٢٠١٥ له‌ به‌شی "گاڵا" له‌ میانه‌ی سی و چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌سته‌نبوڵ له‌ وڵاتی توركیا نمایشكراو له‌ لایه‌ن ره‌خنه‌گرانی سینه‌ما، رۆژنامه‌نووسان، په‌یامنێران و بینه‌رانی ئاماده‌بوو له‌ فێستیڤاڵ پێشوازیی لێكرا.

به‌شی "گالا" یه‌كێك له‌ به‌شه‌ گرنگ و به‌رچاوه‌كانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌ دێته‌ئه‌ژمار كه‌ تیایدا فیلمه‌كانی سینه‌ماكارانی ناوداری جیهان نمایش ده‌كرێن كه‌ پێشتر له‌ فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا توانیبێتیان خه‌ڵاتیان به‌ده‌ستهێنابێت و یا له‌ سینه‌مای هۆلیڤوود نمایش كرابێتن و قوورسایی و ناوێكی بۆخۆی په‌یدا كردبێت.

"به‌همه‌ن قوبادی" كه‌ ئێستا سه‌رقاڵی دوایین قۆناغه‌كانی نوێترین به‌رهه‌می خۆیه‌تیی ته‌نیا رۆژێك توانی كه‌ له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵدا ئاماده‌بێت، ئه‌م سینه‌ماكاره‌ به‌ئه‌زموونه‌ كورده‌ له‌ كاتی نمایشی فیلمه‌كه‌یدا له‌ شوێنی فێستیڤاڵ نه‌بوو به‌ڵام له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی ئه‌م فیلمه‌دا به‌شداریی كرد.

ده‌زگا راگه‌یاندنه‌ گرنگه‌كانی توركیا خوازیاریی وتووێژو چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م فیلمسازه‌ كورده‌ بوون كه‌ قوبادی له‌گه‌ڵ چه‌ندین ده‌زگای راگه‌یاندیی ئه‌م وڵاته‌دا له‌وانه‌: "میلییه‌ت" Milliyet، "فیلم لاوێرز"Film Loverss  واته‌ "ئه‌ڤیندارانی سینه‌ما" و "سی.ئێن.ئێن تورك" CNN TÜRK وتووێژی كردو و له‌ به‌شێك له‌م دیدارانه‌دا سه‌باره‌ت به‌ سینه‌مای كوردیی وتی: سینه‌مای كوردیی ئێستاكه‌ بێ سه‌رو شوێنه‌و شوێنێك به‌ ناوی هه‌ولێر له‌ هه‌رێمی كوردستان بوو كه‌ فیلمسازانی كورد ده‌یانتوانی روویتێبكه‌ن و كاری تێدا بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا خستوویانه‌ته‌ڕێی و كورده‌كانیش به‌ناچار تووشی بوون، فیلمسازانی كورد هیوای خۆیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ بتوانن له‌وێی درێژه‌ به‌ ژیانی هونه‌ریی خۆیان بده‌ن.

وتیشی: نه‌ده‌وڵه‌تیی ئێران پشتیوانی له‌ سینه‌مای كوردیی ده‌كات و نه‌ له‌ سووریا ده‌وڵه‌تێك بوونی هه‌یه‌ كه‌ پشتیوانی له‌ سینه‌مای كوردیی بكات و نه‌ له‌ توركیاش پشتیوانییه‌كی ئه‌وتۆ له‌ سینه‌مای كوردیی ده‌كرێت، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م سینه‌مایه‌ ئێستاكه‌ بێ سه‌رو شوێنه‌و هیوادارم رۆژێك بێت كه‌ ئه‌م سینه‌مایه‌ رێكبخرێت.

سی و چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ئه‌سته‌نبوڵ رۆژی ٤ نیسان - ئه‌پرێل ده‌ستی پێكردووه‌و تا رۆژی ١٩ نیسان - ئه‌پرێلی ٢٠١٥ به‌ نمایشی ٢٣٠ فیلمی سینه‌مایی، دیكۆمێنتاریی و كورته‌ فیلم له‌ سینه‌ماكارانی ١٠٩ وڵاتی جیهان له‌ زیاتر له‌ ٣٠ به‌شی پێشبڕكێی و ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی، له‌وانه‌: به‌شی "پێشبڕكێی نێوده‌وڵه‌تیی"، به‌شی "پێشبڕكێی فیلمه‌كانی ناوخۆ"، به‌شی "پێشبڕكێی نه‌ته‌وه‌یی"، به‌شی "گاڵا" به‌شی "چاوخشاندنێك به‌ فیستیڤاڵه‌كانی دیكه‌"، به‌شی "جه‌ژنی ئاكبانك"، به‌شی "مافی مرۆڤ له‌ سینه‌ما"، به‌شی "پێشبڕكێی دیكۆمێنتی"، به‌شی ده‌ره‌وه‌ی پێشبڕكێی "سینه‌مای نوێی توركیا"، به‌شی "كورته‌ فیلم" و هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌شی دیكه‌ له‌ شاری ئه‌سته‌نبوڵ وڵاتی توركیا درێژه‌ی ده‌بێت.

فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" ئه‌م رۆژانه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌سته‌نبووڵ له‌ به‌شی "نمایشی تایبه‌ت"ی فێستیڤاڵی فیلمی پاناماش به‌شداره‌، ئه‌م فیلمه‌ به‌ ئاماده‌بوونی "گیلێرمۆ ئاریێگا" یه‌كێك له‌ به‌رهه‌مهێنه‌رانی ئه‌م فیلمه‌، كاتژمێر ٣ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌مه‌ 15 نیسان - ئه‌پرێلی ٢٠١٥ له‌ هۆڵی شانۆی نه‌ته‌وه‌یی شاری پاناما له‌ وڵاتی پاناما نمایشكرا.

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ نمایشی زیاتر له‌ ٦٠ فیلمی سینه‌مایی كه‌ له‌ فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌كانی جیهان، له‌وانه‌: كان، تۆرێنتۆ، ڤێنیز، سان سێباستییه‌ن، سانده‌نس و چه‌ندین فێستیڤاڵی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی به‌شدارییان كردووه‌و خه‌ڵاتیان به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ چه‌ندین به‌شی جۆراوجۆر، له‌وانه‌: به‌شی "تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا" ٨ فیلم، به‌شی "پانۆڕامای ئه‌مه‌ریكا" ١٦ فیلم، به‌شی "ئه‌مه‌ریكای ناوه‌ند و كارائیب" ١٠ فیلم، به‌شی "نمایشی نێوده‌وڵه‌تیی" ١٦ فیلم، به‌شی "چاوخشاندنێك به‌ به‌رهه‌مانی فیلمسازی بڕازیلی كه‌ریم ئاینۆز" Karim Aïnouz ٥ فیلم، به‌شی "دیكۆمێنتاریی" ١٠ فیلم، به‌شی "سووچی بنه‌ماڵه‌" ٣ فیلم و ھهروه‌ها به‌شی "نمایشی تایبه‌ت" ٨ فیلم له‌ رۆژانی ٩ تا ١٥ نیسان / ئه‌پرێلی ٢٠١٥  پێته‌ختی وڵاتی پاناما له‌ ئه‌مه‌ریكای لاتین به‌ڕێوچوو.

"به‌همه‌ن قوبادی" ئێستا سه‌رقاڵی نووسینی سیناریۆی بڵندی فیلمی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌"یه‌، ئه‌م فیلمه‌ بڵینده‌ سینه‌ماییه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌م سینه‌ماكاره‌ كورده‌ پێشنیار كراوه‌و بڕیاروایه‌ له‌ وڵاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ زمانی كوردیی سازبكرێت. تێمی ئه‌م ئایدایه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ قوبادی بۆ نمایشی "هه‌ندێك جار چاو له‌ سه‌رێ بكه‌" له‌ حه‌فتا و یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی ڤینیسیا له‌ وڵاتی ئیتاڵیا ئاماده‌بوو، له‌ لایه‌ن ئه‌م كۆمپانیایه‌ ئه‌مه‌رییكه‌وه‌ له‌م فیلمسازه‌ كورده‌یان كڕیبوو.

PUKmedia
بۆ زانیاریی زیاتر:

http://film.iksv.org/en/film/2940
http://variety.com/2015/film/festivals/iff-panama-guillermo-arriaga-presents-panama-with-words-with-gods-1201470165/
http://www.iffpanama.org/en/movies/words-gods
http://www.filmloverss.com/bahman-ghobadi-roportaji/

3014121842015_8.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket