riklam

به‌پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیان گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران

کوردستان 05:40 PM - 2015-03-31
پرسی به‌ پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیان

پرسی به‌ پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیان

په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای نوسراوێكی په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی سه‌وز له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پرسی به‌پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیانی گه‌یه‌نراوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ به‌دواداچوون و جێبه‌جێكردنی كاری پێویست بۆ په‌سه‌ندكردنی.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر فراكسیۆنی سه‌وز و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌مڕۆ 31-3-2015، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند:پاش ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌كانی رابردودا پرسی به‌پارێزگاكردنی گه‌رمیان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ گشتیه‌كان كرا من وه‌ك ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئه‌و نوسراوه‌م ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ رامانگه‌یاندبوو له‌ ساڵی 2006 وه‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایی پارێزگای كه‌ركوك كه‌ له‌ ساڵی 1992 وه‌ وه‌ گه‌رمیان وه‌كو ناوه‌ندی پارێزگای كه‌ركوك مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرا تاكو 2003 دواتر ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ 2006 پێكهات و له‌ 2008 وه‌ بڕیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان وه‌ك پارێزگا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌رچووه‌و به‌ ره‌سمی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

وتیشی: په‌رله‌مانی كوردستان له‌ چه‌ندین یاسادا ناوی ئیداره‌ی گه‌رمیانی هاوشان له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تردا سه‌لماندوه‌، له‌ ئێستادا گه‌رمیان خاوه‌نی ژێرخانێكی ئیداری پارێزگایه‌ 11 به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هه‌یه‌ وه‌كو پارێزگاكان 47 به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی ئیداره‌ی گه‌رمیان ئه‌م به‌رێوه‌به‌رایه‌تیانه‌ رۆڵی گرنگ و باشیان گێراوه‌ له‌ خزمه‌تكردنی ناوچه‌كه‌و بوژاندنه‌وه‌ی .

راشیگه‌یاند: بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو چه‌ند په‌رله‌مانتارێك نوسراوێكمان ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرد و داوامانكردوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ره‌چاو بكات و كاری له‌سه‌ر بكات بۆ په‌سه‌ندكردنی، وتیشی: ناوه‌ندی كاری هاوبه‌شی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی گه‌رمیان كه‌مپینێكیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ رێكخست بوو، له‌ ئێستادا نوسراوه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون و جێبه‌جێكردنی كاری پێویست به‌پێی یاسا .      

سالار مه‌حمود وتیشی: پرسی به‌ پارێزگابوونی ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌ به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردن و كارپێكردنی به‌پێی یاسا و پشتگیری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ش ده‌كه‌ین كه‌ له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌ پارێزگاكردنی گه‌رمیان، چونكه‌ هه‌م له‌ رووی ئیداریه‌وه‌ هه‌م له‌ رووی جوگرافیه‌وه‌ هه‌م له‌ رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌، هه‌م له‌ رووی قوربانیه‌وه‌، هه‌رم له‌رووی ستراتیجیه‌وه‌ بۆ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئێستادا كه‌ركوك به‌ ئه‌مری واقیع وه‌ك پارێزگایه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت و دوره‌ له‌ ده‌ستی حكومه‌تی فیدالی و سنوری نێوان حكومه‌تی كوردستان و حكومه‌تی فیدرالی و سنورری نێوان كه‌ركوك و حكومه‌تی فیدرالی ماوه‌كه‌ی زۆره‌ بۆیه‌ له‌ ئێستادا هیچ بیانویه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ گه‌رمیان نه‌كرێته‌ پارێزگا، وتیشی: نه‌ك به‌ته‌نهائه‌مه‌ داخوازی گه‌رمیانه‌ به‌ڵكو داخوازی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌ .

سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا،  ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی خه‌ڵكی گه‌رمیان به‌تایبه‌تی، پشتگیری ته‌واوی ئه‌و داخوازییه‌ ده‌كه‌ین و هه‌وڵی ته‌واویش ده‌ده‌ین كه‌ ئه‌و داخوازییه‌ له‌ كاتی پێویستدا به‌ئامانج بگات.

PUKmedia زانیار مه‌جید

3640143132015_04124242.jpg

5340143132015_45646545.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket