riklam

حزبە ئیسلامییەکان لەکوێی جەنگی...

بیروڕا 12:46 PM - 2015-03-01
ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

حزبە ئیسلامییەکان لەکوێی جەنگی دژی داعشدان؟ ‌

رەنگە پرسیاری سەرەکی لەشەڕی چەند مانگی رابردووی کورد بەرامبەر بەتیرۆرستانی داعش، ئەوە بێت، ئایا ئەگەر بڕیار وایە داعش لەدەرەوەی ئیسلامە، رۆڵی حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان لەبەرەنگاربوونەوەی فکری‌و سەربازیدا لەکوێدا رەنگدانەوەی هەبووە؟ ئایا ئەمان توانیویانە بەدرێژایی چەند مانگی رابردووی شەڕی داعش، هاوشانی هێزەکانی پێشمەرگەو لایەنەکانی دیکە، لەهەردوو لایەنی فکری‌و سەربازی بێنە مەیدانەکەو بەئاشکرا ئەوە بڵێن کە داعش لەدەرەوەی ئیسلامەو پێویستە رووبەڕوویان ببینەوە؟
بابەتەکە بۆ ئێمە تا ئەو کاتە گرنگە، کە حزبە ئیسلامییەکان لەنێو کەشێکی سیاسی جێگرتووی دوای راپەڕین هاتنە ناو ساحەی سیاسیی کوردستانەوەو گەشەیان کرد، تاوەکو بەم قۆناغەی ئێستا گەیشتن، بەڵام لەبارودۆخێکی وەک ئێستای ناوچەکە بەگشتی کە هەڕەشە لەسەر دوو پارچەی گەورەی کوردستانە (باشوورو رۆژئاڤا) وێڕای گەشەکردنیان لەڕێی خەبات‌و ماندووبوونی حزبە سیاسییەکانی ترەوە، حزبە ئیسلامییەکان، تووشی شەرمنییەکی زۆر قورس بوون سەبارەت بەمەسەلەی بڕیاردان‌و هەڵبژاردن، کە زیاتر دەمەوێت لەسەر ئەم دوو چەمکە پەیوەست بەحزبە ئیسلامییەکان بوەستم؛
یەکەم: ئایا حزبە ئیسلامییەکان (بڕیار)ی یەکجارەکی ئەوەیان داوە کە بەهەموو لایەکی رابگەیەنن، داعش لەدەرەوەی ئیسلامەو دەبێت بەرەنگاری ئەم هێزە توندڕەوە ببینەوە، بەڕاست بۆ ئەم مەسەلەیە تاچەند کاریان کردووەو، دەزگاو دامەزراوەکاینان، مینبەرەکانیان، راگەیاندنەکانیان، بانگخوازەکانیان، تاچەند خستۆتە خزمەتی ئەوەی کە بۆ تاکی کوردو بۆ دنیای ئیسلامیش بسەلمێنن کە داعش، لەدەرەوەی ئیسلامەو نابێت بکەوینە ژێر ئەو کاریگەرییەی کە ئایین وەک ئامراز بەکاردەهێنێن بۆ داگیرکاری‌و دەیان کاری قێزەونی تر.
دووەم: ئایا حزبە ئیسلامییە سیاسییەکان، بەئاشکراو بەڕوونی دەتوانن ئەوە بەڕای گشتی بڵێن، ناسنامەی ئێمە (کورد) سەرەتا ناسنامەیەکی کوردیە، ئەوجا موسوڵمان؟ بەڕاستی جورئەتی ئەم هەڵبژاردنەیان هەیەو دەتوانن پەردەی شەرمنیان لادەن‌و ئەوەمان پێبڵێن کە کوردبوونی ئێمە لەپێش هەموو شتێکەوەیە؟ بۆیە تا ئەم هەڵبژاردنە لەنێو ئەماندا یەکلایی نەبێتەوە، ئەوا نە لەمەیدانی فکری‌و نە لەمەیدانی سەربازیدا کە ئێستا بۆ ئیسلامییەکان ئەم هەڵوێستە زۆر گرنگر، جێدەست‌و تێکۆشانیان لەڕووبەڕووبوونەوەی داعش نابینینەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو موسوڵمان بوون بخەنە پێش کورد بوونەوە، وەک ئەوەی کە موسوڵمان بوون، پێشمەرجی کوردبوونی ئێمە بێت، کە ئەوە لەخیتابی هەموو حزبە ئیسلامییەکاندا بەئاشکرا دیارە، ئەوا دەبێت شوێن بۆ دەیان ئەگەرو دەیان پرسیاری دیکە بکەینەوە.
دەبێت ئەوە بزانین شەرمنی هێزە سیاسییە ئیسلامییەکان، کەلێنێکی دیکەی ناو سەنگەری بەرگری هێزەکانی پێشمەرگەو گوتاری سەرکردایەتی سیاسیی کوردە، بەوەی کە ئەو دەنگەی رووبەڕووی داعش دەبێتەوە دەنگی تەواوی حزبە سیاسییەکانی کوردستان نییە، یان بەڕاشکاوی بڵێین دەنگی حزبە ئیسلامییەکانی بەشێوەیەکی روون‌و رەوانی تێدا نییە. هەروەک چۆن لەپاڵ ئەوەدا دەنگی  رۆشنبیرە ئیسلامییەکانیشی تێدا نییە، کە رۆژانە، بە بەردەوامی باس لەکەموکوڕی‌و چەندان شتی دیکەی ناو حکومڕانی کوردی دەکەن‌و دەمی رەخنەیان بێڕادە درێژە!!
ئەوەی دەمێنتەوەو ئەوەیە کە چ لەلایەنی سیاسییەوە چ لەگوتاری نووسەران‌و رۆشنبیراندا، دەبێت لەمەودوا شەرمنی هێزە سیاسییە ئیسلامییەکان بخەنە بەر رەخنەو بێدەنگیان، لەناو خەبات‌و مقاوەمەتی دلێرانەی هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی دیکەی وەک پەکەکەو پەیەدەو یەپەژە، بخرێتە ژێر پرسیارەوە، بەتایبەت دەشتوانین مل بۆ پرسیارێکی دیکەش درێژ بکەین، ئایا ئەگەر حزبە ئیسلامییەکان لەپڕۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستاندا بەشدارن‌و بەشێک لەهەیکەلی ئەم حکومڕانییە پێکدەهێنن، بۆچی لەڕووبەڕووبوونەوەی چەتەکانی داعشیشدا بوێرانە ناتوانن ببنە کۆڵەکەیەکی دیکەی بەهێزی هێزەکانی پێشمەرگەو سەنگەری مقاوەمەت بەهێزتر تۆکمەتر ناکەن؟
دێمەوە سەر ئەو خاڵەی کە ئەگەر ئیسلامییەکان بەبیانووی نەبوونی هێزی چەکداری نەتوانن ببنە کۆڵکەی بەهێزی سەنگەرەکانی بەرگری، خۆ دەتوانن لەڕێگەی بانگخوازو منیبەرەکانیانەوە، کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوو ئەم بانگخوازانە سەرنجی لایەنگرانێکی زۆریان بۆخۆیان راکێشاوە، دەتوانن لەلایەنی خەباتی فکری‌و دینییەوە، بەڕوون‌و ئاشکرا تەئکید بکەنەوە، کە راستە ئێمە کوردین‌و موسوڵمانین، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا دەبێت بەرەنگاری هەر جۆرە داگیرکارییەک ببینەوە کە بەناوی دینەوە بکرێتە سەر گەلەکەمان، تەنانەت ئەگەر ئەو هێزە داگیرکارە بەناوی ئیسلامیشەوە بێت، وەک(داعش).

ته‌حسین ته‌ها چۆمانی‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket