riklam

ئەو قەڵەمەی بەعس شكاندی

ی.ن.ک‌‌ 11:08 AM - 2015-03-02
چەند وشەیەك بۆ ساڵیادی شەهیدبوونی یاسین یەعقوب

چەند وشەیەك بۆ ساڵیادی شەهیدبوونی یاسین یەعقوب

چەند وشەیەك بۆ ساڵیادی شەهیدبوونی یاسین یەعقوب ئەو قەڵەمەی بەعس شكاندی

ئەو گەنجێكی خێر لەژیان نەدیوی سەردەمی حكومی رەشی بەعس‌و داگیركاری‌و چەوسانەوەو تاڵان‌و سوتماك‌و رووخاندن‌و لەناوبردن‌و زیندانە تاریكەكان‌و شەڕو هەڵاتن‌و خۆشاردنەوەو راگواستن‌و شەهیدكردن بوو. ژیانی ئەو چ لەگوندو چ لەشار هیچ واتایەكی نەبوو، جگە لەبیركردنەوە لەڕێگاچارەی رزگاریی نەتەوەیی‌و نیشاندانی بەهرەكانی خۆی لەمەودای شیعرو چیرۆك‌و شێوەكاری‌و دەنگخۆشیدا، بەڵام هەموو بەهرەو تواناكانیش لەژیانی بن دەستی‌و دڵەڕاوكێی گیران‌و هەڵاتن‌و كاری رێكخستن، خۆشییەكیان بەناخی ئەو گەنجە نەدا تا رۆژی شەهیدبوونی.

شەهید یاسین یەعقوب عەزیز مەنتك لەساڵی 1962 لەگوندە چەندجار سووتاوەكەی (حەسەن مترب)ی زوورگەلانی ناوچەی دێدەوانی سەر بەناحیەی قوشتەپە لەپارێزگای هەولێر لەدایكبووە. بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لەگوندەكەیان، بەشێوەی پچڕ پچڕ هەم لەخوێندنی ئایینی لای مامۆستا مەلا عومەرو هەم لە قوتابخانە فێری خوێندن‌و نووسین بووە. سەرەتای كاری رێكخستنی شەهید  یاسین بۆ ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە، كە چەند جارێك هاوكاری مەفرەزەكەی شەهید حوسێن دۆشكەی ئامۆزای كردبوو بەبردنی نامەو نۆبەگری‌و نان بردن بۆ شوێنی حەشارگەكەیان. هەرئەوەش وایكرد لەهاوینی ساڵی 1977 كاتێك شەهید یاسین بۆ گەیاندنی راسپاردەیەكی  شەهید حوسێن دۆشكە دەچێتە گوندی (بانەمورد)ی هاوسنووری گوندی (حەسەن مترب)، لەلایەن سیخوڕەكانەوە دەزگاكانی بەعسی لێ ئاگاداردەكرێتەوەو هێزێكی تایبەتی سەربازی لەسەربازگەی قوشتەپە دەردەچێت‌و لەگەڕانەوەیدا لە(دۆڵی دارێ) دەستگیری دەكەن‌و دوای ماوەیەك لەئازارو ئەشكەنجەی ئیستیخباراتی هەولێر، چونكە هیچی نەدركاند بوو، ئازادكرا.

دوای ئەوەی گوندی (حەسەن مترب) وەك یەكەمین گوندی سنووری پارێزگای هەولێر بەهۆی شەڕێكی نێوان پێشمەرگەو جاش لەزستانی ساڵی 1977 چۆڵكرا، ماڵی مام یەعقوب-ی باوكی شەهید یاسن لەگەڕەكی (باداوە)ی هەولێر گیرسانەوە، بەڵام شەهید یاسن هەوڵیدا دووبارە خزمەت بەڕێكخستن بكات، چونكە باوكی شەهید یاسین-یش لەسەر هاوكاری مەفرەزە سەرەتاییەكانی شۆڕشی نوێ لەنێوان ساڵانی 1976 بۆ 1978، سێ جار لەلایەن ئەمنی ناحیەی قوشتەپەو ئیستیخباراتی سەربازگەی هەولێرەوە دەستگیر كرابوو، هەمووجارێك دوای لێكۆڵینەوەی توندو ئازاری جەستەی‌و نەدركاندنی هیچ وشەك، ئازاد دەكراو دایكی شەهید یاسین-یش، خوالێخۆشبوو بەگیسی غەفوور لە زستانی 1977دا بەهۆی هاوكاریكردنی مەفرەزە سەرەتاییەكان لەسەردەستی جاشەكان دووچاری لێدان‌و ئازاردانی زۆر ببۆوە، ئەوەش زیاتر كاریگەری لەسەر رەوتی ژیان‌و خەباتی نهێنی یاسینی كوڕی هەبوو.

بۆیە شەهید یاسین لەشانە بەندیە سەركەوت بۆ شانەی سەرەكی دێدەوان لەڕێكخراوی (قەرەچوغ)و جارێكی تریش لەهاوینی ساڵی 1982دا لەگوندی (چل بەسەر) دەستگیركراو بە (هێلیكۆپتەر) گوازرایەوە بۆ زیندانی ئیستیخباراتی سەربازگەی قوشتەپە، بەڵام هێندەی نەبرد بەلێبووردنی ئەو ساڵە ئازاد كرا، بەڵام دیسان جموجوڵی ئەو وایكرد چاوی پیاوانی بەعسی بەسەروەبێت‌و دواجارو دوای دەستگیركردنی لەمانگی شوباتی ساڵی 1986و دوای دادگاییەكی سەرپێی لەڕۆژی 2/3/1986 لە ئەمنی فەیلەقی 5ی هەولێر شەهید كراو لەگۆڕستانی (گردە رەشە)ی هەولێر ئەو گۆڕستانەی زۆرترین شەهیدی لەباوەشگرتووە، بەخاك سپێردراو لەدوای خۆی جگە لە دەستنووسەكانی (كە بەداخەوە دوای شەهیدكردنی لەترسی پیاوانی بەعس زۆریان لەناوبران)، تاكە كوڕێكی تەمەن مانگانەی بەناوی رێبین بۆ كوردستان بەجێهێشت، بۆئەوەی درێژەپێدەری رێبازی شەهیدان‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێت.

دیارە لەكاتی شەهیدكردنی دا، من لەبەشی (ئەحكام خاصە)ی ئەبو غرێب حكومدرابووم‌و برایەكیشمان بەناوی مەلا سدیق دوای هەشت مانگ لەئازارو ئەشكەنجەی ئەمنی هەولێر، ئازادكرابوو. واتا خێزانەكەی شەهید یاسین، لەبراو باوك‌و تەنانەت دایكیشی كوڵاوی ناو ئازاری زیندان بوون.

ناكرێت باسی ژیانی شەهید یاسین بكەین بێئەوەی باس لەبەهرەكانی ئەو گەنجە نەكەین لەبوارەكانی هۆنینەوەی شیعرو نووسینی چیرۆك‌و شێوەكاری‌و دەنگ خۆشییەكەی، چونكە ئەو گەنجە لەگەڵ بیری رزگاری‌و كاركردن لەڕێكخستن، بەردەوام شیعری دەهۆنییەوەو دەیان شیعری كوردایەتی‌و سروشت‌و خۆشەویستی، نووسیوە. هەروەك لەبواری شێوەكاریشدا دەستی وێنەكێشانی هەبوو لەڕەنگكردن‌و هێڵكاریدا. لەمەودای چیرۆكیشدا كورتە رۆمانێكی بەناوی (بێ دایك) نووسی، بەڵام مەرگی دەستی بەعس بواری تەواوكردنی نەدا. لەدەنگخۆشیشدا چی لەخوێندنەوەی قورئانی پیرۆز، چی لەگوتنەوەی سروودو گۆرانی، بەهرەیەكی تەواوی هەبوو. بەڵام مەخابن راونان‌و بگرەوبەردەی چەتەكانی بەعسی رووخاو بواری نەدا هیچ كام لەبەرهەمەكانی چاپبكرێن، ئەوە جگەلەوەی لەناوەڕۆكیشدا لەو رۆژگارەدا زەحمەت بوو رێگای بڵاوكردنەوەیان پێبدرایە.

لەدوا وشەدا دەڵێم: یادت بەخێر برا بەهرەمەندو خێر لەخۆ نەدیوەكەی رۆژگاری بن دەستی‌و زوڵمی بەعس.

*‌ دێده‌وانی‌ یه‌عقوب ‌ برای بچووك‌و هاوزیندانیت

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket