riklam

سەرۆك كۆمار: پێویستە عیراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەرەوە پتەوتر بكات

عیراق 09:02 PM - 2015-03-31
له‌چواره‌مین كۆنگره‌ی باڵیۆزانی وڵاتان وتارێكی خوێنده‌وه‌

له‌چواره‌مین كۆنگره‌ی باڵیۆزانی وڵاتان وتارێكی خوێنده‌وه‌

ئەمڕۆ 2015/3/31 سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم تەئكیدی كردەوە لەسەر پێویستی پتەوكردنی پەیوەندییەكان عیراق لەگەڵ دەرەوەو پێگە نێودەوڵەتیەكەی بۆ ئەوەی پشتیوانی و گەرەنتی جیهانی زیاتر بەدەستبێنێ‌ لە جەنگی نەخوازراوی تیرۆر،  ئاماژەشی كرد بۆ ئەوەی بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانیە پێشینەی كاری باڵیۆزانی عیراقە لەوڵاتانی جیهان و دامەزراوە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەكان وەك ئەركێكی گرنگ لەم قۆناغەی ئێستادا لە پاڵ ئەركی سەرەكی كە ئەویش دەرخستنی وێنەیەكی جوانی عیراقە لەزۆربەی بوارەكاندا.


لێدوانەكەی سەرۆك كۆمار لە میانی كردنەوەی كۆنگرەی چواری باڵیۆزان بوو كە لە بینای وەزارەتی دەرەوە بەڕێوەچوو بەدروشمی ( دیبلۆماسیەتی عیراق.. كرانەوەی ئیجابی و بەرگرتن لە تیرۆر).


بەناوی پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبانەوە
دكتۆر حەیدەر ئەلعیبادی  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ..
دكتۆر سەلیم ئەلجبوریی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ..
برای بەڕێز مەدحەت ئەلمەحمود سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای قەزایی  ..
بەڕێز دكتۆر ئیبراهیم ئەلجەعفەریی وەزیری دەرەوە
 وەزیرە بەڕێزەكان ..
 باڵیۆزە بەڕێزەكان ..
خوشكان و برایانی ئامادە بو ..

سڵاوی خواتان لێ بێت ...
شادمانم كە قسەتان بۆ بكەم و دەستخۆشیی چوارەمین كۆنگرەتان لێبكەم كە لە كاتێكدا دەیبەستن وڵاتەكەمان بە هەلومەرجێكی نائاسیایدا دەگوزەرێت. داواكارم كۆنگرەكەتان سەركەوتو بێت و بڕیارو راسپاردەكانی ببێتە مایەی پتەو كردنی پەیوەندییەكان و پێگەی عیراق لە نێو كۆمەڵی نێودەوڵەتیدا ،ببێتە مایەی پەرەپێدانی پشتیوانیی و هاوكاریی جیهانیی بۆ عیراق لە جەنگە سەركەوتوەكەی (پشت بە یەزدان ) بەسەر تیرۆر و باندەكانی لە ناوەوەو و دەوروبەرەكەمان.

دیارە ئەو پشتیوانییە لە ریزی پێشەوەی ئەركە تایبەتەكانی ئەم قۆناغەیە لە پاڵ ئەركە سەرەكییەكان ،ئەویش نیشان دانی  روخسارێكی درەوشاوەی ئیجابیی عیراقە كە ئێستا  دوای شكاندنی ئەو گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەی دەیان ساڵ بو وڵاتەكەمان بە دەستییەوە دەیناڵاند  ،لای زۆربەی هەرە زۆری دەوڵەتانی جیهان بەرجەستە بوە ، گۆشەگیرییەكەش ئاسەواری سەختی جێهێشتبو كە هەم هاوڵاتیان لە ناوەوە، هەم ئەو عیراقییانەی لە دەرەوە دەژیان بە دەستیەوە دەیان ناڵاند و هاوڵاتیانمان نەیان دەتوانی بچنە دەرەوەی وڵات  تەنانەت بۆ چارەسەر و خوێندن  و بازرگانیی و كاركردن و گەشتیاریش .

كۆنگرەكەتان لە كاتێكدایە تێرۆر پەرەی سەندوە كە لە دەرەوە سەری هەڵداوە و سودی لە هەڵەكان و ئەو درزو كەلێنانە وەرگرتوە كە پشت گوێ خراون ،تا گەیشتە ئەوەی تاقمی داعشی تێرۆریست شارەكان داگیر بكات و پێكهاتە ئاینییەكانی عیراق كۆمەڵكوژ بكات. تاوانەكانیان گەیشتە  پەرستگا و شوێنەوارە دێرین و ئاینییەكان و شارستانیەكان ، سەرباری تاوانەكانی كوشتنی هاوڵاتیانی بێ دیفاع و بەدیلگرتنی ژنان و فرۆشتنیان وەك سەبایا و دەستكەوتی جەنگ و دزین و بە تاڵا نبردنی شوێنەوارەكان (ئەركی خستنە گەڕی هەوڵ و  تەقەلا بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاسەوارە دێرینانە بۆ عیراق، دەكەوێتە سەرشانی ئێوە).

رۆڵە قارەمانەكانی  گەلەكەمان لە ریزی هێزە چەكدارەكان و پێشمەرگە و خۆبەخشەكانی حەشدی شەعبیی و عەشایرەكان،  گیانی خۆیان بەخت كرد ،بۆ بەرپەرچ دانەوەی تێرۆر و رزگاركردنی شارە داگیركراوەكان ، پێشڕەویكردنیش بۆ رزگار كردنی ئەو ناوچانەی كە ماون بەردەوامە و سەركەوتنی بەرچاویشیان بەدەست هێناوە.

ئەو گۆڕانكارییانە لە كاتێكدان كە ئێمە لە سەرۆكایەتیی كۆمار ،سەرۆكایەتیی وەزیران و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و هەمو دامەزراوەكانی دەوڵەت و نوێنەرانی گەل لە سەرتاسەری وڵات  هەنگاو دەنێین بۆ بە ئاكام گەیشتنی ئاشتبونەوەی گشتیی سەرتاسەریی  كە بۆ هەمو پێكهاتە و هێزە سیاسییە عیراقییەكانە جگە لە تێرۆریستان ،وەك ئاشكرایە ئامانجی ئەم ئاشتبونەوەیە چەسپاندنی ئاشتیی  ئەهلیی و لێبوردەیی كۆمەڵایەتیی و یەكخستنی هەمو هەوڵێكی نیشتمانیی دڵسۆزانەیە  بۆ رزگار كردنی وڵات لەم قەیرانەی تێی كەوتوە بە ئاڕاستەی چەسپاندنی بنەماكانی دەوڵەتی مەدەنیی دیموكراسیی فیدراڵیی كە پەرەپێدانی بەردەوام و ژیانێكی سەركەش و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی بۆ رۆڵەكانی زامن بكات.

وڵاتەكەمان روبەڕوی كێشەی دووملیۆن ئاوارەی ناوخۆ و سەدان هەزار پەنابەری سوریی بوەتەوە لە نۆ پارێزگادا، ئەوانیش توانا مادییەكانیان سنور دارە ئەو كۆمەك و یارمەتییانەش كە پێیان دەگات لە  دەوڵەتە عەرەبییە براكان و كۆمەڵی نێو دەوڵەتییەوە  كەمن و بەش ناكەن .

لە روانگەی ئەو واقیعەوە پێویستیی كۆنگرەی نێودەوڵەتیی لە عیراق بە بەشداریی كۆمەڵەی دەولەَتانی عەرەبیی و   رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامیی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و یەكێتیی ئەوروپا و دەوڵەتانی كۆمەك بەخش و روسیا و چین دێتە پێشەوە  ،ئامانجەكەیشی چارەسەركردنی كێشەی ئاوارەبوەكان و كۆتایی هێنانە بە نەهامەتییە مرۆییە دژوارەكانیان .دوێنێش لەگەڵ بەڕێز سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكاندا سەبارەت بەو مەسەلەی گفتوگۆمان كرد و ئەو بیرۆكەیەم پێشنیاز كرد پشت بە خودا پرۆژەیەك لەو بارەیەوە پێشكەش دەكەین و ئەوان لەو بوارەدا بەشدارییان دەبێت.

لە ئاستی عەرەبییش ، پەیوەندییەكانمان بەم دواییە لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبییدا گەشەیان كردوە و بەشدارییمان كرد لە كۆبونەوەی باڵای شەرەمەلشێخ و هەوڵ دەدەین رێباز و روانینی كرانەوەی عیراق بەروی دەور و بەر عەرەبییەكەی  قوڵ بكەینەوە. لەو بارەیەشەوە هەنگاوی باشمان ناوە ،كە سەربەخۆیی هەڵوێستی عیراق لە سایەی ململانێ و هاوسەنگییەكان لە ناوچەكە و جیهان دوپات دەكەینەوە ،هاوكات لەگەڵ ئێرانی دراوسێدا  بە هەمان شێوە كە یەكەمین یارمەتیدەرمان بو لە قەڵاچۆكردنی تێرۆردا ، پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ توركیای دراوسێ باكورییەكەمان بەرەو پێش دەبەین.

سەبارەت بە كێشەكانی ئێستای جیهانی عەرەبییش  سەرلەنوێ دوپاتی دەكەینەوە بەركەوتەكانی بارودۆخی یەمەن لە نێو ئەو مەسەلانەدایە  كە پێویستیان بە وردبونەوەلە راستییە، ئەویش ئەوەیە دەستوەردانی سەربازیی كێشەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات ، ئێمە لە عیراق لایەنگری لایەك نین دژی لایەنێكی تر ، بەڵكو داوا لە هەمو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین دیالۆگی ئاشتیی و چارەسەری دان وستان بگرنە بەر كە سەروەریی و یەكێتیی یەمەن زامن دەكات و گەلەكەی لە وەیشومەكانی جەنگ و ناكۆكیی چەكداریی دەپارێزێت.

دەربارەی سوریاش داوای یەكخستنی هەوڵی هەموان دەكەین لە پێناوی رێگە چارەیەكی سیاسیی كە جەنگی ناوخۆ بوەستێنێت و خواستی گەلی سوریا دەستەبەر بكات كە ئاشتیی و دیموكراسیی و پێشكەوتنە.

لە هەمان كاتدا هیوادارین هەوڵ و كۆششی برایانی لیبیی سەركەوتن بەدەست بهێنێت  لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی ئۆقرە كە ئاشتی باڵی بەسەردا بكێشێت.
پشتیوانیشمان بۆ خەباتی رەوای گەلی عەەربیی فەلەستین و مافی رەوای لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی نیشتمانیی  سەربەخۆ لەسەر تەواوی خاكی فەلەستینی داگیركراو كە قودس پایتەختەكەی بێت  دوپات دەكەینەوە.

پشتیوانیی خەباتی رەوای گەلانی عەرەبیی دەكەین بۆ تێكشكاندنی تێرۆر و بەدیهێنانی دەستكەوتەكان  لە بوارەكانی پەرەپێدان و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیی.
لە ئاستی نێودەوڵەتییش پەیوەندییەكانمان لە پەرەپێدان و گەشەكردندان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكان و تەواوی دەوڵەتانی هاوپەیمان و یەكێتیی ئەوروپا و روسیا و چین  بە تایبەت لە ئاستی قەڵاچۆكردنی تێرۆر و تێكشكاندنی هێزە گومڕاكانی بە تەواوەتی.
ئێمە لەم بوارەدا دوپاتی دەكەینەوە ئاسایش و ئۆقرەیی و ئاشتیی ناوچەكە و جیهانیش بەرپرسیارێتی وڵاتەكەمان و هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانمانە.

خوشكان و برایانی ئامادەبو :
 ئومێدێكی  زۆرم پێتانە ، كە ئێوە  نوێنەری عیراقی یەكگرتو و سەربەخۆن و كاربكەنلە پێناوی هەمو عیراقییەكان بێ جیاوازیی و ناسنامەی نیشتمانییش بپارێزن ، نابێت هیچ باڵیۆزێك بیر لەوە بكاتەوە كە نوێنەرایەتیی پێكهاتەكەی  یان تایەفەكەی یاخود حزبەكەی دەكات ، بەلكَو ئەوە بزانێت كە  ئەو باڵیۆزی عیراقە ،  بە راستیی و راستگۆیانەشگوزارشت  لە خواست و ویستی رەوای گەلەكەی  و فرە فیكریی و كەلتوریی و شارستانییەكەی  دەكات .
بە خواتان دەسپێرم..

PUKmedia

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket