riklam

هه‌ڵه‌بجه‌.. ئاماده‌كاری بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت

کوردستان 08:10 PM - 2015-01-31
كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌

كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌

ئه‌مڕۆ 31-1-2015 به‌مه‌به‌ستی چۆنێتی پێشوازیكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ و خستنه‌ڕووی چه‌ندپێشنیارێك بۆ په‌رله‌مانی كوردستان نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ مونۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراون ئه‌نجامدرا.

له‌ ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌سه‌ر په‌رشتی ئه‌ركان حه‌سه‌ن قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو هه‌موان چه‌ند ساتێك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان راوه‌ستان و پاشان سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كان بۆ چوونه‌كانیان له‌سه‌ر  چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و به‌شداری نوێنه‌رانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خسته‌ڕوو .

له‌پاش كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌كه‌ ئه‌ركان حه‌سه‌ن قائیمقامی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: سه‌رجه‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كان  كۆبووینه‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ بۆچوونی یه‌كترمان ئاڵوگۆڕ كرد لیژنه‌كانی پێشوازی و چۆنێتی به‌شداری هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  دروست كردو خستنه‌ڕووی پێشنیازی هه‌ڵه‌بجه‌مان بۆ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان تاوتوێكرد.
 
وتیشی: پێده‌چێت ئه‌و رۆژه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ینه‌ پشوو له‌ رووی ئابوریشه‌وه‌ ئه‌ركی له‌ خۆگرتنی هه‌موو ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ خۆ ده‌گرین، به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پارێزگارو جێگره‌كانی و ئه‌نجومه‌نێكی 25 كه‌سی په‌سه‌ند ده‌كرێن بۆ پارێزگاكه‌.

لای خۆشییه‌وه‌ به‌هادین محه‌مه‌د لێپرسراوی كۆمیته‌ی رێكخستنی هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێتی له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداریمان كردو په‌یامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی كردنه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ و ئه‌و بڕیاره‌ مێژووییه‌ و جارێكی دیكه‌ش دووپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ وه‌ك یه‌كێتی ده‌مێكه‌ و له‌هه‌موو ساڵیاده‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌شدا جه‌ختمان له‌ به‌ پارێزگا كردنی هه‌ڵه‌بجه‌ كردوه‌ته‌وه‌ ئێستاش دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ و چیش پێویست بێت بۆ سه‌رخستنی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌یكه‌ین .

پڕۆژه‌ یاسای پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 31-12-2013 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقه‌وه‌ بۆ به‌ پارێزگاكردنی له‌ ژێر رۆشنایی مادده‌ی (71) ی ده‌ستوری عیراقی نێراوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ جێ به‌جێكردنی و له‌ 13-3-2014 سه‌رۆكی هه‌رێم ئیمزای به‌ پارێزگاكردنی كردوه‌ و دوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌ ئه‌ندامێتی چه‌ند وه‌زیرێك پڕۆژه‌ یاسایه‌ك په‌سه‌ند كرا و ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌ و كه‌ له‌ (12) مادده‌ پێك هاتووه‌ و له‌ (27-1) دا په‌رله‌مان یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی له‌سه‌ر پرسه‌كه‌ ساز كردو بڕیاره‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌رۆژی سێ شه‌ممه‌ یان پێج شه‌ممه‌ ئه‌نجام بدات و پارێزگارو جێگره‌كانی و ئه‌نجومه‌نێكی (25) كه‌سی كاتی بۆ پارێزگاكه‌ په‌سه‌ند بكات.

PUKmedia فه‌رحان حه‌مه‌خان-هه‌ڵه‌بجه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket