riklam

حكومەتی فیدراڵ پارەی نارد

بیروڕا 11:05 AM - 2015-03-02
ئەحمەد فاتیح

ئەحمەد فاتیح

دوای ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدی یاوەری لە بەغداد گەڕانەوە‌و سەرۆكی حكومەت باسی لەوە كرد كە حكومەتی هەرێم ڕێكەوتنی لەگەڵ حكومەتێكی موفلیس كردووە، ئیتر ئەو لێدوانە كاریگەری‌و لێكەوتەی نەرێنی لەسەر لایەنی كۆمەڵایەتی‌و ئابووری بەدوای خۆیدا هێنا. سەرەنجام ناڕەزایەتی فەرمانبەران‌و مامۆستایانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و گەرمیان‌و هەڵەبجەی لێكەوتەوە. ئیتر جۆرێك لەبێ ئومێدی باڵی بەسەر شەقامدا كێشا. لەبەرامبەریش دەبینین حكومەتی فیدراڵ پێشینەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاد دەكات‌و مووچە بۆ ئەو ناوچانەش دەنێرێت كە لەژێر دەسەڵاتی داعش-ن. هەموو ئەم بارودۆخەش لەئەنجامی لێكتێنەگەیشتنی نێوان بەغداد-هەولێر بوو لەسەر ئەو ڕێكەوتننامەیەی كە واژۆیان كردبوو، پاشانیش وەفدی نوێنەرانی كورد لەكۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەو ڕاستیەیان خستەڕوو كە دەبێت حكومەتی هەرێم پابەند بێت بەو ڕێكەوتننامەیەوە. هەروەها جێگری سەرۆكی پارلەمانی عیراق «ئارام محەمەد» دەڵێت: ڕێكەوتنی هەولێر-بەغدا لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، حكومەتی ناوەند نیەت باشی تێدایە بۆئەوەی بەردەوام بێت لەو ڕێكەوتنە.
پاش هەموو ئەو رووداوانە، سەرۆك كۆمار لەگەڵ عەبادی و سەرۆكی پارلەمان كۆبۆوە‌و باسی لەهەستیاری رەوشی عیراق كرد، هەر لەو دانیشتنەدا ڕاشكاوانە پرسی مووچە‌و بودجەی هەرێم تەوەری سەرەكی بوو كە ناكرێت ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت‌و حكومەتی ناوەند مووچە ببڕێت. بۆیە لەدوای ئەو دانیشتنە، حكومەتی ناوەند بڕیار دەدات پارە بنێرێت بۆ هەرێم، بڕی ئەو پارەیەش 250 ملیار دینار دەبێت. نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت، فشاری تریش هەیە وەك ئێران‌و ئەمریكا بۆئەوەی عەبادی ئەم سیاسەتەی مالكی دووبارە نەكاتەوە‌و عیراق رووبەڕووی گرژی‌و ئاڵۆزی نەكاتەوە. بۆیە وەزیری دارایی عیراق هۆشیار زێباری لەپرێس كۆنفرانسێك لەبەغدا دەڵێت: حكومەتی هەرێم بەهۆی كێشەی تەكنیكی نەیتوانیوە ئەو بڕە نەوتە هەناردە بكات، بۆیە لێكتێنەگەیشتنێك ڕوویداوە. هەموو ئەمانە هێمایە بۆئەوەی حكومەتی هەرێم وەك پێویست نەیتوانیوە پابەندی ڕێكەوتنەكە بێت، بۆیە عەبادی پەنای بۆ بڕین بردووە كە ئەمەش كارێكی تەندروست‌و باش نییە.
هەروەها ئێستا پێشمەرگە شەڕێكی بەرەیی فراوان دژ بەداعش دەكات، ئیتر ناكرێت لەبەر لێكتێنەگەیشتنێك سیاسەتی بڕینی قوتی خەڵكی هەرێم پەیڕەو بكرێت، هاوكات بۆ پرۆسەی ڕزگاركردنی موسڵ پێشمەرگە بەشدار دەبێت‌و بەشێكی گرنگ‌و گەورە دەبێت لەو ئۆپەراسیۆنە. ئیتر بەچ لۆژیكێك مووچە و بودجەی هەرێم دەبڕدرێت!. لەبەرامبەریش نابێت حكومەتی هەرێم هەر رۆژەو بەجۆرێك پێشنیاز بداتە بەغداد‌و قسە لەسەر ڕێكەوتنەكە بكرێت، چونكە ئەمە لەبەرژەوەندی پرۆسەی شەفافیەت نییە‌و پێویستە حكومەتی هەرێم بەردەوام بێت لەو رێكەوتنەی واژۆی كردووە. ئێستا حكومەتی ناوەند دوای فشاری سەرۆك كۆمار‌و هەندێك وڵاتانی تر، پارەی ناردووە، بۆیە دەبێت كوردیش هەنگاوی تر بنوێنێت. ئێستاش سەرۆك كۆماری عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و لەگەڵ سەرۆكی هەرێم‌و حكومەتی هەرێم كۆدەبێتەوە، ئەم كۆبوونەوەیەش بۆئەوەیە زیاتر لەم قۆناغەدا هەولێر‌و بەغداد نزیك ببنەوە، چونكە ئەمە لەبەرژەوەندی هیچ لایەك نییە، دەبێت هەموو تەنگژەكان بەدیالۆگ‌و گفتوگۆ چارەسەر ببێت، چونكە عیراقی دوای داعش، گۆڕانكاری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، دەبێت ئەم گۆڕانكارییانەش لەبەرچاو بێت. بۆیە پێویستە حكومەتی هەرێم كەناڵی دیپلۆماسی زیاتر و پەیوەندییەكانی خۆی لەبەغداد‌و لەئێران‌و ئەمریكا‌و بەریتانیا‌و نەتەوە یەكگرتووەكان زیاتر بخاتەگەڕ، بۆئەوەی ڕێگر بێت كە جارێكی تر ئەم سیاسەتە دژ بەخەڵكی كوردستان پەیڕەو نەكرێت. ڕاستە هیچ دەوڵەتێك قبوڵی ئەوە ناكات سیاسەتی بڕینی مووچە پەیڕەو بكرێت، بەڵام دەبێت كوردیش پابەندی و شەفافیەتی خۆی بۆ هەموو لایەك ڕابگەیەنێت، چونكە ئەمە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتە بۆ بازاڕەكانی جیهان، كەس ناتوانێت پەردەپۆشی بكات.

 

‌ پارێزەر ئەحمەد فاتیح محەمەد‌

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket