riklam

د.محه‌مه‌د سابیر: نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان چاودێری ئه‌و پێشێلكارییانه‌ ده‌كات كه‌ له‌عیراقدا رووده‌ده‌ن

چاوپێکەوتن 10:47 AM - 2015-04-09
.

.

له‌م دیداره‌دا باڵیۆز د.محه‌مه‌د سابیر نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عیراق له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان تیشك ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ نراون بۆ به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعش له‌عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان‌و چه‌سپاندنی چه‌ند پڕۆژه‌ بریارێك له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌ كگرتووه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراق‌و كوردستان.


* هه‌وڵه‌كانتان بۆ به‌جینۆساید ناساندنی تاوانه‌كانی داعش چۆن ده‌ستی پێكردو گه‌یشته‌ كوێ؟
- پاش 10/6/2014 كه‌ موسڵ داگیركرا‌و داعش كه‌وته‌ قڕكردنی ئێزدییه‌كان‌و مه‌سیحییه‌كان‌‌و هه‌موو ئه‌و چین‌ و توێژ ‌و كه‌مایه‌تیانه‌ی كه‌ له‌موسڵ‌و زومار‌و شنگال‌و ته‌له‌عفه‌ر‌و شوێنه‌كانی تر بوونه‌ قوربانی تاوانه‌كانی داعش، كه‌وتینه‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زوویی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ چ تاوانێكی گه‌وره‌ له‌لایه‌ن گروپی تیرۆرستی داعش ئه‌نجامدراوه‌.
كاركردن بۆ ئه‌وه‌ی چۆن بریارێك ده‌ربكه‌یت له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ كارێكی ئاسان نییه‌و ئیشی زۆرده‌وێت، به‌شێكی زۆری ده‌وڵه‌تان له‌وه‌ ده‌ترسن ئه‌گه‌ر بێت‌و بریارێك له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌رچێت دوای لێی رزگارنه‌بن چونكه‌ چه‌ندین میكانیزمی هه‌یه‌ وه‌ك كۆكردنه‌وه‌‌و ناردنی به‌ڵگه‌‌و دۆكیۆمێنته‌كان سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاریانه‌ی كراوه‌ دژی مافی مرۆڤ له‌و وڵاته‌ و ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك تا به‌به‌رده‌وامی راپۆرت له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كان له‌و وڵاته‌ كۆبكاته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌وڵماندا وانه‌كه‌ین كه‌ به‌م شێوازه‌بێت ته‌نها بریارێك ده‌ربكه‌ین كه‌ ئه‌ویش بریتیبێت له‌لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی داعش له‌عیراق، ئه‌وه‌ش ئاسان نه‌بوو چونكه‌ یه‌كێك له‌گرفته‌كان به‌پێی قانونی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ ‌و ئۆرگانه‌كانی تری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تاقم‌ و گروپه‌ جیاوازه‌ ناره‌سمییه‌كان ناكات به‌ڵكو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ ده‌كات.
پێمان باش بوو ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كه‌ دێت ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانه‌كانی داعش بكات له‌عیراق، ئه‌وه‌ش ئاسان نه‌بوو به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی عیراق پشتگیرییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ په‌یدابووه‌و تاوانه‌كانی داعش هێجگار گه‌وره‌یه‌و له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش چه‌ندین به‌یاننامه‌ی له‌سه‌ر ده‌ركراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ توانیمان له‌ 1/9/2014 داوای دانیشتنێكی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤمان كرد له‌جنێڤ، له‌وكۆبونه‌وه‌كه‌دا بریاره‌كه‌ ده‌ركرا‌و بڕیاردرا ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ لیژنه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌و پێشێلكاری‌و تاوانانه‌ی داعش به‌رامبه‌ر  به‌هاووڵاتیان‌و گه‌لی عیراق‌و كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌و چین‌و توێژه‌ جیاوازه‌كان ئه‌نجامیداوه‌، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌تاوانی هه‌موو ئه‌و گروپه‌ تیرۆرستیانه‌ی تر كه‌وا له‌گه‌ڵ داعش هاوكاری ده‌كه‌ن.
له‌و بریاره‌دا داوای له‌كۆمسیۆنی مافی مرۆڤ كردووه‌ كه‌ دوو كار بكات بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرتێك، له‌وراپۆرته‌دا هه‌موو لێكۆڵینه‌وه‌‌و راوبۆچوونه‌كانی بخاته‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌و پێشێلكاری‌و تاوانانه‌ی كراوه‌ دژ به‌مافی مرۆڤ له‌عیراقدا له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌وه‌ .
* ئه‌و هه‌نگاوانه‌ چی بوون تا بیكه‌نه‌ به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجومه‌نه‌كه‌؟
- ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ سێ خولی هه‌یه‌ له‌ساڵێكدا، ئه‌ویش له‌مانگه‌كانی ئازار‌و حوزه‌یران‌و ئه‌یلولدایه‌، ساڵی رابردوو له‌خولی 27 له‌مانگی 9ی ساڵی رابردوو بوو، له‌و خوله‌دا داواكرا راپۆرتێكی زاره‌كی پێشكه‌ش به‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ بكرێت ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، له‌خولی 28 یشدا ئه‌و راپۆرته‌ پێشكه‌شی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ بكرێت، ئه‌وه‌بوو لیژنه‌كه‌ له‌كۆتایی ساڵی رابردوو هات بۆ عیراق و له‌هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌یان كۆڵیه‌وه‌ كه‌ له‌مانگی شه‌شی ساڵی رابردووه‌ تامانگی شوباتی 2015 ئه‌نجامدرابوو، راپۆرته‌كه‌یان ئاماده‌كرد، له‌راپۆرته‌كه‌دا باسی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كات له‌عیراقدا كه‌ به‌شی زۆری راپۆرته‌كه‌ 39 خاڵی باس له‌تاوانه‌كانی داعش ده‌كات به‌رامبه‌ر كورده‌ به‌ئێزدییه‌كان‌و مه‌سیحییه‌كان‌و شه‌به‌ك‌و كاكه‌یی‌و شیعه‌‌و هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه‌ی تر كه‌ زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، پوخته‌ی راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت «ئه‌و تاوانانه‌ی داعش ئه‌نجامیداوه‌ ده‌كرێت وه‌ك جینۆساید بناسرێت، ده‌كرێت وه‌ك تاوانی جه‌نگ بناسرێت، ده‌كرێت وه‌ك تاوانی دژ به‌مرۆڤایه‌تی بناسرێت» كه‌ ئه‌وه‌ش شتێكی گه‌وره‌یه‌ .
بێگومان له‌سه‌ر عیراقیش قسه‌یان كردووه‌، باسیان له‌هه‌ندێك پێشێلكاری كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ كراوه‌، له‌كۆتایی راپۆرته‌كه‌دا ده‌ڵێت ده‌بێت رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دوو شت بكات، یه‌كه‌م به‌به‌رده‌وامی چاودێری ئه‌و پێشێلكاریانه‌ بكات كه‌ له‌عیراقدا رووده‌ده‌ن له‌لایه‌ن داعش‌و لایه‌نه‌كانی تره‌وه‌ رووده‌ده‌ن، دووه‌میان ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ تاوانی گه‌وره‌ن داوا له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات كه‌ رووبه‌ڕووی دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی بكاته‌وه‌ .
رۆژی 25/3/2015 له‌خولی 28 راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی مافی مرۆڤ خوێنرایه‌وه‌‌و ته‌به‌نی كرا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی سه‌ربه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بۆئه‌وه‌ی رێگر بین له‌وه‌ی شتی خراپتر له‌سه‌ر عیراق نه‌كرێت، پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر  پرۆژه‌ی بریارێكمان ئاماده‌كردبوو له‌دوو خاڵی ئه‌و پرۆژه‌یه‌دا  داوامان  له‌مفه‌وه‌زییه‌ی سامی مافی مرۆڤ كرد كه‌ یارمه‌تی عیراق بدات له‌رووی لۆجستیك‌و ته‌كنیكییه‌وه‌ بۆ شاره‌زابوون له‌زیاتر پاراستنی مافی مرۆڤ له‌عیراقدا، هه‌روه‌ها داوای ئاماده‌كردنی راپۆرتێكمان كرد له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش كه‌ له‌مانگی 9ی خولی 30ی ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤدا بخوێنرێته‌وه‌‌و ته‌به‌نی بكرێت.
* ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌سكه‌وتی نیشتمانی‌و نه‌ته‌وه‌یی چی تیایه‌ بۆ كورد‌و گه‌لانی عیراق؟
- ده‌سكه‌وتی زۆر گه‌وره‌ی تیایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ به‌خۆڕایی ناڕوات له‌دۆكیۆمێنته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ئه‌نجومه‌نی گشتیدا ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌رمه‌نییه‌كان چه‌ند سه‌ده‌یه‌ جینۆساید به‌رامبه‌ریان كراوه‌ تائێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون تا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كاندا بیچه‌سپێنن وه‌ك جینۆساید، بۆیه‌ ئه‌مه‌ بۆ ئێمه‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عیراق زیاتر ده‌كات.
میكانیزمی ده‌نگدان له‌سه‌رهه‌ر پرۆژه‌یه‌ك له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت پشتگیریت بكات، له‌دانشتنی نائاساییدا پێویسته‌ 17 ده‌وڵه‌ت ئیمزا له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ بكات بۆ به‌ستنی دانیشتنه‌كه‌ ، كه‌ دانیشتنه‌كه‌ كرا له‌و 47 وڵاته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌چاودێره‌كانیشه‌وه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ پێویستی به‌ 24 ده‌نگ هه‌یه‌، گه‌ر به‌ته‌وافوق نه‌كرابێت، پێشتر ئێمه‌ كاری زۆرمان بۆكردبوو بریاره‌كه‌ی ئێمه‌ به‌كۆده‌نگی جگه‌ له‌و 27 ئه‌ندامه‌ زیاتر له‌ 100 ده‌وڵه‌ت پشتگیری لێكردین به‌ڵام ته‌نها ده‌نگی 47 حساب ده‌كرێت.
ئه‌وه‌ بوو له‌ 27/3/2015 بریار له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای پێشنیازكراوی عیراق درا سه‌باره‌ت به‌تاوانه‌كانی داعش له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌ كگرتووه‌كان كه‌ داواكراوه‌:
1-ئیدانه‌كردنیی هه‌موو تاوان‌و پێشێلكارییه‌كانی داعش‌و گروپه‌كانی هاوكاری كه‌ دژ به‌مرۆڤایه‌تی له‌عیراقدا ئه‌نجامیانداوه‌.
2-حكومه‌تی عیراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌هه‌ومو ئه‌و پێشێلكاریانه‌ بكات كه‌ ئه‌نجام ده‌درێت‌ یان ئه‌نجام دراوه‌.
3-داوا له‌كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كراوه‌ كه‌ هاوكاری‌و یارمه‌تی عیراق بدات له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆسه‌ر ماڵ‌و حاڵی خۆیان‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ی داعش ئه‌نجامیداوه‌.
4-داوا له‌ كۆمسیاری سامی مافی مرۆڤ بكرێت یارمه‌تی عیراق بدات له‌ڕووی ته‌كنیكی‌و شاره‌زاییه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بتوانێت مافی مرۆڤ پارێزراو بێت له‌وڵاته‌كه‌دا‌و كاربكرێت ئه‌مه‌ بابه‌ته‌ بكرێته‌ راپۆرتێك بۆ خولی سێیه‌می ئه‌نجومه‌نه‌كه‌.
خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی 27/3  ته‌به‌نی كراو بووه‌ به‌شێك له‌دیكۆمێنتی نه‌ته‌وه‌یه‌ كگرتووه‌كان.
به‌داخه‌وه‌ له‌هه‌ندێك ناوه‌ندی سیاسی‌و میدیایی هه‌ندێك باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ رۆڵیان هه‌بووه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی ئه‌و راپۆرته‌‌و هه‌وڵدان بۆ ناساندنی به‌جینۆساید ناساندنی كه‌یسی ئێزدییه‌كان به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه‌ نه‌ك ده‌وریان نه‌بووه‌ به‌ڵكو ئاگاشیان لێنه‌بووه‌. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێمانكرابێت وه‌ك نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی عیراق له‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردومانه‌، ئه‌وه‌ش ده‌سكه‌وت‌و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو بۆ عیراق‌و هه‌رێمی كوردستان كه‌ توانرا دوو پرۆژه‌ بڕیار له‌ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤ ده‌ربچێت سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه‌.

PUKmedia دیداری- ئالان ره‌ئووف‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket