riklam

سه‌عدی پیره‌: بۆ ئێمه‌ كۆبانێ و شه‌نگال و كه‌ركوك جیاوازی نیه‌

ی.ن.ک‌‌ 05:22 PM - 2015-04-01
ئه‌وان ره‌مزی به‌رخودان و ئازادین

ئه‌وان ره‌مزی به‌رخودان و ئازادین

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ڕۆژی سێشه‌مه‌ ٣١/٣/٢٠١٥ له‌باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی شاری لاهای كه‌ پایته‌ختی سیاسی وڵاتی هۆڵه‌ندایه‌، به‌شداری چالاكییه‌كی فراوانی رێكخراوی فێدكۆمی كردو تییادا به‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانییه‌وه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ختیار به‌كر نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌هۆڵه‌ندا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی سه‌ری ساڵی كوردیی و یاده‌كانی مانگی ئازاردا، رێكخراوی فێدكۆم كه‌ رێكخراوێكی تایبه‌ته‌ به‌كورده‌كانی باكور چالاكییه‌كی فراوان بۆ نوێنه‌رانی پارت و ڕێكخراوه‌ كوردیی و هۆڵه‌ندییه‌كان رێكده‌خات.

وتیشی: له‌م بۆنه‌یه‌دا پارته‌ هۆڵه‌ندییه‌كان وتاریان ده‌بێت و چه‌ند پرۆفیسۆرو ڕۆژنامه‌نوسێكیش بابه‌تی سیاسی، كه‌لتوریی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێشكه‌شده‌كه‌ن و بۆ ئه‌م ساڵیش فیدكۆم، وێڕای بانگهێشتكردنی لێپرسراوی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی له‌هۆڵه‌ندا، میوانداری سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ی كردو به‌ڕێزیشیان وه‌كو یه‌كێك له‌میوانه‌ سه‌ره‌كییه‌كان به‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان وتارێكی پێشكه‌شكرد.

روونیشیكره‌وه‌: كه‌ بۆنه‌كه‌ به‌وته‌ی هه‌ریه‌ك له‌نوێنه‌ری پارێزگاری شاری لاهای و مامۆستا تاهیری كه‌مال زاده‌ هاوسه‌رۆكی كه‌نه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد و پاشان به‌ڕێز ساڵح موسلیم هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ وتارێكی پێشكه‌شكرد، كه‌ تیایدا پیرۆزبایی نه‌ورۆزو سه‌ركه‌وتنی كۆبانێی له‌ئاماده‌بووان كرد.

پاشان سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وتارێكی پێشكه‌شكرد، كه‌ تیایدا نه‌ورۆزی ئه‌م ساڵی به‌نه‌ورۆزی پێشمه‌رگه‌ ناوبردو ڕایگه‌یاند: هێزی پێشمه‌رگه‌ زۆر سه‌ربه‌رزانه‌و به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه‌ خاكی وڵات ده‌پارێزێت و رایگه‌یاند، بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و ئێمه‌ومانانیش، كۆبانێ كه‌ركوك و شه‌نگال، هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌.
له‌دڕێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، لێپرسراوی په‌یوه‌ندیی گشتییه‌كانی یه‌كێتیی، له‌سه‌ر شه‌ڕی دژه‌ تیرۆرو ڕۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم و هێزه‌ هاوپه‌یمانییه‌كان هه‌ڵوه‌سته‌ی كردو دوای ئاماژه‌كردن به‌چه‌ند بابه‌تێكی هه‌نوكه‌یی، وێڕای پیرۆزباییكردنی نه‌ورۆز له‌هه‌مووان، سڵاوی بۆ ژنانی كۆبانی نارد و وتی "هه‌موو جیهان شانازی به‌ژنانی كۆبانێ ده‌كات، ئه‌وان ره‌مزی به‌رخودان و ئازادین".

هه‌رله‌م بۆنه‌یه‌دا، پارتی كاری هۆڵه‌ندی، پارتی گه‌ل بۆ ئازادی و دیموكراسی (لیبڕاله‌كان)، پارتی سۆسیالیستی هۆڵه‌ندی، پارتی كرستنی یه‌گرتوو، وتاریان پێشكه‌شكردو پشتیوانی خۆیان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌و ئاواره‌كان دووپاتكرده‌وه‌.

به‌ختیار به‌كر راشیگه‌یاند: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو، نوێنه‌ره‌كه‌ی پارتی گه‌ل بۆ ئازادی و دیموكراسی (لیبڕاله‌كان) ڕایگه‌یاند: كه‌ "سنوره‌كانی سایكس بیكۆ به‌سه‌رچوون"و، زیاتریش وتی ده‌بێت نه‌خشه‌و سنوره‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵات ده‌ستكاری بكرێن و له‌نوێوه‌ دابڕێژرێنه‌وه‌، به‌جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ی تێدا ڕه‌چاو بكرێت.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، نوێنه‌ری پارتی كاری هۆڵه‌ندی وتی: ئێمه‌ بڕیاری پڕ چه‌ك كردن و هاوكاری كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌مانداو به‌رده‌وامیش ده‌بین.

شایه‌نی باسه‌ هه‌رله‌م بۆنه‌یه‌دا، شانه‌ده‌كه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌میوانان به‌جیا كۆبوه‌وه‌و بیروڕا له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك ئاڵوگۆڕ كران.

مایه‌ی ئاماژه‌یه‌ هه‌مان رۆژ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، سه‌ردانی ماڵی سۆزان كه‌ڕه‌می، خوشكی شه‌هید لیوا حوسێن مه‌نسوری كردو ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژیش، به‌جیا له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی ڕاوێژكاری كۆمیته‌ی هۆڵه‌ندا كۆبووه‌و گوێی له‌پێشنیازو بۆچوونه‌كانیان گرت و سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌كی قسه‌ی بۆ كرد.


PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket