riklam

رێگەی خەلافەتی ڕەش

بیروڕا 12:01 PM - 2015-03-04
 ‌ سەردار جەعفەر

‌ سەردار جەعفەر

هێڵی (ئیسلامبوڵ-موسڵ)، رێگەی خەلافەتی ڕەش


رۆژی (3/3/1924)؛ لاپەڕەیەكی دڵخۆشكەر لەمێژوویەكی سەراپا ڕەش؛ لەو رۆژەدا، بەدەست و قەڵەمی «مستەفا كەمال ئەتاتورك» بونیادی خەلافەتی عوسمانی بەڕەسمی هەڵوەشێنرایەوە؛ خەلافەتێك كە كەمی خوێن نەڕشت..! لە لووتكەی هەرەمی دەسەڵاتەكەیدا، باوك كەللەی كوڕی دەپەڕاند. سوڵتان لەناو حەرەمسەرای ئاوەدان و پڕلە كەنیزەكدا، خەونی گەورەكردنەوەی سنووری خەلافەتی لەسەردا بوو. تا ئەو كاتە، هەموو ئیسلامگەرایەكی فرەخواز، لەسەرتاسەری جیهان، دڵی لەناو شەقامەكانی «ئیسلامبوڵ»دا لێیدەدا. مستەفا كەمال، خەونی داگیركردنی جیهانی لێ ئاڵۆز كردن و «ئیسلامبوڵ»ی كرد بە «ئیستانبوڵ»..!

بەڵام حازرخۆرەكانی بەر سێبەری خەلافەت نەسرەوتن. لەملاو لەولا تەقەللای زیندووكردنەوەی خەلافەت دەستی پێكردەوە. «محەمەد رەشید ڕەزا» یەكێك لەو بیرمەندانە بوو كە وەك ریفۆرمخوازێكی سەرەتای ئیسلامگەرایی سەلەفی ناسرا و نووسینەكانی، تۆوی ئەندێشەی لە مێشكی «حەسەن بەنا» و نموونەكانیدا چاند. محەمەد رەشید ڕەزا، بە ئەسڵ بەغدادی بوو. دەیووت: خەلافەت دەبێ لە ناوچەیەكی مابەینی نیمچەدوورگەی سعودیە و ئەناتۆلی (توركیای ئێستا)دا زیندوو بكرێتەوە. بۆ نموونە لەشاری «موسڵ»، بەپێی ناوەكەشی «موسڵ« واتە شوێنی «وەسڵ« و ئاشتی و پەیوەندی یەكگرتنەوەی مەعنەوی. دوای ئەوە كەسانێكی وەك «سەید قوتب» و «حەسەن بەنا» وەك سەربازی ئەو رێگەیە، بەردەوامییان بە هەوڵەكانیان دا و ئیخوان موسلمین-یان دامەزراند. دیارە لە ئێران-یش كەسانی وەك «جەمالەدین ئەسەد ئابادی» و لە پاكستان «ئەبول ئەعدلا مەودودی» و...هتد، تەقەللای هەمان شتیان بوو: خەونی زیندووكردنەوەی خەلافەت-ێكی جیهانگیر.

ئەگەر بێینە سەردەمی ئەمڕۆمان، «تاڵیبان»ی ئەفغانستان، «قاعیدە»، «بوكۆحەرام»، «داعش» و هاوشێوەكانیان درێژەپێدەری هەمان رێگەن و هەر هەمووی رقی ئەو رۆژە (3/3)یان لەدڵدا ماوە و پێیان وایە زیندووكردنەوەی ئەو خەلافەتە لەكیسچووە دەبێ ئامانجی سەرەكی هەموو موسڵمانێك بێت، ئەوەشی كە لەگەڵیاندا نەبێت، خوێنی حەڵاڵە. لە توركیای كۆماریدا، ئاسەوارە نیگەتیڤەكانی خەلافەت تاڕادەیەكی هەر مابوون. دیموكراسییەتی هاوردەكراوی رۆژئاوایی هێشتا درز و كەلێنی زۆر بوون. بۆیە نەوەكانی خەلافەت لەوێش سەریان هەڵدایەوە. «نەجمەدین ئەربەكان» لە حزبی ریفاه و دواتریش «رەجەب تەیب ئەردۆغان» لە حزبی داد‌و گەشەپێدانەوە. ئەردۆغان هەموو درز و كەلێنەكانی دیموكراسییە سەقەتەكەی سیستمی كەمالیزمی قۆستەوە و خۆی گەیاندە شوێنی مەبەست، بۆ گەڕاندنەوەی «ئیسلامبوڵ»‌و لەوێشەوە بەرەو «موسڵ».

ئەردۆغان، پێش راگەیاندنی خەلافەتی نەینەوا لەلایەن داعش-ەوە، دەورێكی كارای بینی لەكۆكردنەوەی متمانەی رۆژئاوا بۆ «محەمەد مورسی»‌و ئیخوانەكەی لەمیسر. ئەمەش بۆ رۆژئاوا وەكو هەڵبژاردنی خراپ بوو بەسەر خراپتردا. واتە پێیان وابوو خەلافەتگەرای «فەرەنگی لەبەر» بە ریشی كورتەوە، باشترە لە «شمشێر بەدەست و عەبا لەبەر». كەچی زۆری نەخایاند و دەركەوت (ئیخوان و قاعیدە و داعش) یەك مەفهومی تاقن بە جلوبەرگی جیاواز.

خەونی دەست بەسەرداگرتنی جیهان بە ناوەندێتی «موسڵ» لە «ئیسلامبوڵ»ەوە دەستی پێكردۆتەوە و خەونی هاوبەشی هەموو ئیخوانێك و داعش-ێكە. پێمان خۆش بێت یان پێمان ناخۆش بێت، ئێستا موسڵ-ەكەی محەمەد رەشید ڕەزا ناوەندی خەلافەتە. هەرچەند كۆمەڵێك كەس و لایەنی عەلمانیی خۆشباوەڕ، دەڵێن خەلافەتێكی فاشیلە و زۆر ناخایەنێت، بەڵام ئەگەر ژیاندۆستەكانی جیهان ئاگادار نەبن، ئەو خەلافەتە تەنیا نییە و لە هێڵی «ئیسلامبوڵ»و چەندین هێڵی تەمومژاوی دیكە هاوسۆز و هاوكاری هەیە. پڕۆژەی «نیوعوسمانی» ئەردۆغان، هەمان پڕۆژەكەی محەمەد رەشید ڕەزایە. ئاگادار بن سوپاكەی «ئیسلامبوڵ» روو لە «موسڵ» نەكات..!

 

 ‌ سەردار جەعفەر

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket