riklam

ئه‌م لایی یــان ئـه‌و لایی؟ ‌

بیروڕا 11:22 AM - 2015-03-31
هیوا محه‌مه‌د ‌

هیوا محه‌مه‌د ‌

سەرۆکی هەرێم لە لێدوانێکیدا لەسەر ئەم بارودۆخەو کۆتاییەکەی دەڵێت رەنگە لەدوای داعش شتێک رووبدات لەمە خراپتر بێت. لەڕۆژی ١٥/٣دا دەڵێت حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لەیەک سەنگەردان، بۆ رۆژێ دواتر سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگری هەرێم هێرش دەکاتە سەر حەشدی شەعبی.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە، لەلایەن بەرپرسانی ئەم هەرێمەوە دەیان لێدوانی جۆراوجۆر لەسەر رادەی مەترسی ئەو دڕندانە دراو و زۆریشی وانەبوو، بۆ کۆتایی هاتنی قەیرانی بێ مووچەییش بەهەمان شێوە، چەندین ماوەی بۆ دیاری کرا کە هیچیشی وانەبوو.
ئەم لێدوانانە دوو دڵی لای خەڵک دروست دەکات چونکە لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەوە دەوترێت و زۆر جیاوازن و لەیەک ناچن، لەلایەکی تریشەوە بێ پلانی و بێ بەرنامەیی پێوە دیارەو خەڵک و وڵات بەرەو هەڵدێر دەبات، لەزۆر وتارمدا ئەوە دەڵێم و دوو بارەی دەکەمەوە تاکی ئەم وڵاتە کاتێک بەرگەی هەموو نەهامەتییەکان دەگرێت کە سەرکردایەتییەکی سیاسی بەپلانی هەبێت، نەک هەموو‌ داهاتووەکەمان لەدەستی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆمان دابێت.
دەکرێت هەندێ شتمان پشت بەست بێت بە سیاسەت و هەڵوێستی دەرەوە یان وڵاتێکی دیاریکراوی دۆست بەڵام ناکرێت وتەبێژێکی وەزارەتی دارایی بڵێت تا ئێستا نەپارەکەی تورکیا هاتووە نە ئەوەی بەغدا، ئەی ئێمە خۆمان لەکوێی ئیعرابداین؟ سەر بەکامیانین؟ دەبێت ئەم هەڵواسراوییە بە بەغدا و تورکیاوە یان خۆهەڵخستن لەبەرامبەر مەرحەمەتی ئەوان چ هیوایەکی باشی بۆ داهاتوو تیادا بێت؟
لێدوانی لەم جۆرە لەڕووی سیاسییەوە رێککەوتنەکان لەگەڵ بەغدا بێسەر و گوێ دەکات، ئێمە نابێت هەر بڵێین بەغدا وایە و درۆمان لەگەڵ دەکات بەڵکو خەتای لەرزۆکی و ناسەقامگیری خۆشمانی تیادایە بەرامبەر ئەو بەڵێنانەی لەگەڵ بەغدا دەیدەین، بەغدا مووچە و بودجە نادات بەهەرێم ئەگەر بزانێ بەو پارەی نەوت دەردێنێ و بەنهێنی دەیفرۆشێت بەتورکیا، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ وە دەستمان کردوە بە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە لەو کاتەوە ئێمە کەم و کورتیمان هەیە، مووچە و بواری ئابووریمان دابەزیوە، بێکاری زیادی کردوە، ئاستی ژیان نزم بۆتەوە، لەو کاتەوە بەهەڵواسراوی ماوینەتەوە، وەک کوردەکە دەڵێت لەهەردوو جەژنەکە بووین.
هەرجارەی بەشتێکەوە دەمان بەستنەوە، دەمێک چاوەڕێی هەڵبژاردنی تورکیا دەکەین، دەمێک گرتنەوەی موسڵ، دەمێک دانوستانی ئەمریکا و ئێران، جارێک چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکەین. وڵاتێکین بێ وڵات.. هەموو شتمان هەیە تەنها کیانمان نیەو ئەمەش وایکردوە بەم جۆرە نەخێر و نەشەڕ بمێنینەوە، ئەوە بۆ ئاخێک هەڵناکێشن بۆ ئەو خێزانە پێشمەرگانە کە باوکەکە لەبەرەی شەڕدایە و خاوەن خانووش داوای کرێیان لێدەکات و سێ مانگە مووچەیان پێنەدراوە؟
لەکوێێ دونیادا هەیە سوپای وڵاتیک لەشەڕدا بێت بەڵام بەبێ پارە؟ سەربازەکانی ئەمریکا کە بەشداری جەنگ دەبن مووچەکەیان سێ هێندە زیاد دەکات، کەس باوەڕی بەوە نییە کە دەوترێت پارە نییە گەر راستتان دەوێت خەڵکی هەمووی لەم قسانە بە گومانە.
دەبێت ئەم هەرێمە خۆی یەک لایی بکاتەوە و لەساتێکدا مامەڵە لەگەڵ دووان نەکات کە هەردووکیان نەیارن، ئێمە کێشەمان لەگەڵ بەغدا هەیە و بەم وڵاتەوە لکاوین جا ئیدی بۆ لێرەمان بکەنەوەو ببینە لکێندراوی تورکیا؟
جیاوازی لەکوێدایە لەکاتێکدا کە تورکیا رەفزی بوونی کورد دەکات، بەس نییە بەغدا دەڵێت هاوبەشین و فیدراڵیمان هەیە؟ ئەم بێ سەروبەرییە لەم سیاسەتانەدا زیانی گەورەمان پێدەگەیەنێت بۆیە پێویستە بەهەمووان هەوڵ بدەین وڵاتەکەمان سیاسەتێکی چەسپاوی جێگیری بەرامبەر هەموو بوارەکان هەبێت، سێ مانگە مووچە نەدراوە خەڵک زۆرە پارەی کرێ خانووی نییە بیدات؟
بەندە لەبەرنامەیەکی گەرماوگەرمدا لە ١٧/١١/٢٠١٤ دەدا وتوومە ئەم بارودۆخە ئەوەی بۆ کورد لێ دەست ناکەوێت کە شایانی ئەم هەموو خۆڕاگری و قوربانیدانە بێت، بۆیە دەبێت سەرکردایەتی سیاسی بە وریاییەوە مامەڵە بکات. کاتێک سەرۆکی هەرێم وادەڵێت هیچ پلان و بەرنامەیەک لەلایەن حزبەکان و حکومەتەوە دانەنراوە تا بڵێین ئەمە خۆ ئامادە کردنە بۆ خراپتر، لەهەر وڵاتێکدا سەرۆک و حکومەت باوکی میللەتن، میللەتیش بۆی هەیە پێیان بڵیت راوەستن ئەمە هەڵەیە!

 

هیوا محه‌مه‌د ‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket