riklam

خانمی یه‌كه‌می عیراق سه‌ردانی كه‌مپی عه‌ربه‌ت ده‌كات

عیراق 01:24 PM - 2015-03-01
به‌ڵێنی زیاتر خزمه‌تكردن و به‌دواداچوونی گرفت و كێشه‌كانی پێدان

به‌ڵێنی زیاتر خزمه‌تكردن و به‌دواداچوونی گرفت و كێشه‌كانی پێدان

ئه‌مڕۆ 1-3-2015 روناك عه‌بدول واحید مسته‌فا خانمی یه‌كه‌می عیراق به‌ یاوه‌ری د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو د.میران محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی، سه‌ردانی كه‌مپی ئاواره‌كانی كرد له‌ ناحیه‌ی عه‌ربه‌ت.

خانمی یه‌كه‌می عیراق له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌شه‌ جیاجیاكانی كه‌مپی عه‌ربه‌تی به‌سه‌ركرده‌وه‌و له‌ كێشه‌و گرفته‌كانی كۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای پێشكه‌شكردی كه‌لوپه‌ل و خوارده‌مه‌نی و پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ ئاواره‌كانی نیشته‌جێی نێو كامپه‌كه‌، هه‌روه‌ها به‌ڵێنی زیاتر خزمه‌تكردن و به‌دواداچوونی گرفت و كێشه‌كانی پێدان به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنیان.
 
له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسیشدا، د.ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ خانمی یه‌كه‌می عیراق له‌نزیكه‌وه‌ چاومان به‌ ئاواره‌كان كه‌وتووه‌و له‌ گرفته‌كانمان كۆڵیوه‌ته‌وه‌و خانمی یه‌كه‌می عیراقیش به‌ كێشه‌كانی زانیوه‌و بڕیاریداوه‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كان ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستی بكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌ خوێندكارو كه‌سانی نه‌خۆش له‌نێو كه‌مپه‌كه‌دا.

له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌وه‌، سه‌لما فاتیح ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ فراكسیۆنی سه‌وز به‌  PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌ كێشه‌و گرفتی ئاواره‌كان به‌پێویستمان زانیوه‌ له‌گه‌ڵ خانمی یه‌كه‌می عیراق وه‌ك ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی كامپی عه‌ربه‌ت بكه‌ین و چاومان به‌ ئاواره‌كان بكه‌وێت.

وتیشی: له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌م كه‌مپه‌ بۆ 700 خێزان دروستكرا، به‌ڵام ئێستا نزیكه‌ی سێ هه‌زار خێزانی تێدایه‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌ هۆی دروستكردنی هه‌ڵاوسانێكی زۆر له‌ كه‌مپه‌كه‌دا، هه‌ربۆیه‌ داواكارین له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی عیراق و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران هاوكاری زیاتر بگه‌یه‌نن به‌ كه‌مپی عه‌ربه‌ت.

راشیگه‌یاند: له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ین بۆ به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر له‌ بارودۆخی ئاواره‌كان.

PUKmedia ئه‌حمه‌د مسته‌فا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket