riklam

مهاتما گاندی لەبەرامبەر ״داعش״دا

بیروڕا 10:54 AM - 2015-01-29
مه‌حمود شێرزاد

مه‌حمود شێرزاد

رایەکی جیاواز مهاتما گاندی لەبەرامبەر ״داعش״دا

جارێک رۆژنامەنووسێکی بریتانی لە مهاتما گاندی پرسی: «چۆن دەکرێ شێوازی ناتوندوتیژیی بەرامبەر بە کەسێکی وەکوو هیتلەر بەکار بێنین، ئەو تەنیا کوشتنی دەزانی.» گاندی گووتی: « بۆ نا! لەوانەیە کاریگەریی هەبێت، تا ئێستا کەس ناتوندوتیژیی بەرامبەر بە هیتلەر تاقی نەکردۆتەوە.» ئەم پرسیارەی سەرەوە پرسیاری زۆر کەسی ئەم سەردەمەشە، چۆن دەکرێ بە ناتوندوتیژیی بەرامبەر بە «داعش» بوەستین؟ لەڕاستیدا چەند ساڵێکە لەبواری ناتوندوتیژیدا بیردەکەمەوە، دەخوێنمەوە و دەنووسم، بەڵام ناتوانم وەڵامێکی تەواو بەو پرسیارە بدەمەوە. ئایا شێوازی ناتوندوتیژیی لەبەرامبەر داعشدا کاریگەری دەبێت یان نا؟! ئەو پرسیارە لەو پرسیارانەیە دەبێ بەکردەوە وەڵام بدرێتەوە، نەک بەقسە. چوونکە هەر گووتنێک دەبێتە گریمانە، دوای ئەوە لەگەڵ گریمانەکانیتری خەڵکانی دیکە لەم بارەوە دەکەونە گەنگەشەیەکی بێ ماناوە کە هەرگیز بە ئاکام ناگەین. بەقەولی مهاتما تا شتێکمان تاقی نەکردۆتەوە ناکرێ لەبەرەنجامی ئەو شتە دڵنیا بین و بە یەقینەوە لە ئاکامەکەی بدوێین. جگە لەوەش مرۆڤ تا زیندوو بێت، هەمیشە لەگۆڕاندا دەبێت و هەرگیز بەتەواوی پێشبینی ناکرێت.
ئێمە نازانین ئەگەر مهاتما گاندی ئێستا لێرە بوایە لەبەرامبەر «داعش»دا چی دەکرد! بەڵام یەک شت دەزانین ئەگەر تاکەکان و کۆمەڵ و دەسەڵاتدارەکان وەکوو مهاتما گاندی بوونایە، هەرگیز گرووپی وەکوو «داعش» لە هیچ شوێنێکی ئەم سەر زەوییەدا دروست نەدەبوون. هەر بۆیەش مەبەست ئەوە نییە هەموومان ببین بە وێنەی لەبەرگیراوی مهاتما گاندی و لاساییکەرەوەی ئەو، مەبەست کەسەکە نییە، بەڵکو مەبەست تێگەیشتن و بەها هەقیقییەکانن، خۆزگە هەر یەک لەمرۆڤەکان وەکوو مهاتما لەبنەڕەتی کەونیمانەوە خۆمانمان ناسیبایە و کەسمان لەهیچ بوارێکدا لە هەقیقەتی کەونی خۆمان لامان نەدابایە. ئەم خۆنەناسییە بەربڵاو و قووڵە دەماری سەرجەم کێشە گەورە و بچووکەکانمانە.
لەبارودۆخێکی وەکوو ئێستادا کەس لەخۆی ناپرسێ ئایا من لەبەرهەمهێنانی ئەم دۆخەدا رۆڵم هەیە یان نا؟! بۆ نمونە ئەو کەسەی دژی داعشە، داعش بە دروستکراو و ناڕەسەن دەزانێت. پێیوایە داعش بەشێک نییە لە بیروباوەڕ و ئەقڵییەتی ئەو، بەڵکو دروستکراوە. با وایدابنێین هێزێکی دروستکراوە، ئەی بۆ کلتووری ئەم ناوچەیە رێگەی پێدەدا، هانی دەدا، پاڵپشتێتی و پاڵنەر و مەشروعییەتی رەهای پێدەبەخشێت؟ هەربۆیەش گرینگ نییە کێ ئەو هێزەی دروست کردووە و بۆ دروستی کردووە، گرینگ ئەوەیە ئەو هێزە دیوە راستەقینەکەی کلتووری بەتایبەتی عەرەبیی ئەم ناوچەیەیە. ئەم کلتوورە زۆر لەگەوهەری خۆیدا قووڵ بێتەوە و لەسەر بنەمای گەوهەری خۆی گەشە بکا و کامڵ بێ، هەر دەبێ بە داعش و هاوشێوەی داعش. لەڕاستیدا هەرکەس باوەڕی بەم کلتوورە هەبێ و باوەڕی بەداعش نەبێ، یان داعش بە شکڵ و شێوە راستەقینەکەی ئەم کلتوورە نەزانێت، نە لەم کلتوورە تێگەیشتووە و نە داعشی ناسیوە. داعش هێزێکی دروستکراویش بێت، باوەڕ و ئەقڵییەتەکەی دروستکراوی دەستی دەرەکی، یان هێنراو داتاشراو نییە. هەموو ئەوانەی باوەڕیان بەم کلتوورە هەبووە و هەیە، یان بەشێوەی جیاجیا پەرەیان پێداوە، پێیان خۆش بێ یان پێیان ناخۆش بێت دایک و باوکی «داعش» و هاوشێوەکانی داعشن، ئەوان زەمینەی داعشن، جا ئەو کەسانە مامۆستای زانکۆن، مامۆستای پەرستگەن، دەسەڵاتداری سیاسین، جوتیارێکی دوورە شاری گوندنشینن، خێرخوازێکی ریاکار و پارە بەفیڕۆدەری سەر دەرگای پەرستگەکانن، یان کۆمەڵانی بێ ئازاری وڵاتن و...هتد، هیچ لەراستییەکان ناگۆڕێت. بۆ نمونە ئەو گەنجەی لەگوندێکی لاتەریکی کوردستانەوە دەچێتە ناو داعشەوە بە چ پێش زەمینەیەکەوە قەناعەت بە بیروباوەڕی «داعش» دێنێت؟! ئەوە پرسیارە سەرەکییەکەیە. دەبێت هەموومان ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین. وەڵامەکەشی دیارە. کەواتە دەبێ بە پەروەردە ئەو زەمینەیە بگۆڕین.  
کەواتە جگە لەشێوازی چاو لەبەرامبەر چاودا، شێوازێکی بنەڕەتی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەمجۆرە بیروباوەڕە توندڕەوانەیە، ئەویش بریتییە لەبواری پەروەردە و راهێنان. داعش هێزێکی دیاریکراوی کاتی نییە، چەند کەسێک نیین بڵێین ئەگەر ئێمەش بۆمان لەناو نەچن، خۆیان ماوەیەکیتر تەمەنیان کۆتایی دێت و دەمرن. داعش روحی دنیابینی و بیروباوەڕی سەرەکیی سەدەکانی پێشووی ئەم ناوچەیە بووە، تا ئەو دنیابینیی و بیروباوەڕەش بەمشێوەیە بمێنێت داعشیش هەر دەمێنێت و سەرهەڵدەداتەوە. باب و باپیرانی ئێمە پەروەردەبووی پەروەردەیەکی «دڵ»کوژ و «ئەقڵ» کوژن، ئێمەش نەوە دوای نەوە لێیانمان وەرگرتوون و بە جل و بەرگ و ئیمکاناتی سەردەم تەیارمان کردووە و بەمشێوەیە رادەستی منداڵەکانمانی دەکەین. پەروەردە دەتوانێ بە هێمنی و هەنگاو بەهەنگاو ئەو رەوتە لەمێژینەیە بگۆڕێت. ئەوان ئەو پەروەردەیەیان بەباری باشەدا نەگۆڕیوە، جا یان بە خراپییان نەزانیوە، یان نەیانوێراوە، یان بوار و کەرەستەی لەبار و پێویستیان نەبووە. ئەگەر ئەوان ئەوەیان کردبا ئێمە ئێستا لەبارودۆخێکیتردا دەبووین. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ئێمە بۆ ئەم پەروەردەیە ناگۆڕین؟! ئایا ئێمەش ئەقڵمان بە خراپییەکەی نەشکاوە؟ ئایا لێی دەترسین؟ ئایا توانایی پێویستمان نییە؟ من دەزانم زۆربەمان ئەقڵمان بە خراپییەکەی دەشکێ و هیچ نەبێ توانایی ئەوەشمان هەیە لانیکەم خۆمان باوەڕدار و پەرە پێدەری ئەم کلتورە نەبین، ئەوەش دیارە هەموومان لە دەربڕینی راستییەکان دەترسین، ئەوە بەجێی خۆی کە ترسنۆکین، بەڵام نیشانەی تۆقێنەربوونی ئەم کلتوورەشە و هەرکەس باسی بکا بەخراپترین شێوە بەرپەرچی دەداتەوە. کەواتە تۆقێنەربوون بۆ باشە و بۆ دەبێ وەلای نەنێین؟! خاڵێکیتر کە ئەو کلتورەی زۆر ترسناکتر کردووە ئەوەیە کە هاوتەریب لەگەڵ قسەی خراپدا چەند قسەیەکی باشیشی کردووە. بۆیە هەمیشە بۆ خۆدەربازکردن و بۆ «عەوام» فریودان پەنای بۆ قسەباشەکانی بردووە، ئەو خاڵە یەکێکە لەخاڵە سەرەکییەکانی هێشتنەوە و پەرەپێدانی ئەم کلتوورە لەناو کۆمەڵ و مێژوودا.
 ئێستا حکومەتەکان لە شەڕگەکاندا لەگەڵ داعش شەڕیانە، بەڵام پەروەردەی سەرەکی وڵاتەکانیان بەشێوەیەکی هێمن و مەدەنی داعشپەروەرن. جگە لە مرۆڤی ئەم ناوچەیە، لەهەموو دنیادا بەشی ئەوەندە خەڵک هەیە بەتایبەتی لەئێستادا بەئاسانی دەستت پێیان بگات و هەڵیانخەڵەتێنیت. ئێستا زۆرکەس تەنانەت لە خۆرئاوا و ئەمریکا و زۆر وڵاتیتردا لەناخی خۆیاندا تووڕە و هیوابڕاون و دەیان گرێی دەروونی و جەستەییان هەیە، بۆ دەروویەک دەگەڕێن خۆیانی لێوە خاڵی بکەنەوە. ئەم کلتوورە سەرەکییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بواری خۆخاڵی کردنەوەی بۆ هەمووان رەخساندووە. هەر کەس لەسەر ئەم زەوییە پیاوکوژ و چەتە بێ، یان گرێی سیکسی و هەرچەشنە گرێیەکیتری هەبێ دەتوانێ بێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەئاسانی خۆی خاڵی بکاتەوە و خۆراک بە گرێکانی بدات.
بەهەرحاڵ ئەگەر مرۆڤایەتی دەیەوێ بەراستی لەم دۆخە رزگاری بێت، دەبێ تێڕامان و خۆناسیی کەونی بکاتە کۆڵەکەی سەرەکی پەروەردە و چالاکییە جیاجیاکانی لەهەموو بوارەکاندا.

 

مه‌حمود شێرزاد

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket