riklam

لەبەهاری عەرەبییەوە بۆ داعش ‌

بیروڕا 10:04 AM - 2015-02-27
هێمن بیاوێڵەیی

هێمن بیاوێڵەیی

شۆڕشە سپیەكانی بەهاری ژمارەیەك لەوڵاتانی عەرەبی چوار ساڵیان بەسەردا تێپەڕبوو، ئەو شۆڕش‌و داخوازیانەی كە سەرەتا بەسپێتی‌و ئاشتی بروسكەیانداو دواتر بەئاگرو ئاسن لەلایەن حكومەتەكانیانەوە وەڵام درانەوە، شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی ئەگەرچی لەسەرەتاكانیانەوە جێگەی هیواو ئاواتی خەڵكانی ئەو وڵاتانەو زۆرێك لەهاووڵاتیانی عەرەب‌و بێگانەكانیش بوون، جێگەی بەدیهێنانی خواست‌و ئامانجە سەردەمیەكان بوون‌و خەڵك پڕبەدەنگ هاواری ئازادی‌و دادپەروەری‌و نان‌و ئاوو كارو پرۆژەو خزمەتگوزاری‌و دەیان داخوازی تری سیاسی‌و ڕۆشنبیری‌و جڤاكی یان دەكرد، تا ئەوكاتەو ساتە وەختێكیش دوای سەرهەڵدانی شەپۆلەكانی بەهاری عەرەبی شۆڕش‌و ڕاپەڕینەكان كۆكەرەوەی هەزاران دەنگ‌و ڕەنگی ئازادیخوازو حزب‌و گروپ‌و لایەنی بیر جیاواز بوون، بەهەموو مانایەك بەهاری عەرەبی سەرەتا لەوڵاتی تونسەوەو بەدوایدا هەریەك لەوڵاتانی لیبیاو میسرو یەمەن‌و سوریاو دواتریش بروسكەی لەهەندێك وڵاتی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەت وڵاتانی عەرەب‌، هاوكات بوون لەگەڵ ئەو تێزە جیهانیەی كە بیرمەندان‌و زۆرێكیش لەسەركردەی لایەن‌و گروپە سیاسی‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتییەكانی ناو دنیای عەرەب كە بەهیوای ئەوەبوون لەڕێگەی بەهاری عەرەبی‌و بەدیهاتنی ئامانجەكانی ئەم شۆڕشانەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەنە ئەوروپایەكی نوێ، ئەوروپایەك كە ئەوان چەندین ساڵە خەون بەئازادی‌و گەشەو دیموكراسیەتەكەیەوە دەبینن، ئەوانە پێیان وابوو سەركردەو حكومەتەكانیان رێگەی ئەوەیان گرتوون كە ئازادی‌و دیموكراسیەت لەم وڵاتانەدا گەشەبكات‌و جێگەی خۆی بكاتەوە، ئەمانە لەسەرێكەوە ڕاستیان وت‌و لەسەرەكەی ترەوە هاتنەوە ناو خاڵی دەسپێك، بگرە وەك زۆرێك لەچاودێرانی سیاسی دەڵێن سەركردەكانی شۆڕش پاش كاولبوونی وڵاتەكانیان‌و داڕوخانی ژێرخانی ئابووری‌و ئەو هەموو كوشتن‌و ماڵوێرانی‌و ئاوارەبوونە كە وڵاتەكانیانی گرتەوە وا ئەمڕۆ ئاوات بەكفن دزی پێشوو ئەخوازن.
ئێستا بەهاری عەرەبی‌و شۆڕشەكان لەزۆر وڵاتی عەرەبیدا خامۆش بوون، لەمیسر جارجار دوكەڵێك لەشوێندەستی شۆڕشەكەیانەوە دەبینرێت بەڵام بێ‌سوودو ئەنجام، لەتونس‌و یەمەن بەهەمان شێوە، لەلیبیا قەزافی مردو هەزاران قەزافی تر كەوتنە جوڵە، لەسوریا جەنگ‌و ماڵوێرانی هەرچی ژمارەو پێوانەیە شكاندی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوورەوە لەتۆپەڵێك ئاگر دەچێت كە سووتەمەنیەكەی هاووڵاتیانی سڤیل‌و هەژاران‌و ژن‌و مناڵانن، ئەوانەشی لەم زستانەو زستانەكانی ڕابردوودا خۆیان لەبەر ئەم ئاگرە گەرمكردەوەو ماندوێتی تاڵانی‌و كاولكاری‌و كوشت‌وبڕیان لەجەستەیان دەركرد هەم حكومەت‌و سوپاو دەسەڵاتدارانی وڵات‌و هەم ئەو سەركردەو سۆپەرمانانەش بوون كە لەسەرەتاوە خۆیان لێبووبووە جیڤاراو بانگی ئازادیان دەداو ئەمڕۆش جگە لەبەدبەختی زیاتر هیچیان بۆ میللەتەكانیان نەچنیوەتەوە.
لەئەنجامی بێسەرووبەری‌و بەربەریەتی سەركردە سوپا فیكرەكانی حكومەت‌و شۆڕشگێڕان، وا دەبینین دۆخی ئەو وڵاتانەی چەخماخەی بەهاری عەرەبییان تیادا بریسكایەوە ئەمڕۆ بارودۆخیان لەهەموو لایەنەكانەوە زۆر لەجاران لەدواترن، ئەمە بەو مانایە نییە كە حكومەتی ئەو وڵاتانە ئازادیخوازو گەل پارێزبوون، دیموكراسیخوازو مافپێدەری چین‌و توێژە جیاوازەكانی ناو وڵاتەكانیان بوون، نەخێر، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە لەشوێنی ئەو دەسەڵاتانەی شۆڕشیان لەدژ هەڵگیرسا، یان ئەو حكومەتانە وەك خۆیان‌و بگرە دڕندانەتریش هەر ماون‌و لەگەشەدان، یانیش هی دیكە هاتونەتە سەر كورسیەكانیان كە هەر مەگەر لەناوەكانیاندا جیاوازی هەبێت، زیاد لەهەموو ئەمانەش بێسەروبەری شۆڕشەكان كارێكیان كرد ئێستا لەناو ئەو وڵاتانە بەدەیان گروپ‌و باندی تیرۆریستی گەورەو بچووك دروست بوون كە رۆژانە خوێن‌و خاكی میللەتانی دەوروبەر دەمژن‌و داگیردەكەن بەناوی ئازادی‌و رزگاركردنەوە.
داعش‌و زۆرێك لەگروپە تێرۆریستیەكانی تر كە ئەمڕۆ بەكردەوەو ڕەفتارە نامرۆڤانەكانیان جیهانیان سەرسام كردووە، تۆوی ناو ئەو هێلكە تروكاوانەن كە چەندین ساڵە لەناو جیهانی عەرەبیدا پەنگیان خواردووەتەوەو بواری تروكان‌و هەڵهاتنیان نەبووە.
بەهاری عەرەبی لەسەرەتایەوە تائەمڕۆ خاڵە نەرێنییەكانی چەند بەرامبەری خاڵە باشەكانیەتی، ئەگەر بڵێین داعش‌و گروپ‌و باندەكانی تری كوشتن‌و رفاندن‌و دەیان كردەوەو رەفتاری قێزەون‌و دژە سەردەمیانە زادەی ئەو شۆڕشانە نین، خۆ دەبێت بپرسین، ئەی بۆچی تاچەند ساڵانی پێشوو هیچكام لەم گروپ‌و باندانە بەم شێوە بەربەریەتە نەبوون‌و نەبینراون، گروپ‌و باندی تۆقێنەر هەبوون، بەڵام بەوێنەی ئەمانە نا، ئەمان ئێستا داوای ئازادی‌و خزمەتگوزاری ناكەن، داوای ئازادیی ڕۆشنبیری‌و ئاینی‌و كۆمەڵایەتی ناكەن، داوای ئەوەدەكەن ئازادی بمرێت‌و ورگی دیموكراسی‌و فرەیی هەڵدڕدرێ، داوای ئەوەدەكەن هەموو جیهان یەك ئاواز بڵێنەوەو بەیەك ڕیتم لێخوڕن، تائەمڕۆ داعش‌و ئەوانی تریش كە هاوشێوەی ئەم بیرو فیكرەن ئەو چەپكە گوڵە ڕەشەن كە لەناو بەهاری عەرەبیدا هەڵتۆقیون‌و ڕەنگە زۆریشی بووێت تابەیەكجاری سیس ببن‌و لەڕەگەوە هەڵكێشرێن.

هێمن بیاوێڵەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket