riklam

پێنجوێنی: یەكێتی هەموو كاتێك پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە باش بووە

kurdistani 09:32 AM - 2014-12-25
یەكێتی هەموو كاتێك پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە باش بووە

یەكێتی هەموو كاتێك پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە باش بووە

به‌شی سێیەم.. محەمەد ئەمین پێنجوێنی نووسەرو سیاستمەدار، بەپردی باكوورو باشوور ناسراوە، یەكێكە لەو كەسایەتییانەی كە هەم لەبورای ئەدەب‌و هەم لەبواری سیاسەتدا جێ‌ دەستی دیارەو ساڵانێكی زۆرە لەناو سیاسەتدایە، وەك خۆی دەڵێ‌ لەگەنجێتییەوە دەستم بۆ سیاسەت‌و ئەدەب بردووە.  ئەم پیاوە لەپێنجوێنەوە سەری هەڵداو گەیشتە نێو ریزەكانی حزبی شیوعی‌و شەمەندەفەری سیاسەت ئەوی بۆ نێو ریزەكانی گەریلاكانی پەكەكە برد، پێنجوێنی ساڵانێك وەك راوێژكارو كەسێكی نزیك لەپەكەكەو عەبدوڵڵا ئۆجەلان. راوێژی پێكراوە. لەم دیدارەدا باس لەمێژووی پەكەكەو سیاسەتی پەكەكەو كێشەو گرفتەكانی دەكات، لەبارەی شەڕە نەویستراوەكانی حزبی كوردییەوە دەدوێت كە رۆژگارێك كوردستانی تووشی نارەحەتی‌و قەیران كرد. ئەم دیدارە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی پەكەكەیە، مێژووی شەڕو ئاشتی‌و دانوستاندن.

شەڕی باكوورو باشوور
رێككەوتن كراو ئێمە گەڕاینەوە، لەرێگادا كە هێشتا ئێمەی وەفدی مفاوز نەگەیشتبووینەوە شەڕ دەستی پێكرد، بەناو شەڕو تەقوتۆقدا هاتینەوە، پەڕۆی سپیمان بەرزكردەوە تا گەیشتینەوەو بەكاك نەوشیروانم گوت باشە ئێمە مفاوەزاتمان كرد. ئەویش وتی ئیتر شەڕ دروست بوو، بەهەرحاڵ نەوشیروان بەوە زۆر بێزاربوو. یەكێتی دەیوت موبادەرەی شەڕەكە من نەبووم، لایەنەكەی تر بوو. پێم وت من لەسەر شەرەفی جەنابت ئەم كارەم كردووەو ئەوانیش ئێمەیان سەرپشك كرد، بەڵام پێم ناخۆشە ئاوها هەر وا بەئاسانی ئیشەكە بشێوێ. وتی چیبكەم؟ وتم بەیانێك دەربكە. وتی ناتوانم بەیان دەربكەم مام جەلال عاجز دەبێ‌و لەوانەیە رەدم باتەوەو ئەوكاتە دۆخەكە ئەشێوێ‌و یەكێتی ئەبێ بەدووكەرتەوەو نەیارانی یەكێتی قازانج دەكەن ئەگینا پێم ناخۆشە ئەمە وەك شەڕی پارتی و یەكێتی و ئیسلامی و یەكێتی و سۆشیالیست نییە. ئەمە شەڕی باكوورو باشوورە. ئەمە شتێكی خراپە!؟

پەیوەندیی مام جەلال‌و ئۆجەلان
-هەندێك بەڵگە هەن باس لەوە دەكەن كە یەكێتی بەردەوام نەیویستووە ئەو شەڕە بكات ئەمە وایە؟
+ یەكێتی هەموو كاتێك پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە باش بووە، تەنانەت لەكاتی شەڕەكانیشدا لەبەرئەوەی پەیوەندی مام جەلال‌و ئۆجەلان لەكۆنەوە هەبوو، لەكاتی هاتنی ئۆجەلان بۆ سوریاو دانیشتنی لەبیقاع لەوكاتەوە پەیوەندییەكی باش هەبووە لەنێوان ئەو دوو سەركردەیەدا. بەهەرحاڵ شەڕ دەستی پێكرد نەوشیروان منی هێنایە مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەهەولێرو خۆی چوو بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی‌و بەیەكەوە كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان كرد لەسەر ئەم شەڕەو بەناخۆشی و بەپەلەپەل هاتەوە وتی شەڕەكە بوو بابڕۆین.
شتێكم لەبیر چوو.. پێش ئەوەی دوایین خاڵی پەكەكە بەجێ بهێڵم بەجیهاز قسەیان لەگەڵ كردم وتیان بابە تۆ هاتی گفتوگۆ بكەی یان شەڕ؟ وتم ئێمە ئاگامان لەم هێرشە نییەو رێككەوتن وابووە تا ئێمە دەگەڕێینەوە شەڕ نەكرێ.
ئیتر پاش ماوەیەك ئەمری گرتنی من دەرچوو لەلایەن مەكتەبی سیاسی هەر دوولا گوایە من هۆكار بووم كە پەكەكە هاتووەتە باشوور. ئەمەش لەكاتێكدا پەكەكە پێش ئەوە هاتبوونە باشوورو منیش پەیوەندیم لەگەڵیان هەبووە، بەڵام من ئەوەم نەكردووە، خۆشیان دەیانزانی كە من مرۆڤێكی خێرخواز بووم لەنێوانیان‌و ویستومە شەڕ نەبێ، بەڵام شەڕ بوو، ئەوانیش ویستیان ئەوە بكەن بەبیانوو. دیاربوو كاریگەری توركەكانیش هەبوو. ئەوكاتە لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بووم یەكێك كە ئێستا لەئەڵمانیایە، ئەو وەختە وەكو رۆژنامەنووس لێرەبوو هات‌و خۆی گەیاندە لام و وتی مەیەرە دەرەوە چونكە میت بەدواتدا دەگەڕێ.
بەهەرحاڵ شەڕ بوو كە هاتمەوە ئێرە نەوشیروان منی بینی وتی لەكوێ ئەتەوێت لەوێ داتدەنێم‌و ئاگات لەخۆت بێ. منیش لەشوێنێك دابەزیم‌و دواییش چوومە ماڵی برادەرێك كە یەكێتی بوو، دەسەڵاتدار بوو، لەوێ خۆم شاردەوە، ئەو برادەرم دارای حاجی برایمی چەرمەگا بوو، دارا ئەو وەختە شەست، حەفتا چەكداری هەبوو. ئیتر شەڕ دەستی پێكرد بارودۆخێكی ناخۆش بوو. كەوتنە گرتنی لایەنگرانی پەكەكە، زۆربەی رێكخستنەكانیان گرت، هەندێكیان خۆیان تەسلیمی ئاسایش كردو جیهازەكەیان تەسلیم كرد، ئیتر پەیوەندی نەما.

-رۆڵی تۆ چی بوو لەو قۆناغەدا؟
+ من كە لەماڵی دارای حاجی برایمی چەرمەگا بووم بەیانێكم دەركرد بە دە دوانزە كچ‌و كوڕی پەكەكەم دا كە ئەوكاتە لەلای خۆم كۆمكردبوونەوەو هێنابوومن بۆ ماڵی دارا بۆ ئەوەی نەگیرێن.
ئەوكاتە كە لەماڵی دارا بووم هەفتانە جارێك، دووجار ملازم عومەر دەهات بۆ لام، كەریم سەلامی رەحمەتی ئەو وەختە لێپرسراوی پاسۆك بوو دەهات بۆلام جارجار حامید حاجی غالی‌و مام رۆستەم دەهاتن بۆ لای داراو منیشیان دەبینی. بەڵام ملازم عومەرو كەریم سەلام بۆلای من دەهاتن‌و لەوانەوە وەزعی شەڕم وەردەگرت. ئیتر بیرم لەوەكردەوە چۆن پەیوەندی لەگەڵ بیقاع یان لەگەڵ قەندیل بكەم؟ كچێك لێرە بوو لەئوستورالیاوە هاتبوو نەیاندەناسی، ناوی دیلان بوو وەك رۆژنامەنووسێك لێرەبوو، دەمناسی‌و پەیوەندیم لەگەڵ كردو هێنام بۆ لای خۆم. تەلەفۆنم بۆ حەمەشوانی حزبی شیوعی كرد، كە ئەو وەختە بەرپرسی لیژنەی محەلی حزبی شیوعی بوو، پێم وت دەمەوێت هەندێك شت لەجیهازەكەی ئێوەوە بگەیەنم. وتی نا.. چۆن دەبێ، ئەوە زۆر خەتەرە. وتم نا خەتەر نییە ئێستا یەكێك دەنێرم بۆ لات بەئینگلیزی قسە دەكات، ئەو شفرەی پێیە دەتوانێت پەیوەندی بكات، شفرەكەم پێیدا، كە چوو بوو بۆلای وتبووی ها تۆ دوێنێ هاتبووی بەناوی رۆژنامەنووسی گاردیانەوە قسەت دەكرد ئێستا تۆ پەكەكە دەرچووی. ئیتر لەرێگای ئەو كچەوە توانیمان رۆژانە دەنگوباسی شەڕ بگەیەنین بەسەركردایەتی پەكەكە.

شەڕ زۆری خایاند
ئیتر شەڕ زۆری خایاند، تامانگی سێ بەردەوام بوو. ئەو شەڕە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، یان باشتر بڵێم لەسەر ئاستی هەرێمایەتی فەڕزكراو هەر بەو شێوەیەش تەواو بوو. حافز ئەسەد هاتە نێوانەوە، چونكە شەڕەكە ئیتر وارۆیشت كە لەبەرژەوەندی توركیا بوو. مام جەلال ئەمری كرد بەوەستاندنی شەڕ، ئەوكات كاك كۆسرەت سەركردەی شەڕەكە بوو. ئیتر توانیمان لەگەڵ مام جەلال رێككەوتن بكەین، پەكەكە دوو سەركردایەتی هەبوو، ئەوانەی جومعەو جەمیل بایەك سەركردایەتی دەكردن‌و ئەوانەی عوسمان ئۆجەلان سەركردایەتی دەكردن، ئەوەی جومعە لێپرسراویان بوو رۆیشتن‌و لەسەر سنورەكان مانەوە. ئەوەی كە عوسمان ئۆجەلان سەركردایەتی دەكردن هاتن رێككەوتنیان كرد، مام جەلال پێشنیاری كرد كە بچنە زەڵێ‌و ئەوانیش چوون لەوێ مانەوە.
هەرچەند عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆر رەخنەی لەعوسمان گرت لەسەر ئەوەو تەنانەت تەجمیدیشیان كرد و پێی وتبوو ئەوە تەنازولە، دەبووایە مقاومەت بكردایە، كە مقاوەمەت نەكرد وەكو جومعە پاشەكشێت بكردایە.

عوسمان لەپێشا زۆر مەغروربوو
-پەیوەندی نێوان عوسمان‌و عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەر لەوەوە تێكچوو؟
+ تەقریبەن ئەوە خاڵێك بوو، سڕیان كرد. ئەو دەیویست عوسمانیش وەكو جومعە پاشەكشێ بكات.
-عوسمان ئۆجەلان لەوانی تر میانڕەوتر بوو؟
+عوسمان لەپێشا زۆر مەغرور بوو، كە كەوتە شەڕەوە زانی شەڕی پێناكرێ هات ئەو رێككەوتنەی كرد، بەهەرحاڵ خۆ رێككەوتنەكەش خراپیش نەبوو، ئەنجامی باشی هەبوو، ئەنجامەكەی ئەوەبوو كە تا ئێستا ئێرە جێگیر بوو و شەڕ نەما. ئەوان چوونە زەڵی‌و منیش تا ئەوكاتە هەر شاراوە بووم. ئیتر لەرێگای برادەرێكەوە بەتایبەتی لەرێگای ملازم عومەرەوە نامەیەكم بۆ مام جەلال نووسی كە دەمەوێت كوردستان بەجێبهێڵم. ماوەیەك هاتمە دەرەوە لەماڵی دارا، چوومەوە هەولێرو هاتمەوە سلێمانی، منداڵەكانم لەهەولێر بوون.

گەڕانەوە بۆ سلێمانی
ئینجا ئەوەش كە پەیوەندی بەخۆمەوە هەبێ لەهەولێر هاتنە سەر ماڵەوەم‌و منداڵەكانم ماڵەوەیان بەجێهێشت، بەدوای مندا دەگەڕان تا رێككەوتنەكە كرا كە ئەمان لەزەڵی بمێننەوەو چالاكی سیاسی بكەن‌و لەسەر سنووری توركیاو عیراق چالاكی سەربازی نەكەن. منیش هاتمە دەرەوەو چوومە هەولێر، دوایی پێیان وتم بڕۆ، لێرە ناتوانی بژیت، ئیتر هاتمەوە سلێمانی وەك وتم پەیوەندیم لەگەڵ مام جەلال كرد، مام جەلال نامەیەكی بۆنووسیم كە لەسنوور بتوانم بپەڕمەوە، هەر لەرێگای یەكێتییەوە چوومە زاخۆ ئەمە لەساڵی 1993 بوو. ئەو ماوەیە من چەندین جار وەفدم بردبوو بۆ بیقاع، هونەرمەندو خەڵكی رۆشنبیر. بەڵام دواهەمین سەفەر ئەوە بوو كە من لەكوردستاندا جێم نەبووەوەو دەربەدەر بووم‌و منداڵەكانم هەریەكە لەشوێنێك بوون. ئیتر من لێرە نامەیەكم وەرگرت لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ زاخۆ تا لەوێ ئەوان یارمەتیم بدەن بپەڕمەوەو دەربازبم بۆ سوریا. برادەرانی قەندیلم ئاگاداركردەوە. ئەو ماوەیە پەیوەندی پەكەكەو باشوور ئاسایی بووبووەوە. بەڵام وەكو شەخس موستەهدەف بووم. شیوعییەكان پێیان وتم بڕۆ. ئیتر چوومە سوریاو چووم‌و پاشان چوومە بیقاع لەوێ بیست رۆژێك مامەوە.

شەڕی سەندەویچ
-لەو بیست رۆژەدا ئۆجەلانت بینی؟
+بەڵی ئەو ماوەیە زۆربەی كات لای ئەوبووم، بەیەكەوە دادەنیشتین. ئۆجەلان ئەو شەڕەی زۆر بەلاوە ناخۆش بوو، پێی وتم باشە ئێوەم سەرپشك كرد بۆ رێككەوتن بۆ سەری نەگرت؟ منیش بۆم باس كرد كە مەسەلەكە ئەوەیەو ئاواكەوتەوە. ئینجا ئەو شەڕە عەمەلیاتەكە ناوی سەندەویچ بوو، وەختی خۆی شتێكم نووسی، گۆڤارێكمان دەردەكرد لەسوید بەناوی سەرهەڵدان شتێكم نووسی بەناوی بابۆڵە، ئەو نووسینە لەبارەی ئەو شەڕەوە بوو، زۆر وردەكاریشی تێدا بوو لەبارەی شەڕی یەكێتی‌و پارتی‌و پەكەكە. ئینجا كە چوومە سوریا ماوەیەك لەوێ مامەوە، رۆژێك عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگی كردم كە چووم جومعە جەمیل بایەكیش لەوێ بوو ئەو وەختە نەخۆش بوو. فەقەرات و ئینزیلاقی هەبوو. ئیتر ئەو و جومعە بانگیان كردم و وتیان ئەبێ چی بكەین؟ وتم ئەمەوێت بچم بۆ ئەوروپا. ئیتر لەرێگای ئەوانەوە چوومە ئەڵمانیا پێم وابێ مانگی چواری ساڵی 1993 بوو.

-لەكۆتایی نەوەدەكانەوە بارودۆخەكە گۆڕاو جۆرێكی تری لێهات، بەتایبەتی لەدوای گیرانی ئۆجەلانەوە پەیوەندی حزبە كوردییەكان باشتر بوو، نێوانی یەكێتی‌و پەكەكە زووتر باش بوو، ئێستاش لەم قۆناغە تازەیەدا نێوانی پەكەكەو حزبەكانی تریش باشبووە تۆ ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
+هەر لەسەر مەسەلەی شەڕ، پەكەكە شەڕێكی تری كرد لەگەڵ پارتی لەرێگای عەمەلیاتی بروسك، پەكەكە لەشەو و رۆژێكدا نزیكەی بیست‌و پێنج مەعسكەری پارتیان گرت لەناوچەی بادینان، ئەو وەختەش كەوتمە بەینەوە. ئەو ناوچانەیان گرت غرورێك گرتبوونی، لەئەڵمانیا بووم، زۆرم پێناخۆش بوو، یەكێك لەو مەسئولانەی پەكەكە ئەم عوسمان ئۆجەلانەی ئێستا لێرەیە تەحریزی دەكردن، دەیوت لاوازن بالێیان بدەین‌و ئێستاش قسەی تر دەكات. بەهەرحاڵ ئەو وەختەش پێشنیازم كرد بۆ یەكێتی‌و پارتی‌و لەپێشدا بۆ برادەرانی پەكەكە.

هەوڵێكی تر بۆ ئاشتی
عەلی قازی محەمەدو مەلیك فورات، كە نەوەی شێخ سەعیدی پیرانە لەئەڵمانیا بوون بۆم باسكردن‌و وتم با ئێمە بكەوینە بەینەوە، ئەزموونم هەیە تا ئەم شەڕە روونەدا، دوایی وەفدێكمان دروست كرد من‌و عەلی قازی محەمەد‌و مەلیك فورات كە بچین بۆ كوردستان بۆ لای سەركردایەتی باشوور تا هەوڵبدەین شەڕەكە زوو كۆتایی بێت، چونكە شەڕەكە درێژەی كێشا، برادەرانی پەكەكەمان ئاگاداركرد، رازی بوون. لەوێ دڵشاد بەرزانیم بینی برای كاك مەسعود كە لێپرسراوی ئەوان بوو لەئەڵمانیا، پێموت شتێكی وا دەكەین، زۆری پێخۆش بوو و هانیشیدام، نەمزانی پەساپۆرتەكەم ماوەكەی بەسەر چووەو دەبوایە تازەی بكەمەوە ئەویش ئیجرائاتی دەویست، ئیتر ئەوان رۆیشتن لەوەشدا دەورم هەبوو و پەیوەندیم لەگەڵ پەكەكەو پارتی‌و یەكێتیش كرد، لەگەڵ ئۆجەلان بەتەلەفون قسەمان كرد. بەهەرحاڵ ئەوان كە چووبوونە بیقاع. ئۆجەلان هەواڵی منی پرسی بوو، كە بۆ نەهاتووە. ئەوانیش وتبویان كێشەی پەساپۆرتی هەیە. بەهەرحاڵ وەفدەكەش نەیانتوانیبوو بگەنە كوردستان لەوێش كێشەیەكیان بۆ دروست بوو بوو. ئیتر ئەو شەڕەش كۆتایی هات. شەڕی ئاخیری نێوان یەكێتی‌و پەكەكە دەستی پێكرد، لەو وەختەدا یەكێتی لەوەزعێكی خراپدا بوو، لەلایەك لەگەڵ پارتی شەڕی هەبوو، لەلایەك ئیسلامییەكان، كە شارەزوور و هەڵەبجە بەدەستی ئەوانەوە بوو، لەلایەكیش لەگەڵ پەكەكە شەڕیان هەبوو. لەبەرلین بەتەلەفۆن لەگەڵ كەمال فوئاد یادی بەخێر، قسەم كرد و پێم وت با یەكتری ببینین، كە یەكمان بینی وتم باشە ئێوە تەنها شاری سلێمانیتان بەدەستەوە ماوە شەڕی چی دەكەن؟ لەگەڵ پەكەكە.

PUKmedia  له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket