riklam

دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران كۆتایی دێت ‌

ئابوری 11:55 AM - 2015-03-30
ناردنەدەرەوەی نەوتی عیراق زیاد دەكات

ناردنەدەرەوەی نەوتی عیراق زیاد دەكات

پەرلەمانتارێكی كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای دەكات، پێشبینی دەكرێت لەمانگی چواردا حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ناردنەدەرەوەی ئەو بڕە نەوتە بێت، كە بەپێی یاسای بودجەی ئەمساڵ دەبێت هەناردەی دەرەوەی وڵاتی بكات، بەوەش حكومەتی عیراق ناچار دەبێت پابەندبێت بەناردنی (17%)ی بودجەی كوردستان.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژە بەوەدەكات، لەمانگی رابردوودا 72 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل نەوتیان هەناردە كردووە، كە داهاتەكەی سێ ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بووە.

550 هەزار بەرمیل لەمانگی چواردا
د. فەرهاد قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاندوە، حكومەتی هەرێم مانگ بەمانگ ناردنەدەرەوەی نەوت زیاد دەكات‌و ئەگەر ورد ببینەوە دەبینین كە مانگی دوو لەمانگی یەك زیاتری نەوت هەناردە كردووە، هەروەها بە بەراورد بەمانگی دوو، لەمانگی سێدا نەوتی زیاتری هەناردە كردووە.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: «حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكات لەمانگی چواردا ئەو بڕە نەوتە هەناردە بكات كە لەگەڵ حكومەتی عیراق رێككەوتنی لەسەر كردووە، كە بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوتە لەیەك رۆژدا بەهەناردەكردنی نەوتی كەركوكەوە».

بەغدا (17%)ی كوردستان دەنێرێ؟
د. فەرهاد قادر راشیگەیاند، حكومەتی عیراق لەمانگی یەكدا 250 ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێم ناردوە، هاوكات لەمانگی دوودا بڕی 490 ملیار دیناری ناردوە‌و چاوەڕوانیش دەكرێت لەمانگی سێدا بڕی پارەی زیاتر رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات، چونكە حكومەتی هەرێم نەوتی زیاتری هەناردە كردووە.
ئەوەشی نەشاردەوە، كە لەگەڵ هەناردەكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل لەیەك رۆژدا بەهەناردەكردنی نەوتی كەركوكەوە، لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، حكومەتی عیراق ناچار دەكات كە پابەندی رێككەوتنەكەی نێوان هەولێرو بەغدا بێت‌و بەوەش بەغدا مانگانە دەبێت (17%)ی بودجەی كوردستان بنێرێت‌و مووچەخۆران‌و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رزگاریان دەبێت لەدواكەوتنی مووچەكانیان.
٥٧ تەنكەرو ٤٧ ملیۆن بەرمیل نەوت
لەلایەكی دیكەوەو سەبارەت بەناردنەدرەوەی نەوتی عیراق‌و كوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، تانەر یڵدز وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا رایدەگەیەنێت، عیراق ٥٧ تەنكەرو ٤٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی توركیا كردووە كە بڕەكەی دەگاتە سێ ملیار دۆلار.
وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فاتیۆ بیرۆل رێكخەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە رایگەیاند، پلانیان هەیە بەرهەمی رۆژانەی كێڵگەی رومێلە بگەیەننە ٢٠٠ هەزار بەرمیل. ئاماژەی بەوەشدا، كە كارەكانیان لەكێڵگەی نەوتی رومێلەدا لەچوارچێوەی سنووری هەرێمی كوردستاندا نییە، بەڵكو لەئەنجامی رێككەوتنیان لەگەڵ بەغدا كار لەو كێڵگەیەدا دەكەن.
وەزیری وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا روونیكردەوە، وڵاتەكەی خاوەنی ئەو ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتە نییە كە لەو كێڵگەیەدایەو وتی: «لەو كێڵگەیەدا لەهەر بەرمیلێك نەوت كە دەری دەكەیت، كرێیەكی دیاری كراو هەیەو توركیاش ئەو تەندەرەی بۆ دەرچووە. واتە ئەگەر بڵێین یەك بەرمیل نەوتی خاوتان دەركرد، بەنرخی ئێستای ٥٨ دۆلار بوو، ئەوا لە (3 - 3.5) دۆلاری هی ئێمەیە. ئەمە پاڵپشتییەكە بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی عیراق».

72 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل
هاوكات وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، لەمانگی رابردوودا بڕی هەناردەی نەوت گەیشتۆتە 72 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل كە داهاتەكەی سێ ملیارو 400 ملیۆن دۆلار بووەو تەئیكدیش دەكاتەوە، پێداگیری لەسەر زیادبوونی هەناردەی نەوتی خاو دەكات بۆئەوەی قەرەبووی رۆژانی پشووی بارهەڵگرانی گواستنەوەی نەوت بەهۆی خراپی كەشوهەواوە بكاتەتەوە.
عاسم جیهاد وتەبێژی ئەو وەزارەتە، ئاماری كۆتایی رێژەی هەناردەی نەوت لەمانگی شوبات خستەڕوو و رایگەیاند، رێژەی هەناردەی نەوتی خاو لەمانگی شوباتی رابردوو، بەبڕی 72 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوەو لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فراشراوە كە داهاتەكەی سێ‌ ملیارو 402 ملیۆن دۆلاربووە.
روونیشیكردەوە، هەر لەمانگی شوباتدا‌و رۆژانە لەبەندەركانی بەسڕە بڕی دوو ملیۆن‌و 64 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە كراوە، كە داهاتەكەی دوو ملیارو 942 ملیۆن دۆلار بووەو هەناردەی نەوتی كەركووكیش هەر لەو مانگە هەشت ملیۆن‌و 500 هەزار بەرمیل نەوت بووە، كە داهاتەكەی دەكاتە 460 ملیۆن دۆلار.


PUKmedia  له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket