riklam

پێنجوێنی: لەبەرئەوەی لەگەڵ PKK بووم‌ توشی ناڕەحەتی زۆر بووم

چاوپێکەوتن 12:19 PM - 2015-01-14
محەمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاستمەدار

محەمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاستمەدار

محەمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاستمەدار، بەپردی باكوورو باشوور ناسراوە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی كە هەم لەبورای ئەدەب‌و هەم لەبواری سیاسەتدا جێ‌ دەستی دیارەو ساڵانێكی زۆرە لەناو سیاسەتدایە، وەك خۆی دەڵێ‌ لەگەنجێتییەوە دەستم بۆ سیاسەت‌و ئەدەب بردووە.  ئەم پیاوە لەپێنجوێنەوە سەری هەڵداو گەیشتە نێو ریزەكانی حزبی شیوعی‌و شەمەندەفەری سیاسەت ئەوی بۆ نێو ریزەكانی گەریلاكانی پەكەكە برد، پێنجوێنی ساڵانێك وەك راوێژكارو كەسێكی نزیك لەپەكەكەو عەبدوڵڵا ئۆجەلان. راوێژی پێكراوە. لەم دیدارەدا باس لەمێژووی پەكەكەو سیاسەتی پەكەكەو كێشەو گرفتەكانی دەكات، لەبارەی شەڕە نەویستراوەكانی حزبی كوردییەوە دەدوێت كە رۆژگارێك كوردستانی تووشی نارەحەتی‌و قەیران كرد. ئەم دیدارە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی پەكەكەیە، مێژووی شەڕو ئاشتی‌و دانوستاندن.

به‌شی كۆتایی...

بەمەرجێك لەیلا زانا هاوسەرۆك بێت
-كۆنگرەی نەتەوەیی لەم كاتەدا زۆر پێویستە، پەكەكە سەبارەت بەكۆنگرەی نەتەوەیی پێی باشە سیستمی هاوسەرۆكی هەبێ‌، رای تۆ چییە لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی؟

+ پانزە ساڵە من ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەییم، كۆنگرەی نەتەوەییمان لەبرۆكسل دروست كردو بەشێكی زۆری هێزی كوردیمان كۆكردەوە. كۆمەڵێك ئەندام پەرلەمانی كوردی توركیا كە ناسراون رایان كردە دەرەوە دوای ئەوەی لەیلا زانا گیرا، هەندێكیان گیران‌و هەندێكیان رایان كرد، من وەختی خۆی لەمجیلسی عیراقی بووم، فیكرەیەكی پەرلەمانیم هەبوو، بیرمان لەوە كردەوە حكومەتێكی مەنفا یان پەرلەمانێك بۆ كورد دروست كەین. لەمێژووی فەڕەنسا ئەوە هەبوو دیكۆل كە رۆیشت پەرلەمانێكی دروست كرد لەدەرەوە بەشۆڕش هاتەوە پەرلەمانەكە وەكو چەترێك وا بوو بۆ شۆڕشی فەڕەنسا دژی داگیركەری ئەڵمانی. لەپۆڵۆنیا بەهەمان شێوە ئەوە كرا، پۆڵۆنییەكان لەدەرەوە پەرلەمانیان دروست كرد. من ئەوانەم دراسەكردو پێشكەشی برادەرانم كرد، بۆ مێژوو دەیڵێم كە من یەكێكم لەدامەزرێنەری پەلەمانی كوردی لەمەنفا. ئەمە پێش(كەنەكە). بۆ ئەم پەرلەمانە لەكوردی خۆرهەڵات‌و باشوور لەدامەزرێنەراندا تەنها منی تێدا بووم، داویی دكتۆر جەبار قادر هاتەناوەوە، دوای ماوەیەك دكتۆرە كوردستان موكریانی هات‌و هەندێك كوردی خۆرهەڵات هاتن. ئیتر بەم شێوەیە پەرلەمانی كوردستانی دەرەوەی وڵاتمان دروست كرد، یەكەم كۆبوونەوەمان لەساڵۆنی پەرلەمانی هۆڵەندا لەئەمستەردام ئەنجامدا، خەڵكێكی زۆرمان بانگهێشت كرد، بەشێوەی پەرلەمانی سوێندمان خواردو لیژنەمان دروست كرد، من بووم بەسەرۆكی لیژنەی هونەرو وێژەو كه‌لتوور. لەهەمان كاتداو سەرۆكی ئەنستۆی كوردی بووم لەبەرلین، كۆنسەیەكی هەیئەی بەڕێوبەری پەرلەمانمان دروستكرد من یەكێك بووم لەوانە كە دوانزە كەس بووین. هەشت ساڵ لەم پەرلەمانەدا ئیشمان كرد چووینە ئەمریكا، چووینە روسیا، چووینە وڵاتانی ئەوروپاو لەهەموو پایتەختەكانی ئەوروپا كۆبوونەوەمان دەكردو توركەكان توڕە دەبوون‌و ئێمە وەڵاممان دەدانەوەو میدیاكان هەموو لەسەری ئەڕۆشتن ئیتر دەورێكی وامان بینی توانیمان كێشەی كورد بهێنینە سەر شەقامی ئەوروپا، ئەمەش بەهێزو پشتیوانی برادەرانی پەكەكە. دوای ئەوە بیرمان كردەوە كە ئەم پەرلەمانە ببێت بەكۆنگرەی نەتەوەیی بۆ ئەوەی هەموو حزب‌و لایەنێك تێیدا بەشداربن، هەستاین كۆنگرەی نەتەوەییمان دروست كرد، منیش یەكێك بووم لەوانە، لەدامەزراندنی كۆنگرەدا برایم ئەحمەدی تێدابوو، نوری تاڵەبانی تێدابوو، دكتۆر مەحمودی تیا بوو، كوردستانی توركیا زۆری تێدا بوون، هەندێك كوردی خۆرهەڵات هاتن، ئەمە سەرەتای كۆنگرەی نەتەوەیی بوو، یەكەم كۆنگرەشمان لەهۆڵەندا ئەنجام دا. هۆڵەندییەكان بواریان دەدیان ئیتر لەوێ‌ كۆنگرەی نەتەوەییمان دروست كرد، كە دوانزە ساڵ ئیشی خۆی كرد، لەپێشا خەڵكێكی زۆر هاتن‌و حزبەكان هاتن تەنها پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق نەهاتە ناو كۆنگرەی نەتەوەییەوە، پارتی دیموكراتی ئێرانیش نەهاتە ناوكۆنگرەكەوە وەك میوان ئەندامیان دەهاتە ناو كۆنگرەكانەوە، بەس وەك بەشداریكردن نەهاتن، بەفەرمی نەهاتنە ناوەوە، بەڵام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و حزبی شیوعی بەفەرمی داخڵ بوون‌و هاتنە ناوەوە. زەحمەتكێشان‌و سۆسیالیست‌و دیموكراتی خوازان هەموو هاتنە ناو كۆنگرەوە، تەنها پارتی نەبێ‌. كوردستانی ئێران جەناحێكی دیموكرات داخڵ بوو، باڵەكەی تریان نەهاتنە ناوەوە. حزبەكانی رۆژئاوای كوردستان زۆربەیان هاتنە ناوەوە، تەبعەن حزبە كوردییەكانی ناو توركیاش زۆربەیان هاتن. ئەوانە نەبێ‌ كە گرێدراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، ئیتر ئیشی باشمان كرد، بەڵام كە پەكەكە رۆشته‌ شەڕی باشووری کوردستان كۆنگرەی نەتەوەیی تەقریبەن كۆتایی هات، یەكێتی چووە دەرەوەو وردە وردە ئەوانی تر چوونە دەرەوە. ئیتر كۆنگرە لاواز بوو، بەڵام ئێمە هەر لەسەری رۆشتین‌و ئێستاش هەر لەسەری دەڕۆین كە ئێستا دۆخەكە زۆر لەبارە كۆنگرەی نەتەوەیی بكەین رۆحێكی نەتەوەیی لەسەر جادە دروست بووە، ئەو رۆحە لای رۆشنبیران دروست بووە، هەتا لای پێشمەرگەی هەموو حزبە كوردستانییەكان دروست بووە، ماوەتەوە هێزە سیاسییەكان رێكبكەون لەسەر كۆنگرەی نەتەوەیی تا دروست بێت، هەتا هێزە سیاسییەكانی وەكو یەكێتی‌و پارتی‌و پەكەكەو گۆڕان، ئەمانە بەشدار نەبن دروست نابێ‌، هیوادارم دروست بێت هەر چەند كۆنگرەی نەتەوەیی هەموو كێشەكان چارەسەر ناكات، بەڵام چەترێك دەبێ‌، مەرجەعێك دەبێ‌ بۆ كۆكردنەوەی خەڵك‌و رەنگە جیاوازەكان تا گفتوگۆ بكرێ‌و ناكۆكییەكان لەوێ‌ باس بكرێ‌. بۆیە ئێمە خەباتمان هەر بەردەوامە لەكۆنگرەی نەتەوەیی. سەبارەت بەسیستمی هاوسەرۆكیش بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی پەكەكە ئیقتراحی كرد، هەتا ئۆجەلان نامەیەكی نووسی بۆ پەكەكەو هەدەپەو برادەرانی پارتی دیموكراتیش كە ئەوان رازی دەبن كاك مەسعود سەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی بێت بەمەرجێك لەیلا زانا هاوسەرۆك بێت، ئەوان وتیان سیستمی هاوسەرۆكی هی پەكەكەیە ئێمە ئەوە قبوڵ ناكەین، دوای ئەوە كێشەی رۆژئاوای هاتە سەر، كێشە لەسەر رۆژئاوا لەنێوان پارتی‌و پەكەكەدا دروست بوو، لەسەر ئەوە لەیەكتری دووركەوتنەوە وا ئێستا خەریكە ئەو كێشانە چارەسەر دەبێ‌ ناڵێم بەتەواوی چارەسەر دەبێ‌، بەڵام ئەمە سەرەتایەكی باشە بۆ رەوینەوەی ئەو تەمومژە. هیوادارم لەماوەی ساڵێك بۆساڵ‌و نیوێك كۆنگرە دروست ببێت.

تا ئەم ساتەی من‌و تۆ قسە دەكەین، ئۆجەلان هەموو شتێكە
-دوای گیرانی ئۆجەلان دوو سەركردە هەیە زۆر دەوریان هەیە، ئەویش جومعە جەمیل بایەك‌و موراد قەرێلانە، بەڕای تۆ كامیان گونجاوترن بۆ سەرۆكایەتی ئەم حەرەكەیە؟

+لەناو سیستمی كەجەكە كە ئێستا لەباتی پەكەكە كار دەكات، كۆنسەیەكیان هەیە وەك سەركردایەتی لەم كۆنسەیەدا هەر كەسێك دەبێ‌ دوو دەورە زیاتر نەڕوات كە هەر دورەی چوار ساڵە هەر چەند موراد بۆی تازەكرایەوە سێ‌ دەورە رۆیشت، ئەوە ئێستا جەمیل هاتووەتە پێشەوە، جەمیل‌و موراد دوو كەسایەتی كاریزمایی دامەزراوەكانی پەكەكەن، هەردووكیان دەوریان هەیە. هەر دووكیان لەناو جەماوەرو هێزی سەربازی‌و سیاسی پەكەكە رێزیان هەیە، موردا قەرێلان لێدوانەكانی تۆزێك نەرمترە، جەمیل هەر بە تەبیعەت وایە توندە، بەڵام ئەوە نییە بڵێن ئەم شتێكەو ئەو شتێكە، هەموو پەكەكەیە.

لەتوركیا فەرمانگەیەك هەیە پێی دەڵێن فەرمانگەی حەربی خاسە، ئەم فەرمانگەیە راستەوخۆ گرێدراوی سەرۆك وەزیرانە لەسەرو هەموو دامەزراوەیەكەوەیە ئەمانە ئیش‌و كاریان دروست كردنی پڕو پاگەندەیەو هەواڵ بڵاودەكەنەوە، نهێنی بڵاودەكەنەوە ئەمانە كەس مافی لێپرسینەوەیان نییە خەڵك بكوژن، خەڵك بگرن، تەسفیات بكەن كەس هەقی نییە بەسەریانەوەو كەس ناتوانێ‌ رێیان لێ‌ بگرێ،‌ هێزی سەربازییان هەیە شەڕ دەكەن. ئەمانە هەندێك شت دروست دەكەن‌و بڵاوی دەكەنەوە بەداخەوە هەندێك میدیاكانی لای خۆمان لەباشوور گرنگی پێ‌ دەدەن‌و بڵاوی دەكەنەوە، زۆرێك لەو پڕوپاگەندانەی كە بۆ پەكەكە دەكرێ‌ ئەمانە دەیكەن، كە پەكەكە كێ‌ حوكمی دەكا چی لێ‌ بەسەر دێ‌و...زۆرشتی تر. تا ئەم ساتەی من‌و تۆ قسە دەكەین، ئۆجەلان هەموو شتێكەو شەخسی یەكەمە، مورادو جومعەش دەور دەبینن‌و زۆر جاریش تەوزیعی دورەكان هەیەو ئەوە نییە ئەم شتێك بێت‌و ئەو شتێك بێت. ئەو سیستمه‌‌ی پەكەكە زۆر باشە من چەندین جار لەگەڵ برادەرانی یەكێتی دانیشتوم لەگەڵ سەركردایەتیان دانیشتوم‌و برادەرانی پەكەكەش هاتوون لەگەڵ یەكێتی دانیشتون‌و منیش لەگەڵیان بووم، ئەوانیش ئەمەیان پێ‌ گوتن وەرن سیستمی هاوسەرۆكی دانێن. ئۆجەلان گیرا چووە زیندان كەس بەتەمای نەمابوو ئۆجەلانیان خستە ژورێكی ئینفیرادیەوە، دوای ئەوە ئەوان هاتن ئەم كۆنسەیەیان دروست كرد، دوانزە كەسیان دروست كرد وتیان ئەمە یەكسانە بەئۆجەلان. ئەوان ماوەیەكی زۆر بەڕێوەیان برد كە داشبڕابوون لەئۆجەلان. برادەرانی پەكەكە بە یەكێتیان وتبوو ئێوە وا تەسەور بكەن، مام جەلال لەزیندانە وەرن شتێكی وا بكەن. من لەو باوەڕەدام ئۆجەلان بمرێ‌، یان ئیعدام بكرێ‌ یان توركەكان بیكوژن لەحاڵەتێكی موعەیندا، ئەم سەركردایەتییە كە هەیە موەحەداو حزبەكە بەڕێوە دەبەن‌و دەتوانن ئیدارەی شۆڕشەكە بكەن.

تورك لەكەمی‌و كوردیش لەزۆربووندایە
-ئێستا توركەكان مەترسییەكی زۆریان لەگۆڕانی هاوكێشەی كەمینە بۆ زۆرینە هه‌یه‌، لەتوركیا كورد لەزۆربووندایەو تورك لەكەمبوونەوەدایە. خێزانی كوردی لەباكوور منداڵیان زۆرەو خێزانە توركەكان منداڵیان كەمە، ئەمەش مەترسییەكە بۆ توركەكان. رای تۆ لەسەر ئەمە چییه‌؟

+سەبارەت بەوەی كە كوردەكان لەتوركیا نفوسیان زیاتر دەكات لەتورك.. ئەمە راستە، چونكە توركەكان لەسەر سیستمی ئەوروپایی دەڕۆن‌و لەیەك دوو منداڵ زیاتر بەرهەم ناهێنن، بەتایبەتی دانیشتوانی شارە گەورەكان، بەڵام كورد هەر لەسەر دەستووری كوردەواری دەڕۆن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە نفوسی كورد چەندەها بەرانبەر زیاد بكات.

زۆر لەزانا كۆمەڵایەتییە توركەكان زۆرجار ئەم مەترسییەیان خستۆتە پێش چاوی دەوڵەت‌و بەتایبەتی حزبی (مەهەپە) كە حزبێكی نەژاد پەرستی توركە. داوایان لەپەرلەمان كردووە كە چارەیەك بدۆزنەوە بۆ ئەم كێشەیە.

جارێك رۆژنامەنووسێكی تورك موقاڕەنەیەكی كردبوو لەنێوانی دوو خێزاندا، خێزانێكی كوردو خێزانێكی تورك، ژن‌و پیاوێكی كورد كە تەمەنیان لەهەشتا ساڵ زیاتر بوو وێنەیان گیرا بوو لەگەڵ شەست‌و چوار نەوەداو ژن‌و پیاوێكی تورك كە لەهەمان تەمەندا بوون لەوێنەی توركەكاندا دەركەوتووە كە خۆیان‌و كچێك‌و دوو نەوەیان دا، واتە پێنج كەسن، ئینجا رۆژنامەنووسەكە هاوار دەكات‌و دەڵێت: ئەمەیە خەتەری كورد بۆ توركیا فریا كەون. بەڵێ‌ راستە ئەگەر هەر وابڕوات نفوسی كورد لەماوەی 20-30ساڵی تردا چەند قات زیاتر دەبێ‌ لەتورك. ئەمەش لەیاد نەكەین كە بەشێك لەو كوردانەی لەشارە گەورەكانی توركیا دەژین نەتیگرە بوون واتە ئاسملەبوون‌و خۆیان بەكورد نازانن، خۆ ئەگەر شۆڕشی پەكەكە نەبوایە كە ئەو كوردانەی لەگوڕی سیاسەتی كەمالیزم دەرهێنا..! پێیان عەیب بوو بڵێن كوردین. ئێستا توابوونەوە یان وەكو ئەرمەن‌و لازو بیزنیەكان بوو بوون بەتورك.

زەمەنی كوردە
-من هیچم نەماوە پێم خۆشە خۆت لەكۆتاییە هەرچییەكت هەیە بیڵێ‌، بفەرموو

+من پێم خۆشە ئەم پڕۆسەی ئاشتییە لەباكوور سەربگرێ‌، چونكە وەك پێم وتی هەر گۆڕانكارییەكی پۆزەتیف لەتوركیاوە بێت‌و لەباكوورەوە بێت كاریگەری دەبێ‌ بۆ سەر هەموو پارچەكانی تری كوردستان. من لەبەر ئەوەی لەگەڵ پەكەكە بووم‌و لەسەر پەكەكە تووشی زۆر ناڕەحەتی بووم لەو باوەڕەدام چارەنووسی میللەتێكی چل ملیۆنی وەك كورد كە چوار پارچە كراوە، ئەمە بەستراوە بەباردۆخی توركیاو ئەو گۆڕانكارییەی كە لەكوردستانی باكووردا هەر لەسەر ئەو ئەساسەیش داوا لەهەر كوردێك دەكەم بەهەر وەسیلەیەك بێت ئەوەی پێی دەكرێ‌ بۆ شۆڕشی باكووری با بیكات، ئەوەشی پێی ناكرێ‌‌و نایەوێت بیكات بادوژمنایەتی نەكات‌و نەبێ‌ بەڕێگر، چونكە ئێمە قەزێكەمان یەكەو بەهیوای ئەوەم بە یەك ریز كار بكەین، بەڵكو لەم سەدەیەدا كورد بگاتە ئامانجی خۆی، كورد گەورەترین میللەتە كە زوڵمی لێ‌ كراوەو پارچە پارچە كراوە، بەڵام بەباوەڕی من ئەم زەمەنە زەمەنی كوردە بەمەرجێك عەقڵی سیاسی كوردی بزانێ‌‌و بتوانێ‌ مامەڵە لەگەڵ ئەم یارییە گەورەیەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات. كە زۆر ئاڵۆزو زەحمەتە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket