riklam

بروسكه‌ی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك) بۆ یادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی

ی.ن.ک‌‌ 11:30 PM - 2015-03-30
 پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی

پیرۆزبایی یادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی

به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی ئه‌و حزبه‌ كرد.

ئه‌مه‌ش ده‌قی بروسكه‌كه‌یه‌:   

پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ یادی حزبی شیوعی
به‌ڕێزان هاوڕێیانی حزبی شیوعی عیراق
به‌ڕێزان هاوڕێیانی حزبی شیوعی كوردستان

به‌ناوی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و تێكۆشه‌رانی یه‌كێتییه‌وه‌، پیرۆزبایی یادی 81 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌تان، حزبی شیوعی عیراقتان لێده‌كه‌ین.

یادی دامه‌زراندنی حزبی شیوعی وێستگه‌ی رێزگرتنه‌ له‌ڕه‌وتێكی تێكۆشان بۆ ئامانجه‌ دیموكراتی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی عیراق، له‌وه‌ختێكدا ئه‌م ره‌وته‌ ده‌ستی پێكرد، وڵات  له‌سایه‌ی حوكمێكی  پادشایی كۆنه‌په‌رست و وابه‌سته‌ به‌ بێگانه‌دا گیری خواردبوو كه‌ مافه‌ دیموكراتییه‌كانی گه‌لانی عیراقی زه‌وت كردبوو، بێدادی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری سیمای رژێمه‌كه‌ی و پێشێلكردنی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستانیش به‌شێك بوو له‌ستراتیژی حوكمڕانییه‌كه‌ی. حزبی شیوعی به‌ قوربانی و خه‌باتی نه‌پساوه‌ له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ عیراقیانه‌ بوو كه‌ كۆڕی خه‌باتی دیموكراتی و نیشتمانی گه‌رم كردو له‌ ڕه‌وتی گشتیی خه‌باتی چه‌پخوازانه‌ی خۆیدا پشتیوانی مافی چاره‌نووسی گه‌لی كورد بوو، له‌سه‌رده‌می حوكمی چه‌ند ده‌یه‌یی شۆڤێنی ناسیونالیست و به‌عسییه‌كاندا، له‌ شۆڕشی ئه‌یلول و شۆڕشی نوێشدا تێكۆشه‌رانی ئه‌م حزبه‌ دۆسته‌ سه‌نگه‌ری موقاوه‌مه‌تیان دژی به‌عسی فاشی ئاوه‌دانكرده‌وه‌. له‌دوای پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراقیشه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م خه‌باتی هێزه‌ چه‌په‌كان له‌عیراقدا ئه‌م ره‌وته‌ 81 ساڵییه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌ هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه‌.

هاوڕێیان، دۆستانی پێناوی رێبازی حزبی شیوعی ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وه‌ك دۆستی دێرینی حزبی شیوعی عیراقو كوردستان كه‌ پێكه‌وه‌ له‌سه‌نگه‌ری رێبازی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و دیموكراتیدا خه‌بات ده‌كه‌ین، ئومێدمان وایه‌ له‌م دۆخی هه‌ڕه‌شه‌ی ره‌وتێكی كۆنه‌په‌رست و تیرۆریستی له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی عیراقی دیموكراتی و فیدراڵ، پێویسته‌و گرنگه‌ ده‌ركی ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بكه‌ین تا ببێته‌ هانده‌ری هێزه‌ چه‌پو دیموكراته‌كان به‌ره‌و به‌رنامه‌ی هاوبه‌ش بۆ به‌هێزكردنی ره‌وتی دیموكراتیو چه‌پ له‌عیراقدا به‌جۆرێك ده‌ره‌قه‌تی ئه‌ركه‌ دیموكراتییه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ی وڵاته‌كه‌مان بێت.به‌هیوای خۆسازدان له‌و پێناوه‌دا، جارێكی تر پیرۆزبایی گه‌رمتان لێده‌كه‌ینو هه‌ر شادو سه‌ركه‌وتووبن.

مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket