riklam

د.بروسكە عەبدوڵڵا: بۆ حكومەتی ئەلیكترۆنی دەبێت یەك رێزمانت هەبێت ‌

چاوپێکەوتن 10:25 AM - 2015-03-24
د.بروسكە عەبدوڵڵا

د.بروسكە عەبدوڵڵا

سلێمانی سەنتەری دامەزراندنی حكومەتی ئەلیكترۆنییە

هەنگاوەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆتە بواری پراكتیكییەوەو یەكەم هەنگاویش لە تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانییەوە دەستیپێكردووە، كە چەند قۆناغێك لەخۆ دەگرێت‌و ئاسانكارییەكی زۆر بۆ كاروباری خوێندكاران‌و تەنانەت فەرمانبەرانیش دەكات. زانیاری زیاتر لەلایەن پ.ی.د.بروسكە عەبدوڵڵا ئەژدەر بەڕێوەبەری تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانی‌و لێپرسراوی بنكەی بە ئەلیكترۆنیكردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەپارێزگای سلێمانی، هەڵەبجەو گەرمیان بۆ كوردستانی نوێ خرایەڕوو.

خواستی لێپرسراو
لەبارەی دەستپێكردنی قۆناغەكانی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەت، وتی: «دەبێت حكومەتی ئەلیكترۆنی چەند پێویستییەكی گرنگی هەبێت، یەكەم؛ دەبێت خواستی لێپرسراو هەبێت لەسەر كارەكە، لەڕابردوودا ئەو خواستە نەبوو، بەڵام ئێستا ئەو خواستە هەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم پشتگیرییەكی تەواوی بۆ حكومەتی ئەلیكترۆنی دەربڕی‌و وەزیری خوێندنی باڵاش ئەو دەرگایەی واڵا كرد بۆمان، بۆیە بەشێوەیەكی كاراتر كارەكانی خۆمان جێبەجێ دەكەین. پێویستییەكی تریش، یەكبوونی بنەمای یاسایە، چونكە لەكاری ئەلیكترۆنیدا لەهەر فەرمانگەیەكدا كاتێك فەرمانبەرێك وەردەگریت یاخود كارێكی پێدەدەیت یان لێی وەردەگریتەوە، دەبێت بنەمایەكی یاساییت هەبێت. ئەگەر لە فەرمانگەكەی تۆدا یان لەبەشەكەی تۆدا بەشێوەیەك بێت‌و لە بەشێكی تردا بەشێوەیەكی ترو جیاواز بێت، دەبینیت ناتوانێت ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بكات. لەبەرئەوە یەكبوونی یاسا، مەرجی سەرەكی بوونی حكومەتی ئەلیكترۆنییە. هەر بۆ ئەمەش لەسەر داواكاری تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانی داوامان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا كرد، كە كاتی ئەوە هاتووە داوای یەك حكومەتی‌و یەك یاسایی بكەین، لە هەموو بەشەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و دەرەوەشیدا. لەبەرامبەردا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا رەزامەندی خۆی دەربڕی‌و لیژنەیەك پێكهێنراو بەهەموو یاساكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو بەهەموو مافەكانی خوێندكاران‌و فەرمانبەراندا چووینەوەو هەموویمان رێكخست‌و لیژنەكەش كارەكەی تەواو كرد، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە بە كوڕاسێك ئەرك‌و مافەكان پێشكەش بەخوێندكاران‌و فەرمانبەران بكرێت. پاشان دەبێت بیربكرێتەوە چۆن ئەو ئەرك‌و مافانە بكرێن بە ئەلیكترۆنی‌و لەسەر شاشەی كۆمپیوتەر هەبێت‌و هەر فەرمانبەرێك ئەگەر ئاستێكی كەمیشی هەبێت لە زانستی كۆمپیوتەردا، دەتوانێت ئەو یاسایانە جێبەجێ بكات».

یەكبوونی رێزمان
گرفتەكانی بەردەم پرۆسەكە جۆراوجۆرن، لەورووەوە دەڵێت: «خاڵێكی تریش هەیە زۆر گرنگە بۆ هەر میللەتێك، دەبێت رێزمانت یەك بێت، بەڵام بەداخەوە لە كوردستاندا وا نییە. جگەلەوەش ئێمە پابەندین بە ئەلف‌و بێی عەرەبی، كە ئەویش چەند فۆنتێكی بۆ دروستكراوەو لەسەر بنەمای گرافیك بەكارهاتوون. ئەو ئەلف‌و بێیە لەسیستمی جیهانیدا وەك مایكرۆسۆفت‌و ...هتد كە كاری داتابەیسیان پێدەكرێت، لەو كارانەش كە پەیوەستن بە حكومەتی ئەلیكترۆنی، ناخوێنرێنەوە. ئەو كەسەی تەماشای بكات زۆرجار بەشێوەی نیشانەی پرسیارو چوارگۆشە هەندێك لە نووسینەكان دەردەكەون. بۆیە پێویستیمان بەكۆدێكە بۆئەوەی سیستمی مایكرۆسۆفت بیناسێتەوە. ئەو كۆدەش چەند كەسێك‌و چەند رێكخراوو كۆمەڵەیەك لەدڵسۆزی خۆیان هاتوون ئەو یونی كۆدەیان دروستكردووە، كە ئێستا هەیە، چونكە ئەو میللەتانەی زمانەكەیان زۆر پەرەی نەسەندووە، دەتوانن خۆیان كۆد بۆ خۆیان دروست بكەن‌و بیخەنە سیستمی مایكرۆسۆفتەوە. ئێمەش وەك زانكۆی سلێمانی‌و تۆماری گشتی، سێ ساڵ لەمەوپێش ئەو كارەمان جێبەجێ كرد، لەكاتێكدا بەپێی فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم داواكراوە لەڕۆژی 15/12/2014ەوە ئەو یونی كۆدانە لەسەرجەم دام‌و دەزگاكاندا بەكاربهێنرێن، بەڵام ئێمە پێش سێ ساڵ ئەو كۆدانەمان بەكارهێناوە‌و بناغەی حكومەتی ئەلیكترۆنیمان داناوەو دوو ساڵ زیاترە هەموو فەرمانبەرەكانی تۆماری گشتی زانكۆی سلێمانی بە سیستمی یونی كۆد كاردەكەن. ئەم سیستمە لەڕووكەشدا هەر نووسینە، بەڵام لەپشتەوەی ئەو نووسینانە دەتوانرێت مامەڵەی ئەلیكترۆنیان لەگەڵدا بكرێت‌و بناسرێنەوە».

لە بەشی خۆییەوە هەنگاویان ناوە
زیاتر روونكردنەوەی داو وتی: «ئەگەر لەئینتەرنێتدا بە فۆنتی (ئەلی سەمیك) بنووسیت بروسكەم بۆ بدۆزەرەوە، ناتوانێت بیدۆزێتەوە، چونكە نایناسێتەوەو كوێرە، بەڵام كاتێك بە یونی كۆد دەینووسیت، رێك بۆت دەهێنێت. ئێستاش یەكێك لەو شتە گرنگانەی لەزانكۆی سلێمانی جێبەجێ دەكرێت، بۆ یەكەمجارە لەهەموو دام‌و دەزگاكانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا، سیستمێكی پێشكەوتوو دادەنرێت بۆ بەشەكانی خۆیی، كە بەشی هاتو و رۆیشتوو دەكات. لەمەودوا لە تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانی، ئەم سیستمە، كە یەكێكە لەپڕۆژەكانی تۆماری گشتی پێشكەشی كردووە، هەر فەرمان‌و نووسینێك بێت، سكانی دەكات‌و ئەو زانیاریانەی تێیدان، بە یونی كۆد دەنووسرێت. لەبەرئەوە ئێمە ئەرشیفی نووسراوەكانی زانكۆی سلێمانی هەمووی سكان دەكەین‌و زانیارییەكانیان دەنووسرێنەوەو هەرچی فەرمانێك دەرچووبێت‌و بۆ هەر ناوو شوێنێك چووبێت‌و لە هەر شوێنێكەوە نووسراوەكەش هاتبێت‌و لەسەر هەر بابەتێك بێت، دەتوانرێت لەماوەی چركەیەكدا بدۆزرێتەوە. ئەوەش بە نێتۆرك لەنێوان هەموو فەرمانبەرەكاندا گرێ دەدرێت‌و ئیتر هاتوچۆ نامێنێت‌و كات‌و كاغەز سەرفكردنی زۆر نامێنێت. لەقۆناغی دووەمیشدا لەنێو زانكۆدا پێكەوە دەبەسترێتەوەو هەموو فەرمانبەرەكان دەتوانن بەكاریبهێنن‌و ئاگاداری زانیارییەكانی تایبەت بەكارەكان ببن».

ئەركێكی گەورەیە
لەساڵی 2013ەشەوە كار بۆ ئەوە دەكرێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئەلیكترۆنی بكرێت‌و ئەوەش بە سێ قۆناغ بكرێت. قۆناغی كاروباری فەرمانبەران، مامۆستایان‌و خوێندكاران، كە خوێندكاران یەكێكە لەگرنگترین ئەو توێژەی لەوەزارەتەكەدا هەیە، تائێستا 310 هەزار خوێندكار لەهەرێمی كوردستاندا خوێندنی زانكۆیان تەواو كردووە. ئێستاش 96 هەزار بەردەوامن لە خوێندنی زانكۆ. بۆیە وایان داناوە لە خوێندكارانەوە دەستپێبكە. لەوەزارەتیش بڕیاردراوە ئەو ئەركە بەزانكۆی سلێمانی بسپێردرێت. لەو بارەیەوە وتی: «ئەو ئەركەمان وەرگرت هەرچەندە ئەركێكی گەورەیە. لەو رووەوە سلێمانی كرا بە سەنتەری دامەزراندنی حكومەتی ئەلیكترۆنی. كارەكانیشمان دەستپێكردووە، بەڵام هیچ ئیمكانیاتێكمان پێنەدراوە. كاتێكیش باسی حكومەتی ئەلیكترۆنی دەكرێت، پارەیەكی زۆری دەوێت، بەڵام دەتوانرێت كاری لەسەر بكرێت‌و نەهێڵین بوەستێت تەنانەت لەم قەیرانی داراییەدا، بۆیە هەر بەتوانای خۆمان‌و ئەو فەرمانبەرانەی هەمانەو بەو كۆمپیوتەرانەی لەبەردەستماندان‌و بەهیممەتی كەسە دڵسۆزەكان، كە د.نزار یەكێكە لەو كەسە دڵسۆزو پسپۆڕانەی لەشاری سلێمانیدا پسپۆڕی داتابەیسەو یارمەتی زۆر فەرمانگەو بەشە جیاجیاكانی فەرمانگەكانی داوە، كارەكان جێبەجێ دەكەین».

بانكی زانیاری خوێندكاران
هەروەها بانكی زانیارییان بۆ خوێندكاران دروستكردووە، كە هەموو وردەكارییەكانی ژیانی خوێندكاری تێدا دەبێت‌و ئەوەیان لەقۆناغی یەكەمدا تەواو كردووە. لەقۆناغی دووەمیشدا سۆفتوێرێكیان بۆ داناوە بۆئەوەی ئەو زانیاریانەی تێ بكرێت‌و تائێستا چەندین كۆلێژ داخڵ كراون‌و لەمەودوا دۆسێی خوێندكار لەكۆمپیوتەردا دەبێت‌و لەناو فایلدا نابێت.

ئاستەنگی تر
جگە لە ئاستەنگی فۆنت، ئاستەنگێكی تریش هەیە. د.بروسكە لەوبارەیەوە وتی: «كێشەی گەیاندن هەیە، ئەگەر بتەوێت ئەم سیستمە لەسەرئاستی هەموو كۆلێژەكان دابنێیت، دەبێت گەیاندن لەنێوان هەموو كۆلێژەكاندا هەبێت بەشێوەی IP. لەنێوان زانكۆكانیشدا بەهەمان شێوە، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە، زانكۆی سلێمانی‌و زانكۆی دهۆك لەسەر خێراترین هێڵی ئینتەرنێتن. لە زانكۆی سلێمانیش بەتایبەت لەكەمپی قلیاسان، باشترین سیستمی سویچینگ دانراوە، كە دەتوانرێت نێتۆركێك دروست بكەیت لە هەموو بەش‌و كۆلێژەكانداو بچنە ناو سیستمەكەوە. لە كەمپی دهۆكیش هەمان شت كراوە، بەڵام كێشەمان لە هەولێر هەیە، چونكە زانكۆكە بەشێوەیەكی پەرش‌و بڵاوو پچڕپچڕە، سەرەڕای كێشەیەكی تریشمان هەیە پەیوەندی بە گەیاندنی تەلەفۆنی هەیە لە هەولێر».

(كۆڵ سەنتەر)
وەك تۆماری گشتیی زانكۆی سلێمانیش، چەند كارێكیان كردووە بۆئەوەی رۆتین كەمبكەنەوە لەكاتی مامەڵەی خوێندكاردا، یەكێك لەو كارانەش هێڵێكی خۆڕاییان داناوە لە كۆمپانیای كوردتێل، كەژمارەكەی 5737-ەو هەموو كەسێك دەتوانێت بەخۆڕایی پەیوەندی بكات بەو ژمارەیەوەو وەڵامی خوێندكار دەدرێتەوەو كارەكەی بۆ جێبەجێ دەكات‌و ئاگاداری دەكاتەوە مامەڵەكەی لە كوێیە، پڕۆژەكەش پێی دەوترێت (كۆڵ سەنتەر).

لەزانكۆوە بۆ فەرمانگەكانی تر
ئەو سیستمی حكومەتی ئەلیكترۆنییە دەبرێتە وەزارەت‌و فەرمانگەكانی تریش. بۆ ئەوەش دەڵێت: «بۆ ئەو مەبەستە كۆنفرانسمان كردووەو وەزارەت‌و فەرمانگەكان بەشداربوون. یەكێك لەو فەرمانگانەی ئەم سیستمە زۆر ئاڵۆزە بۆی، دادگاكانە، بەڵام دادگای سلێمانی ئەو كارەی كردووەو تائێستا زۆر بەباشی بەڕێوەچووە. لە پاسپۆرت سەركەوتنی باشی بەدەستهێناوە، لە كارەباو تەندروستی‌و...هتد هەر یەكەو لەشوێنی خۆیەوە هەوڵیداوە تا كارەكان بكات بە ئەلیكترۆنی. یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو حكومەتە ئەلیكترۆنییەش، خودی سیستمەكەیە، كە لەجیهاندا وەك كێبڕكێیەكی بازرگانی دانراوە. بەڵام سیستمەكەی ئێمە گونجاوەو لەداهاتوودا كێشەی تێدا دروست نابێت».

ڤایرۆس
لەبارەی مەترسییەكانی سەر سیستمەكەش، دەڵێت: «لەهەموو سیستمێكی ئەلیكترۆنیدا حساب بۆ ئەو ترسانە دەكرێت كە رەنگە رووبەڕووی ببێتەوە وەك؛ ئاوچوونە ناو سێرڤەرەكان‌و ڤایرۆس‌و بوومەلەرزە، لەبەرئەوە لە سیستمی (back up)دا وەرگرتنەوەی ئەو داتابەیسانە كارێكە هەموو سیستمێك دەیكات بۆ پارێزگاریكردن لەخۆی بۆ نموونە؛ لەم سیستمەی ئێستاماندا لەترسی بڕانی كارەباو تێكچوونی سیستمەكانمان، ئەو  (back up)ە هەموو رۆژێك وەریدەگرین، بۆئەوەی ئەگەر مەترسییەك هەبێت هەوڵی نیو رۆژمان بفەوتێت نەك هەموو رۆژەكە، لەهەموو جیهاندا دیارە ئەو هاكەرانەی هەن زیاتر روودەكەنە ئەو پێگانەی داتابەیسی تێدایە، واتە بانكێكی زانیاری هەیە ئیتر بەهەر هۆیەك بێت سەیر دەكەن بزانن ئەو زانیارییانە چین، بەپێی پێگەو گرنگی شوێنەكە كاری خۆیان دەكەن، بەڵام ئێمە وەك نموونەیەك لە زانكۆلاین، جگە لەو سێرڤەرانەی لەكوردستاندا بوو، سێرڤەریشمان بە كرێ‌ گرتبوو لە ئەمریكا، كەواتە ئەگەر شتێك لێرە روویدا كۆپییەكی ترمان لەئەمریكا هەیە لەناو ئەو سێرڤەرانەشدا دەتوانیت شتەكان جیابكەیتەوە».

مەڵتی میدیا
بەوتەی د.بروسكە، هەر لەزانكۆی سلێمانی، پرۆژەی مەڵتی میدیا هەیەو دوو ساڵە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ‌ دەكەن. ئەو پرۆژەیەش بەیارمەتی دەزگاكانی راگەیاندنی ناو شاری سلێمانی كەوتۆتەكارو دوو ساڵ لەمەوپێش داوایان لەوەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە لەسەرئاستی هەموو كوردستان جێ بەجێی بكەن، بەڵام لەبەر چەند هۆیەكی تەكنیكی جێبەجێ‌ نەكراوە یاخود وەك خۆی وتی، لەلایەن چەند لایەنێكەوە ئارەزووی جێبەجێكردنی نەبووە، چونكە ئەركەكەی زۆر بوو.
پرۆسەی مەڵتی میدیا؛ بریتییە لە پرۆسەیەك، كە هەموو بەش‌و پسپۆڕییەك‌و هەموو بەشە تایبەتەكانی زانكۆی سلێمانی لەلایەن چەند خوێندكارێكەوەو هەر یەكەیان لەماوەی (30) چركەدا فیلمێكیان لەبارەی خوێندنی ئەو بەش‌و كۆلێژانەوە روونكردۆتەوە بۆ ئەو خوێندكارەی لەدوای پۆلی 12ی ئامادەییەوە رووی لێدەكات. فیلمەكانیش لەڕێی پێگەیەكی تایبەتەوە بڵاوكراونەتەوەو وایكردووە خوێندكار تێبگات لەماوەی ئەو (4) ساڵەی زانكۆدا چی دەخوێنێت‌و لەدوای دەرچوونیش لەكوێ‌ كاری دەستدەكەوێت. ئەمە وایكردووە ساڵی رابردوو گواستنەوەو دابەزاندن لەزانكۆی سلێمانی زۆر كەم بێت.

پێناسی ئەلیكترۆنی
پرۆژەیەكی تری زانكۆی سلێمانی، پێناسی ئەلیكترۆنییە. لەوبارەیەوە د.بروسكە عەبدوڵڵا وتی: «لەكوردستاندا ناوی دووبارە زۆرە بەتایبەت ئەو ناوانەی بناغەیەكی عەرەبییان هەیەو لەئایینەوە هاتوون، زۆركاتیش رێك دەكەوێت تا ناوی سیانیش وەك یەك دەبێت، بۆیە هاتین سیستمی كۆدێكی بێ‌ وێنەمان دانا، هەموو خوێندكارێك لەزانكۆی سلێمانی كۆدێكی هەیەو ئەو كۆدە تەنیا خۆی هەیەتی‌و لەوەی هیچ كەسێكی تر ناچێت، بەهۆی ئەو كۆدەوە هەموو كارەكانی جێبەجێ‌ دەكرێت تەنانەت دوای دەرچوونیشی‌و گەڕانەوەو بوون بە مامۆستاو وەرگرتنی بڕوانامەو هەر كارێكی تری هەبێت هەر بەو كۆدە دەناسرێت، لەبەرئەوە ناوی سیانی گرنگییەكی نەما ئەگەر لەیەكیش بچێت، تەنانەت كێشە داراییەكانیش هەمووی جێبەجێ‌ بوو. ئەم سیستمەمان هێناو خستمانە سەر كارتێكی ئەلیكترۆنی‌و كارتەكەش بەنوێترین شێوە جێبەجێمان كرد ئەمەش بەیارمەتی‌و هاوكاری لەگەڵ یەكەی كۆمپیوتەردا كە لەم كارتەدا هەموو زانیارییەكی خوێندكاری تێدایەو پێویست ناكات پێی بوترێت لە چ بەشێكیت‌و كارەكانی پێشووت بهێنە، لەناو تیپێكی شاراوەدا لەو كارتەدا هەموو زانیارییەكانی تێدایە، كە دێتە بەردەستی فەرمانبەرەكە لە وایەرلێس هەر كە نزیك بوویەوە دێتە سەر شاشەی بەردەستی فەرمانبەرەكەو لەگەڵ وێنەكەیدا دەزانێت ئەوە ئەو خوێندكارەیەو چ كارێكی دەوێت بۆی جێبەجێ‌ دەكات بۆ چەندین كاری تری ناو زانكۆش بەكاردەهێنرێت».
وەك تۆماری گشتی چەندین پرۆژە تریشیان پێشكەش بە وەزارەت كردووەو چەند پرۆژەیەكی ئەلیكترۆنی هەبووە، بۆیە دەڵێت: «بۆ دروستكردنی حكومەتی ئەلیكترۆنی، لەهەموو پێگەیەكەوە دەتوانین بیكەین بەئەلیكترۆنی، یەكێك لەو مەرجانەی ئێمە دامانناوە لەخوێندنی باڵا ئەم سیستمە دەبێت هەموو زانكۆ ئەهلییەكانیش بگرێتەوە بۆئەوەی هەموو زانكۆكان بەیەك سیستم بن».

 

PUKmedia  له‌ كوردستانی نوێ-ه‌وه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket