riklam

كه‌نه‌دا.. كۆڕێكی ئه‌ده‌بی بۆ شاعیرانی تاراوگه‌ سازده‌كرێت

تاراوگە‌‌ 10:48 AM - 2015-01-27
ئێواره‌ كۆڕێك بۆ شاعیرانی كورد (جه‌لال عه‌بدوڵڵاو محه‌مه‌د دوزلی و هێمن ره‌ئوف)

ئێواره‌ كۆڕێك بۆ شاعیرانی كورد (جه‌لال عه‌بدوڵڵاو محه‌مه‌د دوزلی و هێمن ره‌ئوف)

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هۆگرانی شیعری كوردی، رۆژی 25-1-2015 له‌ شاری تورونتۆ رێكخراوی كلتوری كوردستانیانی كه‌نه‌دا ئێواره‌ كۆڕێكی شیعری بۆ شاعیرانی كورد (جه‌لال عه‌بدوڵڵا و محه‌مه‌د دوزلی و هێمن ره‌ئوف) سازكرد.

سه‌ره‌تا خه‌جاو نوری به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كردو پاشان كورته‌ باسێكی ژیاننامه‌ی شاعیره‌كانی پێشكه‌شكرد.

دواتر گۆران عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی رێكخراوی كلتوری كوردستانیانی كه‌نه‌دا له‌ وته‌یه‌كدا مێژووی ئه‌ده‌ب و شیعری به‌ به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌ ئیلهامی ئینسان وه‌سفكرد.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی شیعر له‌ شۆڕشدا، سه‌رۆكی رێكخراوی كلتوری كه‌نه‌دا وتی: "شیعر له‌ بڕگه‌كانی پێشودا هه‌میشه‌ له‌پاڵ شۆڕشدا حزوری هه‌بووه‌، هیچ شۆڕشێك به‌بێ شاعیرو ئه‌ده‌ب نه‌یتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ هه‌نگاو بنێت، واته‌ شۆڕش له‌ڕێی ئه‌ده‌به‌وه‌ جوانتر خۆی به‌ خه‌ڵك ناسیوه‌ چونكه‌ شاعیر به‌شێكه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌و شۆڕش، شاعیرو ئه‌دیبی زیندووش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌په‌نای خه‌ڵكدا بێ".

پاشان شاعیران تێكسته‌ ناسكه‌كانی شیعری سروشت و ئه‌ڤینی و خۆڕاگری شۆڕشگێرییان پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد.

پێشه‌كی جه‌لال عه‌بدوڵڵا چه‌ند پارچه‌ شیعرێكی له‌سه‌ر خۆڕاگری كۆبانێ، رۆڵی ژن له‌ كۆمه‌ڵگادا پێشكه‌شكرد.

 جه‌لال عه‌بدوڵڵا له‌ شیعره‌كانیدا هه‌ستی خۆی وا نیشاندا شیعر واتا "خه‌یاڵی جوان، بیره‌وه‌ری غوربه‌ت و سروشت و ئافره‌ت، گێڕانه‌وه‌ی مێژوو"،.

جه‌لالی شاعیر له‌ لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگه‌یاند كه‌ هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ هۆگری شیعرو ئه‌ده‌ب بووه‌، یه‌كه‌م هۆنراوه‌شی به‌ناوی "تارای بۆكێنی كه‌ركوك" له‌ ئێزگه‌ی ده‌نگی شۆڕشی كوردستان خوێنراوه‌ته‌وه‌.

وتیشی: رۆمانێكی 450 لاپه‌ڕه‌یی به‌ناوی "سه‌گه‌كانی ئه‌لیساو براكه‌ی ئه‌لاندرۆ" كه‌ 31 چیرۆكی له‌خۆگرتووه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ چاپكردن.

پاشان محه‌مه‌د غه‌فور شه‌ریف ناسراو به‌ حه‌مه‌ دوزی، به‌ هۆنراوه‌یه‌كی سۆزی دایك ده‌ستیپێكردو دواتر چه‌ند پارچه‌یه‌ك له‌سه‌ر كۆبانێ و ئازاره‌كانی ئه‌نفال و ئازادی مرۆڤ پێشكه‌شكرد.

حه‌مه‌ دوزلی گه‌رمیان هه‌ر له‌ گه‌نجییه‌وه‌ به‌ شیعره‌كانی گۆران و شێركۆ بێكه‌س و نالی و مه‌وله‌وی سه‌رسام بووه‌، هه‌روه‌ها شاڵاوی ئه‌نفالیش له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌ده‌بی ئه‌ودا ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌، وه‌كو خۆی باسیكرد زیاتر له‌ 40 كه‌س له‌ كه‌سوكاری به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال كه‌وتوون.

دوا ته‌وه‌ری كۆڕه‌كه‌ ته‌رخانكرا بۆ شاعیری گه‌نج هێمن ره‌ئوف، ئه‌ویش به‌ چه‌ند كۆپله‌یه‌كی شیعری ناسكی سروشت و خۆشه‌ویستی منداڵ و شه‌هیدانی قه‌ڵه‌م سواره‌و سه‌رده‌شت و كاوه‌ گه‌رمیانی پێشكه‌شكرد.

هێمن ره‌ئوفی شارباژێڕ ماوه‌ی 10 ساڵه‌ وه‌كو شاعیر و نووسه‌رێكی سه‌ربه‌خۆو رادیكاڵ ده‌ركه‌وتووه‌، له‌ زۆربه‌ی ماڵپه‌ڕو گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا ده‌قه‌ ئه‌ده‌بی و وتارو ره‌خنه‌كانی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ئێستاش چوار په‌ڕتوكی بۆ چاپ ئاماده‌یه‌، سیانیان تایبه‌ته‌ به‌ شیعرو په‌خشان و چواره‌میشیان له‌سه‌ر رووداوه‌كانی 17ی شوباته‌.

 له‌ كۆتاییدا ئاماده‌بووان ده‌ستخۆشیان له‌ هه‌ست و سۆزی شاعیران كردو سوپاسی رێكخراوی كلتوری كوردستانیانی كه‌نه‌داشیان كرد بۆ رێكخستنی ئێواره‌ شیعری كوردی.

PUKmedia  عوسمان عه‌لی - تورونتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket