riklam

ماڵ و كلیل ده‌یه‌مین خه‌ڵاتی جیهانی له‌ ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا

ئەدەب وهونەر 05:53 PM - 2015-04-16
(ماڵ و كلیل)ی شوان عه‌توف ده‌یه‌مین خه‌ڵاتی جیهانی له‌ ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا

(ماڵ و كلیل)ی شوان عه‌توف ده‌یه‌مین خه‌ڵاتی جیهانی له‌ ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا

كورته‌فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شوان عه‌توف" خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی "سینه‌ فیلم"ی له‌ ئیتاڵیا به‌ده‌ستهێنا.

كورته‌فیلمی چیرۆكی ماڵ و كلیل Home And Key له‌ نووسین و ده‌رهێنانی سینه‌ماكاری كورد "شوان عه‌توف" و به‌رهه‌می به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ری سینه‌مای سلێمانی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای "ئای لۆف فیلم" له‌ باشوری كوردستان و وڵاتی به‌ریتانیا له‌ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ نوێترین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا، له‌ به‌شی پێشبڕكێی "كۆمه‌ڵایه‌تیی" له‌ هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی سینه‌ فیلم Cine Film له‌ شاری رۆم له‌ وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكراو له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دادوه‌رانی ئه‌م فێستیڤاڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی باشترین فیلم به‌ "شوان عه‌توف" ده‌رهێنه‌ری ئه‌م فیلمه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خشرا.

خاڵی به‌رچاو له‌ به‌شداری كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌م فیستیڤاڵه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ ناو فیلمه‌كانی باشووری كوردستاندا ئه‌م فیلمه‌ به‌ ناوی كوردستانه‌وه‌ به‌ بێ پاشگری عێراق به‌شداری له‌م فیستیڤاڵه‌دا كرد.

ئه‌مساڵ له‌ لایه‌ن فیلمسازانی 87 وڵاتی جیهانه‌وه‌ 1675 به‌رهه‌م بۆ به‌شداری له‌م فێستیڤاڵه‌ ره‌وانه‌ كرابوو كه‌ له‌ كۆتاییدا 1000 به‌رهه‌م بۆ نمایش له‌ به‌شه‌كانی فێستیڤاڵ ده‌ستنیشانكران. هه‌شته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی "سینه‌ فیلم" له‌ سێ به‌شی پێشبڕكێی "كۆمه‌ڵایه‌تی"، به‌شی پێشبڕكێی "ئه‌نیمه‌یش" و به‌شی پێشبڕكێی "ئازاد" له‌ رۆژانی 25 تا 28ی ئازار/ مارسی 2015 له‌ ته‌لاری هونه‌ر له‌ شاری رۆمای پێته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیا به‌ڕێوه‌چوو.

خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی "سینه‌ فیلم"ی ئیتاڵیا ده‌یه‌مین خه‌ڵاتی جیهانی "ماڵ و كلیل" دێته‌ ئه‌ژمارو ئه‌م فیلمه‌ كوردییه‌ پێشتریش 9 خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌وانه‌: خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌لایه‌ن لێژنه‌ی دادوه‌ران و هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین فیلمی له‌لایه‌ن بینه‌ران له‌ فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "فۆئێنكالینتێ رۆرال" له‌ ئیسپانیا، خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌رانی 26ـه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "گیرۆنا" له‌ ئیسپانیا، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی نۆیه‌مین فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "ئاریكا ناتیوا" له‌ چیلی، خه‌ڵاتی تایبه‌تی لیژنه‌ی دادوه‌ران له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "فایتی كۆرتی" له‌ ئیتاڵیا، خه‌ڵاتی تایبه‌تی لێژنه‌ی دادوه‌ران 14ـه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌فیلمی "ئۆ كورت" له‌ ئیتاڵیا، خه‌ڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌فیلمی "تكسی كاتالۆنیا" له‌ ئیسپانیاو هه‌روه‌ها خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌ روانینی بینه‌ران له‌ یه‌كه‌مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی "مافی مرۆڤ" له‌ شاری سلێمانی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

كورته‌ فیلمی "ماڵ و كلیل" له‌ دوایین به‌شداری نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ بیست و سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی كورته‌ فیلمی كۆنترا ویژیون Contra Vision له‌ ئه‌ڵمانیا نمایشكرا.

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ به‌ به‌شداری 78 كورته‌ فیلم له‌ 23 وڵاتی جۆراوجۆری جیهان له‌ رۆژانی 20 تا 28 ئازار/ مارسی 2015 له‌ سینه‌مای ناوه‌ندی شاری به‌رلین له‌ وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌چوو.

PUKmedia  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی راگه‌یاندنی گشتی كورته‌فیلمی ماڵ و كلیل

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket