riklam

ئایا كاتی یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەیە؟

بیروڕا 10:58 AM - 2015-01-29
 ‌ خالید محه‌مه‌د

‌ خالید محه‌مه‌د

لەدوای پەلاماردانی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر پارێزگای موسڵ لای خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی كوردستان چاوی ئومێدو هیوای بەتەواوی خرایەسەر. كاتێكیش داعش هێرشی بۆ سەر باشووری كوردستان دەستپێكرد پێشمەرگەری كوردستان لەئاستی ئەركی سەرشانی خۆیدا بوو توانی كوردستان بپارێزی. لەكاتی دروستبوونی شەڕەكەوە تا ئێستا راگەیاندنەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و شاعیران و نووسەران و گۆرانیبێژان و سایت و پەیجەكان و هەموو خەڵك كەوتنە خۆ ئەوەی پێویست بوو لەپیاهەڵدان و خۆشەویستی و كۆمەك و هاوكاری بەخشیانە ئەم هێزە خۆشەویست و تێكۆشەرە.

بەرگریی قارەمانانە
بەڵێ ئەم هێزە لەسەرجەم سەنگەرەكاندا بەرگریی بێوێنەو قارەمانانەو ئازایانەی نواندو ئەم  بەرگرییەش نەك هەر لەكوردستان و ناوچەكە بەڵكو لەجیهاندا دەنگیدایەوە. لەسەر ئاستی جیهان سەرۆك و سەركردەی وڵاتانی دنیا بەئاشكرا كەوتنە ستایشی پێشمەرگەی كوردستان، ئەوەی پێویست بوو چەندان ساڵ پێش ئێستا بیڵێن یان نەیان وتبوو وتیان. نەك هەر ئەوە، بەڵكو كەوتنە هاوكاری و پشتیوانی پێشمەرگەو ناردنی چەك و تەقەمەنی و مەشق پێكردنی، كە بێگومان ئەم هەنگاوانە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە سەركەوتنێكی زۆر گەورەیەو خەونێكە و هاتۆتەدی. لەسەر ئاستی ناوچەكەش دەوڵەتی عیراق بڕیاریداوە مانگانە مووچەی پێشمەرگە بدات و هاوكاری بكات. حكومەتی ئێران هاتۆتە پێش و چەك و تەقەمەنی پێشكەش دەكات.  تەنانەت دەوڵەتی توركیا رێگەی داوە پێشمەرگە لەڕێگەی  ئەوەوە بەناو خاكی وڵاتەكەیدا بچێتە كۆبانی. هەموو ئەم سەركەوتن و پشتیوانی و هاوكارییانە ئەگەر باش بەكاربهێنرێن دەتوانرێ‌ سەركەوتنی زۆر گەورەتر بۆ هێزی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستان بەدیبێ‌ و بەئاواتی لەمێژینەی خۆمان بگەین. لەسەر ئاستی ناوخۆش لێك نزیك بوونەوەیەك لەنێوان پارتی كرێكاران و پەیەدە و پارتی دیموكرات  دروست بووە كە پێش هاتنی داعش بۆ سنوورەكانمان گرژی هەبوو.
ئایا ئەمە دەكرێ؟
جگە لەوەش پێشمەرگەی هەر چوار پارچەی كوردستان زۆر ئازایانە هاتوونەتە مەیدان و پارێزگاری لەباشووری كوردستان دەكەن. لەڕاستیدا هێزی پێشمەرگە خۆشی پاككرایەوە لەو كەسانەی كەتوانای پێشمەرگایەتییان نییەو بەهۆكارێك لەهۆكارەكان یان لەبەر بژێوی ژیان بوونەتە پێشمەرگە، ئەو پێشمەرگانەش كە بەشداریی شەڕیان نەكردبوو ئێستا قاڵبوون و دەزانن بەرگری و شەڕ یانی چی؟
بەكورتی و بەكوردی و بەمانای وشە پێشمەرگە تا ئێستا سەركەوتوەو زۆر باش بەرگری كردووە. لەماوەی رابوردووا پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم رێنمایی و بڕیاریان داوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەتەواوی یەك بخرێتەوەو لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا بەدوایدا راگەیانكاران و حزب و رێكخراوەكان پاڵ پشتیان لەم هەنگاوانە كردو لەگەڵ ئەوەدان هەرچی زووە ئەم بڕیارانە بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، لەڕاستیدا كەس نییە دژی ئەم بڕیارانە بێ‌ و لەقازانجی كوردو پێشمەرگەو ناوچەكەش دایە. بەڵام ئایا لەكاتێكدا زۆربەی هەرە زۆری پێشمەرگەی كوردستان لەبەرەكانی  شەڕدایە ئەمە دەكرێ‌؟
ئایا چەندین ساڵە كێ‌ ڕێگر بووە لەم هەنگاوانە ؟ ئایا بەبڕیاری تاك لایەنە ئەمە دەكرێ‌ لەكاتێكدا بە كردەوە هێزەكە یەكێتی و پارتین؟
ئایا ئەگەر بەرپرسە سەربازیی‌و سیاسییەكانی یەكێتی و پارتی لەبەرەكانی جەنگ بكشێنەوە بەتەنها وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێ‌ ئەركی خۆی جێبەجێ بكات و بەزیانی سەنگەرەكان تەواو نابێ؟
ئایا تائێستا متمانەی تەواو لەنێوان لایەنەكاندا دروست بووە بۆ ئەم هەنگاوە؟
ئایا یەكێتی وەك هێزێكی سەرەكی راوێژی پێكراوە؟ ئایا ئەو لیوایانەی وەزارەتی پێشمەرگە كە یەك خراونەتەوە ململانێی حزبییان تیا نییە؟  دواجار ئەم دوو هێزە تا چەند ئامادەكراون یان خۆیان چەندە ئارەزووی یەكگرتنەوەیان هەیە؟ دە یان(ئایا)ی تر هەن كە هێشتا گفتوگۆی زیاترو بەرنامەی پتەوو تۆكمەی دەوێ. كە دەشێ‌ لەكەش و هەوایەكی ئارامترو ژینگەیەكی لەبارو گونجاو تردا یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە جێبەجێ بكرێ‌.
ناكرێ‌ راستییەك هەیەو وەك رۆژ روونەو باسی نەكەین، كە بەهۆی بەرگری پێشمەرگەی یەكێتی‌و پێشمەرگە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەرو فەرماندە و لێپرسراوانی یەكێتییەوە لەسەنگەرەكان باڵانسی یەكێتی لەناو جەماوەری كوردستاندا بەرزبۆتەوە، متمانەیەكی بەرچاو بۆ یەكێتی دروست بووە، كە بێگومان ئەم متمانەو گەڕانەوەیەی خەڵك بۆ لای یەكێتی خوێنی شەهیدەكان سەرقافڵەیەتی. بۆیە دەكرێ‌ بڵێین روانینی تریش هەیە كە دەوترێ‌ هەركاتێك یەكێتی لەگەڵ هەستی خەڵك و بیركردنەوەی كادرو ئەندامانی رێگە دەبڕێ، هەندێك لایەن پێیان هەرس ناكرێ و دەیانەوێ یەكێتی رێگایەكی تر هەڵبژێرێ،‌ كە بەپێچەوانەی خواستی جەماوەرو ئەندامەكانی بێ‌ تا رێگە بگرن لەبەرەو پێشچوونی زیاتری حزبی شەهیدان.
بەندە وەك كادرێكی یەكێتی پێموایە پیلانێكی گەورە لەدژی خاك و وڵاتمان هەیەو هێزی پێشمەرگە بەشێك لەو پیلانەی تێكشكاندووەو لەداهاتوودا پیلانەكە بەتەواوی تێكدەشكێنێن، بۆیە باشتر وایە تا تەواوبوون‌و كۆتاییهێنان بەتیرۆرستانی داعش كە زۆر نزیكە هێزی پێشمەرگە وەك خۆی بمێنێتەوەو سەرقاڵ نەكرێ بەهیچ كارێكەوە، تەنها پاراستنی كوردستان نەبێ. بەڵكو حكومەتی هەرێم هەوڵبدات مووچەو دەرماڵەی ئەو هێزە زیاد بكات‌و لەكاتی خۆیدا بیداتێ، چەك و پێداویستی زیاتری بۆ دابین بكات، خواردن و رێگاو جێگای شایستەتری بۆ جێبەێ بكات. ئاگای لەكەسوكاری شەهیدان بێ‌ و بریندارەكان بەسەر بكاتەوە. هێزی زیاتر دروست بكات بۆ پاراستنی كوردستان.

 

‌ خالید محه‌مه‌د

* جێگری مەڵبەندی  ڕێكخستنی پێشمەرگە

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket