riklam

لاپەڕەیەك لەمێژووی نەتەوەیەكی ئەنفالكراو ‌

جینۆساید‌‌ 01:02 PM - 2015-03-24
دووان له‌ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان

دووان له‌ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان

لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی یەكەمی جیهانی لەتشرینی یەكەمی ساڵی 1914 بۆ یەكەمجار بەریتانیەكان شاری بەسڕەیان داگیركرد، زۆری پێنەچوو توانیان دەستبەسەر شاری (عیمار) ەدا بگرن دوابەدوای ئەویش لەحوزیرانی ساڵی 1915 توانیان دەستبەسەر شاری (ناسریە) دا بگرن،  هەروەها لەسەرەتای ساڵی 1917 سوپای بەریتانی توانی بگاتە ناوشاری بەغدا، دوای ئەوە پێشڕەوی كرد تاوەكو شاری موسڵیشی داگیركرد لەپاشان بەریتانیا لەساڵی 1918 توانی هەموو عیراق بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی.
لەتەموزی ساڵی 1920 شۆڕشی خەڵكی عیراق دەستی پێكردو هەر ئەو شۆڕشە بوو كە توانی دەسەڵاتی بەریتانی ناچار بكات كە دەوڵەتی عیراق دابمەزرێنێت بەناوی (دەوڵەتی مەلەكی كاتی) لەژێر فەرمانڕەوای ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق و بەسەرپەرشتی حاكمێكی بەریتانی، دوای ئەوە لەساڵی 1921 فەیسەڵی یەكەم وەك یەكەم شای عیراق هەڵبژێردرا، لەمبارەیەوە د. خەلیل ئیسماعیل شارەزا لەمێژووی عیراق دەڵێت: لەساڵی 1917 سوپای بەریتانی لەكەنداو دەستیكرد بەپێشڕەوی و ووردە ووردە هەڵكشا بۆ سەرەوە، گومانی تێدا نیە كە شوێنی جوگرافی عیراق لای بەریتانیەكان زۆر گرنگ بوو لەلایەكی تریشەوە لەڕووی ئابووریەوە شوێنێكی گرنگی هەبووە، هەروەها زۆری  نەوتیش لەناوچەكە وایكرد كە عیراق یەكێك لەو شوێنانە بێت كە پێویستە داگیری بكات و لەژێر فەرمانڕەوای خۆێان بێت، ئەوە بوو سوپای بەریتانی توانی لەساڵی 1917 بگاتە بەغداو لەساڵی 1918 لەشاری موسڵیش نزیك بوویەوەو شەڕی یەكەمی جیهانیش كۆتایی پێهات.
وتیشی: دوای ئەو هێرشانەی ئینگلیز پەیماننامەیەك مۆركرا لەنێوان دەوڵەتی عوسمانلی و هاوپەیمانەكان كە بەریتانیا سەركردایەتی دەكردن  لەم ناوچەیەو دوای ئەوە بەریتانیا توانی ئەم ناوچەیە هەمووی بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی و داگیری بكات،  پاشان لەساڵی 1918 یەكەم حكومەت لەعیراق دروست بوو لەژێر چاودێری بەریتانیا بەسەرۆكایەتی عەبدولرەحمان نەقیب، بەڵام ساڵی 1921 دانراوە بەمێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق لەبەر ئەوەی لەمساڵەدا شا فەیسەڵ بەڕەسمی بووە شای عیراق.
راشیگەیاند:  چوار ساڵ لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی شانشینی عیراق یەكەم هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراق ئەنجامدرا هەروەها لەساڵی 1931 نەوت لەعیراق دۆزرایەوەو دواتر عیراق بووە ئەندام لەكۆمەڵەی گەڵان (عصبة الامم) بەئاگاداری بەریتانیاو لەساڵی 1933 شا فەیسەڵی یەكەم كۆچی دوایی دەكات، شا غازی كوڕی شوێنی دەگرێتەوەو عیراق پێدەنێتە قۆناغێكی جیاوازتر لەبەر ئەوەی شا غازی دەیویست بەهێز حكومی عیراق بكات پێش هەموو شتێك بڕیاری دەركرد كە هەموو ئەو حزب و رێكخراوانەی كە لەسەردەمی باوكیدا هەبوون بەهێزی چەك دایان بخات.
لەبارەی پیلانگێڕی حكومەتی عیراق دژ بە كورد لەم سەردەمدا، یوسف ئەحمەد رووناكبیرو شارەزا لەمێژووی عیراق دەڵێت: لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق و سیستەمی پاشایەتی هەر لەو سەردەمەدا دەوڵەتی عیراق شۆڤێنیەتی عەرەبی پێوە دیاربوو، چونكە دژ بەكوردو شیعە كاری زۆریان ئەنجامداوە تەنانەت لەسەرەتادا كە دوو فەوجی سوپا لەعیراق دروست بووە یەكێكیان بۆ لەناوبردن و سەركوتكردنی خەڵكی كوردستان بووە.
دوای شەش ساڵ لەحكومڕانی شا غازی ئەویش كۆچی دوایی دەكات و فەیسەڵی دووەمی كوڕی بوو بەجێنشینی و لەبەر ئەوەی تەمەنی بچووك بووە، بۆیە عەبدول ئیلاهی خاڵی رادەسپێرن بۆ ئەوەی كاروباری دەوڵەت بەرێوەببات بەهاوكاری دەوڵەتی بەریتانی، هەر لەوكاتەوە بوو دەسەڵاتدارانی عیراقی دوای دوو ساڵ ئەو جەورو ستەمەی لە گەلی عیراقیان دەكرد بەتایبەتی نەتەوەی كورد، ئەوەبوو شۆڕشی مایسی ساڵی 1941 هەڵگیڕسا لەدژی بوونی دەسەڵاتی بەریتانی لەناوچەكەدا  هەروەك لەم شۆڕشەشدا كورد رۆڵی سەرەكی هەبووە، لەمبارەیەوە د.خەلیل دەڵێت: ساڵی 1941 شۆڕشی مایس بەرپابوو كە توانیان سەركەوتن بەدەستبێنن  و عەبدول ئیلاه كە ئەوكاتە وەسی بوو لەسەر حوكمی عیراق بەغدای بەجێهێشت و چوو بۆ خوارووی عیراق و لەدیوانیە خۆی شاردەوەو دوای دەستێوەردانی بەریتانیا بەهێزی چەك توانیان بارودۆخەكە لەبەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەی شادا بشكێنەوە ئەوە بوو نوری سەعیدو عەبدول ئیلاه گەڕانەوە بۆ بەغدا تاوەكو ساڵی 1953 مەلیك فەیسەڵی دووەم تەمەنی یاسایی تەواو دەكات و بەفەرمی دەسەڵات دەگرێتە دەست تاوەكو شۆڕشی ساڵی 1958، دوای ئەوە لەڕێگای كودەتایەكی سەربازی عەبدولكەریم قاسم سیستەمی بەرێوەبردن لەعیراقەوە لە شانشینی دەگۆڕێت بۆ كۆماری.
لەمبارەیەوە مامۆستا یوسف ئەحمەد رووناكبیرو شارەزا لەمێژووی عیراق دەڵێت: كە باسی شۆڕشی 14 تەمموزی ساڵی 1958 دەكرێت دەبێت رۆڵی كورد بەتایبەتی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و فەیلیەكانیش لەنێو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردیدا لەبەرچاو بگیرێت، لەشۆڕشی 14 گەڵاوێژ هەر ئەوەش بووە كە لەسەرەتادا عەبدولكەریم قاسم باس لەوە دەكات كە ( اكراد والعرب شركا‌ء فی هذا الوطن) دیارە ئەوەش دەستكەوتێكی گەورە بووە بۆ كورد.
دوای ئەو بەڵێنانەی كە لەسەرەتای شۆڕشی 14 ی گەلاوێژ عەبدولكریم قاسم بەكوردی دابوو  كەچی نەیانتوانی بەڵێنەكان جێبەجێ بكەن، بۆیە سەركردایەتی كورد ناچار بوو بەغدا بەجێبێڵێت و روو بكاتە شاخەكانی كوردستان و شۆڕش لەدژی حوكمی نوێی عیراق  هەڵبگیرسێنێتەوە، لەمبارەیەوە د. خەلیل دەڵێت: لەساڵی 1961 پەیوەندی نێوان سەركردایەتی كوردو قاسم تێكدەچێت و شۆڕشی ئەیلول دەستپێدەكات لەكوردستان لەوكاتەوە بەردەوام دەبێت تاوەكو ساڵی 1963.
لەساڵی 1968  بەعسیەكان بەكودەتایەك دەسەڵاتی عیراق دەگرنە دەست و ئەحمەد حەسەن بەكر دەبێتە سەرۆكی عیراق و لەگەڵ دەست بەكاربوونی كەوتە پیلانگێران بۆ لەناوبردن و قڕكردنی نەتەوەی كورد، كەچی بۆ نیشاندانی نیاز پاكی و پیاو باشی لەگەڵ سەركردایەتی كورد رێككەوتنی 11 ی ئازاری 1970 ی مۆركرد كە جۆرێك دانپێدانان بوو بەمافەكانی گەلی كورد، كەچی لەژێرەوە لەپیلانگێران لەدژی كورد نەوەستان و هەر ئەوەش وایكرد بەبێ جێیەجێ كردنی رێككەوتننامەكە پاشگەزببنەوە، لەمبارەیەوە مامۆستا یوسف ئەحمەد دەڵێت: لەساڵی 1972 گەورەترین قۆناغی لەناوبردن بۆ كوردە فەیلیەكان لەلایەن بەعس و لەسەردەمی (ئەحمەد حەسەن بەكر) دەست پێدەكات كەچی دەسەڵاتدارانی عیراق بەناو لەگەڵ سەركردایەتی كورد لەگفتووگۆو وتوێژدا بوون تەنانەت ئەوكات لەمفاوەزاتەكە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدانوستانەكاندا بۆ وەزیر سكرتێری پارتی دەستنیشان دەكات كە لەوكات حەبیب محەمەد كەریم كە كوردێكی فەیلی بوو، بەڵام رژێمی بەعس قبوڵی ناكەن و دەڵێن ئەوە پیاوێكی ئێرانیەو هەرگیز نابێت ببێتە وەزیر، دوای ئەوە كە سەركردایەتی كورد بێ هیوا دەبێت لەحكومەتی عیراق، جارێكی تر بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕش دەدات.
لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵاتی حوكمی عیراق لەلایەن سەدام حسێن،  جارێكی تر قڕكردنی گەلی كورد شێوازی تووندتر بەخۆیەوە دەبینێت تەنانەت ئەمجارەیان رەشبگیری كوردی فەیلی لەناوجەرگەی شاری بەغدا بەتوندترین شێوە دەستیپێكرد، لەمبارەیەوە زاهیدەخان كە ژنێكی كوردی فەیلیەو دانیشتووی بەغدایەو چیرۆكی تراژیدیای خانەوادەكەی خۆی بۆمان دەگێڕێتەوەو دەڵێت: ئێمە خانەوادەیەكی كورد بووین و دانیشتوی شاری بەغداد بووین لەباوك و باپیرانەوە هەر لەوێ دانیشتبووین، خێزانەكەمان پێكهاتبوو لەخۆم و باوكی منداڵەكانم كە كەسێكی بێ وەی بوو دوكانی هەبوو لەبازاری شۆڕجە دوو كوڕو دوو كچیشم هەبوو هەر چواریان خوێندكار بوون، ئەو رۆژە سەعات 12ی نیوەڕۆ بوو نانم ئامادە كردبوو بۆ منداڵەكانم و چاوەروان بووم بۆ ئەوەی سفرەی نان خواردن لەم رۆژە كۆمان بكاتەوە وەكو رۆژەكانی تر كەچی ئەم رۆژەیان زۆر جیاواز بوو هەرگیز ناتوانم ئەم رووداوە وا بەئاسانی بۆتان پێناسە بكەم  دوای 10 خولەك لەگەڕانەوەی منداڵەكانم كە هێشتا دەستمان بەنان خواردن نەكردبوو بەبێ ئەوەی لەدەرگا بدرێت ماڵەكەمان پڕ بوو لەپیاوەكانی رژێم هەروەكو كارەساتێكی گەورە رووی دابێت و ماڵەكەمان دەورەدرا بە ئەمن ئیستخبارات و وتیان وەرن لەگەڵمان، دوای 5 خولەك دەتانگێڕینەوە بۆ ماڵەوە، كەچی دواتر خۆمان لەسنوورەكانی ئێران بینیەوەو بەبێ هەموو شتێك و بەپێی پەتی و بەسەری كۆت و بەبرسێتی بەو گەرمایە بەتێنویەتی بەبێ پیاو تەنیا خۆم و منداڵەكانم نەبێت تەنانەت پیاوەكانیشیان لێ جیاكردینەوەو بۆ زیندانەكان و ئێمەش بۆ سنوورەكانی ئێران و عیراق.
دوای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان لەساڵی 1976 جارێكی تر رژێمی بەعس بەدڕندەترین شێوە كەوتەوە وێزەی خەڵكی بێ دیفاعی كوردستان و هەڵسا بە ڕاگواستنی گوندە سنووریەكانی ئێران - عیراق و توركیا - عیراق و زیاتر لە 5000 پێنج هەزار گوندی وێران كردو باخ و بێستانەكانیشی هەر هەمووی سووتاندن و سەرچاوە ئاویەكانیشی كوێر كردەوە.
لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی عیراق و ئێران لەسەرەتای هەشتاكان و شكست هێنانی سوپای عیراق لەبەرەكانی جەنگ بەرامبەر بەسوپای ئێران و لەلایەكی تریش شكستیان بەرامبەر بەهێزی پێشمەرگە بۆ شاردنەوەی شكستەكانیان ئەمجارەیان زۆر دڕندانەتر كەوتنە گیانی خەڵكی سڤیلی كۆمەڵگا زۆرە مڵێكانی بەحركەو قوشتەپە هەروەك ئەو بارزانیانەی بەزۆر هێنرابوونە ئەم ئۆردوگایانەو ژن و پیاوەكانیان لێك جیاكردەوەو پیاوەكانیان راپێچی خوارووی عیراق كردن لە نوگرە سەلمان زیندە بەچاڵیان كردن، دوای ئەوەش زۆر بێشەرمانە بەدرندانەترین شێوە هەڵسان بەكیمیابارانكردنی گوندەكانی بالیسان و شێخ وەسان و دواتریش شاری هەڵەبجەی بەدڕاندانەترین شێوە تاوەكو ئێستا لەمێژووی مرۆڤایەتی كارەساتی وا جەرگبڕ رووی نەداوە كە سەرۆكی وڵاتێك بەم شێوەیە هاووڵاتیانی خۆی لەناوببات لەچركە ساتێكدا زیاتر لە 5000 هەزار ژن و پیرو پەككەوتە  بەگازی ژەهراوی لەناوببات.
سوپای عیراق هەر بەمەش نەوەستا دوای ئەوەی لەشەڕی 8 ساڵەی بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی هەبێت زنجیرەیەك پەلاماری سەربازی بەهەشت هەنگاو بۆ شەش شوێنی جیاوازدا بۆ سەر كوردستان دەستی پێكرد لە 22ی شوباتی ساڵی 1988 لەدۆڵی جافایەتی دەستی پێكردو لەژێر فەرمانی سەرۆكی ئەوكاتی عیراق سەدام حسێن و بەسەركردایەتی (عەلی حەسەن مەجید) ئەنجامدرا لەژێر ناوی ئەنفال دوایین قۆناغیش لەبادینان بوو كە لە 6ی ئەیلولی ساڵی 1988 كۆتایی پێهات كە زیاتر لە 180000 هەزار كەسی لەژن و منداڵ و پیری بێچارەو پەككەوتەو بێتاوانی لەزیندانەكان كۆت و بەند كردو لەدوایشدا زیندەبەچاڵی كردن، كەچی لەگەڵ هەموو ئەو ستەم و زوڵم و زۆرداریەی بەسەر نەتەوەی كورد هات، بەڵام كۆڵی نەداوەو قوربانی زۆریدا بۆ ئەم رۆژەی كە دروستی كردو قوربانی زۆریشی دەوێ بۆ دواڕۆژی روونترو گەشتر دەبێت و چەند دوژمنانمان دڵ رەق و بێ شەرم لەبەرامبەرمان دەوەستنەوە  لەگەڵ ئەوەشدا میللەتەكەمان بەخوێنی خۆیان زۆر قارەمانانەو رق ئەستوورتر بەرەنگاریان دەبێتەوەو لەدنیای مرۆڤایەتیش پشت ئەستوورو دۆستمان زیاتر دەبێت.


PUKmedia  له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket