riklam

وه‌فدێكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی سوید ده‌كات

تاراوگە‌‌ 02:03 PM - 2015-03-29
بۆ له‌نزیكه‌وه‌ شاره‌زابوون و بینینی سیستمی دادوه‌ری و چاكسازی نه‌وجه‌وانان

بۆ له‌نزیكه‌وه‌ شاره‌زابوون و بینینی سیستمی دادوه‌ری و چاكسازی نه‌وجه‌وانان

به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌فدێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وڵاتی سویدی كرد.

 سه‌ردانی وه‌فده‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكخراوی (UNICEF) یونسێف دایه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ شاره‌زابوون و بینینی سیستمی دادوه‌ری و چاكسازی نه‌وجه‌وانان و به‌تایبه‌ت تیشكخراوه‌ته‌ سه‌ر سزای جێگره‌وه‌.

وه‌فده‌كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 25 ئه‌ندام له‌ نێوانیاندا هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌حمه‌د نه‌جمه‌دین به‌ڕێوبه‌ری گشتی چاكسازی نه‌وجه‌وانان و نوێنه‌ری رێكخراوی یونسێف  و كۆمه‌ڵێك دادوه‌رو به‌ڕێوبه‌ری چاكسازی نه‌وجه‌وانان و توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی به‌رده‌وامی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ چالاكیه‌كانی وه‌فده‌كه‌.

وه‌فده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵێك سه‌ردانی گرنگیان بۆ داموده‌زگاكانی چاكسازی نێوجه‌وانان و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی سزای جێگره‌وه‌ ئه‌نجامدا، هاوكات شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی سیسته‌می دادوه‌ری له‌ وڵاتی سویدو چۆنیتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سی نه‌وجه‌وانان له‌ دادگاكاندا.

له‌ میانه‌ی چالاكیه‌كانی وه‌فده‌كه‌دا  ڕۆژی26-3-2015  محه‌مه‌د هاودیانی وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كورستان و شۆڕش قادر ره‌حیم نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوید چاویانكه‌وت به‌ مۆرگۆن یوهانسۆن وه‌زیری دادو كۆچ و كۆچبه‌رانی حكومه‌تی سویدی له‌ ته‌لاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی وڵاتی سوید.

سه‌ره‌تا وه‌زیری دادی حكومه‌تی سویدی وێڕای رێزو سوپاس، تێكوشانی گه‌لی كوردی به‌ زۆر هه‌ڵسه‌نگاندن و پاڵپشتی خۆی بۆ گه‌لی كوردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی له‌ جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی تیرۆرستی داعش و وتی: پێشمه‌رگه‌ جێی شانازی هه‌موو دونیان و به‌رگری له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن.

 محه‌مه‌د هاودیانی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سوپاسی گه‌لی سویدو حكومه‌ته‌كه‌ی كرد سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانی بۆ گه‌لی كوردو گرتنه‌ خۆی ژماره‌یه‌كی زۆری ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ ماوه‌ی رابردوودا، هیواشی خواست كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی پاڵپشتی زۆرتری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كورد بكات له‌ جه‌نگی دژی به‌ تیرۆریستانی  داعش و پاراستنی خاكه‌كه‌ی له‌ هه‌ر ده‌ست تێوه‌ردانێكی ده‌ره‌كی و هیوای خواست كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و حكومه‌تی سویدی به‌ پێی بنه‌مایه‌كانی مافی مرۆڤ و ده‌ستورو دیباجه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌كانی گه‌لانی كوردستان بكات.

دواتریش وه‌زیری كاروباری كۆمه‌لایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم تیشكی خسته‌ سه‌رچه‌ند بوارێك كه‌ ده‌كرێت به‌ هه‌ماهه‌نگی كاریان له‌سه‌ر بكرێت هه‌رله‌ سیستمی چاكسازی و بواره‌كانی سۆشیاڵ له‌ چوار چێوه‌ی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی.

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌زیری دادی سویدی به‌ڵێنی هاوكاری و كاری هاوبه‌شی داو بڕیاریشیدا له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات، له‌ كاتێكدا كه‌ پێش وه‌رگرتنی پۆسته‌ نوێیه‌كه‌ی چه‌ندجارێك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردوه‌.

دواتر وه‌زیری كاروكاروباری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ خۆشحاڵ ده‌بن به‌ پێشوازیكردنی بۆ هه‌رێمی كوردستان و ئاڵای كوردستانی له‌شێوه‌ی فه‌رشێك پێشكه‌ش به‌ وه‌زیری دادی سویدی كرد.

له‌ هه‌مان رۆژداو له‌ نوسینگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوید وه‌زیری كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ سوید چاویان كه‌وت به‌ خاتو ئان لیندێ سكرتێری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ناوخۆ له‌ حكومه‌تی سویدو خاتو ئه‌ناكارین سڤێنسۆن به‌رپرسی تاوتوێكاری نێوده‌وڵه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی سوید.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا گفتوگۆی ورد كرا سه‌باره‌ت به‌ دواین به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌و بارودۆخی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و به‌رنامه‌ی كاری هاوبه‌ش له‌ ئاینده‌دا.

 خاتو ئان لیدێ دوباره‌ی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی سوید هه‌وڵه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رزو بڵند ده‌نرخێنن له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش و هیوایان خواست كه‌ به‌ماوه‌یه‌كی زوو بتوانن له‌ رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولی فێركاری و راهێنانه‌وه‌ هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ن له‌م شه‌ڕه‌ دژواره‌ی كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌.

PUKmedia راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket