riklam

كوردانی تاراوگه‌ رێز له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێن

تاراوگە‌‌ 08:57 PM - 2015-03-03
 رێز له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێن

رێز له‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌نێن

بۆ رێزگرتن له‌گیانی پاكی شه‌هیدانی رێگای ئازادی و سه‌رفرازی كوردستان، بۆ به‌رزنرخاندنی رۆڵی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانانه‌ی كه‌له‌سه‌نگه‌ری شه‌ره‌ف و سه‌ربه‌رزیدا رووبه‌ڕووی داعش بونه‌ته‌وه‌، بۆ پشتگیری له‌خه‌باتی هاوبه‌شی كوردستانیانه‌ كۆمه‌ڵه‌ی كلتوری دیورن له‌رۆژئاوای ئه‌ڵمانیا ئێواره‌ كۆڕێكی به‌ڕێوه‌برد.

دوای رێزلێنان له‌گیانی پاكی شه‌هیدان دڵسۆز عه‌زیز به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی دیورن له‌وته‌یه‌كی كورتدا بایه‌خی كۆبونه‌وه‌كه‌ی روونكرده‌وه‌و ئاماژه‌ی به‌و شه‌هیدانه‌دا كه‌له‌ كوردستان له‌سه‌نگه‌ره‌كانی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌دوژمنان گیانیان به‌خشی و به‌خوێنی ئاڵیان ڕه‌نگی ئازادیان سوركردوو ئه‌و راستیه‌یان به‌رجه‌سته‌كرد كه‌ئازادی به‌خوێن نه‌خشێنراوه‌و به‌خوێنیش پارێزگاری لێده‌كه‌ن.

وتیشی: پێشمه‌رگه‌ واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌سه‌ره‌ی بۆمه‌رگێكی شكۆمه‌ندانه‌ گرتووه‌ له‌پێناوی نیشتمانداو بۆته‌ سومبولێك بۆئازادی و دنیا چاوی له‌سه‌ریه‌تی كه‌چۆن شكستیان به‌تیرۆریستان هێناوه‌.

پاشان تیپی مۆزیكی لاوانی دیورن چه‌ند سرودێكی نیشتمانیان بۆ شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان پێشكه‌ش كردوو خۆشه‌ویستیان بۆشه‌هیدان وپێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕی.

نوسه‌رو شاعیری ڕۆژئاوای كوردستان هه‌یبه‌ت ناسراو به‌ باوكی هه‌ڵه‌بجه‌ باسێكی سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ئێستای كوردستان و ئه‌گه‌رو پێشهاته‌كان و گرنگی هاوخه‌باتی و هه‌ماهه‌نگی هێزه‌ كوردستانیه‌كان پێشكه‌ش كرد.

شێخ وه‌هاب سه‌لام كادرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین خه‌بات و پێگه‌و پیرۆزی پێشمه‌رگه‌ی به‌رز نرخاندو به‌شانازی گه‌لێك له‌پێناوی پاراستنی ئازادی و ده‌ستكه‌وته‌كان وه‌سفیكردو پێی وابوو پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ پێناسێكی جیهانی وه‌ك سونبولێك واتای ئه‌وقاره‌مانانه‌ ده‌به‌خشێ كه‌شكستیان به‌پیلانه‌كانی داعش و داگیركه‌ران هێناوه‌و به‌هه‌موو زمانه‌كانی دنیا پێشمه‌رگه‌ بۆته‌ ناوێكی خۆشه‌ویست بۆته‌ هێزی به‌شه‌ریه‌ت له‌تێكشكاندنی تیرۆریستاندا كه‌به‌وه‌ش ناو ناوبانگێكی زۆری بۆكوردو كێشه‌ڕه‌واكه‌ی په‌یداكردوه‌و هه‌رئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ كه‌كورد چۆته‌ هاوپه‌یمانی جیهانی دژه‌تیرۆره‌وه‌.

هه‌ر له‌كۆڕه‌كه‌دا عه‌بدولره‌حمان نایف نوسه‌رو شاعیری رۆژئاوای كوردستان به‌دووپارچه‌ شیعر به‌شداریكرد، هه‌روه‌ها خاتومریه‌م رۆژهه‌لاتی به‌چڕینی سرودێك به‌شداریكرد، دواجار به‌شداربوان پێكه‌وه‌ به‌سرودی ئه‌ی ره‌قیب و شه‌هیدان كۆتاییان به‌كۆڕه‌كه‌ هێنا.


PUKmedia
شه‌هاب عوسمان-ئه‌ڵمانیا:

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket