riklam

هەموو رێگاكان دەچنەوە دەباشان

بیروڕا 10:56 AM - 2015-01-29
 ‌ هونەر رەسوڵ

‌ هونەر رەسوڵ

رابردووی هەڤاڵ مام جەلال دەرخەری ئەو راستیەیە، كە سیاسەت‌و بیربۆچوون‌و لێكدانەوەكانیشی بوون بەڕێبازی خوێندنگه‌ی پێگەیاندنی كەسانی تر. واتا ئەگەر كەسێك بیەوێت ئەزموون پەیدابكات، زۆر پێویستە هەمیشە سەردانی خوێندنگەكەی مام جەلال بكات‌و لێیەوە فێر بێت.
كاركردنی هەڤال مام جەلال وەكو سیاسییەكی رۆشنبیر، لەناوەڕاستی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەکات، تاوەكو دەگاته‌ هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ‌و كاركردنی بەردەوامی لەناو پێشمەرگەو گەشتە دیپلۆماسییەكانی بۆ ناساندنی زیاتری كێشەی كورد، تادەگات بەڕاپەرین‌و دواتریش ئەزموونی حكومەتی خۆماڵی‌و هەوڵ‌و كۆششی ئەو لەڕووخاندنی حكومەتی بەعس‌و جارێكی تر دروستكردنەوەی عیراق‌و كاركردنی لەئەنجومەنی حوكم، تادەگات بەسەرۆك كۆمارو دواتریش هەوڵ‌و شەونخونی بەردەوامی لەپێناوی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و یەكخستنی لایەنەكان، هەمووی وەك یەك جێگەی شانازی‌و هەڵوەستەكردنە.

پێویستیی قۆناغه‌که‌یه‌
هەموو لایەك تەنانەت ئەوانەی ئەنتی یەكتریشن لەسەر هەڤاڵ مام جەلال كۆكن‌و پێیان وایە: مام جەلال پێویستی قۆناغەكەیەو كەسایەتییەكی ئەوەندە بەهێزە، زەرورەت داوای دەكات تاوەكو هەمیشە لەناو كایەی سیاسی وڵاتدا هەبێت.
ئەمە جگە لەوەی مام جەلال بەدرێژایی مێژووی كاركردنی چەندین كاری گرنگی کردووە، لەلایەك كارەكان زۆر ئەستەم بوونە، لەلایەكی تریش ئەو زەمەنەی كە كارەكەی ئەنجامداوە تا رۆژگارێكی تر كەمترین كەس لەحیكمەتی تێگیشتووە، هۆكاری ئەمەش دووربینی‌و خوێندنەوەو دنیابینی مام جەلال بووە. بەنموونە ئەو كاتەی هەنگاوەكانی بۆ ئاسایی كردنەوەی پەیوەندی هەرێم‌و توركیا دەست پێكرد، زۆر كەس لای ئەستەم بوو، كەم كەسیش لەم قۆناغە لەم هەنگاوەی مام جەلال تێگەیشت.
ئێستا كە وڵاتێكی وەكو توركیا پەیوەندی لەگەڵ هەرێم لەوئاستەدایە كۆششی ئەوێ رۆژێیە، چونكە سەرەتاكانی ئەم پەیوەندییە دەگرێتەوە بۆ سەردانی مام جەلال بۆ ئەم وڵاتەو لەوێوەوە پەیوەندییەكان گەورەبوون‌و گەیشتن بەئێستا.
شاراوە نییە ئەو حیكمەتەی مام جەلال هەیەتی بۆ كاری دژوار، توانیویەتی زیاتر لەوەی كە هەیە سەركەوتووی بكات لەكارەكانی‌و بتوانێ كارێك بکات كە لای سیاسییەكانی تر ئەستەمە. جگە لەوەی سیاسەتی نەرمونیان بەلێزانی وردبینی‌و خوێندنەوەی وردی بۆ رووداوو پێشهاتەكان، بارگاوین بوون بەو پاشخانە رۆشنفكریەی كە لەهەگبەیدایە. واتا ئەو هەموو مەرجەكانی هەر سیاسییەكی سەركەوتووی تێدایە. هەرلەبەر ئەمەشە لەیەكخستنی نێوماڵی كورد لەباشوور سەركەوتوو دەبێت‌و لەدۆخێكی ئەستەمدا دەتوانێ ئاو بكاتەوە بەئاشی تەبایی‌و یەكڕیزیدا. ئەمە جگە لەوەی لەهەموو وێستگەكاندا پەیوەندی مام جەلال لەگەڵ حزب‌و لایەن‌و سەركردەكانی پارچەكانی تری كوردستان پتەو و كوردانە بووە. چونكە هەمیشە پێی وابووە سەرەتاكانی هەموو دەستكەوتێك بەندە بەیەكریزی كورد، هەر ئەم هۆكارەشە وایكردووە مام جەلال تام‌و بۆی سەركردەیەكی نەتەوەیی بدات.

شه‌ونخونیی به‌رده‌وام
ئەوكاتانەی هەڤاڵ مام جەلال بەهۆی زۆریی كاركردن‌و شەونخونی بەردەوامی وەك سەرۆك كۆماری عیراق، تووشی تێکچوونی باری تەندروستی ده‌بوو، هەمیشە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ شوێنی حەوانەوەی خۆی لەدەباشان، هەموو لایەنەكان سەردانی هەڤاڵ مام جەلال یان دەكرد. چونكە ئەوان دڵنیابوون هەر بەتەنها سەردانی سەرۆكەكەیان ناكەن، بەڵكو ئەوان لەتەندروستی سەرۆك‌و سیاسییەكی لێزان دەپرسن، كە چەتری كۆكەرەوەی هەمووانەو باشیی تەندروستی بۆ باشبوونی عیراق‌و ناوچەكە گرنگە.
دیمەنی سەردانەكەكان دەرخەری ئەو راستییەن تەنانەت ئاڵوزی دۆخی هەرێم‌و عیراقیش نەیدەتوانی لەو دیدارانە كەمبكاتەوە. ئەوكاتانەی ئاستی پەیوەندیەكە لەوپەڕی گرژیش دابوو سەركردەكانی عیراق هاتنیان بۆلای مام جەلال بەگرنگتر لەكێشەكان دەزانی، واتا هەرگیز گوێیان بەوەنەداوە گرژیە سیاسییەكان تێكەڵاوی دیدارەكانی مام جەلال بكەن. دواجاریش كە مام جەلال باری تەندروستی تێكچوو، دوای ماوەیەك كە گەڕایەوە بۆ كوردستان بەتایبەت بۆدەباشان، هەمدیسان رێگای بەرەو دەباشان بووەوە بەشوێنی سیاسییەكانی عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكە.
بەڕەچاوكردنی رابردووی مام جەلال، هەمووان لەسەر ئەو راستیە كۆكن، ئەگەر هاتباو مام جەلال راستەوخۆ لەناو روداوەكان ئاماده‌یی هەبوایە، هەرگیز دۆخی ئێستای عیراق بەم رۆژگارە نەدەگەیشت، وەك چۆن هەرگیز دواكەوتنی حكومەتی هەرێم بەم چەشنەنەدەبوو كە بینیمان. لەسەر ئاستی عیراقیش بێگومان غیابی مام جەلال ئەوندەی تر دۆخەكەی قوڵكردەوەو هەمووشتێكی گەیاندە بنبەست.
ئەمە جگەلەوەی بەخوێندنەوە بۆ رابردوو و هەلومەرجی سازدراوی ئێستا، درك بەو راستییە دەكەین ئێستا زەمینە لەبارە بۆ هەندێ كاری گرنگی نیشتمانی، ئەگەر مام جەلال وەكو جاران لەتەندروستیەكی باش بووایە، ئەو دەرفەتە گرنگەی رووداوەكان بۆ كوردیان دروستكردووە، زۆر بەقازانج‌و بەرژەوەندی كورد دەبوو، زۆر ئاسانتر لەوەی كە هەیە كەشتی ئاوات‌و خەونەكانی كورد دەگەیشتە كەناری ئارام. دواجار هەرچۆنێك بێت، بوونی مام جەلال گرنگی‌و تایبەتمەندی خۆی هەیەو بوونی ئەو، وەك هەمیشە بۆ هەمووان بەتایبەت بۆ یەكێتیەكان وێستگەیەكی ئارامەو هەمووانیش هەست بەوەدەكەن.
خۆزگەی هەمووانیش ئەوەیە، وەك چۆن هەموو رێگاكان هەر دەبێت بچنەوە دەباشان‌و هەموو سەرەتاكان بەدەباشان كۆتایی دێت، گرنگ بوو بۆناوخۆی یەكێتیش بەهەمان شێوە دەباشان رێگەچارەی زۆر كێشەو ئاستەنگ بێت‌و دەباشان گەڕانەوەبێت بۆ سەر یەكڕیزیی‌و یەكدەنگی، گەڕانەوە بۆ دەباشان بەمانای ئەوەی بیركردنەوەو لێكدانەوەو خوێندنەوەو گیانی هەڤاڵانەی مام جەلال، بەكردەوە بكەینه‌ نەخشەڕێی ئێستاو ئایندەمان، چونكە تائەمە بەكردەوە ئەنجام نەدەین، ناگەین بەو شوێنەی هەست بەئارامی بكەین.

 

 ‌ هونەر رەسوڵ ئەحمەد‌

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket