riklam

عائیشە ئەفەندی: كۆبانێ مەترسی لەسەر نەماوە

چاوپێکەوتن 01:47 PM - 2015-01-13
عائیشە ئەفەندی هاوسەری ساڵح موسلیم

عائیشە ئەفەندی هاوسەری ساڵح موسلیم

هاوسەرۆكی كانتۆنی كۆبانێ، رایدەگەیەنێت، مەترسیی داعش لە سەر شارەكە نەماوە، ‌و لە ماوەی چەند رۆژی ئایندەدا تەواوی كۆبانێ رزگاردەكرێتەوە.

عائیشە ئەفەندی، كە هاوسەری ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتیی دیموكرات (پەیەدە)شە، لە دیالۆگێكی تایبەتدا لەگەڵ "چاودێر"، تیشكدەخاتەسەر خەباتی چەند مانگەی كۆبانێ‌و شەهیدبونی شەڕڤانی كوڕی‌و ئەو نەهامەتییانەی بە سەر ژنانی كورددا هاتون، بە دەستی چەكدارەكانی داعش.

*بۆچی تۆ ئێستا مژدەی سەركەوتنی كۆبانێ-مان پێدەڵێی؟
عائیشە ئەفەندی: بەڵێ دەتوانین ئێستا بڵێین مەترسی لەسەر كۆبانێ نەماوە، تەنها بەشێكی كەم بە دەست چەتەكانەوەیە، ئەویش بە ئازایەتیی هەڤاڵەكانمان، لە چەند رۆژی ئایندەدا سەركەوتنی تەواویی كۆبانێ رادەگەیەنین.

* وەكو دایكی شەهید، كە رۆڵەكەت بۆتە قوربانی خاك‌و نەتەوەكەی، چ هەستێك‌و چ قسەیەكت بۆ دایكی شەهیدەكانی رێگای رزگاری هەیە؟
عائیشە ئەفەندی: من وەكو دایكی شەهید شەڕڤانی شانازی بە كوڕەكەمەوە دەكەم، كە لە رێگای بەرخودانی كورد گیانی خۆی كردە قوربانی، خۆشبەختم كە كوڕی من نیشتیمانی بۆ دوژمنانی كورد جێنەهێشت‌و وەكو هەر هەڤاڵێكی تری خۆی بەرگری لە خاك‌و شەرەفی كوردان كرد، و گیانی پاكی سپارد. ئەگەر باسی هەستی دایكی شەهیدێك بكەم، تەنها لە نێوان هەستی دایك‌و خودا دەتوانرێت ئەو هەستە بزانرێت بە لەدەستدانی رۆڵەكەی، بەڵام ئێمەی دایكی شەهید دەبێت شانازی بە رۆڵەكانمانەوە بكەین، من هەمو هەڤاڵانی وەكو شەهید شەڕڤان بە كوڕی خۆم دەزانم، چۆن غەمبارم بە لەدەستدانی شەڕڤانی كوڕم، ئاواش بە لەدەستدانی هەر رۆڵەیەكی ئەم گەل‌و نیشتیمانە ‌غەمبارو ناڕەحەت دەبم، بۆیە داواكارم لە هەمو دایكێكی شەهید كە شانازی بەوەوە بكەن كە بونەتە دایكی شەهید، چونكە شەهیدبون لەپێناو كەرامەت‌و گەلەكەی خۆی دەستی هەمو كەسێك ناكەوێت.

* شەهید شەڕڤان بۆچی خوێندنی ماستەری رەتكردەوە لە روسیا؟
عائیشە ئەفەندی: پێش ئەوەی شەڕ دەست پێبكات كوڕەكەی من قبوڵی لە روسیا وەرگرتبو بۆ درێژەدان بە خوێندنی ماستەر، لە رێگای براكەیەوە كارەكانی بۆ تەواوكرابون تاوەكو بتوانێت درێژە بە خوێندنەكەی بدات. دوای رودانی ئەو رەوشەی سوریا، شەهید شەڕڤان پەیوەندی بە پەروەردەی یەپەگەوە كرد بۆ بەرگریكردن لە گەلەكەی، دوای تەواوكردنی پەروەردە، من پەیوەندیم پێوەكرد كە بچێت بۆ خوێندنەكەی، چونكە ئامادەكاری خوێندنەكەی تەواوكرابو، بەڵام لە وەڵامدا، وتی "دایە من شتێك بە تۆ دەڵێم بۆ ئەوەی نە من تۆ دڵگران بكەم‌و نە تۆش من دڵگران بكەی، من نامەوێت بچم بخوێنم لە كاتێكدا لێرە هەڤاڵەكانم بەو جوامێری‌و ئازایەتیانەوە بەرگری لە گەلەكەمان دەكەن، منیش وەكو كوڕی ساڵح موسلیم بچم خەریكی خوێندن بم، لە كاتێكدا من بڕوانامەم هەیەو پێویستیم بە بڕوانامەی تر نییە، بەڵكو نیشتمان‌و گەلەكەمان پێویستی بە هێزو توانای ئێمەیە بۆ بەرگریكردن‌و پاراستنی".
من بەبیستنی ئەوە زۆر خۆشحاڵ بوم‌و، پێموت "سەربەرزییە بۆ ئێمە كە توانیوتە بگەیتە ئەو تێگەیشتنە، بۆیە من جارێكیتر پێتناڵێمەوە كە بچیت بۆ خوێندنەكەت، ‌و شانازییە بۆ من‌و باوكت كە خۆت جیاناكەیتەوە لە خەڵكەكەت".
دوای سێ مانگ كوڕەكەم شەڕڤان شەهیدبو، گیانی خۆی كردە قوربانی گەل‌و خاكەكەی وەكو تەواویی شەهیدانی نیشتیمان.

* وەكو ژنێك چۆن لە رەوشی ژنانی كورد دەڕوانی، بەتایبەتیش ئەو بەرخودانەی ژنانی (یەپەژە)؟
عائیشە ئەفەندی: ژنانی كۆبانێ توشی زۆر ئازارو مەینەت بون، سەرەتای ئازارەكانی ژنی كۆبانێ هەر لە ژێر كاریگەریی بیركردنەوەی عەشیرەتەكانی ئەو كاتە بوە لەگەڵ كاریگەریی بیركردنەوەی ئەوكاتەی خێزانەكانمان سەبارەت بە ماف‌و ئەركی ژن لەلایەن پیاوەكانەوە، جگە لەو ستەم‌و ئازارو ئەشكەنجەیەی لەژێر دەستی رژێمی سوریادا توشی هاتبون، بەڵام دواتر سەرۆك ئاپۆ ئەو بەربەستانەی بەردەم ژنی كوردی تێكشكاندن‌و ژیانێكی نوێی بە بەر ئازادی‌و بەرخودانی ژناندا كردەوە. هەروەك سەرۆك، دەڵێت "نیوەی ژیان ژنە، ئەگەر ئەو نیوەیەش بمرێنرێت، ئەوا ئەو گەل‌و ژیانە كەم دەبینی"، بۆیە سەرۆك توانی ئەو زەینەی لە مێشكی هەر ژنێكدا بو، هەروا ئەو بەربەستانە تێكبشكێنێت‌و، سنورەكانی ئازادیی نێوان پیاو و ژنی یەكسانكردەوە.

* بۆچی بیركردنەوەی ژنی كورد چۆن بو سەبارەت بە ماف‌و ئازادیی خۆیان؟
عائیشە ئەفەندی: لە بیری ژنانی كورددا ئەوە بو كە دەبێت هەمیشە وەكو پلە دو سەیربكرێن، دەبێت بە كاروباری ماڵەوە سەرقاڵ بێت‌و نابێت دەست لە كاری دەرەوەو كاری پیاوان بدات، ئەوجۆرە بیركردنەوەیە هەر لە زەینی ژنانی رۆژئاوادا نەبو، بەڵكو لە هەمو پارچەكانی تری كوردستان بونی هەبو، تەنانەت ئەو ئێشوئازارەی لە سەدەی 21دا، لە شنگالدا بینیمان كە بەسەر ژنانی كوردا هات، كە جێگای شەرمەزاریی مافی مرۆڤ بو، كە ئەو ژن‌و خورتانە بە جوانی‌و سەرنجڕاكێشانی خۆیان لەلایەن عەرەب‌و گروپی تێرۆرستی داعش كڕین‌و فرۆشتنیان پێوەدەكرا، و لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلامەوە ئەو كارانەیان دەكرد.

* باشە چەندین وڵاتی موسڵمان هەن، بەڵام بۆچی دژی ئەو كارانە نەوەستانەوە؟
عائیشە ئەفەندی: زیاتر لە 22 وڵاتی موسڵمان هەن، داعشیش دروستبوە، كە قەتڵوعامی خەڵكی موسڵمان‌و ناموسڵمان دەكات، ئەو چەتانە لە ناوەندەكانی خوێندن‌و زانكۆو مزگەوتەكانی ئەوان دروستبون لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی رۆژئاوا. ئەگەر رۆژنامەنوسێكی ئەمەریكی، یان هاوڵاتییەكی ئەوروپی بكەوێتەدەست داعش، ئەوا دونیا دەهەژێنرێت‌و هەمویان دێنەدەنگ، بەڵام بۆ كچی شنگال-ی دەنگیان لێوەنەهات، بەڵام بە دروستكردنی (یەپەژە)، كچانی رۆژئاوا، كچانی كۆبانێ، تەنانەت لە شەنگالیشدا پەیوەندیكرا بە ریزەكانی (یەپەژە)، ئەو كچ‌و ژنانەی لەناو ریزەكانی (یەپەژە)دا شەڕدەكەن ئەوانە لە جیاتی هەمو ژنانی دونیا شەڕی تێرۆر دەكەن، شەڕ بۆ ماف‌و كەرامەتی مرۆڤ دەكەن، ئەوان تەنها نوێنەری كۆبانێ نین، بەڵكو نوێنەرایەتیی تەواویی ژنانی جیهان دەكەن. رۆژانە بۆردومانی فرۆكەكانی هاوپەیمانان بۆ سەر چەتەكان لەبەر ئاشقی چاوی كوردو ئاشقی چاوی ژنانی كورد نیە، بەڵكو ئەو ئیرادەو بەرخودانەی كوردان‌و ژنانی كورد وایكردوە كە سەرنجی هەمو دونیا بۆ لای خۆی رابكێشێت.

* ئایندەی كوردو سەركەوتنی كۆبانێ چۆن دەبینی؟

ئەفەندی: من زۆر گەشبینم بە ئایندەی میللەتەكەمان، بەدرێژایی مێژو میللەتی كورد لە ژێر ئەو ئازارو مەینەتەدا كۆڵینەداوە، بەردەوام لەسەر مافەكانی خۆی سوربوە، هیچ كاتێك بە پیلانی ناحەزان‌و هێرشی دوژمنانمان نەیانتوانیوە كورد بسڕنەوە، بۆیە داعشیش ناتوانێت ببێتە بەربەستی خەون‌و ئاواتەكانی میللەتەكەمان.
كۆبانێ توانویەتی سەركەوتنی گەورە تۆماربكات‌و، لە ئایندەیەكی نزیكیشدا رزگاركردن‌و سەركەوتنی تەواوی كۆبانێ رادەگەیەنین، بە پیشتیوانی ئازایەتی‌و بەرخودانی هەڤاڵەكانمان.

PUKmedia له‌ چاودێر وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket