riklam

دیسانەوە ئەردۆغان‌و سیستمی سەرۆكایەتی ‌

بیروڕا 12:48 PM - 2015-03-01
.

.

كێشەی سەرەكی‌و لەمپەڕ لەپێش بەرەوپێشەوەچونی توركیا لەئێستادا پارتی دادو گەشەپێدان وسەرۆكەكەیەتی! كە دوو فاكتەری سەرەكی چەقبەستنی سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی توركیان، دەسەڵات و كەسایەتی ئەردۆغان لەساڵی ٢٠٠٢ تا ساڵی ٢٠١٠ بەكەسایەتیەكی كاریزمایی و دەوڵەتمەدارێكی بەهێز ناوزەد دەكرێت و وەكو یەكێك لەسەركردەكانی جیهان دەهاتە ژماردن.
ئەردۆغان ئەمڕۆ لەتوركیادا هەموو قۆناغە مەترسیدارەكانی تێپەڕاندوە، جگە لەوەی هەندێك لەبزووتنەوەی خزمەتی گولەنیەكان دەپرینگێتەوە، لەوە بترازێت هیچ سەنگێك بۆ پارتە لەئاوچووەكانی جەهەپە ومەهەپە ناكات، چونكە لەدوا دوهەڵبژاردنەكانی ئەپریل وئاپدا هەردولایانی لەبۆتەدا و گۆشەگیر و لەبڕكی گەشەكردنی خستون.. دەمێنێتەوە سەر پارتە كوردییەكان، كە مەترسی ئەردۆغان لە (HDP) و(DBP) بەپلەی یەكەم لەژمارەی كورسیەكانیان نییە لەپەڕلەمانی داهاتوودا، بەڵكو لەبەرنامەكانیانە، كەدوای سەربەخۆیی و جیاكردنەوەی ناوچەدەكەن لەسەر مۆدێلی كوردستانی باشورو رۆژئاوا ( خەباتی چەكداری مەدەنی دیموكراتیشیان پێكەوە گرێداوە).
لەراستیدا ئەردۆغان زۆر لەدەمیرتاش دەترسێت، چونكە لەسەردەمی شەڕو پێكادانەكانی كۆبانیدا هادەپ بەسەرۆكایەتی هاوسەرۆكیان سەلاحەدین دەمیرتاش لەدەستپێكردنی پرۆتێستۆكانی شارە كوردستانییەكانی باكوور بۆ پاڵپشتی كۆبانێ و كۆتایی پێهێنانی خەڵكە راپەڕیوەكە وەكو سەركردەیەكی لاو زۆر عەقڵانی رەفتاری كرد، بەوەش سەرنجی دەوروبەرو ئەوروپای بۆ بزووتنەوەی كوردانی باكوور بەدەستهێنا. بەبەراورد بەرەفتاری ناڕوون و لێڵی ئەردۆغان لەسەر سەرجەم مەسەلەكان لەپێشیانەوە هەڵوێستی لەسەر داعش..
جگە لەوە، كێشەی سەرەكی ئەردۆغان بۆ بەرقەراركردنی سیستەمی سەرۆكایەتی ئەم حێزبانە نین، بەڵكو كێشەی ئەردۆغان مەسەلەی ئابووری و گۆشەگیریەكەی ئێستای توركیایە، كە سەرمایەی خۆماڵی توركیا بەپەلە دەچێتە دەرەوەو سەرمایەی بێگانەش كە تا ساڵی ٢٠٠٩ خۆی دەدا لە ١٧،٣ملیار.. لە ئێستادا لە٥،٤ تێناپەڕێنێت، بەتایبەتی سەرمایەدارانی كەنداویش لەترسی تەنگەژەی ئابووری توركیا سەرمایەكانیان دەكێشنەوە... ئەگەینا ئەردۆغان هیچ كێشەیەكی نییە بۆ جێبەجێكردنی سیستەمی سەرۆكایەتی جا بەمۆدێلی هەر وڵاتێك بێت ئەمەریكا یان فەرەنسا دەسەلاتی تەواو یا نیوە دەسەڵاتی مۆدێلی ئەوروپی!
چونكە ئەردۆغان خۆی گوتەنی كێشەی لەگەڵ ئەوە نیە، كە مۆدێلەكەی ئەمەریكا كەی دەستی پێكردوە و چۆن گەشەی كردوە.. كە لەساڵی ١٧٨٧ بۆ ئەمڕۆ، كە دەكاتە ٢٢٨ ساڵ.. ئەردۆغان كاری بەسەر مۆدێلەوە نییە.. لەڕاستیشدا كاتی خۆی ئەتاتوركیش سەرۆك كۆمار بو دەسەلاتەكەی رەها بو، ئینۆنۆش بەهەمان شێوە لەكاتێكدا سیستەمەكەش هەر پەڕلەمانی بوو، بۆیە ئەردۆغان ئێستاش كێشەی نییە.. سەرۆك وەزیران بێت، یا سەرۆك كۆمار دەسەڵاتەكانی ڕەهایە هەر وەكو ئەوە وایە، كە سیستەمەكە (سەرۆكایەتی بێت)، بــــەڵام ئـــــەو سیستەمە سەرۆكایەتیەی كە ئەردۆغان دەیەوێت بەبەری توركیای ببڕێت، بریتی دەبێت لەتونێڵێكی تاریكی دیكتاتۆریەتی بێ كۆتایی!
چونكە ئەردۆغان هەرگیز جارێكی تر دەسبەرداری دەسەڵات نابێت لەتوركیادا و كۆشكە سپیەكەشی بۆ ئەومەبەستەو بۆ خۆی دروستكردوە... بەڵام ئەم بابەتانە بۆ تاقیكردنەوەی كۆمەڵگای توركیا دەخاتە بازاڕەوە.. ماوەیەك لەمەوپێش لەچاوپێكەوتنێكدا وتی توركێكی موسڵمان ئەمەریكای دۆزیوەتەوە، نەك كریستۆفەر كۆلۆمبوس، بەدوایدا كاتی ئەوەهاتبوو بڵێ هیندە سوورەكانی ئەمەریكا بەڕەسەن توركن! باوەڕی بەیەكسانی ژن وپیاو نییە، كە لەدونیای دێمۆكراتیشدا دەزانرێ ژن وپیاو لەڕووی بایۆلۆژی و فیزیكیەوە جیاوازن، بەڵام دەكرێ لەمافدا یەكسان بن، كە ژنێك لەدابەشكردنی میراتدا نیوەی براكەی بەركەوت وەكو ئەوا وایە، كە نیو مرۆڤ بێت لەچاو براكەیەوە.
ئەردۆغان ئەم باسانە ناوە ناوە دەخاتە نێوخەڵكەكەیەوەو هەر جارەی بۆ مەبەستێك، بۆ نموونە ئەو كاتانە كە هەست دەكات ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان وەكو پێویست ڕۆڵی شیاو بۆ توركیا ڕەچاوناكەن ئەردۆغان حیكمەتێك لەم جۆرانە بڵاودەكاتەوە.. هەروەها كە ئەوروپاییەكان بۆ بوونە ئەندامی توركیا دەست دەنێن بەڕوویانەوە ئەمان دەگەڕێنەوە بۆ سەربوردەی باپێرانیان لەبابەتی زیندوكردنەوەی (١٦) سەربازە توركەكان كە هێما بۆ ١٦ دەوڵەتی توركی لەمێژوودا بەجلوپۆشاكی ئەوەی كە لەئەفسانەكاندا هاتووە.
واتا ئەم لێدوانانەی ئەردۆغان زۆربەیان پەرچەكردارن، بۆ نموونە دوای ئۆپەراسیۆنەكەی سەر دامەزراوەی ( زەمان) ڕێكخراوی نیودەوڵەتی (RSF) توركیا لەڕیزبەندی ئازادی رۆژنامەگەریدا كەوتۆتە دوای هەندێك دەوڵەتی ئەفەریقییەوە لەوانە زمبابۆی.
لەكۆتاییدا ماوەتەوە بڵێین سیستەمی سەرۆكایەتی بۆ ئەردۆغان بوون ونەبوونی هەر وەكو یەك وایە، ئەگەرچی لەدوا راپرسی ناو ئاكەپەشدا لەكۆی ٣١٢ ئەندام پەڕلەمانی خۆیان، تەنها ٣٠ ئەندامیان لەگەڵ ئەوەدایە كە سیستەمی سەرۆكایەتی كاری بۆ بكرێت، بەڵام لە ٩٠% پێیانوایە ئەم سیستەمە دەبێتە لەمپەڕو ڕێگر لەپێش پرۆسەی دیموكراتی.

هۆشیار مەلا عەبدولڕەحمان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket