riklam

كه‌نه‌دا.. داهاتی پێشانگایه‌ك بۆ منداڵه‌ ئاواره‌كان

تاراوگە‌‌ 09:55 AM - 2015-02-26
(مانای تابلۆیه‌ك چییه‌ له‌سه‌ر دیوار ئه‌گه‌ر منداڵێك برسی بێت؟)

(مانای تابلۆیه‌ك چییه‌ له‌سه‌ر دیوار ئه‌گه‌ر منداڵێك برسی بێت؟)

(مانای تابلۆیه‌ك چییه‌ له‌سه‌ر دیوار ئه‌گه‌ر منداڵێك برسی بێت؟) ئه‌مه‌ دروشمی هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كاری تۆرونتۆ بوو كه‌ له‌میانه‌ی پێشانگایه‌كی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ منداڵه‌ ئاواره‌كانی كۆبانێ و شه‌نگال رایانگه‌یاندبوو.

رێكخراوی په‌یوه‌ندی كوردی دژی جینۆساید له‌ شاری تورونتۆ، پێشانگایه‌كی شێوه‌كاری هاوبه‌شی له‌ژێر ناونیشانی پێشانگای منداڵانی خۆر بۆ سێ هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار (حاجی خانم، شیلان جه‌بار، زینه‌ب ئه‌لعه‌لی) رێكخست.

سه‌ره‌تا هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن په‌یمان شكروڵڵا به‌ ئاله‌تی سه‌نتورو چه‌ند ئاوازێكی ئه‌فسوناوی هه‌ست و خه‌یاڵی به‌شداربووانی به‌ره‌و سروشتی كوردستان فڕاند، پاشان ئاڤا هۆما نووسه‌ری كتیبی (ده‌نگدانه‌وه‌ی سه‌رزه‌مینێكی تر) كه‌ ئه‌ویش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌شداری پرۆژه‌كه‌ی كردووه‌، له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌ ژیان و گوزه‌رانی مه‌رگه‌ ئامێزی ئاواره‌كان كرد كه‌ هێشتا به‌شێك له‌ جه‌سته‌كانیان له‌ شه‌نگال به‌سه‌ر كه‌ڵپه‌ خوێناوییه‌كانی داعشه‌وه‌ن، خۆشیان له‌ نه‌بوونیدا شه‌ڕی زستانێكی سه‌خت ده‌كه‌ن، ئه‌و نووسه‌ر خۆشحاڵی خۆی نیشاندا وه‌كو نیشتمانپه‌روه‌رێك به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كتێبه‌كانی به‌شداری كردووه‌و داهاته‌كه‌شی به‌ منداڵانی ئاواره‌ ده‌به‌خشێت.

له‌و پێشانگایه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هونه‌ر دۆستانی كوردو عه‌ره‌ب ئاماده‌بوون، هونه‌رمه‌ندان شیلان جه‌بارو حاجی خانم و زه‌ینه‌ب به‌ تابلۆ ره‌نگینه‌كانیان توانیان خه‌م و ئازاری میللـه‌تێكی بێ شوناس و بێ وڵات له‌ چاوی فڵچه‌كانیان تێكه‌ڵ به‌ هه‌ناسه‌ی به‌شداربووان بكه‌ن و هاوخه‌می و پشتیوانی خۆیان بۆ ئاواره‌كانی كۆبانی و شه‌نگال ده‌رببڕن.

دارا فه‌ره‌ج به‌رپرسی رێكخراوی په‌یوه‌ندی كوردی دژی جینۆساید له‌ وته‌یه‌كدا بۆ PUKmedia مه‌به‌ستی رێكخستنی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی پرۆسه‌كه‌ ناردنی په‌یامێكه‌ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی شه‌ڕو كوشتاری گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان كه‌ له‌ كوردستان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، وتیشی: ئێمه‌ له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ پشتیوانی ژماره‌یه‌ك هونه‌رمه‌ندی به‌توانای كورد بكه‌ین كه‌ پرۆژه‌یه‌كیان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ منداڵانی ئاواره‌ی كۆبانێ و شه‌نگال ئاماده‌كردبوو هه‌روه‌ها هه‌وڵی ئه‌وه‌ بده‌ین بتوانین ئازاری ئاواره‌كان تا راده‌یه‌ك كه‌مبكه‌ینه‌وه‌و هه‌ست بكه‌ن ئه‌وان هه‌میشه‌ له‌ بیری ئێمه‌دان وه‌ك چه‌ند ساتێكیش له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژین.

هونه‌رمه‌ند شیلان جه‌بار ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ساڵی 1994 بۆ یه‌كه‌مجار به‌شداری پێشانگای شێوه‌كاری په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی سلێمانی كردووه‌و دواتریش له‌ كه‌نه‌دا به‌شداری هه‌شت پێشانگای كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له‌م پێشانگایه‌دا ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ وتی: ئامانجه‌كه‌مان ئه‌وه‌یه‌ تابلۆكان له‌گه‌ڵ په‌رتووكه‌كانی ئاڤا هوما هه‌ڕاج بكه‌ین و داهاته‌كه‌شی بۆ په‌یداكردنی شیری منداڵانی ئاواره‌كانه‌ كه‌ له‌ژێر چادرو باراندا ژیانی ناڕه‌حه‌تی به‌سه‌رده‌به‌ن، منیش وه‌كو دایكێك بیرم كرده‌وه‌ كه‌ منداڵ پێویستی به‌ شیره‌، بڕیارمدا له‌گه‌ڵ به‌رهه‌می ئه‌و دوو هونه‌رمه‌نده‌ی تر پێشانگایه‌كی هاوبه‌ش بكه‌ینه‌وه‌.

هونه‌رمه‌ند حاجی خانم كه‌ خۆی له‌ هۆڵه‌ندا ده‌ژی به‌ ژماره‌یه‌ك تابلۆی ره‌نگین به‌شداری پێشانگاكه‌ی كرد، له‌لایه‌ن خاتوو ئاسیای كچی سه‌رپه‌رشتی به‌رهه‌مه‌كانی كرا، حاجی خانم له‌ ساڵی 2014 پێشانگایه‌كی شێوه‌كاری و كه‌له‌پووری كورده‌واری له‌ تورونتۆ نمایشكرد.

شێوه‌كار زه‌ینه‌ب ئه‌لعه‌لی ناسراو به‌ زی خه‌ڵكی به‌سره‌یه‌، ماوه‌ی ده‌ ساڵه‌ به‌شداری چه‌ندین پێشانگای شێوه‌كاری كردووه‌ له‌ كه‌نه‌دا، ئه‌مڕۆش له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا به‌ ژماره‌یه‌ك تابلۆی ره‌نگین و قه‌باره‌ جیاواز به‌شداریكرد، خاتوو زه‌ینه‌ب خۆشحاڵه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵمه‌تی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كی منداڵه‌ ئاواره‌كان رۆڵی هه‌یه‌، وتیشی: ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كورد به‌شداری پێشانگایه‌كی مرۆیی بكه‌م.

جێی ئاماژه‌یه‌، پرۆسه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌كی هونه‌رمه‌ندان زۆر سه‌ركه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ره‌وه‌ندی كورد پشتیوانی خۆیان به‌ كڕینی تابلۆكان ده‌ربڕی و ئه‌و دروشمه‌یان "به‌ كڕینی تابلۆیه‌ك تۆ منداڵێك له‌ برسێتی رزگار ده‌كه‌یت" به‌رز راگرت.

له‌ كۆتاییدا هونه‌رمه‌ندان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاسته‌ی رێكخراوی په‌یوه‌ندی كوردی دژی جینۆساید كرد كه‌ هاوكاربوون له‌ گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌یان، ئه‌ویش "مانای تابلۆ چییه‌ ئه‌گه‌ر منداڵێك برسی بێت؟".

PUKmedia عوسمان عه‌لی - كه‌نه‌دا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket