riklam

هاتنی داعش ئەزموونێكی گرنگ بوو

چاوپێکەوتن 11:15 AM - 2015-01-27
.

.

هاتنی داعش ئەزموونێكی گرنگ بوو بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییە نێو دەوڵەتییەكانمان ‌

نزیكەی سی وڵات كونسوڵخانەو نووسینگەی پەیوەندییان لەهەرێمی كوردستان كردۆتەوە، هەرێمی كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر نووسینگەی لەچوارچێوەی پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتان كردۆتەوە، بەڵام رەخنەی لەبەغدا هەیە كە سوود لەتوانای مرۆیی‌و خول‌و پێگەیاندنی دیپلۆماتی وەزارەتی دەرەوە نابینێت‌و پابەندی دەستوور نییە لەڕێكخستنی پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ دەرەوە. ئەمانەو چەندین پرسی دیكە لەگەڵ كاروان جەمال تاهیر جێگری فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم باس دەكەین.

 

هەماهەنگی لەگەڵ عیراق

*هەماهەنگیتان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ چۆنە؟ ئایا هیچ گۆرانكارییەك بووە دوای گۆڕینی وەزیری دەرەوە كە پێشتر كورد بوو؟

-هەرێمی كوردستان بەشێكی گرنگ‌و كاریگەری كۆماری عیراقی فیدڕاڵەو لەساڵی 2003ەوە بەشدارییەكی كارامان هەبووە لەبنیاتنانەوەی عیراق، چ لەڕووی سیاسییەوە چ لەڕووی ئابوورییەوە، بۆیە هەمووكات خواستمان هەبووە كە پەیوەندیەكی دۆستانەو ئاساییمان هەبێت لەگەڵ حكومەتی عیراقی فیدراڵ، هەربۆیە لەفەرمانی كارگێڕی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە لەهەموو بڕگەكانیدا جەختمان لەسەر هەماهەنگی كردۆتەوە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدراڵ.

دوای دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عیراقی فیدڕاڵیش كە لە هەندێك مادەو بڕگەدا ماف دەدات بەهەرێمی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییەكان‌و نوێنەرایەتیكردنی هەرێمەكان، هاوكات ماددەی 42 لەیاسای وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ ئاماژەیداوە بەوەی كە دەبێت: «پەیڕەوێك دەربكرێت سەبارەت بەمیكانیزمی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم»، بەتایبەتی هەماهەنگی باڵێۆزخانەو نوێنەرایەتیەكان، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەو پرسە یەكلایی نەبۆتەوە، گرفتی عیراق لەتێڕوانینە بۆ دەستوور، ئەوان بەوشێوەیە دەڕواننە دەستوور كە لەئایندەدا چۆن دەیگۆڕن هەر بەو شێوەیەش لەئێستاوە جێبەجێیدەكەن‌و مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن .

واتە گرفتەكە لەكەسایەتیەكاندا نییە ئەوەندەی پەیوەستە بەجێبەجێكردنی دەستوورو دەركردنی یاسای پێویست بۆ ئەو ماددە دەستووریانەی كە پێویستیان بەڕێكخستن هەیە، كە سایەتیەكان تەنها كاریگەریان دەبێت لەشێوازو میكانیزمی مامەڵەكردن، ناتوانن دەستوورو یاسا بگۆڕن .

*دیپلۆمات‌و فەرمانبەرانی كونسوڵخانەكان كە لەهەرێمی كوردستانن هیچ گرفتیان هەیە لەڕووی چۆنیەتی مامەڵەكردن‌و ئەتەكێتی دیپلۆماتی لەگەڵ دامودەزگاكانی بەگشتی؟

-بێگومان كاری دیپلۆماتی لەسەرەتادا لەهەرێمی كوردستان بوارێكی نوێ بوو لەقۆناغێكی نوێداو مامەڵەكردنی دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ دیپلۆماتكاران كەموكورتی پێوەدیاربوو، دەبوایە هەرێمیش وەك وڵاتانی جیهان پشتبەستوو بەنەریت‌و پەیماننامە نێودەوڵەتیەكان مامەڵە لەگەڵ دیپلۆماتكاران‌و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی بكات، بۆیە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران  بەگرنگییەوە ڕوانییە بایەخ‌و چۆنیەتی مەمەڵەكردنی دەزگا فەرمیەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كونسوڵگەریی‌و نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی لەهەرێم‌و دیپلۆماتكارانی وڵاتانی بیانی لەسەرئاستی عیراقی فیدراڵ بەشێوەیەكی گشتیی، ئەمەش لەكاتێكدابوو كە ژمارەی نوێنەرایەتی وڵاتان لەئاستە جیاجیاكانی دیپلۆماتی بەبەردەوامی لەزیادبوندابوو، ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە 30 وڵات كە نوێنەرایەتیان لەهەرێمی كوردستان هەیە، هەربۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی تەواوی خۆی بەهەردوو ڕێكەوتننامەی نێودەوڵەتی ڤیەننا بۆ پەیوەندی دیپلۆماسی لە ١٨ نیسانی 1961وە ڕێكەوتننامەی پەیوەندی كونسوڵگەری لە ٢٤ نیسانی ١٩٦٣  ڕاگەیاندو هەموو وەزارەت‌و دەزگا فەرمیەكانی ئاگاداركردەوە بەپابەندبوون پێیەوە .

چوارچێوەیەك بۆ پەیوەندی دیپلۆماتی

ئەم دوو پەیماننامەیە كەشێكی گونجاو بۆ دیپلۆماتكاران دەرەخسێنێت، چوارچێوەیەك دیاریدەكات بۆ پەیوەندی دیپلۆماتی لەنێوان وڵاتان، هاوكات میكانیزمی مامەڵەكردن‌و شكۆمەندی نێردە دیپلۆماسییەكان دیاریدەكات، ئەمەش وادەكات كە بەبێ ترس‌و دوودڵی كاروچالاكیەكانیان ئەنجام بدەن لەوڵاتی میواندار، ئەم ڕێكەوتننامانە بنەمایەكی یاسایی دروست دەكات بۆ پارێزبەندی دیپلۆماسی (حەسانەی دیپلۆماسی) كە بنەمایەكی یاسایی نێودەوڵەتییەو پێویستە گشت لایەك پێوەی پابەندبن. 

*پەرەپێدانی كاری دیپلۆماتی گەیشتۆتە كوێ، هیچ خولێكتان كردۆتەوە یان سوودتان وەرگرتووە لەئەزمونی چەند ساڵە؟   

-كاری دیپلۆماسی لەهەرێمی كوردستان لەئاستێكی زۆر بەرزدایە لەهەردوو ڕووی سیاسی‌و هونەرییەوە، لەڕوی سیاسییەوە هەرێمی كوردستان لەدەرئەنجامی سیاسەتی كرانەوەی بەڕووی كۆمەلگای نێودەوڵەتی‌و سیاسەتی هاندەرانەوە، هاوكات بینینی رۆڵی گرنگ لەسەر ئاستی عیراق‌و هەرێمی كوردستان توانیویەتی پێگەیەكی گرنگ بۆ خۆی مسۆگەر بكات لەنێوەندە جیهانیەكان‌و پەیامی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێشەرانەو گونجاو گەیەندراوەتە وڵاتانی دەرەوە، لەڕووی هونەریشەوە بە بەردەوامی كارمەندانی فەرمانگەی پەیوەندیەكان خولیان بینیوە، چ لەوڵات بێت یان لەدەرەوەی وڵات، كەئەمەش ئەزموونێكی باشی داوە بەفەرمانبەران لەچۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ دیپلۆماتكاران‌و پابەندبوون بەنەرێتە دیپلۆماسییە باوەكان‌و ڕێكخستنی پێشوازی شایستە بۆ سەرۆكی وڵاتان‌و شاندە باڵاكان كە لەڕووی پرۆتۆكۆلەوە هاوشانی وڵاتانی پێشكەوتوو بوون.

پەیمانگای پێگەیاندنی دیپلۆماتی

*عیراق پەیمانگای پێگەیاندنی دیپلۆماتی هەیە، بەشداربوون یان سوودتان لێی وەرگرتووە؟

-بەداخەوە فەرمانگەی پەیوەندییەكان هیچ سوودمەند نەبووە لەو پەیمانگایەی كە لەبەغدا هەیە، تەنها بۆ وەزارەتی دەرەوەی عیراق بووە كارمەندانی خۆی بنێرێتە ئەو پەیمانگایە، بەڵام بیرۆكەمان هەیە كە پەیمانگایەكی پێگەیاندنی كادیری بواری دیپلۆماتیمان هەبێت تایبەت بەهەرێمی كوردستان .

*مامەڵەی بەغدا لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە؟

-تاڕادەیەك هەماهەنگی هەیە لەنێوان وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ‌و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، دەمانەوێت لەناوەندی بڕیارو كاروانی نێودەوڵەتی شاندی هەرێم لەچوارچێوەی شاندی عیراقی بەشداری بكات بەتایبەتی ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بەهەرێمی كوردستانەوە، ئەمەش لەو سۆنگەیەوە كە تەنها خۆمان دەتوانین نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆمان بكەین‌و ڕووە گەشەكەی هەرێمی كوردستان لەهەموو بوارەكانی سیاسی‌و ئابووری‌و كەلتوری‌و گەشەی بەردەوامی هەرێمەكەمان بەجیهان ئاشنا بكەین، بەتایبەتی لەدوای سەرهەڵدانی قەیرانەكانی عیراق‌و هەرێم‌و هەڕەشەی تیرۆرستان‌و بەوهۆیەشەوە ئاوارەبوونی نزیكەی یەك ملیۆن‌و شەش سەد هەزاركەس‌و نیشتەجێبوونیان لەهەرێم، كە زۆربەی ئەرك‌و قورسایی لەسەر هەرێم بوو، نوێنەرانی عیراق لەنێوەندە نێودەوڵەتیەكان نەیانتوانی ئێش‌و ئازارەكانی (ئاوارەو پەناهەندەكان) بەپەلەو بەدروستی بگەیەنن بەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆیە بەناچاری نوێنەرانی هەرێمی كوردستان بەشداری پێدەكرا لەكۆڕبەندو كۆبونەوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا.

*هەست ناكەن هەندێجار هەرێم وەك كۆنفیدڕاڵ مامەڵە لەگەڵ وڵاتان دەكات؟

-لەبەر ئەوەی دەستوور وەك خۆی جێبەجێناكرێت، لایەنێك جێبەجێدەكات‌و لایەنێكی تر نا، بۆیە هەندێك جار ئەو تێگەیشتنە دروست دەبێت كە هەرێم بەوشێوەیە مامەڵە دەكات، لەگەڵ ئەوەی كە بەڕای تایبەتی خۆم كۆنفیدڕاڵیەتی بەباشترین فۆڕم دەزانم بۆ عیراق .

*ڤیزا یان دخولیەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەبەغدا مامەڵەی لەگەڵ ناكرێ؟ بۆ عیراق نایكات؟ بۆ چارەسەری ناكەن؟

-سەبارەت بەڤیزای هاتنە ناوەوەی عیراقی فیدڕاڵ، ئێمە لەهەرێم پێمان وایە كەعیراق لەقۆناغی بونیاتنانەوەیە پێویستە سەرنجی كەرتی تایبەتی وڵاتان ڕابكێشرێت بۆ هاوكاریكردنی عیراق‌و هەرێم لەبوژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری‌و وەبەرهێنان لەعیراقدا، ئەمەش پێویستی بەئاسانكاری‌و هاوكاری هەیە، سیستەمی پێدانی ڤیزا بۆ عیراق لەوەزارەتی ناوخۆی عیراق ٢ تا ٣ مانگی دەوێت ڕەزامەندی بدەن ئەمەش هاندەرنییە، بۆیە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێكەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ كردووە كە پێدانی ڤیزا بۆ هەرێم، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕەزامەندی دەدات‌و تەنها بۆ هەرێم بەكاردێت ئەمەش بەئامانجی كارئاسانی ئەوانەی دەیانەوێت بێنە هەرێم، چونكە ناكرێت وڵاتێك بیت لەپرۆسەی ئاوەدانكردنەوەبیت یان هەرێمێكی گەشتیاری بێت بەڵام ڤیزاكەت ٣ مانگ بخایەنێت، بۆیە لەهەرێم سیستمێكی خۆمان دامەزراندووەو تاڕادەیەكی باش‌و گونجاوە.

*هاتنی داعش چەندە پەیوەندییەكانی هەرێمی پێشخست؟ پەیوەندی دوای داعش لەگەڵ هەرێم چۆنەو لەچ ئاستێكه‌؟

-هاتنی داعش ئەنجامی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم‌و كاری ١١ساڵی پێشتری سەلماند كە لەچ ئاستێكدایە، بەهاناوەهاتنی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆداواكاریەكانی هەرێمی كوردستان چنینەوەی بەرهەمی ١١ ساڵ دیپلۆماسیەتی سەركەوتووی هەرێمی كوردستانە، هاوكات سەلماندنی یەكانگیربوونی بەرژەوەندیەكانی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، لەلایەكی ترەوە بڕوابوون‌و متمانەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەئەزموونە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان‌و ئەو بەهایانەی كە بڕوای پێیەتی‌و كاری بۆدەكات كە بەهای هاوبەشی كۆمەڵگای پێشكەوتووی ئەم جیهانەن بۆ ئێمە سەلماند، واتە هاتنی داعش تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بوو بۆ هەڵسەنگاندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانی هەرێمی كوردستان، دەتوام بڵێم كە دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان ئەم پرسەی باش تەوزیف كردووە كە بەسوودو بەرژەوەندی پەیوەندیەكانی هەرێم‌و ئایندەی هەرێم دەبێت بەدڵنیاییەوە.

كونسوڵخانەی وڵاتان لەهەرێم

*ئێستا چەند كونسڵخانەو نووسینگەی نوێنەرایەتی پەیوەندی لەكوردستان هەن؟

-٣٠ وڵات نوێنەرایەتیان هەیە لەهەرێمی كوردستان كە چالاكی‌و كارەكانیان بەردەوامەو كاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە لەبرەودانی زیاتر بەپەیوەندی دوولایەنەو دروستكردنی پردی پەیوەندی زیاتر لەو بوارانەی كە خواستی هەردوولایە، هاوكات چوار وڵاتی تر ڕەزامەندی كردنەوەی نوێنەرایەتیان هەیەو بەئومێدین ئەمساڵ ئەوانیش نووسینگەی خۆیان بكەنەوە، وڵاتەكانیش بریتین لە (هندستان، كوێت، ئەرمینیا، سودان).

*چ ئاسانكارییەك بۆ وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دەكەن لەگەل كونسڵخانەو باڵیۆزخانەكان؟

-هەروەك دەزانن ڤیزا پەیوەندی بەو وڵاتەوە هەیە كە داواكاریەكەی پێشكەش دەكرێت‌و ڕێنمایی تایبەتیان هەیە بۆ پێدانی ڤیزا، فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە هاوكاربووە لەوەی كە داوا لەو وڵاتانە بكات كە كونسوڵگەریان هەیە لەهەرێم خزمەتگوزاری ڤیزا پێشكەش بكەن‌و ئاسانكاری بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بكەن.

فەرمانگەكەمان هیچ پەیوەندییەكی بەوەرگرتنی ڤیزەوە نییە، تەنها بۆ شاندی فەرمی حكومی نەبێت كە بەپێی نەرێتی دیپلۆماسی دەبێت بەنووسراوی فەرمی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە ئاگاداربكەین، هەموو هاوڵاتیەك دەتوانێت داواكاری پێشكەش بەو وڵاتە بكات كە دەیەوێت سەردانی بكات پێویستە فایلەكەی بەپێی ڕێنماییەكانی ئەو وڵاتە ئامادە بكات بەبێ كەمووكورتی.

*گرفتی پشتڕاستكردنەوە (تصدیق) دیكۆمێنتی ڕەسمی هەروەك خۆی ماوە بەتایبەت لەگەڵ وەزارەتی دادی هەرێم؟

-هیچ گرفتێك نییە سەبارەت بەو بابەتە، بەڵكو فەرمانگەكەمان‌و نوێنەرایەتییەكان خزمەتگوزاری كونسوڵگەری پێشكەش بەهاووڵاتیان دەكەن، بەتایبەتی پشتراسكردنەوە بۆ ئەو دۆكۆمێنتە فەرمیانەی كە لەوڵاتان دێن بۆ هەرێم یان بەپێچەوانەوە.

*نووسینگەكانی هەرێم ژمارەیان گەیشتۆتە چەند؟

-هەرێمی كوردستان ١٤ نوێنەرایەتی هەیە لەهەریەك لەوڵاتانی (ئەمریكا، بەریتانیا، روسیا،  ئێران، هەروەها وڵاتانی ئەوڕوپا).

*مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ ئەم نووسینگانە چۆنەو سروشتی مامەڵەكردنەكان چۆنن؟ 

-مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ نوێنەرایەتیەكانمان زۆرباشەو لەئاستی فەرمی مامەڵیان لەگەڵ دەكەین، بەڵام گرفتەكەمان ئەوەیە كە پێگەی دیپلۆماسیان نییە تائێستا، ئەمەش خەتای وڵاتانی میواندار نییە، بەڵكو گرفتی ناوخۆی عیراق خۆیەتی كە تائێستا نەیتوانیوە پرسی باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتیەكان بەیاسا ڕێكبخات كە بەپێی دەستووری هەمیشەیی عیراق دەبێت ئەوكارەبكات، بۆیە وڵاتان دەزانن مافی نوێنەرایەتیكردنی خۆمان هەیەو ئەوەش مافێكی دەستوورییە، هەربۆیەش مەمەڵەمان لەگەڵ دەكەن، بەڵام سەبارەت بەپێگەی دیپلۆماسی دەبێت وەزارەتی دەرەوە بەفەرمی وڵاتی میواندار ئاگاداربكاتەوە.

*پێوەر بۆ دانانی نوێنەری نووسینگەكانی هەرێم چییە؟ گلەیی هەیە كە كەسی شیاو داناندرێت؟

-بەشێوەیەكی گشتی پێوەرەكان بریتییە لەوەی كە ئەو كەسە دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس بێت‌و بەئاگابێت لەسیاسەتی دنیاو سیاسەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان، یەكێك یان زیاتر لەزمانە گرنگەكانی بیانی بزانێت یان زمانی وڵاتی میواندار بزانێت بەباشی، شارەزایی هەبێت  لەبنەماكانی پەیوەندی نێودەوڵەتی‌و كاری دیپلۆماسی. بەڵێ كەموكورتی یان كەمتەرخەمی هەبووە لەنوێنەرەكاندا، بەڵام بەرنامەمان هەیە كە ئەمساڵ ئەوانە چاك بكەین‌و پەیڕەوی كاری نوێنەرایەتی تایبەت بەهەرێمی كوردستانمان هەبێت .

دابەشكردنی پۆست لەنێوان لایەنەكاندا

*نووسینگەكانی دەرەوەی حكومەت دەكەونە بەر بەش بەشێنەی حزبی یان دابەشكردنی پۆست لەنێوان لایەنەكان؟

-بەڵێ نوێنەرایەتیەكانیش وەك پۆستە سیادیەكانی تری حكومەتی هەرێمی كوردسان ئەو  بەشبەندییە دەیانگرێتەوە .

*چەند سەركەوتوبوون لەڕەواجدان بۆ كوردستان بەمەبەستی وەبەرهێنان؟ كاریگەری ئێوە لەبواری ئابووریدا چییە؟

-بێگومان بەشێكی گرنگی كاری فەرمانگەو نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لەوڵاتی میواندار ئەوەبووە كە دۆزی كورد بەجیهان بناسێنن، پەیامی هەرێمی كوردستان بەدروستیی بگەیەننە ناوەندەكانی جیهانی، سەرنجی وڵاتان‌و وەبەرهێنەران ڕابكێشن بۆ ئارامی سیاسی‌و ئارامی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هاوكات ئاشناكردنی وەبەرهێنەران بەویاساو ڕێنمایییانەی كە لەهەرێم هەیە بۆ وەبەرهێنان كە فاكتەری گرینگ بوون بۆ دروستكردنی كەشێكی لەبار بۆ وەبەرهێنانی بیانی، ئەمانە هەمووی ئەو بنەمایانەن كە دڵنیایی ئەدات بەوەبەرهێنەر، لەگەڵ ئەوانەشدا ئەنجامدانی كۆڕبەندی ئابووری بەردەوام لەگەڵ وڵاتان، چ لەهەرێم یان لەوڵاتانی میواندار بەئامانجی هەڵسەنگاندنی دۆخی وەبەرهێنان‌و لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەڕەوشی گەشەی ئابووری هەرێم . 

*سەبارەت بەلۆبی؟ حكومەتی هەرێم پلانی هەیە بەتایبەت خزمەتكردن بە (نەوەی سێیەم)و هۆشیاركردنەوەیان‌و ئاگاداركردنیان لەكوردستان، یان دروستكردنی لۆبی لەناوەندە سیاسییەكان؟

-لۆبیكردن چییەو بۆ گرنگە، دیارە لۆبیكردن بەمانای هەوڵدانە بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر بڕیارێك كە دەردەكرێت بەتایبەتی لەلایەن حكومەت‌و دەزگا فەرمییەكان، بەشێوازی جۆراوجۆرو لایەنی جیاجیا دەتواێت (لۆبیكردن) ئەنجامبدات، هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك توانیویەتی لۆبی بكات لەوڵاتانی دەرەوە، هەرچەندە ئەم لۆبیكردنە یەك دەنگ‌و یەكگرتوو نەبوون، بەڵام ڕۆڵی خۆیان دیوەو كاریگەریشیان دروستكردووە، بۆ ئەم قۆناغەو دۆخی هەرێمی كوردستان پێویستە لۆبیكردن بكرێتە نیشتمانی‌و پیشەییانە ئەنجام بدرێت، هەروەك چۆن ئێستە لەدنیای دەرەوە دامەزراوەی تایبەت هەیە بەلۆبیكردن، ئەوانەی خاوەن پرسێكی تایبەتن‌و دەیانەوێت بە بەرژەوەندی خۆیان بڕیاربدرێت پشت بەو دامەزراوانە دەبەستن، ئێمەش لەهەرێم سەبارەت بەیەك دوو پرسی تایبەت لەئەمەریكا پشتمان بەدوو دامەزراوەی لۆبیكردن بەست‌و دەرئەنجامەكەی باش بوون.

بەدڵنیاییەوە نەوەی سێیەم دەتوانن ڕۆڵی خۆیان ببینن لەونێوەندانەی كە كاری تێدادەكەن‌و ئەزموونیان پەیداكردووە، بێگومان یەكەمین كەس بۆدروستكردنی كاریگەری‌و هۆشیاركردنەوەی نەوی سێیەم خودی خانەوادەكانی خۆیانن كە لەقۆناغە جیاكاندا بونەتە پەناهەندە، پاشان كۆمەڵگا كوردستانییەكان‌و نوێنەرایەتییەكانی حكومەت بەسوودوەرگرتن لەئەزموون‌و بەهرەمەندیەكانیانز

كاروان جەمال تاهیر
لەکوردستانی نوێ-وە وەرگیراوە 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket