riklam

ئارێز عەبدوڵڵا: بودجە وا رێكبخرێتەوە‌ کە بەشنەبایەك بارودۆخی هەرێم نەژاكێت

چاوپێکەوتن 11:32 AM - 2015-03-29
ارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

"هەرێم‌و بەغدا تەئكید دەكەنەوە كە پابەندن، بــەڵام لەراستیدا هیچیان بەتەواوی پابەند نەبوون "

هەرێم‌ و بەغدا لەسەرچی رێكکەوتن بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەوت‌و بودجە؟ كێ پابەندی رێكکەوتنەكە نییە‌و كێ پابەندە؟ ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە‌ و هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەكان چین؟ نوێنەرانی كورد لەبەغدا چی بۆ پرسی مووچە بڕین ‌و بودجە بڕینە دەكەن؟ ئەمانە‌  و چەندین پرسیاری تر لەلایەن ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ‌و سەرۆكی لیژنەی نەوت‌و گاز لەپەرلەمانی عیراق وەڵام دەدەرێتەوە.


* ناوەڕۆكی رێكکەوتنەكەی نێوان هەرێم‌و بەغدا لەكۆتایی ساڵی رابردوو لەسەر پرسی نەوت ‌و بودجە چی بوو؟ لەسەر چی رێكکەوتن؟
- لەبەر ئەوەی تا ئێستا لەعیراق یاسایەك بۆ كارووباری نەوت‌و گازنیە كە لەژێر رۆشنایی دەستوور نووسرابێتەوە لەوەتەی هەرێمی كوردستان دەستی بەكاركردن لەبواری نەوت كردووە كێشە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا هەیە. هەرچەندە هەوڵدراوە بەڵام كێشەكان هەر بەرەو ئاڵۆزی رۆیشتون تاكار گەیشتە سەر نەناردنی بەشە پارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
كۆتایی ساڵ رێكکەوتنێكی سەرەتایی لەنێوان هەرێم ‌و بەغدا راگەیەندرا كە ئەویش بریتی بوو لەوەی هەرێم بەتێكرایی رۆژانە 550 پێنج سەد و پەنجا هەزار بەرمیل نەوت رەوانی دەرەوە بكات لەو بڕە 250000 لە هەرێم و 300000 لە هی كەركوك، لە بەرامبەریشدا بەغدا پشكی 17%ی بودجە بۆ هەرێم رەوان بكات. دواتر ناوەڕۆكی ئەو رێكکەوتنە خرایە ناو یاسای بووجە‌و بەسەر هەردوولادا سەپێنرا كە پێوەی پابەندبن.
* كام لایەن پابەندی رێكکەوتنەكە نەبوو؟ كورد توانی ئەوەی لەرێكەوتنەكە قبولێ كرد پابەند بێت پێوەی؟ ئەی بەغدا پابەند بوو بە رێكکەوتنەكەوە؟
- هەردوولایان تەئكید دەكەنەوە كە پابەندن، بەڵام لەراستیدا هەر دوولاشیان بەتەواوی پابەند نەبوونە، چونكە تا ئێستا لەبەر چەند هۆكارێك هەرێم نەیتوانیوە ئەو بڕە نەوتە رادەستی (سۆمۆ) بكا لە جیهان ‌و لەبەرامبەریش حكومەتی فیدراڵی تەواوی پارەكەی هەرێمی نەناردووە.
* لەدوای ئەو رێكەوتنەوە كورد شێوازی ناردنە دەرەوەی نەوت و ناردنی بودجە چۆنە؟
-  وەكو باسم كرد ئەو بڕە نەوتە تەسلیم بەسۆمۆ نەكراوە كە بڕیار بووە تسلیم بكرێ، چونكە حكومەتی هەرێم خشتەیەكی هەناردەكردنی نەوتی هەیە كە بەپێی ئەو خشتەیە سێ مانگی یەكەم نا توانێ‌ ئەو بڕە بدا بە سۆمۆ، بەڵام گفتی داوە كە لەمانگەكانی داهاتوودا زیادی بكا تا رادەی قەرەبوو كردنەوەی كە میی سێ مانگی یەكەمیش بۆ ئەوەی بەتێكڕایی رۆژانە بۆ تەواوی ساڵەكە بگەینێتە بڕی دیاریكراو. 
ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەش حكومەتی هەرێم بەردەوام بڕێك لەنەوتی بەجیا فرۆشتوە بۆ پڕكردنەوەی قەرزەكانی ساڵی ڕابردوو. هەرچی حكومەتی فیدراڵیشە لەسەرەتای ساڵەوە بەپێی ئەو بڕەی كە دراوەتە سۆمۆ سەودای لەگەڵ حكومەتی هەرێم كردووە، بۆیە نە كێشەكە چارەسەركراو نە 17% لەداهاتی عێراقیش بۆ هەرێم رەوان كراوە.
* مەسەلەی یاسای نەوت‌و غاز گەیشت بەكوێ كە ساڵانێكی زۆرە بۆتە كێشە لەنێوان هەرێم‌و بەغدا؟
- تا ئێستا یاساكە وەكو خۆیەتی چونكە رێكکەوتنی لەسەر نەكراوە ‌و ئێستاش فشارێكی زۆر لەسەر ئێمە هەیە بۆ دەركردنی ئەو یاسایە، بەڵام دەبێ‌ هەرێم‌ و بەغدا لەسەر پڕۆژەكە رێكبكەون ئینجا گفتوگۆی لەسەر بكرێتەوە. لەراستیشدا ئەگەر ئەو یاسایە بە رێكکەوتن دەربچێ‌ كێشەی نێوان بەغدا‌ و هەرێم لەسەر نەوت ‌و گاز چارەسەر دەبێت.
* دوا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە‌و ناردنی نەوت لەنێوان هەرێم‌و بەغدا گەیشتۆتە كوێ؟
- هەوڵەكان بەردەوامن ‌و دەبێت‌ هەردوولاش پابەندی یاسای بوودجە بن، بەڵام لەیاساكەشدا هاتووە ئەگەر لایەنێك پابەند نەبێ‌ت ئەوا لایەنەكەی دیش پێوە پابەند نابێ‌. واتە كاتێك هەر لایەنێك پابەند نەبێت‌ بەپێی یاسا لایەنەكەی دیش مافی پابەند نەبوونی هەیە.
* ئێوە وەك نوێنەرانی كورد‌و بەرپرسانی حكومی لەبەغدا چیتان كردووە بۆ گەیاندنی وێنەی ئەو دۆخە ئابوورییە نالەبارەی كە بەرۆكی مووچەخۆران‌و خەڵكی كوردستانی گرتووە؟
- دیارە ئێمە لەبەغدا بەهەموو لایەنەكانەوە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵدەدەین ‌و فشار دروست دەكەین، بەڵام بەڕاستی كەشەكە وا شێوێنراوە ‌و پەیوەندییەكان هێندە ئاڵۆزبووە كاتی دەوێت تا بارودۆخەكە چاك دەكرێتەوە.
دیارە هەمیشە وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان بەرگری لەبەرژەوەندی خەڵكی دەكەین، بەڵام ناوەندە باڵا دەستەكانی عیراقیش قسەی خۆیان هەیە ‌و ئەوان بەشێوەیەكی تر وێنەكە دەبینن ‌و لەئەنجامی كێشەكانی رابردوو بێ‌ متمانەیەكی گەورە دروست بووە، ئەو بێ‌ متمانەیی‌و گومانەش بوونەتە هۆكارێك بۆ رێكنەكەوتنێكی جێگیر و بەرچاو ڕوون.
* پێشبینیتان بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە‌و موچەی كوردستان چییە؟
- ئەزموون‌ و قەیران دەریانخست كە سیاسەتی ئابووری عیراق‌و هەرێمی كوردستانیش هەڵە بوون. سەبارەت بەكوردستان زۆر بەداخەوە ئێمە زۆر زوو مەینەتی‌ و دەردە سەری ڕابردوومان لەبیركرد ‌و  عەنتیكەش لاسایی ساویلكانەی هەندێ‌ وڵاتی كەنداومان كردەوە.
هەرێمی كوردستان لەو رۆژەوە چاوەروانی ئەو قەیرانەی لێ‌دەكرا كە گوترا فڵان شار دەكەینە دووبەی. ئەگەر  بێمە سەر وەڵامەكەش  دەڵێم: دەبێ‌ هەرێم كێشەكانی خۆی لەگەل بەغدا چارەسەر بكات ‌و بەهیچ بیانوویەك بیر لەئاڵۆزكردن نەكاتەوە. دەبێ‌ت هەرێم پابەندی دەستوور‌و یاسا‌و رێككەوتنەكان بێت‌ بۆ ئەوەی بتوانین ئەوانەی تریش پابەند بكەین.
دەبێت هەرێم بیر لەوە بكاتەوە كە لەوڵاتێكی بەكاربەرو هاوردەكەرەوە ببێت‌ بە بەرهەمهێنەر‌و لانی كەم خود كەفائی وەك فارس دەڵێن بەرهەمی كشتوكاڵی هەبێت‌. دەبێ‌ ستراتیجیەتی ئابووری‌و سیاسی هەرێم تەنیا لەسەر نەوت نەبێ‌. دەبێ‌ هەرێم كێشەی مووچەخۆری زۆر‌و بێ‌كاری چارەسەر بكات. دەبێت‌ بوودجەی هەرێم وا رێكبخرێ‌ بەهەموو شنەبایەك بارودۆخی دارایی‌ و ئابووری نەژاكێت. دەبێ‌ داهاتە ناوخۆییەكان رێكبخرێنەوە و بیر لەدوارۆژ بكرێتەوە.

PUKmedia له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket